منیش شێرزادم بەڵام!

Sunday, 19/12/2021, 10:04

4294 بینراوە


کۆمەڵگای ئێمە تەنیا لەبەردەم جەهالەتی کۆنەپەرست و تاریکپەرستاندا نیە، تەنیا لەبەردەم ناعەدالەتی مادیی و دزی و گەندەڵیی سیاسییدا نیە، بەڵکو لەبەردەم چینایەتی و ناعادەلەتی مەعریفییشدایە.
هەمان ئەو هەڕەشەو جوێنانەی بۆ مامۆستا شێرزاد چوو، بۆ منیش هات، بە هۆی چەن نوسینێکەوە کە ڕەخنەی دینیی تێدابوو. بێگومان ئەوانەی من، چەن دانەیەکی کەمبوو، بەراورد بەو لێشاوەی کرایە سەر مامۆستا. ئەویش بەهۆی جیاوازی ناوبانگ و مەکانەتی مەعریفیی، کە جەنابیان مامۆستاو ناوێکی گەورەی دنیای قەڵەمن و ئێمەش لە سەرەتاداین و تازە دەستمان قەڵەم ئەگرێ.
بەڵام ئینسان هەر ئینسانەو هەڕەشە هەر هەڕەشەیەو جوێن هەر جوێنە. ئەگەریش تەنیا یەکێکی هەڕەشەکان بڕواتە بواری جێبەجێکردن، ئەوکات گیانیش هەر گیانەو خوێنیش هەر سورەو خوێنی کەس لەهی کەس پیرۆزترو گرانتر نیە.
ئێستا بەرامبەر تاریکپەرستان ئێمە هەموومان شێرزادین و بە دڵیش بەرگری لەو و لە ئازادی ئەکەین. بەڵام ئەی کێ ئێمەیە؟ ئەی گەنجێك کە ناسراو نیەو ئیسلامییەکان تەنگی پێهەڵئەچنن، ئەی کێ ئەوبێ و داکۆکی لێ بکات؟
لێرەدا من مەبەستم خۆم نیە، مەبەستم دنیایەك گەنجە کە دەنگیان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ناوبانگ، ئیتر دەنگەکەشیان ناگاو وەکو وایە نەبێت. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا نەبوونی ناوبانگ، ئەکاتە ئەوەی کە ئێمە مەڕی قوربانیی بەردەم چەقۆی ئیسلامییەکان بین؟ تۆ شێرزادیت، ئەی کێ تۆیە؟ ئایا شێرزادەکانیش لە غروری ڕۆشنبیریی خۆیان دێنە خوارو لە تەنگانەدا ڕۆژێك ئەوانیش ببن بە تۆ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە