ئه‌وه‌ى شانازى به‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌كرا ته‌نها مكیاج بوو

Tuesday, 12.21.2021, 10:38

706 بینراوە


زۆر جارو له‌ زۆر كه‌سه‌وه‌ گوێ بیستى ئه‌وه‌ ده‌بی كه‌ ده‌ڵێن هه‌ولێرزۆر له‌ سلێمانى پێشكه‌وتوتره‌و  كارى باشى بۆ كراوه‌و كاتێك سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌كه‌یت و به‌ چاوى خۆت  ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنانه‌ ده‌بینى هه‌ر له‌ شه‌قامى فراوان و ئه‌و هه‌موو باڵه‌خانانه‌ به‌رزانه‌ى كه‌ دروستت كراون  واده‌زانى  له‌ وڵاتێكى ئه‌وروپاى . ئه‌وانه‌ى ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن هه‌ندێكیان بێ مه‌به‌ست ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌وان له‌ چاوى خۆیانه‌وه‌ واى ده‌بینن ,
به‌ڵام هه‌ندێكى تر به‌ مه‌به‌ست ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن و وه‌كو تانه‌ لێدانێك له‌ به‌رپرسانى سلێمانى , واته‌ حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى له‌ هه‌ولێر ده‌ستى كراوه‌یه‌و خزمه‌تى خه‌ڵكى ده‌كات و شاره‌كه‌یان جوان كردوه‌ ، به‌ڵام حكومه‌ته‌كه‌ى یه‌كێتى پاره‌ بۆ شاره‌كه‌ خه‌رج ناكات و سلێمانى زۆر دواكه‌وتوه‌ . 
من لێره‌دا زۆر بێلایه‌نانه‌ قسه‌ ده‌كه‌م  چونكه‌  به‌لاى منه‌وه‌ پارتى و یه‌كێتى هه‌ردوك لایان گه‌نده‌ڵن و به‌رده‌وام سامانى ئه‌م نیشتمانه‌ تاڵان ده‌كه‌ن  . به‌ڵام هه‌ندێك ڕاستى هه‌یه‌ ده‌مه‌وێت وه‌كو خۆى باسى بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موان له‌ ڕاستییه‌كان بگه‌ن و كوێرانه‌ نه‌بنه‌ لایه‌نگرى ئه‌م یان ئه‌و . واته‌ ئه‌وان تاڵان بكه‌ن و خه‌ڵكیش به‌هۆى ئینتیماى حیزبایه‌تییه‌وه‌  پاكانه‌یان بۆ بكات .
هه‌ڵكه‌وته‌ى سلێمانى به‌ جۆرێكه‌  له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ به‌ چیاو گردۆلكه‌و شیو ده‌وره‌ دراوه‌  واته‌ ئه‌و پانتایه‌ى  شارى سلێمانى له‌سه‌ر دروست كراوه‌  به‌رزو نزمى زۆرى تێدایه‌  ده‌شتایی ته‌واو نییه‌ .  به‌وهۆیه‌وه‌ ئاوى زۆر له‌ خۆ ناگرێت بۆیه‌ له‌ كاتى باران باریندا مه‌ترسى زۆر گه‌وره‌  له‌سه‌ر شاره‌كه‌ نییه‌ . به‌ڵام  ئه‌وه‌ ته‌نها هۆكارێكه‌و  هۆكارى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سلێمانى ژێرخانێكى پته‌وى ئاوه‌ڕوى هه‌یه‌و هه‌موو شاره‌كه‌ به‌ تۆڕێكى زێرابى سندوقى فراوان و به‌ هێز به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌و ئاوێكى زۆر له‌خۆیان ده‌گرن و به‌رگه‌ى مه‌ترسى لافاوى  زۆر گه‌وره‌ ده‌گرن . سلێمانى یه‌كه‌م شارى عێراقه‌ كه‌ تۆڕێكى ئاوه‌ڕوى ئاوا باشى هه‌بێت ,
بۆ زانینی هه‌موو لایه‌كیش ئه‌و پاره‌یه‌ى  بۆ دروستكردنى ئه‌و تۆڕى ئاوه‌ڕۆیه‌ خه‌رج كراوه‌  زۆر زیاتره‌ له‌و پاره‌یه‌ى  كه‌ شه‌قامه‌كانى هه‌ولێرى پێ دروست كراوه‌ . ئێستا سه‌یركه‌ن و به‌ چاوى خۆتان ببینن كه‌ سلێمانى له‌ ئه‌ماندایه‌ و هه‌ولێریش له‌ ژێر مه‌ترسى گه‌وره‌دایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو باران بارینێكدا .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى شارى هه‌ولێر كه‌وتۆته‌ ده‌شتاییه‌كى گه‌وره‌وه‌و وه‌كو سلێمانى شوێنه‌كه‌ى  له‌ به‌رزى و نزمیدا نییه‌ و له‌ كاتى باران باریندا ئاوه‌كه‌ له‌ناو گه‌ره‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كاندا كۆده‌بێته‌وه‌و مه‌ترسى گه‌وره‌ دروست ده‌كات هۆكارى سه‌ره‌كى  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ولێر  خاوه‌نى تۆڕى ئاوه‌ڕۆ نییه‌و هیچ گرینگى پێنه‌دراوه‌و  له‌ ڕابوۆدو و ئێستاشدا .
ئه‌وه‌ ڕاسته‌ زۆر جار له‌ شوێنێكدا  بارانى زۆر ده‌بارێت و ده‌بێته‌ كاره‌ساتى سروشتى و   زیانى گه‌وره‌ ده‌گه‌یه‌نێت و له‌ ده‌سه‌ڵاتى كه‌سدا نییه‌ . ئه‌وه‌ش ڕاسته‌ كه‌ سلێمانى مه‌ترسى لافاوى  له‌سه‌ر كه‌متره‌  وه‌ك له‌ هه‌ولێر به‌هۆى  به‌رزو نزمى زه‌ویه‌كه‌یه‌وه‌ ، به‌ڵام  ئه‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر چاره‌كێك به‌ خوڕ باران ببارێت  شارێك وێران ببێت و كاره‌ساتى  گیانى و ماڵى به‌دواى خۆیدا بهێنێت .
  حكومه‌ته‌كه‌ى  هه‌ولێر  له‌ برى ئه‌وه‌ى بیر له‌ به‌هێزكردنى ژێرخانى شاره‌كه‌ بكاته‌وه‌و بنه‌غه‌یه‌كى به‌هێزى تۆڕى  ئاوه‌ڕوى بۆ دروست بكات  و مه‌ترسى له‌سه‌ر شاره‌كه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌ ، هاتون ئه‌م مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یان شاردۆته‌وه‌و مكیاجیان كردوه‌  به‌ دروستكردنى چه‌ند شه‌قامێك بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رنجى خه‌ڵك له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌ ئه‌ساسیه‌كه‌ لابه‌رن كه‌ تۆڕى ئاوه‌ڕۆیه‌و له‌به‌ر چاوى خه‌ڵك دیار نییه‌ و خه‌ڵك ته‌نها شه‌قامى 100 مه‌ترى و 150 مه‌ترى ببینێت له‌گه‌ڵ باڵه‌خاته‌كان و  وا له‌ خه‌ڵكى بگه‌یه‌نن كه‌ هه‌ولێر له‌ ئه‌وروپا ده‌چێت .
 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌ولێر زۆر گه‌شه‌ى كردوه‌و زۆر فراوان بوه‌و چه‌ندین سیتى تازه‌ى تێدا دروست كراوه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌ماى نه‌خشه‌و دیزاینێكى پێشكه‌وتو نه‌بوه‌و زیاتر لایه‌نى قازانجى پاره‌ ڕه‌چاو كراوه‌و  گوێ نه‌دراوه‌ به‌وه‌ى حسابى مه‌ترسییه‌كانى لافاو بكه‌ن . ئه‌وه‌تا ئێستا باس ده‌كرێت فڵانه‌ سیتى یان یان فڵانه‌ خانو له‌سه‌ر ڕێڕه‌وى  ئاو دروست كراوه‌ .
 له‌ فه‌یسبوك نوسرابوو به‌رێوه‌به‌رى ناحیه‌ى داره‌تو و سه‌رۆكى شاره‌وانیه‌كه‌ى  شوێنى ئاوه‌ڕۆیان كردوه‌ به‌ پارچه‌ زه‌وى و فرۆشراوه‌ .  زۆر له‌ به‌رپرسانى  هه‌ولێر ده‌یانگوت  هه‌ولێر ده‌كه‌ینه‌ دوبه‌یی و  شانازیان   به‌ پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌ولێره‌وه‌ ده‌كرد . نه‌وزاد هادى ده‌یگوت: هه‌ولێر ده‌سته‌ خوشكى دوبه‌یه‌و ئومێد خۆشناویش ده‌ڵێت : هه‌ولێر ده‌سته‌ خوشكى پاریسه‌ . به‌ڵام با به‌چاوى خۆیان هه‌ولێر ببین دواى ئه‌م دوو لافاوه‌و ئێستاش  ده‌ڵێن  هه‌ولێر بۆته‌ دوبه‌ى ؟ . 
به‌ڵام ئه‌وه‌ى  زۆر گرنگه‌ كه‌ هه‌موان باش بیزانن و چیتر نه‌بن به‌ده‌هۆڵ لێده‌ر بۆ  حكومه‌ته‌كى هه‌ولێرئه‌مه‌ى خواره‌وه‌یه‌ : دروستكردن شه‌قامى پان و به‌رین بۆ هه‌ر شارێك كارێكى زۆر باشه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌ركى حكومه‌ته‌و منه‌ت نییه‌  ، به‌ڵام دروستكردنى شه‌قامى  100 مه‌ترى و 150 مه‌ترى هه‌ولێر  ئه‌وه‌نده‌ى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى وده‌سكه‌وتى مادى  به‌رپرسانه‌  ، ئه‌وه‌نده‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى هه‌ولێرو جوانكردنى سیماى شاره‌كه‌ نه‌بوه‌ .
 ئه‌گه‌ر له‌ خه‌مى سه‌روماڵى هاوڵاتیاندا بونایه‌ ، ده‌بوو سه‌ره‌تا بیر له‌ دروستكردنى ئاوه‌ڕۆكانى شاره‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌ ، نه‌ك دروستكردنى  شه‌قامى گه‌وره‌ بۆ چه‌واشه‌كردنى خه‌ڵك .  ڕاسته‌ دروستكردنى ئه‌وشه‌قامانه‌ سیماى شاریان جوان كردوه‌و سه‌رنجى قونسلخانه‌ بیانه‌كه‌انیشیان ڕاكێشاوه‌ ، به‌ڵام  هه‌ر بیرۆكه‌ى دروستكردنى ئه‌وشه‌قامانه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتوه‌ كه‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ پاره‌ى زۆر به‌ده‌ست بهێنن .    هه‌رچى زه‌وى هه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌  ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌رى  ئه‌و شه‌قامه‌نه‌ هه‌مویان بونه‌ زه‌وى بازرگانى و نرخه‌كه‌یان  به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر به‌رزبۆته‌وه‌ . 
هاتون به‌شێكى ئه‌و زه‌ویانه‌یان فرۆشتوه‌و هه‌ربه‌و پاره‌یه‌ شه‌قامه‌كانیان پێ ته‌واوكردوه‌و ئه‌وه‌شى كه‌ ماه‌ته‌وه‌ دابه‌ش كراوه‌  به‌سه‌ر به‌رپرساندا . كه‌واته‌ چۆن كورد ده‌ڵێت  ڕونى خۆیه‌تى و له‌ سه‌رى خۆى ده‌ده‌نه‌وه‌ ، ئه‌مه‌شیان وایه‌و هاتون به‌ تیرێك دوو نیشانیان شكاندوه‌ .
 له‌لایه‌ك شه‌قامى باشیان دروست كردوه‌و خه‌ڵكیان خه‌له‌تاندوه‌ ، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ بایی سه‌دان ملیۆن دۆلار زه‌وى باشیان بۆخۆیان بردوه‌و شاریش له‌به‌ر بێ ئاوه‌ڕۆیی  له‌گه‌ڵ هه‌موو باران بارینێكدا ژێر ئاوده‌كه‌وێت . كه‌واته‌ حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى نه‌ك هیچى بۆ هه‌ولێر نه‌كردوه‌ ، به‌ڵكو قازانجى زۆرى له‌ فرۆشتنى زه‌وى ئه‌وشاره‌ كردوه‌ . 
 ئه‌وه‌تا عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح له‌ نوسینێكیدا  باسى پارچه‌ زه‌وییه‌ك ده‌كات  كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان شه‌قامى 100 مترى و 40  مه‌ترى كه‌ ڕوبه‌ره‌كه‌ى 200 دۆنمه‌و له‌و شوێنه‌ هه‌ر مه‌ترى 2000 دۆلار ده‌كات كه‌ نرخه‌كه‌ى مه‌زنده‌ ده‌كات به‌ 600 ملیۆن دۆلار و دراوه‌ به‌ كه‌سێك و له‌سه‌رى  تاپۆ كراوه‌ . باشه‌ چه‌ند پارچه‌ زه‌وى تر هه‌یه‌ كه‌ كه‌وتونه‌ته‌ ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌رى شه‌قامه‌كان ده‌بێ بایی چه‌ند میلۆن دۆلاربن ؟. 
ئه‌گه‌ر عه‌لى حه‌مه‌ ساڵه‌ح بوختان ده‌كات  بۆچى نایده‌نه‌ دادگا ؟.باشه‌  ئه‌گه‌ر ته‌نها پاره‌ى ئه‌و پارچه‌ زه‌ویه‌ بۆ دروستكردنى ئاوه‌ڕوى هه‌ولێر ته‌رخان بكرایا ، ئێستا ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌یه‌ توشى هاوڵاتیان ده‌بو؟.  ئه‌گه‌ر به‌رپرسانى حكومه‌ته‌ى هه‌ولێر كه‌مێك ویژدان و ئابڕویان  هه‌بێت ، خه‌ویان لێ ده‌كه‌وێت له‌ كاتێكدا مناڵێكى 10 مانگه‌ ئاو بیبات و ته‌رمه‌كه‌شى نه‌دۆزنه‌وه‌ ؟. له‌كاتێكدا ئه‌و كاره‌ساته‌ به‌سه‌ر هه‌ولێردا دێت و لافاو  سه‌رو ماڵى خه‌ڵك ڕاده‌ماڵێت ، ئه‌وه‌تا له‌ ڕۆژنامه‌كانى ئه‌مه‌ریكادا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت باڵه‌ خانه‌یه‌كى به‌ بڕى 18 ملیۆن دۆلار كڕیوه‌ . گومانى تێدا نییه‌ ده‌یان باڵه‌خانه‌ى تریشیان  كڕیوه‌ ، به‌ڵام جارى ئه‌مه‌یان ئاشكرا بوه‌ . 
 باشه‌ به‌ پاره‌ى كێ ئه‌وه‌ى كڕیوه‌؟ ئه‌ى بۆچى له‌ دروستكردنى  ئاوه‌ڕۆى هه‌ولێردا خه‌رجى نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رو ماڵى هاوڵاتیان پارێزراو بێت . ئێستا ده‌نگۆى ئه‌وه‌ش بڵاو بۆته‌وه‌ كه‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان  2 مانگه‌ ده‌وامى نه‌كردوه‌و ده‌یه‌وێت ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌ چونكه‌ ڕێگاى ناده‌ن  كاره‌كه‌ى خۆى وه‌كو وه‌زیر  بكات .
 وه‌كو باسى ده‌كه‌ن كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر كێڵگه‌كانى نه‌وتى شیخانه‌ كه‌ به‌ناوى مه‌سرو بارزانیه‌وه‌ن ئه‌ویش ئه‌و مه‌له‌فه‌ى هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌و دیاره‌ ئه‌وه‌ش بڤه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌و  ئیشى وه‌زیرى سامانه‌ سرزشتییه‌كان ئاشكراكردنى گه‌نده‌ڵیه‌كان نییه‌ ، به‌ڵكو شاردنه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیه‌كانه‌  وه‌ك ئاشتى هه‌ورامى  پیشتر كردویه‌تى .
 به‌ سه‌دان ڕاپۆرت  له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى بوارى نه‌وت و به‌ تاڵان بردنى پاره‌كه‌ى هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر  قسه‌ى ئه‌وانه‌ به‌ڕاست نازانن  با خۆتان داوا له‌ په‌ڕله‌مان بكه‌ن و لیژنه‌یه‌ك پێك بهێنن بۆ ئه‌وه‌ى  وه‌ڵامى ئه‌وانه‌ بده‌نه‌وه‌و  ئه‌گه‌ر وانه‌بوو  با بدرێنه‌ دادگا . به‌ڵام بیده‌نگ بون ماناى ئه‌وه‌یه‌  هه‌موو ئه‌وه‌ى له‌ باره‌ى دزینى پاره‌ى نه‌وته‌وه‌ ده‌گوترێت ڕاسته‌ . ده‌پرسم بۆچى وه‌ڵامى ڕاپۆرته‌كانى عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح ناده‌نه‌وه‌ . ئه‌ى بۆچى ناپرسن چۆن وبه‌چى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى له‌ ڕێگاى كۆمپانیاى كاره‌وه‌ بونه‌ خاوه‌نى پشكى زۆرى بۆرى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت به‌ڵام بۆچى  حكومه‌ت نه‌بۆته‌ خاوه‌نى؟. 
مانگانه‌ به‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار داهاتى نه‌وت  ئه‌دزن ، به‌ڵام پێدانى موچه‌ى خه‌ڵكتان به‌ستۆته‌وه‌ به‌ 200 ملیاره‌كه‌ى به‌غداوه‌ .ئه‌گه‌ر به‌غدا پاره‌كه‌ نه‌نێرێت ، موچه‌ نییه‌ . ئه‌وه‌تا ده‌تانه‌وێت  موچه‌ى مانگى 12 نه‌ده‌ن به‌ یه‌هانه‌ى ئه‌وه‌ى به‌غدا پاره‌كه‌ى نه‌ناردوه‌ . باشه‌ ئێوه‌ هیچ بڕه‌ نه‌وتێكتان ڕاده‌ستى به‌غدا كردوه‌  تا داواى پاره‌ له‌ به‌غدا بكه‌ن ؟. ئه‌ى نه‌تان ده‌گوت  ئێمه‌ ئابورى خۆمان سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ین ؟.كه‌واته‌  سه‌ربه‌خۆكردنى ئابوریه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو ده‌ستان كراوه‌بێت و به‌ داهاتى نه‌وت  باڵه‌خانه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكاو وڵاتانى تر بۆخۆتان بكڕن . ئاخر چۆن حوكمڕانى به‌ كه‌سانى دزو گه‌نده‌ڵ ده‌كرێت . 
گۆَڵده‌مه‌ئیر  سه‌رۆك وه‌زیرانى پیشوى ئیسڕائیل ده‌ڵێت : ده‌وڵه‌ت به‌ كه‌سێك دروست ده‌كرێت  سواڵ بۆ میلله‌ته‌كه‌ى بكات نه‌ك میلله‌ته‌كه‌ى  بخاته‌ سواڵ  . ئێستا خۆتان له‌ خۆتان بپرسن ئێوه‌ له‌ كوێی قسه‌كانى ئه‌و شوۆڕه‌ ژنه‌دان كه‌ ماڵ به‌ ماڵى ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕاو سواڵى بۆ میلله‌ته‌كه‌ى ده‌كرد . هه‌تا میلله‌تى كورد خاوه‌نى سه‌ركرده‌ى دزوو خۆپه‌رست و ئه‌نانى و خۆفرۆشبێت ، نابێته‌ خاوه‌نى هیچ .  
دواى 30 ساڵ حوكمڕانى  و به‌ناو سه‌ربه‌خۆیی ئابورى هه‌رێمى كوردستان و تاڵانفرۆشى نه‌وت ئێستا :
هه‌رێمى كوردستان 30 ملیار دۆلار قه‌رزداره‌ . هێزى پێشمه‌رگه‌ یه‌كى نه‌گرتۆته‌وه‌ . به‌ هۆى ڕیفرانۆمه‌ گوماناویه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانیه‌وه‌  نیوه‌ى زیاترى حاكى كوردستانمان له‌ ده‌ستدا . پێدانى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و 200 ملیاره‌ دیناره‌كه‌ى  به‌غدا . ئه‌گه‌ر به‌غدا نه‌ینێرێت  موچه‌ش نییه‌ له‌ كاتێكدا مانگانه‌ داهاتى نه‌وت 900 ملیۆن دۆلاره‌ . پارچه‌ زه‌ویه‌ك ده‌درێته‌ كه‌سێك بایی 600 ملیۆن دۆلاره‌و  هه‌ولێریش ئاوڕۆى نییه‌و ئاو ده‌یبات و پاره‌ش نییه‌ بۆ زیان لێكه‌وتوان و موچه‌ى مانگى 12 نادرێ چونكه‌ پاره‌ نییه‌  . سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ هه‌نده‌ران خانو به‌ 18 ملیۆن دۆلار بۆخۆى ده‌كڕێت و بیره‌نه‌وتى تایبه‌تى خۆى و زانكۆى خۆى هه‌یه‌  . 
سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌م دزى و تاڵانى و پێشێلكاریانه‌ى كه‌ له‌ لایه‌ن حیزبه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌وه‌ به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان ده‌كرێن، ئێستاش حیزبى یه‌كه‌مى هه‌رێمى كوردستانن و زۆرینه‌ى خه‌ڵك ده‌نگیان بۆ دان . له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم ده‌ستیان خۆشبێت و جێی خۆیه‌تى به‌ 3 مانگ جارێك موچه‌ بده‌ن چونكه‌ خه‌ڵك به‌وه‌ش ڕازییه‌و پیرۆزیان بێت  چونكه‌ خه‌ڵك شایه‌نى ئه‌وه‌ن حكومه‌تى ئاوایان هه‌بێت. پێشینان ڕاستیان وتوه‌ : تا خوا كێو نه‌بینێت به‌فرى تێناكات .