پەیامێکی ''سەحرا کەریمی'' فیلمسازی ئەفغان بۆ سینەماکارانی جیهان.

Monday, 27/12/2021, 16:00

4396 بینراوە


وەڕگێڕانی: هێشوو خسروی


بە دڵێکی شکاوەوە دەنووسم بۆتان و بە ئومێدی ئەوەی هاوکارمبن تاوەکو خەڵکە ئازیزەکەی نیشتیمانەکەم، بەتایبەت فیلمسازان لەبەرامبەر تاڵیبان بپارێزم. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، تاڵیبان کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی گرتووەتەوە دەست. ئەوان دەستیان کردووە بە کوشتن و لەناوبردنی خەڵک، زۆرینەی منداڵەکانیان ڕفاندووە، کچە بچووکەکانیان وەکو بووک بە پیاوەکانی خۆیان فرۆشتووە، ژنێکیان تەنیا لەبەر شێوازی جلوبەرگەکەی کوشت، چاوی ژنێکیان دەرهێنا، کۆمیدیانێکی ئازیزی ئێمەیان ئەشکەنجەدا و کوشتیان، شاعیرێک و مێژوونووسێکیان کوشت، بەرپرسی ناوەندی زانیاری و ڕاگەیاندنی حکومەتیان کوشت، ئەو کەسانەی سەر بە حکومەت بوون تیرۆریان کردن، بەپێش چاوی هەمووانەوە پیاوەکانیان هەلواسین، سەدان هەزار خێزانیان ئاوارە کرد. خێزانەکان دوای هەڵاتنیان لە ویلایەتەکانیان لە ئۆردوگاکانی کابوڵدا لە بارودۆخێکی ناتەندروستدا ژیان بەسەردەبەن. ئۆردوگاکان تاڵان دەکرێن و منداڵە ساواکان بەهۆی نەبوونی شیر گیانلەدەست دەدەن. ئەمە کارەساتێکی ئینساییە و جیهان لەبەرامبەریدا بێدەنگ بووە.
ئێمە بەم بێدەنگییە ڕاهاتووین، بەڵام دەزانین کە دادپەروەرانە نییە. ئێمە دەزانین ئەو بڕیارەی کە بۆ وازهێنان لە خەڵکی ئەفغانستان داویانە، هەڵەیە، ئەو دەرچوونە بەپەلەیەی هێزەکان، خیانەتە لە خەڵکی ئێمە و هەموو ئەو کارانەی کە ئێمە لە کاتی سەرکەوتنی ئەفغانەکان لە جەنگی سارد بۆ ڕۆژئاوا کردمان. لەدوای ئەوە خەڵکی ئێمە فەرامۆشکران و دەرئەنجامەکەشی حکومەتی تاریکی تاڵیبان بووە و ئێستاش لەدوای بیست ساڵ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتە گەورەکان بۆ ولات و بەتایبەت چینی گەنجان، هەمووشتێ جارێکیتر لەم وازلێهێنانەدا لەناودەچن.
ئێمە پێویستیمان بە دەنگی ئێوەیە. ڕاگەیاندنەکان، دەوڵەتەکان و دامەزراوەییە مرۆییەکانی جیهان بەشێوەیەک خۆیان بێدەنگ کردووە کە هەروەک ئەوەی “ڕێککەوتنی ئاشتی” لەگەڵ تاڵیبان ڕەواپێدراو بووە. هەرگیز وانەبووە. بەڕەسمی ناساندنی تاڵیبان بەشێوەیەک متمانەی بە ئەوان بەخشی تا دووبارە بە دەسەڵات بگەنەوە. تاڵیبان لە هەموو قۆناغەکانی گفتوگۆکردندا دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکدا کردووە. هەموو ئەوەی کە من وەکو فیلمسازێک لە وڵاتەکەمدا بۆ دروستکردنی هەوڵمداوە لە مەترسی لە ناوچووندایە. ئەگەر تاڵیبان دەسەڵات بگرێت، هەموو هونەرەکان قەدەغە دەکرێن. من و فیلمسازە ناودارەکانیتر دەخرێینە لیستی تیرۆری ئەوانەوە. ئەوان مافی ژنان پێشێل دەکەن و ئێمە دەخرێینە گۆشەیەکی تاریکی ماڵەوە، دەنگی ئێمە بۆ هەمیشە بێدەنگ دەکرێت.
ئەوکاتەی کە تاڵیبان لەسەر حوکمڕانی بوون، ڕێژەی ئەو کچانەی کە دەچونە خوێندنگا سفر بوو. لەوکاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ۹ میلیۆن کچی ئەفغان چوونەتە خوێندنگا. لە شاری هیرات، سێیەمین شاری گەورەی ئەفغانستان کە بە دەستی تاڵیبان رووخێنرا، بەنزیکەیی لەسەدا ٥٠ی خوێندکارەکان ژنان بوون. ئەمانە کۆمەڵە دەسکەوتێکی باوەڕپێنەکراوە کە جیهان زۆر کەم ئاگاداری ئەمانەیە. تاڵیبان هەر چەند هەفتەیەک لەمەوپێش زۆربەی خوێندنگاکانی وێرانکرد و دوو میلیۆن کچی ناچار کرد واز لەخوێندن بهێنن.
من لەم جیهانە تێناگەم. لەم بێدەنگییە تێناگەم. من وەستاوم و لەپێناو وڵاتەکەمدا دەجەنگم، بەڵام بەتەنیا ناتوانم. جیهان گرنگی نادات بەو دۆخەی کە بەسەر ئێمەدا دێت. تکایە بەگەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکان لەلایەن گرنگترین ڕاگەیاندنی وڵاتەکەی خۆتەوە سەبارەت بە ئەو ڕووداوانەی کە لە ئەفغانستان ڕوودەدەن، یارمەتیمان بدەن. لەدەرەوەی سنوورەکانی ئەفغانستان دەنگی ئێمەبن.
ئەگەر تاڵیبان کابوڵ داگیربکات، لەوانەیە ئیتر دەستمان ڕانەگات بە ئینتەرنێت یان هیچ ئامێرێکی پەیوەندیکردن. تکایە بانگهێشتی فیلمسازان و هونەرمەندانی خۆتان بکەن تاوەکو پشتگیری ئێمە بکەن، تاوەکو دەنگی ئێمەبن. ئەم شەڕە شەڕێکی ناوخۆیی نییە، ئەمە شەڕێکی سەپێنراوە و دەرئەنجامی ڕێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبانە. تکایە تا ئەو شوێنەی دەتوانن ئەم واقیعیەتە لە ڕاگەیاندنەکانی خۆتاندا بڵاوبکەنەوە و سەبارەت بە ئێمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بنووسن.
جیهان نابێت پشت لە ئێمە بکات. دەنگی ژنان، منداڵان، هونەرمەندان و فیلمسازانی ئەفغانی بن. ئەم پشتگیریکردنە گەورەترین یارمەتیدانێکە کە لە ئێستادا پێویستیمان پێیەتی.
تکایە یارمەتیمان بدەن تاوەکو جیهان واز لە ئەفغانستان نەهێنێت. تکایە یارمەتیمان بدەن پێش ئەوەی تاڵیبان کابوڵ داگیر بکات. دەرفەتمان کەمە، ڕەنگە تەنیا چەند ڕۆژێک بێت. سوپاستان دەکەم. سوپاسگوزاری ئێوەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە