بەڵای (طاعون) لە وەهرانی جزائیرەوە بۆ کوردستان

Tuesday, 21/12/2021, 16:16

4416 بینراوە


لە ڕۆمانی بەڵا یاخوود ( طاعون )ی ئەلبێرت کامۆدا باس لە جرجەکانی شەقامەکانی شاری وەهرانی جەزائیری دەکات کە بە هۆکارێکی نادیار لە ناودەچن ، ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو دەبێتەوە کاتێک دەبینن خەڵکانێک بە هەمان شێوەی جرجەکان و بە هۆکاری نادیار گیان لەدەست ئەدەن و دەردەکەوێت کە نەخۆشیەکە بڵاو بۆتەوە لە ئەنجامی کەمتەرخەمی و بێ خزمەتگوزاری و بێ باکی دەسەڵاتتداران ، ئەم (طاعوونە ) یاخوود کە لە ناو کوردا بە ( بەڵا ) ناوی دەهێندرێت بە هێواشی و لە ژێر پەردەی نائاگای دەسەڵات و سەرقاڵیان بە گەندەڵی و درووستکردنی سیناریۆی جیاواز بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک بڵاو دەبێتەوە .
دەرمانی پێویست و چارەسەری پێویست بەشی هەموو خەڵک ناکات و تەنها بۆ چینێکی تایبەتی کۆمەڵگا دەرمان و چارەسەر بەش دەکات .
دواتر بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەرکەوت کە دەبێت ووردە ووردە خۆیان بۆ تووشبون بەو نەخۆشیە ئامادەبکەن و لەهەمانکات وەسیەتی کفن و دفنیان بکەن لەبەر ئەوەی مەرگ چاوەڕێیانە .
شارەکە ووردە ووردە دەکەوێت و کەوتۆتە بەینی کەڵبەی ڕەش مردنەوە و چاوەڕێی هاڕینە وەک ئەوەی چیرۆکنوسە دانیمارکیەکان ناویان لێناوە مەرگی گەورە کە لە سەدەکانی ڕابردوو سێ لەسەر چواری دانیشتوانی قاڕە پیرەکەی کوشت کە مەزەندە دەکرێت بە ٨٠ ملیۆن کەس .
دواتر دەسەڵاتتدارانی گەندەڵ وەک کاری لە پێشینەیان کە بە هۆش خۆیان هاتنەوە دەستیان کرد بە داخستنی دەروازەکانی شار ، لێرەدا پەیوەندیەکانی خەڵک بە دنیای دەرەوە بەرەو گۆڕانکاری دەچێت و طاعوون دەبێت بە یاریزانێکی سەرەکی لە کۆمەڵگادا و مردن هەرزان دەبێت و لاشەکان بە بێبەزەییانە فڕێدەدرێنە چاڵەکانەوە و دەسوتێندرێن بەبێ ئەوەی بیر لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و پەیوەندیە خێزانیەکانی ڕابردوو بکرێتەوە .
هەندێکی تر لە خەڵک دەیانەوێت خۆیان دەرباز بکەن لە شارە نەخۆشەکە و بە دزیەوە لە دەروازەکانی شار دەرباز ببن و هەیانە طاعوناویە و دەیەوێت طاعونەکە بگوازێتەوە بۆ دنیای دەرەوە ، هەندێکیان بە سزایەکی ئاسمانی دەبینێت و دەڵێن ئەوە تاقیکردنەوەی خودایە ، هەەر وەک پێشووش هەندێک خەریکی قۆستنەوەی هەلی بازرگانین لەکاتە هەستیارەکاندا و کاڵاکان گران دەکەن و هەست و سۆزی خەڵک دەقۆزنەوە و کەرەستەکانی زوو مردن دەستەبەر دەخەن ، کەمینەیەکیش گروپی مقاوەمە (بەرەنگاری ) و بەهانەوەچوون و فریاگوزاری درووست دەکەن .
لەکۆتایدا طاعوون کۆتایی پێدێت و ڕزگاربوەکان دەچنەوە سەر ژیانی خۆیان ئەوانەی خۆشماندەویستن لەبەرچاومان وونبون وەک هەمیشە و هەندێک شێت دەبن و هەندێکیش ساتی ڕووداوەکان دەکات بە چیرۆک و هەندێک شعر و پەخشانی لەسەر دەنووسێت .
با کەمێک دوور بکەوینەوە لە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە لەسەدەکانی ناوەڕاست وەک باسم کرد طاعوون سێ لەسەر چواری قاڕە پیرەکە (ئەوروپا )ی کوشت بەڵام ڕەگەزپەرستی قەومی و دینی و نەتەوەی بوو بە طاعونێکی نوێی و بەشێک لە ڕزگاربووە هەلپەرستەکان نەتەوەکانی تر و کەمینەکانی وەک غجر (قرج ) و یەهودیان بە بڵاو بونەوەی ئەو طاعوونە تۆمەتبار دەکرد ئەم طاعوونی تۆمەتبارکردنە بوە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نەتەوەکان تا سەدەی نۆزدەهەم زیاتر لە ١٨٠ ملیۆن مرۆڤ بوونە قوربانی ئەو سیاسەتەی کەمینەیەکی هەلپەرست کە ئەوانی تریان پێ تۆمەتبار دەکرد .
ئەمڕۆ دەبینین دوای ئەو ڕووداوانە و ئەو بەڵا گەورەیە  خۆپارێزیمان نەکردوە لە جرجەکانی پەڕتوکخانەکان (پەرتوکی فکری توندڕەوی و ڕەگەزپەرستی و چیرۆکی سەرکردەی درۆ و پاڵاوان و باوکی میللەت ) و جرجەکانی دین(مەلا و شێخ و فەقؿ ) و جرجەکانی خوێندنگا و زانکۆکان (مامۆستایانی حزبی و پەروەردەکەری کۆمیتە و لق و مەڵبەند ) کە کاریان هەڕاجکردنی بڕوانامەکان و ئامادەکردنی خوێندکاران و پزیشکان و ئەندازیارانە بۆ بوونیان بە گەندەڵ و دزی داهاتووە ، خۆپارێزیمان نەکردوە لە جرجەکانی ئۆرگانەکانی بەڕێوبردنی ووڵات و جرجەکانی سەرمایەداری چاوچنۆک و تینووی پارە و فڕۆشی میللەت و خاک و وڵات ، بیرمان لە جرجەکانی هێزە میلیشاییەکانی وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوان و حسحی زیندانەکان نەکردۆتەوە کە چۆن وەک طاعوون بەردەبنە گیانی خەڵک  بیرمان لە جرجەکانی بە ناوو نوسەر و ڕۆژنامەنووس و شاعیر و هونەرمەندی حزبی نەکردۆتەوە کە لە پەڕتوک و ڕۆژنامە و سایت و میدیاکانیاندا چ بەڵایەکیان خستۆتە ناو کۆمەڵگەی کوردی بۆیە دەبێت بووترێت ئەوەی کامۆ لە طاعووندا باسی دەکات وەهرانی جزائیر نیە بەڵکو کوردستانە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە