ئەرکی نووسەر و روناکبیر دژی دەسەڵاتی ستەمکار

Monday, 12.20.2021, 14:03

935 بینراوە


هەموو رێکخراوێکی سیاسیی، خاوەنی فەلسەفە و بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیای تایبەت بە خۆیەتی، کاتێک رێکخراوێک دەسەڵاتی سیاسی دەگرێتە دەست. لە گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتی تەنفیزی و ئیداریی و یاساییەکانەوە دەست پێدەکات، هەوڵی پراکتیزەکردنی ئایدۆلۆژیاکەی دەدات.
 هەموو ئەو دامو دەزگایانە لەگەڵ ئایدۆلۆژیاکانی خۆیدا دەگونجێنێت، نمونە وەکو چین و کۆریا و  یەکێتی شۆرەوی (سۆڤیەت)ی جاران و دەوڵەتە سۆسیالیستەکانی رۆژهەڵاتی پێشوو. کە هەموویان لەسەر بنەما و پەیڕەوی فەلسەفەی مارکسی بەڕیوەدەچوون. لە هەموو سیستەمی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتانەدا فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای مارکسیزم رەنگی داوەتەوە.
ئایدۆلۆژیا، واتا فەلسەفەی ئەو رێکخراوە سیاسییانە، کە دەسەڵات دەگرنە دەست. کاتێکیش رێکخراوێک لە ئایدۆلۆژیای خۆی دوور دەکەوێتەوە، دوو هۆکار کاریگەری دەکاتە سەر سیستەمی بەڕیوەبردنەکە، ئەویش خودی  پەیڕەونەکردنی ئایدۆلۆژیاکە دەبێت لەلایەن رێکخراوەکە، بە واتایەکی دی هەردووکیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، (رێکخراوەکە و ئایدۆلۆژیاکە) وەک:
 یەکەم: ناتەواویی لە خودی فەلسەفەکەدا، بە پراکتیک دەیسەلمێنێت،  کە بە پراکتیزێرەکردنی ئەو فەلسەفەیە گران و نا واقیعە، واتا کات و سەردەمەکەی نەگونجاوە.، بەتایبەتی ئەوەی رێکخراوەکەی تێدا دروستبووە هەڵەیە.
دووەم: رابەرانی ئەو رێکخراوانە لە فەلسەفە و یایدۆلۆژیاکە لایان داوە و بەشێویەکی دیکە بۆ مەبەستی خۆیان دەسەڵاتی سیاسیی بەڕیوە دەبەن، دوور لە ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕ کە پێشتر بانگەشەیان بۆی کردووە..
نمونە بۆ ئەمایان زۆرە، کە بۆ شکستی حوکمی بەڕیوەبردنی پارتێکی سیاسیی کاتێک دەسەڵات دەگرێتە دەست، هەمووی پێچەوانە بۆتەوە.
ئەوەی کە پێی دەڵێن حوکمڕانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە هیچ کام لەوانەی سەرەوە نایانگرێتەوە، چونکە پارتیی و یەکێتی خاوەن فەلسفە و ئایدۆلۆژیای سەر بەخۆی خۆیان نیین، ئامانجیشیان رزگاریی کوردستان و ئازادی خەڵکەکەی نەبووە، بۆ ئەوەش دروست نەبوون و دەسەڵاتیان نەگرتۆتە دەست، هەروەها رابەر و بەرپرسەکانیان تەنیا گەندەڵ و پیسخۆر نیین، بەڵکو خائین و ناپاکیشن، سی ساڵی دەسەڵاتی  حوکمڕانی ئەوەی سەلماندووە، تا گومان لەسەر بۆچوونمان و پرسیار لەسەر ئەدای بەڕیوەبردنیان بکرێت، بۆیە ئەرکی هەموو کوردێکی وشیار و خاوەن موراڵ ئەوەیە، کە هەوڵ بۆ نەمانی ئەو دەسەڵاتە و دادگاییکردنی رابەر و بەرپرسەکان بە ئەرکی خۆی بزانێت.
وتار و نووسینی هەر نووسەرێکی کورد کە زۆربەی خەڵک لە بارێکی ناهەمواردایە و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، بۆ ئەم دۆخە نالەبارەی ئەمڕۆی گەلەکەمان تێی کەوتووە، مڕۆڤی کورد تێیدا سەری لێشێواوە، روو دەکاتە هەموو ڕێگایەک بۆ ئەوەی چارەسەر و بەهای مرۆڤبوونی خۆی تێدا بدۆزێتەوە. نکۆڵی لەوەش ناکرێت، کە زۆربەی گۆمەڵگای کۆردی لەدەست ئەم دەسەڵاتە بێزارە، بە خوێندەوار و نەخوێندەوارێشەوە، هەموو دەزانن، کە ناڵەی تاکی کورد بە پلەی یەکەم بەدەست دەسەڵاتی بنەماڵەیی و مافیاییەوەیە. ئەوەی ئەمڕۆ تاکی بێزارکراوی کورد، تامەزۆیەتی، گۆرانکاڕییەکی بنەڕەتیە لەو فۆرمەی کە تێیدا دەژی، گۆڕینێتی بۆ فۆرمێکی تەواو جیاواز. بە دڕوشمێکی پاڵنان بەرەو جوڵاندن، نەک ساردکردنەوە لە شێوەی ئەم جۆرە وتارانەی  کە هەندێک نووسەری سەر بە دەسەڵات، کە ڕوو لە نائومێدی دەکات، جگە لەبەرهەمهێنانی تاریکی شتێکی تری لێ سەوز نابێت.
ئەرکی رۆشنبیر ئەوەیە رۆشەنگەرایی پێشانی کۆمەڵگا بدات و بەرەو هەنگاوی داهاتوو پرۆگریسڤێتیت (تدريجي) ببات، نەک ساردکردنەوەی کۆمەڵگایەکی سەرلێشێواو، کە پارتیی و یەکێتیی هەناوی هەموومانیان شکاندووە. ڕاستە ئەمرۆ دووبارەکردنەوەی شۆڕشی چاکداری بەو شێوازەی شاخ باوی نەماوە، بەڵام لە فۆڕمێکی تردا بوونی هەیە، نووسەر و روناکبیران دەبێت نەترسن و لەو دەرگایە بدەن و بە روویاندا دانەخەن. زۆربەی کۆمەڵگاش لەگەڵ ئەوەدا نییە تاکی کورد بەڕەو خۆێنرشتن بەڕێت، بەڵام کاتێک ریش دەبێت بە تووشەوە دەبێت شانەی بۆ هەڵبگریت، لێرەدا من راستەوخۆ ناوی ناهێنم، بەڵام دەتوانم لە فۆڕمی دادگای گەلدا شیوازی خەباتەکە دژی ئەم دەسەڵاتە باس بکەم، خوێنەر لێم تێدەگات، کە مەبەستم لەو جۆرە خەباتە چییە! پارتیی و یەکێتیی، خۆشیان چاک دەزانن کە هەر بەو شێوەیە دەڕۆن، بەڵام دەیانەوێت دەروازەی ئەو رێگایە بگرن و کەس باسی نەکات، زۆریان پێ خۆشە نووسەرەکان بەم شیوەیە دەنووسن و بێ هیوایی بە خەڵکەکە بدەن، بۆیە هەڵەیە ئەو پرسیارە بکرێت (ئایا دەبێت چیبکەێن)، چونکە بە بوونی زەحمەتی پرسیارەکەدا، کوردوتەنی نووسەر نیشانی دەدات، کە نووسەر و روناکبیرەکان بۆ خۆیان پیاوی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە نیین. (پیاونەبوون بۆ سوکایەتیی نییە، کورد دەڵێت من پیاوی ئەو کارە نییم)، هەڵبەت ئەمەش تا ئەو دەسەڵاتە جڵەوی کۆمەڵگای بەدەستەوە بێت، هەرگیز نایەتە دی، بۆیە تاکە رێگاچارە، هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی ئەو دەسەڵاتە، ئەوسا شۆڕشی فیکری و رۆشنگەرایی بخرێتە نێو کۆمەڵگاوە، بە پێچەوانەی ئەو کارەی کە پارتیی و یەکێتی لە ماوەی سی ساڵدا پێچەوانەکەیان کردووە، کۆمەڵگایان بەرەو ئاراستەی ڕەشبینی و ناوشیاری بردووە، ئەنجامەکەش ئاشکرایە کە بۆ ڕۆشنبیران و نووسەران بۆتە ئەرکێک کە کۆمەڵگا بە ئاڕاستەی پێچەوانەیدا نەبەن، بەڵکو رێگای تەسلیمبوون هەڵبژێرن.