ماڵی کورد کامەیە؟!

Tuesday, 12.21.2021, 16:49

677 بینراوە


• گرفتەکە، دووربینی شەوە یا دەسەڵاتی سیاسی؟!
ھێنانەوەی بەھانەی پووچ،  خستنی شکستەکانیان بە ئەستۆی دەرەوەی خۆیان، برسیکردنی خەڵک بۆ ناچارکردنیان، پەلاماردان و سڕینەوەی فیزیکی نەیارەکانیان، شێواندنی کەسایەتی مرۆڤە ئازادیخوازەکانی کورد، ئەمە عورفی سەرکردەیەتی حیزبەکانی باشوورە، هەر ئەمەشە هۆی مانەوەیان و ڕوو قایم بوونیان سەبارەت بەوەی بێ پەروا ستەم لە نەتەوەکە و نیشتمانکەی بکەن و بە جدی کار لەسەر درێژەدانیش بەم شێوازی فەرمانڕانییە دەکەن، چوونکە ئەوە حەفتا ساڵە باوک بە میرات بۆ منداڵەکانی جێدێڵێ.
ھەموو مێژووی سیاسی سەرکردەیەتی حیزبی باشووری لە سی ساڵی دەسەڵات و فەرمانڕانیاندا، خەستبوویەوە، یا دروستتر بڵێم: دەسەڵاتی سی ساڵەی سەرکردەیەتی حیزبی باشووری، ناوەرۆکی خواستە دەروونییەکانی ئەوانی بەرمەڵا کرد.
مرۆڤ تا لەسەر لوتکەی ھەرەمەکەی دەسەڵات دانەنیشێ، دەتوانێ بە دەیان جۆر ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی لەخەڵکەکەی بشارێتەوە.
بەتایبەت بۆ حاڵی نەتەوەیەکی وەک کورد، کە ھەزاران ساڵە ئەوینداری ئازادییە، بزواندنی تەلی سۆزی کارێکی گران نییە و سەرکردەیەتی حیزبەکانی باشووری لە تەفرەدان و پاشقول گرتن و مانۆڕی یاریکردن بە سۆزی پاکی خەڵکدا، وەک دەڵێن: جادووگەرێکی لێھاتوون.
بۆیە (موسا)یەکیان دەوێ کە گۆچانەکەی دەستی ڕووبەڕوویان فڕێ بدات، تا ببێتە ئەو ھەژدیھایەی ھەموو مارەکان
(باوکەکان) و مارمێلکەکان( منداڵەکانیان) ھەڵلوشێ و قەومەکەی ڕزگار بکات لەستەمی فیرعەونیان.
ئێمە دەتوانین، بە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابووردوودا، زۆر ڕووداوگەلی نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لێک بدەینەوە ولێی بە ئاکام بگەین.
دێتەوە یادتان، پار * بۆ ماوەی چەند مانگێک کۆگا سەربازییەکان لە زۆنی زەرد و سەوز دەتەقینەوە و بۆ چەند ڕۆژێک دادەگیرسان؟!.
ئەوە ئەو کۆگایانە بوون، ئەو چەکانەیان تێدا ھەڵگیرابوو کە ھاوپەیمانەکان، بۆ ھێزی پێشمەرگەیان نارد بوون، لەناویاندا (دووربینی بەشەو کە بە تەکنەلۆجیای تیشکی لەیزەری کار دەکات)!!.
ھاتن و دەرکەوتنی داعشی ئەوسا، بۆ حوکومەتی هەرێم و سەرکردەیەتیی حیزبەکان ( کە هیچ جیاوازییەکییان نییە، چوونکە : چ ئەم بەریتە لای ئەو و چ ئەو بێنیتە لای ئەم، هەر یەکە)، بوو بەخێر بۆیان و لە زۆر قەیران ڕزگاری کردن و چەکەکانی ھاوپەیمانەکانیش، کە بڕیار بوو داعشەکانی پێ لەناوبەرن!! بوویە بازاڕێکی ڕەواجدار.
تۆڕێکی فرۆشتنەوەی چەکیان پێک ھێنا، لە ئەفسەرە پلە باڵاکان کە بە تەزکییەی سەرکردەیەتی حیزبەکان، تاج ونەجمەیان پێ دەبەخشرا.
تۆ بڕوانە ھیچ کاتێک و لە ھیچ پڕۆژە و دەزگایەکی حوکومەتی ھەرێمەکەیاندا، لێزانی و دڵسۆزیی بۆ نەتەوە و نیشتمان، مەرج و داواکاریی نەبووە، چوونکە ئەوان ( حیزب و حوکومەت، کە چۆنی لێکبدەیتەوە هەر یەکن) بەدوای پارەدا وێڵن، ھەر لەبەر ئەوەیە:
لاوێکی کوردی لێزان گۆرەوی دەفرۆشێ.
لاوێکی کوردی دڵسۆز، جگەرە دەفرۆشێ.
لاوێکی کوردی کوردستانپەروەر، سەری خۆی ھەڵدەگرێ.
پەنجەی ڕۆژنامەنووسێکی شەرافەتمەند، دەشکێنرێ، تیرۆر دەکرێ و لە زیندانەکانیان توند دەکرێ.
ئەم تۆڕەی فرۆشتنەوەی چەک، لق و پۆپی بۆ دروستکرا و (مێشەکان) لە دەوری ئەم زۆنگاوە گردبوونەوە و 
بەلێشاوچەکی بچووکیان فرۆشتەوە بە خەڵکی شار و گوندەکان تا یەکتری پێ بکوژن بۆ دروستکردنی نا ئارامی و ترس تا بازاڕی کڕینی چەک گەرمتر بکەن، لە میدیاکانیشیانەوە، ڕێکلامیان بۆ داعش دەکرد و خەڵکیان پێ دەترساندن.
لە وتاری پێشوومدا باسم لەوە کرد کە ھاوپەیمانان، بەچەک، پارە و ڕاھێنان، خزمەتی زۆریان بە ھێزی پێشمەرگە کرد و چاوەڕوانیی زۆریشیان لێ دەکردن، بەڵام ھەرگیز گرفتەکە لە( پێشمەرگە) دا نەبووە، گرفتەکە لە بەڕێوەبەرایەتی سیاسی بنەماڵەیی ھەرێمدا بووە، گرفتەکە لە سەرە زلەکاندایە، لە کەللە زل و قاوغی بەتاڵی خێڵبازەکانی حەفتاساڵ لە مەوبەردایە.
ھاوپەیمانان درەنگ لەوە تێگەیشتن، چوونکە سەرانی حیزبەکان درۆیان بۆ دەکردن. لە پاشاندا لەو خاڵی پشکنینانەی کە بە تایبەت لە دەورووبەری زۆنی زەرد لە ناکاو دایاندەنان، سەربازە ئەمێریکایەکان، چەکەکانی خۆیان دەناسییەوە، کە قاچاغچییە بچووکەکانی ( تۆڕی چەکفرۆشیی حوکومەت)، لە نێوان شار و گوندەکانی باشووردا، وەک تەونی جاڵجاڵۆکە، لە هاتووچۆدا بوون بۆ بڵاوکردنەوەی چەکی بچووک و پڕوپاگەندە بۆ ترساندنی خەڵک لە داعش و بەتاڵکردنەوەی گیرفانی خەڵکەکە.
( وەک قاچاغچییەکان باسی دەکەن، ئەمێرکاییەکان، چەکەکانیان لە قاچاغچییەکان دەگرت و پاشان لوولەکەیان پڕ دەکرد لە فووم: ماددەیەکی تایبەتە لە شێوەی کەفدا، کە چەکەکانی لەکەڵك دەخستن و پاشان دەیاندایەوە بە قاچاغچییەکان تا بەو ئازارەوە بتڵێنەوە و دەرس وەربگرن، بەڵام بازرگانییەکە هێندە سوودی خێرای تێدا بوو، کە دیسان دەچوونەوە سەر هەمان پیشە و ناویان نابوو کاسپی - حەڵال - و خێریان دەدا بە مزگەوت لەو قازانجەی دەیان کرد، تا دنیاکەی تریش مسۆگەر بکەن)!!. 
هەر قاچاغچییەکان دەڵێن: ئەو بەرپرسانەی ئەمان بۆ نموونە فیشەکی دۆشکایان لێدەکڕین، فیشەکە ئەسڵییەکان، کە (چیک)ی بوون و گران بوون، دەدزران و دەفرۆشران بە داعیش و بەم قاچاغچیانە و لە جیاتی ئەوە فەرماندە پلەباڵاکان، فیشەکی دۆشکای میسریان دەخستە جێگای کە هەرزان و بێکەڵک بوون و ئەو کۆگایانەی کە تەقێنرانەوە بۆ شوێن گومکردنی ئەم قاچاخچێتییە بوون!!.
ئێمە دەیان و سەدان ڕووداومان بینی و بیست** کە منداڵێکی حەوتساڵان بەهۆی یاریکردن بە کڵاشینکۆڤەکەی باوکییەوە، خوشک یان دایکی خۆی کوشت، فڵانە پیاو ژنەکەی خۆی کوشت، لە سەر سەرچۆپی، کوڕێکی گەنج چەندکەسی کوشت، ئەم خوێنانە کە بە ناحەق ڕژان و دەچێتە قاڵبی قەلاچۆکردنی کوردەوە، حکومەتی قاچاغچی باشووری کوردستان، فەرماندە سەربازییەکان و تۆڕی قاچاغچییە بچووکەکان لێی بەر پرسیارن، لە دادگای گەلی ئێمەدا ئەم بەڵگانە دەخرێنە بەر دەم دادگای گەل.
هیچ بە دووری مەزانن کە ئەو پشێویانەی داعش لەم چەند ڕۆژانەی باشووری نیشتماندا بە سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگریی میت و دەزگای جلخوارەکانی سەر بەوان، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ئاشکرا بوونی سەودای کڕینی ئەو کۆشکەی سەرۆکی حوکومەتەکەیانەوە نەبێت!! هەرچی ڕەفتار و کارگەلی قێزەوونە، لەم باب و بەرەباب و سیاستبازانەی باشوور چاوەڕوان دەکرێت. مێژوویان لێوان لێوە لەم بابەتانە و ئەوەی باوەڕیان پێبکات، خۆی بەرپرسیاری چارەنووسی خۆیەتی، چوونکە ئەو جۆرە باوەڕ بوونە، بۆتە جۆرێک لە کەمایەسی هزریی و تێکچوونی دەروونی و ئاڵوودە بوون بە تاوانە نەتەوەییەکانەوە، بۆیە دوورە پەرێزیی و دوورکەوتنەوە لەو ناوەندە خڕاپانە، بە سوودی تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردییە. 
ماڵی کورد کامەیە؟!
ئەم بابەتە گرنگە و تا ئیستا بایەخی پێنەدراوە و خوێندنەوەی بۆ نەکراوە. کردویانەتە قسەیەکی سواویی سەر زاری خەڵک و سیاسەتێکی قڕێژ، حساب بۆ کرا و و بە بەرنامە کاری بۆ دەکرێت.
هەر کە ڕووداوێک ڕوو دەدات، کەناڵەکانی تێڤێ دەست بە چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنی دەکەن، لەم چاوپێکەوتنانەدا، یا کۆنە سەرکەدەیەکی یەکێک لە حیزبەکان ( نموونە عوسمان مەحموود سۆرانی، حەمەی حاجی مەحموود)، یا کۆنە نووسەرێکی وابەستی بنەماڵە(نموونە عارف قووربانی، ئاری هەرسین، ڕێبین سەلام...هتد ئەمانە وەک نموونەن چوونکە لە سات و شوێن و کارەساتی جیاوازدا، دەردەکەون دەنا زۆرن مامۆستای زانکۆکانیان و لێکۆڵەری ئابووری و سیاسی و خەتخەتێنیان)، ئەم تەرزە مرۆڤانە دەدوێنن و ئەوانیش بەهەوای دڵی خۆیان و بەرژەوەندیی بنەماڵە لێکۆڵیەنەوە لە ڕووداوەکە دەکەن و وتراوەکان دەڵێنەوە و چەواشەکارییەکان درێژە پێدەدەن.
کە گوێ لەو سەرکردە ونووسەرانە دەگری پێت وایە دوێنێ ( ڕاپەڕین) بووە و تازە سلێمانی و هەولێر رزگار کراون و هێشتا، ژمارەیەکی زۆریان لە (شاخ و لە کەرەج) نەگەڕاونەتەوە ناو شارەکانی باشووری نیشتمان، ئەمان خۆیان گێل دەکەن لەوەی کە باسی ( سی ساڵ) دەسەڵاتی ناڕەوای دوو بنەماڵە و وردە تاقم بکەن، لە کاتێکدا دروستبوونی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم، سی ساڵی نەخایاند.
 بە خۆ گێل کردنیشیان لە مێژووی سی ساڵەی دەسەڵاتێکی خۆماڵی گەندەڵ و ستەمکار، دەیانەوێ خەڵکیش گێل بکەن و تەفرەیان بدەن، لەم حاڵەتەدایە کە ڕۆڵی ( ڕۆشنبیرانی دڵسۆزی نەتەوەکە لە ڕووی کلتووری و وشیارییەوە) دەخەمڵێ و گەشە دەکات و گەل لە سەرگەردانی و تەفرەدران دەپارێزێ و پێویستیشی کرد، ڕێبەرایەتی بزوتنەوە گەلییەکە دەکات، چونکە ئەرکی سەرەکی و لە پێشینەی هونەر بریتییە لە 
(بەرهەمهێنانی ئازادی).
ئێمە لە یادمانە، کە گەلی کورد لە باشووردا، بە بێدەنگی، دەفتەرە کۆنەکانی خیانەتە نەتەوەییەکانی، ئەم دوو بنەماڵەیەی داخست و خۆی لێ نەبانکرد بە دوو هۆ:
1- ویستی کای کۆن بەبا نەکات و برینە کۆنەکەکان نەکولێنیتەوە، کە لەمەدا بە هەڵەدا چووبوو.
2- ویستێکی ناخیی پاڵی پێوە دەنا کە دوور و نزیک، لە چاوەڕوانی بارودۆخەکەدا، لەگەڵیان بسازێ و جاروبار ئاگاداریان بکاتەوە، ئەمەشی لەبەر ئەو ئاواتە دێرینەی ئەنجامدا کە هەزاران ساڵ بوو قووربانی بۆ دەدا، کە دەرفەتێک ڕەخساوە نەکا نەیارەکانی نەتەوەکە بەو بارەدا وەریگێڕن و لە بەرژەوەندی خۆیان بە خراپ سوودی لێ وەربگرن، دەرفەتەکەی لەدەست بچێ، لەمەشدا هەر بەهەڵەدا چوو بوو، چوونکە پێوانەکەی ( سۆزی فراوانی بوو بۆ ئازادی).
گەلانی ستەمدیدە، زۆر جاران لە بەر ئازاری زۆری ساڵانی بندەستی و داگیرکراوییان، لەگەڵ شەپۆلی سۆزێکی فراواندا بە ڕوانین بۆ ئاسۆیەکی ڕۆشنترزیاتر بێدەنگی هەڵدەبژێرن بەرانبەر بە دەسەڵاتی خۆیی، چاوپۆشی لە هەڵەکان دەکەن و ئەم حاڵەتەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرچڵی و هێزی شاراوەی دەروونیی فەرمانڕانەکان زیاتر دەبێت و بە دروستکردنی تۆڕێک لە مرۆڤە نەفس نزمەکانی کۆمەڵگا، ڕێبەرایەتی کردنی گەل بۆ دیارییکردنی چارەنووسی، دەخەنە مەترسییەوە و بەهۆی ئەو گروپە نەفس نزمانەوە کە لەدەوری زۆنگاوەکەی دەسەڵات، گرد دەبنەوە، گەل دەخەنە دڵە ڕاوکە و نائارامییەکی کۆمەڵایەتی شەمزاوەوە، بۆیە سنووری ئازادییەکان دەبەزێنن تا ڕادەی ئەوەی، کە ئیدی سڵ لە ستەمکردن لە گەل و تیرۆرکردنی ئازادیخوازانیشی ناکەنەوە. لێرەدایە دکتاتۆرییەت و فەرمانڕانیی بنەماڵە هەست بە قایم بوونی دەسەڵاتەکەی دەکات و چەندین تاقیکردنەوەی شکستخوارد و ئەنجامدەدات، ئیتر باکی بەگەل نییە و ڕۆڵەکانی گەلی تەنیا بۆ ڕاگرتنی دامودەزگای بەڕێوەبەرایەتییەکی و پاراستنی بنەماڵەکەی دەوێ، بۆیە دەبینیت، بە فەرمانی چەکلترین ئەندامی بنەماڵە ( کچیان بێت یا کوڕیان)، گەورەترین سووکایەتی بە باشترین و دڵسۆزترین کەسایەتییە کۆمەڵایەتی، زانستی و یاساییەکان دەکرێت و هیچ کەس لەسەر ڕەفتارەکانیان نایەتە دەنگ!!.
 قسەکەمتان پێ ناڕەوایە؟!!
ئایا ناردنی کوڕی خەڵک بۆ قوربانگای داعیشەکان، لە حاڵێکدا کە بنەماڵە مۆڵەتی پێداون چالاکی بکەن، سووکایەتی کردن نییە؟! 
برسیکردنی پێشمەرگە بۆ ناچارکردنی بۆ مانەوەی لە خزمەتی بنەماڵەدا سووکایەتی نییە؟!
..........هتد؟!
سەبارەت بە حاڵی باشوور، فەرمانڕانیی باشوور ئەو هەلەی بۆ ڕەخسا: لێبووردەیی گەل، نزیکبوونەوەی ڕۆشنبیران لە بنەماڵە (جگە لە ژمارەیەکی کەمیان نەبێت) و هێنانەوەی بەهانە بۆ ستەم و خیانەتە نەتەوەیەکانی دەسەڵات( شەڕی نێوان سەرکردەیەتی دوو بنەماڵە، بە ناوی شەڕی بڕاکوژییەوە) و بوونە کەواسووری بەر 
لەشکری دوژمنانی دێرینەی نەتەوەکە و گەلەکۆمەکی دوولایەنە بە هاوبەشی لەشکری تورک دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی کوردستانیی باکووری نیشتمان و ...هتد، بەسوودی خۆی بقۆزێتەوە.
لە لایەن ڕۆشنبیرانێکەوە ( کە ئیتر ببوونە فشنبیرانی کاسبکار) کۆمەڵێک زاراوە و مەفهومی وەهمی، کە بنەماکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیان قایم دەکرد زاراوە گەلێک کە ناوەرۆک بەتاڵ بوون، بەڵام  فەرمانڕانانی باشوور کڕیاریان بوون، لە نموونەیان: ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، ئابووری سەربەخۆ، مەرجەعی کورد و برا گەورە و لە غیابی سەرۆکدا و ...هتد، بوونە زەمینەی پێشبڕکێی فشنبیرانی سەر بە بنەماڵەکان، کە زۆر جاران، بەبەر چاوی سەری بڕاوی ئەنفاڵکراوانی کوردەوە، لەو کەناڵانەی کە دەزگای هەواڵگریی میت، ئاڕاستەیان دەکات، شەوان و ڕۆژانی بینەرانی کورد، کە زۆرینەش نەوەی دوای ڕاپەڕینن، هەراسان دەکرد و بە درێژەدان بەو جوێن و قسە نەشیاوانەی لە سەرکردەیەتییەکەیانەوە فێری بوون ولەسەری پەروەردەکراون، درێژەیان دەدا بەم جۆرە لە گفتوگۆ کە هەم لاوەکانی بەلارێدا دەبردن و هەم بیریانی لە دەوری بنەماڵە دەخولاندەوە.
 لە حاڵیکدا، یەکێک لە ئەرکەکانی ئێستای ڕۆشنبیرانی ئازادیخوازیی باشووری نیشتمان، کۆکردنەوەی بیری لاوانە بە ئاڕاستەیەکی کوردستانی سەردەمیانەدا و هاندانیانە بۆ گردبوونەوە لە دەوری دەستە و ئەنجوومەنە گەلییەکان
(ئەڵقەکانی ڕۆشنبیریی کۆمەڵایەتی و وشیاریی نەتەوەیی بە ئاڕاستەیەکی کوردستانیدا)، بۆ بەڕێکخراوەیی کردنی تواناکانیان و فێربوونی هونەرەکانی بەڕێوەبڕدن، لە حاڵەتە ئاوارتە و تەنگەژە کۆمەڵایەتییەکان و سروشتییەکاندا، بە جۆرێک کە ببنە تاکێکی خاوەن ئیرادە و بڕیاردەر کە توانای سەرپەرشتیکردن و ڕێکخستنی لایەنی کەم ٣ تا ١٠ کەسیان هەبێت.
لە ڕووە ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییەکەوە، فەرمانڕانییەکەی بنەماڵە ئەو وێرانەییەی بەرهەم هێنا کە نموونە دیارەکەی بریتین لەو ( ژن و کچە) مۆدێلانەی لە سلیکۆن دروستکراون، تەنانەت داوێنیان نە پاراست، لە کچانی بێدەرەتان و حەسرەتباریی خیزانەکانی ڕۆژهەڵاتیش!! نەبوونیی، دەستکورتیی و بێ پەنیایی ئەوانیان وەک خاڵی لاوازیان بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە جەستەی کچەکانیان، نموونە زۆرن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک بەڵگەی زیندوو، تۆماریان کردوون، هەم بۆ مێژوو هەم بۆ دادگای گەلی ئێمە.
وەرگەڕانێکی دی کە لەو سەرەتایانەدا ئەو بەشە لە نەتەوەکەی سەرگەردان و تاساند ، کودەتاکەی ناو (پاسۆک) بوو، کە بووە هۆی تواندنەوەی پاسۆک لە ناو حیزبی بنەماڵەدا، تا ئیستا زۆر ڕوون نییە کە بۆچی و لە پای چیدا ئەم تاوانە نەتەوەییە ئەنجامدرا و بێدەنگی لێکرا؟! لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوانە بە مەبەستی بەرگرتنە لەو ڕووداوانەی پێشە ڕۆژ*** بەر لە قەوماندنیان ( پووچکردنەوەی زەمینەی ڕووداوگەلێک کە سەرکردەیەتی دەستەوتاقمەکان، هەگبەیەکی ئامادەیان پێیە بۆ چەواشەکردنی گەلەکەمان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتدا، یەکێک لەو پێشگرتنانە، ناساندنی ئەو سەرکردە و قەڵەمە چەندڕووانەن کە ئامێری دەستی دەسەڵاتن بۆ چەواشەکاریی).
ئەم نووسینانە، دەرمانی ئارام بەخش و لێکۆڵینەوەی بێهوودە نین، چوونکە ئێمە لە قۆناغە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکە تێدەگەین و خیرایی گۆڕانکارییەکان، دەرک دەکەین، مەبەست وەرچەرخانی فکرییە لە ڕیشەوە و زەمینە سازییە بە ئاڕاستەی ئازادیی بیرکردنەوە و ژیانەوەی و گێڕانەوەی ئیرادە بۆ کچان و کوڕانی باشوور لە دەرەوەی مێژووی ناشرینی دەستە و تاقمەکاندا.
ئێمە نازانین بۆ لە خۆڕا و بە بێ ئەوەی ( پاسۆک) تاوانێکی دژ بە نەتەوەکە ئەنجام دابێت، کرایە شەریکە بەشی تاوانە زۆرە نەتەوەییەکانی بنەماڵە؟! وەک هەندێک یا تاکوتەرا لە نووسەرانی ئازادیخوازی کوردستانی ئاماژەیان پێداوە و لێکۆڵینەوەیان کردووە، بنەماڵە، کە خۆیان سەپاند بوو بەسەر مەسەلەی کورددا و مەسەلەی کوردیان بە خۆیانەوە گرێداوە، هەر لەو سەرەتایانەوە، کەسانێکیان لە ناو ئەو بزوتنەوە نەتەوەییەدا کە لە ( پاسۆکدا) ڕێکخرابوو، چاندبوو کە بەرنامەی ( پیرۆزکردنی بنەماڵە و سەرانی بنەماڵەیان) بانگەشە دەکرد و دەیانوویست بەو ئاڕاستەیە سیاسەتی پاسۆک بجوڵێنن، ئەگەر دژایەتی پێچەوانەی ئەمەش لە ناو پاسۆکدا بووبێت، پێدەچێ لاواز بووبێت، بۆیە هەر لە خۆڕا هەستێکی شارراوەی خۆشەویستی بنەماڵە لە ناو پاسۆکدا گەشەی کردبوو، تا ڕادەی ئەوەی ڕوویداوە، هەر کەسێک قەرەی ناو و ناوبانگی بنەماڵە کەوتبێت، یا ڕەخنەی لە ڕەفتاری خیانەتکارانەی ئەوان گرتبێ، هەبوون، چوونەتەوە بە گژ ئەو کەسەدا!!.
پاسۆک بەرەو ئەوە دەچوو کە دوو هێڵی جیاواز لە ناویدا گەشە بکات، هێڵێکی فکریی نەتەوەیی کوردستانی و هێڵێکی سەربازی کە بە سانایی نەدەهاتە ژێرباری هێڵە فکرییەکەوە، کەسانی سەر بە بنەماڵەی چێندراوی ناو پاسۆک، پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هێڵە سەربازییەکە بوون، هێڵە فکرییەکە و هێڵە سەربازییەکەش، هیچ تاوان و گوناهێکی نەتەوایەتیان بەرانبەر بە نەتەوەکەی خۆیان ئەنجام نەداوە، بەڵام ئەو خۆشەویستییە، لە خۆڕا و بێبنەمایە و پیرۆزکردنی بنەماڵە، سەرگەردانی و هەژانێکی دروستکرد، کە ڕاپێچکردنی پاسۆکیان بۆ ناو حیزبی بنەماڵە سانا و لەبار کرد و هەر ئەوەش ڕوویدا و پاسۆکیان کردە شەریکە تاوانی حەفتا ساڵەیی سەرکردەیەتی حیزبی بنەماڵە.
ڕووداوەکانی پاش تواندنەوەی پاسۆک، زۆرن و لە ژمارە نایەن و گٶڕەپانی ڕمبازێنی کوردایەتییەکی ساختەیان بۆ سەرکردەیەتی بنەماڵە، زیاتر لە بار کرد، نەک هەر ئەوە بەڵکو ئەو ئاڵایەی کە تەنیا و تەنیا لەسەر نیشەجێی پێشمەرگەکان و بارەگا حیزبییە هەژارانەکەی پاسۆک دەشەکایەوە، کرایە موڵکی بنەماڵە و کەسێکی بنەماڵەکەیان ئەفسانەیەکی بێبنەما و خەیاڵی هۆنییەوە وئاڵاکەی لەسەر خۆیان تاپۆکرد و لە سەری خۆی بەست، و سەپاندیشی بەسەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا، لە حاڵێکدا ئەو کاتانە سەرکردەیەتی بنەماڵە و وردەتاقمەکانی دەوریان لە جەنگی دژ بە بەشێک لە نەتەوەکەدا بوون و ڕاوی ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دەکرد و کێو بە کیو و ماڵ بە ماڵ، بە شوێن لاوانی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمانەوە بوون لە ڕۆژهەڵاتدا. لە جیاتی ئاڵای کوردستان وێنەی خومەینی وەک ڕابەری شۆڕشەکەیان، بەسەر سنگ و دڵیانەوە بوو، لەم دواییانەشدا کوڕەکەی ئەو بەڵینەی دووپاتکردوە، کە ئەوان بەشێکن لە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە شوێنێکدا چەند ڕستەم خوێندەوە، ئیستا نایەتەوە یادم کە کێ نووسیبوونی و لە کوێدا خوێندوومەتەوە، کە گوایە: پاسۆک داوایان لە ئیدریس بەرزانی کردووە کە ببێت بە سکرتێری پاسۆک و ئەویش گوتوویەتی کە ئێستا باش نییە ببم بە سکرتێری ئێوە!!. 
بڵێیت:
بیرە نەتەوەییەکە هێندە تەنک بووبێت لای سەرکردەیەتی پاسۆک و 
بیرەوەریدانی نەتەوەیشیان هێندە بچووک و 
پێوانە نەتەوەیەکەشیان هێندە لاسەنگ بووبێت؟!!.

کە ڕێگەی پێدا بن، داوای لەمجۆرە لە ئەنجامدەریی خیانەتە نەتەوەیەکانی بنەماڵەیەک، بە گونجا و بزانن تا ڕێبەریی بزوتنەوە نەتەوەییەکەیان بکات؟!
بەڵێ دەشێ، هەمان دەستەی چێندراوی بنەماڵە لە ناو پاسۆکدا، ئەم داواکارییەیان لەو کردبێ و لە دوایدا بەسەر پاسۆکدا شکابێتەوە و بەهۆی نادیارەوە بێندەنگی لێ کرابێت.
نەخێر ناشێ، بە خوێندنەوەی وتار و ڕەفتارەکانی سکرتێری پاسۆک( کاک ئازاد مستەفا) دا، کە یەکێک لە دڵسۆزە وشیار و ئاگادارەکانی نەتەوەکەمان بوو، داوای ئاوا لە فکر و قەلەمی ئەوەوە زۆر دوورە، چوونکە ئەو تەنانەت لە سەرەمەرگیدا، ڕاسپاردەی کۆکردنەوە و وەرگێرانی نووسینەکانی بیرمەندی گەورەمان ( مامۆستا مەسعوود محەمەد) لە هاوبیریی نەتەوەیی کاک حەکیم کاکە وەیس دەکات و پێیدا ڕادەپەرمێ کە ئەو کارە نەتەوەییە زۆر گرنگە لە ئەستۆ بگرێت، بە هیچ تەرز و جۆرێک، باسی بنەماڵە و سەرکردەیەتی بنەماڵە و پیرۆزیی ئەوان و نەتەوەیی بوونی ئەوان و مێژووی ئەوان، بەسەر زاریدا نەهاتووە. 
لەبەختی باشی نەتەوەکەمان بوو، کاک حەکیمی فرە دڵسۆزی نەتەوەیی، کە قەلەمێکی ئازادیخوازی بە بڕشت و زمانزانێکی شارەزا و کوردناسێکی بە توانا بوو، ئەم ڕاسپاردەیەی بە جێگەیاند و ئەو سامانە فکرییە نەتەوەییەی بۆ نەتەوەکەمان کۆکردەوە و پێشکەش بە شارستانەتی مرۆڤایەتی کرد و زمانە ڕاقی و فرە ڕەوانەکەی مامۆستا مەسعوودی درێژە پیدا کە بۆ تاوتوێکردنی مەسەلە فکرییەکان، نووسەرانی کوردی خەمخۆر دەبێ لەو سەرچاوەیەوە گەوهەری وشە وبیر تا چەند نەوەی تریش وەدۆزن. کاک ئازاد ئاوا بەتەنگ زمان، فکر، مێژوو و پێشەڕۆژی کوردەوە بوو.
کەواتە هەر گریمانەکەی یەکەم شیاوترە و ڕووداوەکان لە پاش تواندوەی پاسۆک، هەر ئەوەیان پیشاندا چوونکە تەنیا هیڵە سەربازییەکە چوونە ناو حیزبی بنەماڵەوە و هەر لەوێدا گیانی خۆشیان بەخشی، بە ڕووداوی نادیار.
تاوتوێکردنی ئەم باسەم بۆ ئەوە بوو، کە بۆ ئەو ڕێگایەتان بەرم کە دەمانگەێنیتە ماڵی کورد، ئەو زاراوەیەی کە نووسەرانی دەربار و سەرکردەیەتی تاقم و پیاوانی حوکومەت، بەهۆیەوە فکری بەتایبەت لاوەکانی کوردی دوای ڕاپەڕین، بە لاڕیدا دەبەن و چاوبەستەگیان لێ دەکەن و لە کەناری قسە و لێکدانەوە درۆینەکانیانەوە، بیر لە گیرفان و ژیانی خۆیان دەکەنەوە، با لەسەر چەواشەکردنی بەشێک لە نەتەوەکەش بێت کە داهاتووی نیشتمانی کورد وا لە ئەستۆ و بیرکردنەوەی ئەواندا.
ئێمە سالانێکی زۆرە بۆ حەفتاساڵ دەچێت، ئەم وشەیە ( یەکیتی کورد) دەڵێینەوە و دەڵێینەوە، نە ڵێی ڕاماوین و نە وەک خۆی بینیومانە و نە ڕێگریش بووین لە خراپ بەکارهێنانی لەلایەن ئەوانەی هۆی سەرەکی لێکدابڕانی نەتەوەکە بوون، هەر لە خۆڕا بەیت و بالۆرەی سەیر و سەمەرەمان لە دەوری ئەم دەربڕینە هۆنیوەتەوە و وەک مەتەڵێکی هەڵنەهێنرا و بۆی دەڕوانین و بەم کارەشمان، وای لە خزمەت سەرکردەیەتی ئەو دەستە و تاقمە ناوخۆیی و ئەو دەزگا سیخوڕییە دەرەکیانەی ڕەواج بەم جۆرە ( لێتێگەیشتنانە دەکەن).
یەکێتی کورد، پەیوەندی بە نەتەوەکەوە نییە، پەیوەندی بەتایبەت بە دوو بنەماڵەوە هەیە.
ئەوەی داوای یەکێتی کورد دەکات، نەتەوەکە نییە، فەرمانڕانیی دوو بنەماڵە وخواستی دوژمنانی کوردە.
حالەتێکی سەیرە و لە خوێندنەوەیەکی ڕواڵەتیدا، خوێنەر بۆی ڕوون نییە، چۆن ئەم هاوکێشەیە بەو جۆرەیە.
زۆر سادەیە: کاتێک بە زەینێکی کراوەوە و لە بەرژەوەندی سەرتاسەریی نەتەوەکەوە، بۆ مێژوو، ڕووداوەکان، دەسکەوتەکان و قووربانییەکان دەڕوانی، دوو لایەنی هاوکێشەکەت بۆ ڕوون دەبێتەوە، نەتەوەکە بە گشتی کە زۆرینەیە و دەستەو تاقمەکان کە کەمینەن. ئەمە دوو لایەنی هاوکێشەکە. 
لایەنی یەکەم: ماڵێکی مەعنەوی هەژارانەی پڕ لە سۆز و خەمخۆریی و میهرەبانی بۆ ئەندامەکانی هەیە و دەرگای ئاواڵەیە بۆ هەرکەسێ کورد بووبێت. لە شادی و خەمەکاندا هاوبەش و پێکەوە بووە/ هەیە، تینووی ئازادیی و سەربەستی نیشتمانەکەیەتی، گیانی بۆتە سپەری هەموو بەڵاکانی کە ڕوویان لە نیشتمانەکەی کردووە. هەمووتان هاوبەشی لێقەومانە گەورەکان و ڕەو و کۆچەکان بوون و هەڵوێستی کوردەکانی پارچەکانی ترتان بینیوە. نەتەوەکە خۆی هەرگیز بەڵای بەسەر کوردا نەهێنا، ئاشبەتاڵی پێنەکرد، شەڕی براکانی هەڵنەگیرساند، دەستی دوژمنی دێرینەی نەگرت بۆ سەر دڵی خۆی، لە ڕوودانی ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگالدا هاوبەش نەبوو....هتد.
لایەنی کەمینەی هاوکێشەکە: 
دەستەو تاقم گەلێکن کە لەسەر ناکۆکی دروست بوون و
لە ناکۆکیدا گەشەیان کرد و
بۆ ناکۆکی شەڕیان کرد و
لەبەر ناکۆکی نێوانیان، پەنایان بۆ دوژمنانی دێرینەی کورد برد / دەبەن و
ناکۆکی نێوان خۆیان، شۆڕکردەوە بۆ ناو نەتەوەکە و 
لەبەر ئەسڵی ناکۆک بوونیان، قینیان لەیەکە و لە نێوان خۆیاندا ڕێک ناکەون و
بەرژەوەندی تەسکی خۆیان پێ گرنگترە لە بەرژەوەندی نەتەوەکە و
شەڕیان شەڕی پۆست و پارە و مەقامە و
ماڵێکی تایبەتیان هەیە، کە پڕە لە ئاژاوە و قین و حەسادەت و ڕق و تۆڵە سەندنەوە و
بێڕەحم و چاوچنۆک و خیانەت بۆیان ئاوخواردنەوەیە و 
کوشتنی تاکی کورد، بە مافی خۆیان دەزانن و....هتد.
ئێستا تۆ وەک تاکێکی چینەکەی بنی هەرەمەکە، ئەندامی کام ماڵەی؟!
کام دەرگایە بۆت ئاواڵەیە و لەهەموو کاتێکدا داڵدەت دەدات و دەتپارێزێ؟!
هاوڕێکانت کامانەن، کاتێ ئێوە لە دەوری قاپێ نۆکاوی سەر عەرەبانەیەک، کۆ دەبنەوە، لەسەر سفرەی
ماڵەکانی ئەوان ( کوڕ و کچان) ی کەمینەکان چی دەخۆن؟ بە چی پێدەکەنن؟ و بۆ ئاوا دڵیان خۆشە؟ و بیر لە نیشتمانی دابەشکراوی کورد دەکەنەوە؟!
کەواتە دووماڵە و دوو ژیانە و دوو بیرە و دوو ڕەفتارە و دوو هەوڵدانە و دوو جیاوازییە و دوو چارەسەرە و دوو ... دوو...دوو...دوو. 
ماڵی کورد ماڵی کوردە و بۆ کوردە، بۆ زورینەیە.
ماڵی ئەوان ماڵی ئەوانە و بۆ ئەوانە، بۆ کەمینەیە.
خواریی کارەکە لە وێدایە، کە تۆ لە ماڵی کوردەوە پاسەوانی لە ماڵەکەی ئەوان دەکەیت، حەفتا ساڵە ماڵی خۆت دەشێوێنی تا ماڵی ئەوان ڕێک بخەیت و زوو زوو لە یادت دەچێت کە ئەوان دەیان ناکۆکین، ناکۆکیش لە ناکۆکیدا گەشە دەکات و درێژە بە ژیانی خۆی دەدات.
لە یادت دەچێت: کە کاتێک ئەوان باس لە ( ڕێکخستنی ماڵی کورد دەکەن)، مەبەستیان دروستکردنی درزە لە نێوان ماڵەکەی تۆدا.
 دەیانەوێ وە بیرت بێننەوە، کە تۆ و چارەنووسی تۆ بە وانەوە گرێدراوە، دەیانەوێت تۆ بێ ئیرادە و چاوبەژێر و لە دڵەڕاوکەدا بژیت، کە ئەگەر ئەوان نەبن تۆ تیا دەچیت!!
 لە حاڵێکدا کە هەموو تێدا چوونەکانی تۆ کە دەیان جار تێدا چوویت، ئەوان هەبوون و هۆیەکی بنەڕەتی و سەرەکی تێدا چوونی تۆ، ئەوان بوون، مەگەر وا نییە؟!.
بۆیە ئەو (یەکێتی ماڵی کوردە)ی ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن و قەڵەمە لەرزۆک و فرۆشراوەکان، پینەی دەکەن، مەبەست دروستکردنی ترسە لە دڵی تۆدا، وردکردنی ئیرادە و لاوازکردنی توانا و هەڵبژاردنی ئازادانەی تۆیە.
چەواشەکردنی تۆیە، نەبادا لە مەبەستەکەیان تێبگەیت و ڕێگا دروستەکە بدۆزییەوە، کە بە پشتی ماڵەکەی ئەواندا دەڕوات بەرەو لوتکەی کێوێکی بەرز، دەنا بەو خویندنەوانەی سەرەوەدا بۆمان سەلمێندرا، کە ماڵی ئێمە لە دۆڵێکە و ماڵی ئەوان لە دۆڵێکی کە، ماڵی ئێمە لەناو دڵی هەموو کوردێکی شەرافەتمەندایە و ماڵی ئەوان لە گیرفانی دوژمنانی دێرینەی کوردا، هەر بۆیەشە دوژمنانی دێرنەی نەتەوەکەمان، هەمان بانگەشە بۆ ئەو کەمینە کوردە دەکەن و جارێک ورد وردیان دەکەن و جارێک فەرشی سووریان بۆ ڕادەخەن.
 تا تۆ لەو کەمینەیە دوور بکەویەوە، هەم دوژمنی دێرینەت زارەتەرەک دەبێت و دەپەشۆکی و هەم تەختی فەرمانڕانیی کەمینەکەی سەر بەوان دەلەرزێ و بەبەردەوام بوونیشت، ئەو ئازادییەی هەزاران ساڵە گیانی بۆ دەبەخشی دێتە بەر. چارەنووسی تۆ بەستراوە بە بڕیارە ئازاد و سەربەنەتەوەکەی خۆتەوە، چارەنووسی خۆت بەدەستی خۆتە، نیشتمان ماڵی خۆتە، تۆ نەتەوەیەت و زۆرینە، ئەوان کەمینەیەکی ناکۆکی حەفتاساڵەن، کە سەودا بە ژیان و بوونتەوە دەکەن، تۆ بزووتنەوەیەکی زیندووت لە ناو دەرووندایە، هەرزان فرۆشی مەکە لە بازاڕی کوردایەتییەکی ساختەی دروستکراوی دوژمنانی دێرینەتدا، دارێکی زڕە و لە ژیر سێبەریدا پشووت بۆ نادرێ، باپیرە و باوکت بە خوێن ئاودێریان کرد و نەهاتە بەر، لە دوای چووان مەچۆ.... . 

سەرنجەکان:

*پار...ساڵی ڕابووردوو، پارساڵ هەڵەیە و کوردی نییە، کورد وا ناڵێت، داهێنراوی کەنالە تەلەڤزیۆنییە نەخوێندەوارەکانە.
**بیستن...کرداری گوێ لێ بوون، گوێ بیست هەڵەیە و کوردی نییە و کورد واناڵێت،  داهێنراوی کەنالە تەلەڤزیۆنییە نەخوێندەوارەکانە.
***پێشەڕۆژ...ئەو ڕۆژانەی لەبەردمماندان، ڕۆژانێ کە دێن، لە زاراوەی سلێمانیدا پاشەڕۆژ بەکارهاتووە، کە هەڵەیەکی چەسپاوە.