خێڵ و حیزب لە کنگەوە لغاوی دەکەن

Tuesday, 21/12/2021, 16:30

5610 بینراوە


کۆمەڵگای کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی کە هێشتا لەسێبەری خێڵ و بنەماڵەکاندایە و هەر لە ناو دیوەخانی خيڵایەتییەوە نەخشەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دادەڕێژرێت ، نەخشەی دیوەخانەکانی خێڵ لە پێناوی سەرکەوتنی حیزبدایەو حیزبیش لەپێناوی سەرۆکی خێڵ و بنەماڵەدایە ، دەتوانین بڵێن حیزب دیوەخانی خیڵە و خێليش دیوەخانی حیزب ، ئەم نەخشەیە بەپلەی یەکەم کار لە سەر داماڵینی هاونیشتیمانی دەکات کە چۆن بەرگێکی خێڵەکی بەبەردا بکاتەوە و وەک مرۆڤێکی نەگۆڕی خێڵەکی لەناو پێکهاتەی کۆمەڵگادا بیهێڵێتەوە ، سەدەھا ساڵە ئەم فۆڕمی خۆدوبارە کردنەوەیە بە بێ هیچ میتۆدێک و دونیابینێکی زانستی و بەبێ ھیچ گۆڕانکارییەک لەناوەوە مێژووی ئێمەدا بەردەوامی هەیە ، لەناو ئەم هەندەسە کۆمەڵایەتییەدا پارتی و یەکێتی کاری سەرەکییان بریتی یە لە نوێکردنەوەی سیماو بەرگی خێڵایەتی ، ساڵانە ڤیستیڤاڵی هۆزو عەشیرەتەکان لە دونیای ئێمەدا درێژەدانە بەو خەونە خێڵەکییە کە پارتی و یەکێتی کاری لەسەر دەکەن ئامانجیان گەڕانەوەی ناچاری بەشێکی کۆمەڵگایە بۆ نێو باوەشی حیزب و ناچاربوون بە دیوەخانی حیزب و خێڵیان دەکەنەوە . 
بەشێکی دورودرێژی مێژووی کۆمەلگای کوردی مەحکومە بە خێڵایەتی ، بەڵام خێڵایەتی ئەمڕۆمان لەژێر فۆرمی تر و كەوڵی تردا خۆی دەردەخات کە ئەویش فۆڕم و کەوڵی حیزبییە ، حیزب بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە خێڵە چونکە خێڵ زیاتر هەڵگری ئیرادە و ئیحساسێكی سرووشتی و پەیوەندییەكانی خێڵیش  پەیوەندیی خوێنی و دەمارگیرانەن، هەموو موژدەو چاوەڕوانییەکانی خێڵ  پاشكۆیەتی و بیناكراون لە سەر موژدەو چاوەڕوانیەکانی پارتی و یەکێتی ، بەشێکی زۆری سەرۆکهۆزەکان هاوشێوەی سەرۆکی حیزبەکان نەک نەیانتوانیوە خزمەتی هۆزەکە بکەن بگرە بونەتە بارگرانی و پارچەبوونی هۆزەکە لە سەر ئیحساسی سیاسی و حەقدو کینەو ململانێی کۆن ، هەمیشە خاڵی لێکچوون لەنێوان سەرۆکی حیزب و سەرۆکهۆزەکاندا هەیە ، هەردوولا هەڵگری هەستی منەت و منەتکردن و قەرزاربارکردنی بەرامبەرەکانیاندان ، خەونی سەرۆکهۆز ژێردەستەی و كۆیلەبوونی خەڵک و پاشكۆبوونی خۆیەتی بۆ دیوەخانی حیزب ، سەرۆکی حیزب و سەرۆکهۆز پێکەوە بەرگری لە مانەوەی ڕەمزە حیزبی و خێڵەكییەكان دەکەن و لەوێشەوە نەخشەی کۆیلەبوون و ژێردەستەی دادەڕێژن ،هەردولا خۆیان بە شوانی مێگەلەکەی خۆیان دەزانن  .
لە ڕۆژگاری ئیستادا خێڵ لە هەندەسەی کۆمەڵایەتیداخۆی مانیفێست دەکات و ڕێگرە لەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی گەشە بکات ، جوگرافیاو سنور ، سیاسەت و ئیدارەدان ، پەروەردەو فێرکردن، ڕەش وسپی ، جوان و ناشیرین بە پێی خەون و خەیاڵ و چاویلکەو نەخشەڕێگای حیزب و خێڵ دیاری دەکرێت ،کۆمەڵگای کوردی ئێستا هەستێکی لەمجۆرە ئەزموون دەکات، کۆمەڵگا لە نێو بەرداشی خێڵ حیزب ، خێڵ و نەریت ، خۆ ئەگەریش بۆ خێڵ برەخسێ هاوشێوەی حیزب فاشیزمی تایبەت بە خۆیشی بەرهەم دەهێنێت ،جگە لەو فاشیزمە ناوەكییەی كە سەرۆکهۆزەکان هەڵیانگرتووەو دەرهەق بە ئەندامانی هۆزەکە دەینوێنن.
ئێمە لە باسکردنی خێڵدا مەبەستمان  زەمەنە ئۆنتۆلۆژییەكەی نییە و زیاتر مەبەستمان عەقڵە خێڵەکییەکەیە لەناو ژیانی مۆدێرندا ،دەمەوێت بڵێم کاتێک ئامانجی خێڵ و سەرۆکی خێڵ لە پێناو سەرخستنی حیزبدایە و دیوەخانی خێڵ دیوەخانی حیزب بێت و هاوڵاتی لە هەموو مافێکی هاوڵاتیبوون دابماڵن ، ئیدی کۆمەڵگابەرەو وێستگەیەکی تاریک و دەکەوێتە دەستی قەزاو قەدەر ،دواجار هەم حیزب و هەمیش خێڵ  لە کنگەوە لغاوی بابەتەکان  دەکەن ،هەر ئەم لغاوەیە وەزعەکەی ئاڵۆزکردووەو نایەڵێ بگات بە چارەسەر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە