ڕۆڵی پەروەردە لە چاککردنی خوی خۆشباوەڕی و دێرباوەڕیدا

Tuesday, 21/12/2021, 16:35

4056 بینراوە


"مرۆڤی پەروەردا نەکراو نامەنتیقییە." فردریک نیچە


ئاشکرایە کە تەنها پەروەردەیەکی دروست دەتوانێت ڕووی وڵات بگۆڕێت،هەتا بۆگۆڕینی جیهانیش ڕێگایەکیتر نییە جگە لەپەروەردە. پەروەردە دروستکردنی مرۆڤە ،ئەگەر سروشت پێکهێنەری بایۆلۆژی بێت،ئەوا پەروەردە پێکهێنەری لایەنی سایکۆلۆجییە .ئەگەرچی گریمانی سروشتی باشی مرۆڤ لای هەندێ دەرونناس هەیە،کە مرۆڤ بەسروشت باشە ،بەڵکو کۆمەڵگە و شارستانیەت خراپی دەکات،بەڵام گەڕانەوە بۆ  تیۆری گەشبینی سروشتی گریمانەکراو نزیکە لەمەحاڵ ،کەواتا کاری کردەنی تەنها گرنگیدانە بەپەروەردەیەکی دروست ،پەروەردەیەک لەگەڵ ڕۆحی سەردەم گونجاو بێت و پاساوەکانی لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی زانستی و مادی  شارستانیەت و مرۆڤی ئەمڕۆیێ گونجاو بێت. بۆ ڕزگاربون لە هەڵچونی بەکۆمەڵ و کەف وکوڵی دەروونی وبێ بەزەیی و نەفرەت و وێرانکاری وستەمکاری ،لەپێناو کۆمەڵگەیەکی لێبوردەو ئازاد و دیموکرات هیچ ڕێگایەک نییە جگە لەپەروەردەیەکی دروست و سەردەمیانە پەروەردەیەک کە فەلسەفەکەی دژیەک نەبێت لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان .ئەمڕۆ کاری پەروەردە قوڕستربووە لەبەر کۆمەڵێک هۆکا، بەڵام سەرەکیترینیان تەکنەلۆژیای زانیارییە کە لەبەردەستی مناڵان و هەرزەکاراندایە،بەو هۆیەشەوە باس لەوە دەکرێت کە تەمەنی نەوجەوانی نەماوە،بەهۆی بەکارهێنانی ئینتەرنێت ،قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی زیاتر لەتەمەنی خۆیان دەزانن ،ئەمەش وایکردووە کاریگەری مامۆستا کەمترببێتەوە لەسەر دەرونی قوتابیان،بۆیە پێویستی خۆپەروەردەکردن و خوێندنەوە بۆمامۆستایان لەجاران زیاتر گرینگە . لەلایەکیتر مۆمۆستایان بەردەوام گلەیییان لە قوتابیان هەیە و ڕێزی مامۆستا ناگرن وەک جاران!ئەڵبەت ڕوونە دوو هۆکار هەیە بۆ ئەم پرسە :کەکەم مناڵان تارادەیەک بەو مافەی خۆیان گەیشتون ئەویش نەمانی توندوتیژییە یان قەدەغەکردنیەتی،دووەم دەرئەنجامی هەمان هۆکاری گۆرینە کە بووەتە هۆی نەمانی قۆناغی نەوجەوانی .بێگومان دەبێت بۆهەردوو پرسی ڕێز نەگرتن و نەمانیقۆناغی نەوجەوانی بەدیل هەبێت.ئاشکرایە بۆیەکەمیان خۆشەویستی و هاوڕێیەتی قوتاببییە ،ئەوەێ خۆشمان نەوێت و خۆشی نەوێین ناتوانێت کاریگەریمان لەسەردابنێت.بۆدووەمیان زیاتر دەبێت خێزان و ڕاگەیاندن هاوکاری قوتابخانە بکەن لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت مامۆستا ڕۆڵی هەبێت لەهۆشیارکردنەوەی قوتابیان بەرامبەر بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان .بۆئەوەی چیتر لەناوەڕۆکی بابەت دورنەکەومەوە باس لە کێشەیەکیتر دەکەین ئەویش چاککردنی خوی خۆشباوەڕی ودێر باوەڕییە کە گرفتێکە کۆمەڵگاکەمان بەدەستیەوە گرتووە، دەبێت لەم سەردەمەدا پەروەردە ڕۆڵی خۆی ببینێت لە چارەسەری ئەم گرفتە ،چونکە بەڕوکە ش گرفتێکی سادە وساکارە،بەڵام لەناوەڕۆکدا گرفتێکی قوڵی دەرون مەعریفیە و شای کێشە کانە ،هۆکاری توندڕەوی و دۆگماتیزمە ،واتا کێشەی خۆشباوەڕی و دێرباوەڕی.
 ئەبێت مناڵ پەروەردەبکرێت،ئینجا لێگەڕێین دواتر مرۆڤ چی دەخوێنێتەوەو گوێ لەکێ ئەگرێت.ئەگینا دورنیە بەڕێکەوت کتێبێکی بکەوێتە دەست و هزری داگیربکات با ئەوکتێبە خراپیش بێت! یان بکەوێتە بەر رەحمەتی کەسێکی زمانپاراوی دۆگماو کۆنەپەرست! ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگە ی ئێمە دەبیندرێت ڕۆڵی زمانپاراویەبەهۆی لاوازی ئەقڵەکان لەداوەریکردن، زمانپاراوێک ئەتوانێت سەت هێندەی بیرمەندێکی ژیر کاریگەری هەبێت ،هەرچەندە بیروڕاکانی مەترسیداربن لەناو زماندا دەیان شارێتەەوە،ئینجا کۆمەڵگایەک کە ئیش لەسەر ڕوکەشدەکات،لەهزروبیریشدا هەروایە ئەوەندەی سەرنجی خەڵک لەسەر زمانە هێندە لەسەر تێگەیشتنو ژیری نییە،ئاشکراشە کە کەسانی تایبەت پەروەردەدەکرێن تا خەڵک هەڵبخەڵەتێنن و بیانخەنەداوی زمانپاراوی نەک ژیری و بیرکردنەوە،لەوێوە حوکمە ڕەهاکانی خۆیان ئەسەپێنن.ئەمە جگەلەوەی فێرکاریە تەڵقینیە بەکۆمەڵەکان، ئەو فێرکاریە هزریانەی لەمناڵیدا فێری خوێندکاردەکرێن،کەهێشتا لێیان تێناگات، دواتر قوتابی ئەوپەڕی هەوڵدەدات لەکاریگەریە سیحریەکانی ئەو فێرکاریانە ڕزگاری نەبێت ،نەک بەهۆی بەڵگە ی ئەم هزرانە بەڵکو بەهۆی تەڵقینکردن و زمانپاراوی فێرکارو تێکەڵکردنیان بە سۆزو کەفو کوڵ.یان هاندان بۆنەفرەت لەشتانێکی دیاریکراو ،کەوادەکات مناڵ لەگەورەیشدا بەو ئەندێشانەوە بژی وەک ڕق لەبێباوەڕ و ئێزیدی و مەسیحی ئاینەکانیتر...لەکاتێکدا ئەوکەسانە داوەرییان نەکردوە و بەوهۆی تەڵقین و باوەڕی پێشینە، وەک سەردەمی مناڵی بڕیار دەدەن و ڕقیان لە ئەوانەیە هاوڕایان نین. کەف و کوڵ و هەڵچونی دەستەجەمعی ئەنجامی پەروەردە نەکردنی تاکەکانە،ئەنجامی هەمان خۆشباوەڕی یان دێرباوەڕییە،کە ئەنجامیش باوەڕی کوێرانەو نەفرەت و وێرانی و بێ بەزەیی لێدەکەوێتەوە .بۆیە بەبێ ئەو پەروەردەیە دیموکراتی مەحاڵ دەبێت .ئەوەتا لاوکێکی ئێزیدی هەڵچونی موسڵمانانی گرتۆتەوە کە تەنانەت دوای ئەم هەموو کارەساتەی بەسەریان هات هێشتا ڕق و توڕەییان نەنیشتوتەوە ،ئەمە هۆکاری نەبونی پەروەردەی نادروست و نەبونی توانای دواوەریکردنی تاکەکەسییە کەوادەکات بانگخوازێک ڕقی موسڵمانان دژی ئێزیدییەکان بجوڵێنێت ،بەهۆی دروستکردنی کۆمەڵێک ئەفسانە و تۆمەت لەدژی ئێزیدیەکان،موسڵمانان نەک هەستی بەزەییان نەجوڵا،بەڵکو هێرشیان دەکردە سەر کەلتورو ڕۆشنبیی کۆمەڵگەی ئێزیدی کە پاراستنی ئەوکلتورە مافی خۆیانە..برتراند ڕاسێل: پێی وایە هەڵچونی دەستەجەمعی ڕەفتاری کوێرانەو،نامرۆڤانەی لێدەکەوێتەوەو ئەم جۆرە خەڵکانە بەهێز نەبێت پێشیان پێ ناگیرێت، وەک داعش دونیا وێران دەکەن دەسەڵاتیان ببێت ئەمانە بیرکردنەوەیان نییە بەهۆی حوکمە پێشینەکان بڕیار دەدەن،هەرئەوەندە ئاگاداربکرێنەوە مەترسیان لەسەرە لە لۆژیک دەچنە دەرو کەفو کوڵ و هەراوزەنایان پەیدادەبێت.
 برتاند ڕاسێڵ دەربارەی ئەم خاڵە ،واتا زمانپاراوی و خۆپارێزی لێی، پێیوایە بەم شێوەیە دەبێت مناڵ پەروەردە بکرێت و دەڵێت:
پەروەردەو فێرکردن ئەبێت بەشێوەیەک بێت،کە خۆشباوەڕی و دێرباوەڕیە سروشتیەکانی مرۆڤ لەبەرچاو بگیرێت چاکسازی تێدابکرێت.خوی باوەڕکردنی قسەیەکی دڵنیایی بێ بەڵگە و،خوی باوەڕنەکردنی قسەیەکی نادڵنیاهەرچەندە کە باشترین بەڵگەی بۆ بەکار بهێندرێت. بێگومان ئەم حاڵەتە کاریگەی هەیە لەسەر هێشتنەوەی کۆمەڵگا بە دواکەوتویی، چونکە زمانپاراوی ڕێگا دەگرێت لە پێشکەوتن و پشکوتنی هزری زانستی و دواجار زیان بە مەعریفە و زانستمان دەگەیەنێت،و پێمان وایە بەهۆی لاسایکردنەوەی دەربڕینەکانی ڕابەرە سیاسی و ئاینیەکان،دەتوانین،خۆمان لەنەزانی بدزینەوە. سەبارەت بەمێژوو وباقی زانستەکان ئێمە توخمێکی ئەفسانەیی بەسەر مەعریفەماندا زاڵە ،وەک ئەرستۆ لە میتافیزیکادادەڵێت : ئێمە گوێ بۆقسەیەک دەگرین و یەکێک ڕەتدەکەینەوە ،لەبەر ئەوەی لەگەڵ زهنیەتمان نایەتەوە.ئەمە یەکێکە لەگرفتەکان،نەبونی کێشەی حەقیقەت،شتێک ڕاستە لەبەر ئەوەی من پێم خۆشە،و بە پێچەوانەشەوە بەڵام نابێت هیچ شتێک بکرێتە قوربانی حەیقەت .برتراندڕاسڵ لەوبارەیەوە دەڵێت:ئەگەر سەرپشکی پەروەردەو فێرکردن لەدەستی من بوایە، مناڵەکانم ئەخستە بەردەم توندترین و پاراوترین قسەکەر وبەرگریکاری بەشەکانی مەسەلەسیاسیەکان،تالەڕادیۆی بی بی سی وانەیان بۆ باسبکرایە. پاشان دەبوو مامۆستا لەفێرخوازەکانی بویستایە کە بەڵگەوباسەکان کورتبکەنەوەو زۆربەناسکی ئەم خاڵەیان بۆ فێرخوازەکان تەڵقین بکردایە کە هەرچەندە قسەکان پاراوتربن بەهای مەنیقیان کەمترە!بەدەستهێنانی خۆپارێزی لەبەردەم پاراوی ڕەوانبێژی بۆ هاوڵاتیانی دیموکراتی ئەو پەڕی نرخ و بەهای هەیە.بۆنمونە وانەی مێژوو ئەبێت هاوڕێی ئەم جۆرە ڕوحیەتەبێت. لەڕابردوودا قەسەکەر و ڕەوانبێژ، بەژیرییەکی فراوانەوە باس و بەرگریان لەبابەتێک دەکرد.وەک ڕاستایەتی جادوو، سودی کۆیلەیی ...هتد.بەڵام ڕاسێل دەڵێت:
من ئەم قسانەو مامۆستاکانیان ئەناسێنم بەفێرخوازەکان بەشێوەیەک هەم  ڕەوانبێژی ٫و هەم -لاربیر-یەکەیان بناسن.
بۆنمونە بۆوانەیەکی مێژوو ئەوە بەس نییە کە لەکتێبێکدا نوسراوە، لەوانەیە بەگەڕانەوە بۆ ئەرشیفی ڕۆژنامەکان،یان ئەدەب ڕاستی زیاتر دەربکەوێت. 
یان باسی مێژوی جەنگی جیهانی یەکەم ،ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی ئەوزەمەنە،جیاوازی زۆر هەیە لەگەڵ کتێبەکانی مێژوی فەرمی.کەواتا مێژو ئەوکاتە سودی دەبێت،کە :بەخوێندکارەکان بوترێت: ئەگەر بێت و بەوردی زۆر هەوڵنەدەین بۆ داوەریکردن،لەوانەیە لەگەڵ دەسەڵات توشی شێتایەتی ببین بۆ خوێنڕشتن.بۆ هاوڵاتی دیموکراتی دەبێت دۆزینەوەی ڕاستی لەلاپەڕەی ڕۆژنامەکاندا لەهەموشتێک بەنرختربێت.“
مەبەست لەم وتارە بەهەند وەرگرتنی ئەو کێشە دەرون مەعریفیەیە،کەبەڕواڵەت سادەیە ،بەڵام وەک وتم سەرچاوەی زۆرێک لە کێشە کانمانە. هەم لەڕووی سیاسی وهەم لەڕوی زانستی زیانمان پێدەگەیەنێت. چونکە تاکێک کە خۆشباوڕیان دێرباوەڕبێت دەبێتە ئامرازێک بەدەست قۆڵبڕە سیاسی و ئاینی و دۆگماکان،و دواجار کۆمەڵگەیەکی دواکەوتو و دژ بەماف و ئازادیەکانیشمان دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە