دوای پێست سپیەکان، ئینجا نۆرەی پێست زەردەکانە

Monday, 27/12/2021, 18:46

4002 بینراوە


کاتێک ئەمسترۆنگ لە بیابانی ئەریزۆنا خەریکی خۆ ڕاهێنانە بۆ چونە سەر مانگ، بە خۆیی کەلوپەلی کۆسمۆنۆتەوە، کابرایەکی پیری هندی سور لێی نزیک دەبێتەوە و پاشان لێی دەپرسێت ؛
- خەریکی چین ؟
ئەمسترۆنگیش لەوەڵامدا دەڵیت ؛
- هاتووین ڕاهێنان بکەین بۆ چونە سەرمانگ و دۆزینەوەی هەسارەی نوێ و بونەوەری دەرەکی و ...تاد . 
کابرای پیر تۆزێک دۆش دادەمێنێت و پاشان پێی دەڵێت ؛ 
- ئایا ئەتوانیت مەسجێکم بۆ بگەیەنیت بە بونەوەری دەرەکی ؟ 
ئەمسترۆنگیش لەوەڵامدا دەڵێت ؛ 
- بە سەرچاو، مەسجەکەت چیە ؟
کابرا ڕستەیەک بۆ ئەمسترۆنگ گۆ دەکات بە زمانی هندی و بە ئەمسترۆنگ دەڵێت دەبێت ڕستەکە وەک خۆ لە بەربکات و بیدات بەوان.
 ئەمسترۆنگ پرسیاری لێ دەکات ؛
- مانای ئەو ڕستەیە چیە ؟
کابرا دەڵێت ؛ 
- ناتوانم پێت بڵێم لە بەر ئەوەی ئەوە نهێنی نێوان ئێمە و بونەوەری دەرەکیە، خۆیان تێ دەگەن.
ئەمسترۆنگیش ڕستەکە وەک خۆی لە بەر دەکات و پاش ماوەیەک کەسێک دەدۆزێتەوە هەتا بۆی تەرجومە بکات. ڕستەکە دەڵێت ؛
(ئەم پێست سپیانە، هەرچیەکیان بۆ باس کردن باوەڕيیان پێ مەکەن، هاتوون خاکەکەتان داگیر بکەن و هیچی تر)
وەک ڕامبۆ لە هۆنراوەکیدا دەڵێت ؛
پێست سپیەکان گەیشتن، لولەی تۆپ !  ئیدی دەبێت ملکەچی باتێم بیت، خۆت پۆشتە کەیت، پاشان بچیت بۆ کار.  (باتێم، بریتیە لە ئاکتی بە مەسیحی بوون).
وەک بینمان پێست سپیەکان جیهانیان داگیرکرد و هەندەک بەهای ئونیڤێرسێلی وەک مافی مرۆڤ و لەهەمان کاتا زانستیشان بڵاوکردەوە لەگەڵ خۆیاندا، ئەم پرۆسەیەش هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە بە ژینگە دۆستی و مافی ئاژەڵان و ....تاد. بەڵام بە پێی تێۆری و بۆچونی هەندەک بیرمەند،  باس لە هاتنە کایەی شارستانیەتی چین و مردنی ئەمەریکا دەکرێت . 
وەک وتراوە؛ داهێنان لە ئەمەریکا دەست پێ دەکات و لە چین کۆپی دەکرێتەوە و لە ئەوروپا دەخرێتە چوارچیوەوە. ئەو چینەی دەیەوێت شارستانیەتەکەی بە پۆستاڵ بسەپێنێت، هەرگیز ناتوانێت ببێت بە نمونە و هەرگیز ناتوانن داهێنانیش بکەن ئەگەریش خاوەنی ئەقڵی ژیر بن، لە بەر ئەوەی ئەقڵ لە ئازادیدا دەتوانێت هەموو توانای خۆی بخاتە کار، دەتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات، هەموو داهێنانێکیش لە تابلۆیەکەوە هەتا ئایفۆنێک گوزارشت کردنە لە خود، هەتا گوێمان کاس و مێشکمان  قاڵ بێت بە دەنگی پۆستاڵ، هزر ناتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات، ناتوانێت ژیری تەواوی خۆی بخاتە گەڕ، بۆیە چینیەکان خاوەنی داهێنان نین لە جیهانی مۆدێرندا، جگە لە کۆپی کردن و بە پۆستاڵکردنی تەکنەلۆژی ئەنتەرنێت نەبێت کە دەیانەوێت بازاڕی بۆ بدۆزنەوە و تا ئەم ساتە کڕیاریان نیە. چۆن شارستانیەتێک دەتوانێت بەردەوامی بەخۆی بدات لە سەر هزر و داهێنانی  شارستانیەتێکی تر ؟ بۆیە چین ناتوانێت ببێتە نمونە و بەهاکانی نابنە بەهای ئونیڤێرسێل. لە چاوەڕوانیدا خەڵکی خۆیان دەدەن بە کوشت لە دەریا و ڕێگا و باندا بۆ گەیشتن بە ئەوروپا بۆ ئازادکردنی هزریان.  کەس ڕێگای چین ناگرێتە بەر ؟
ئەگەر پێست سپیەکان خاکیان داگیر دەکرد ئەوا لەهەمان کاتا فەلسەفە و بەهای مرۆڤایەتیشیان دەهێنا لە گەڵ خۆیاندا، بەڵام ئەمڕۆ کاتێك چین بە ئابوریەکەی ولاتێک داگیر دەکات، جگە لە پۆستاڵ کە ولاتە داگیرکاوەکان لە مێژەوە ئاشناییان بەو سیستەمە هەس، هیچی تریان نیە بۆیان پێشنیار بکەن، بۆیە ئەو سیستەمە درێژە ناکێشیت، بەڵام دەبێتە هۆکاری بە خەبەر بوونەوەی ئەوروپا و ئەمەریکا، وەک چۆن ئیسلام بە خەبەری هێنانەوە.
مانگێک لە مەو بەر، ژنێكی چینی لە سەر سایتە کۆمەڵایەتیەکان گووتی گوایە کاتیک گەنج بووە لە لایەن ملوێنەرێکی چینیەوە لاقە کراوە، ئیتر لەو ڕۆژەوە ئەم ژنە گووم بووە و کەس نازنێت لەکوێیە، نەوەکا شارستانیەتەکەیان بە ڕوداوێکی وەها بکەوێتە مەترسیەوە. ئەمەیە ناویان ناوە شارستانیەتی چین ؟
ئەمڕۆ کە چین بەشێک لە ولاتانی ئەفریقای داگیر کردووە و زۆر بەندەر و شوێنی لە جیهنادا کڕیوە، بە جۆرێک خەڵکی خاکی خۆیان لە دەست داوە وخاوەنی خاکی خۆیان نین، پێ دەچیت بەم زوانە کاباریەکی ئەفریقی بە زمانی لۆکاڵی ئەفریقی نامەیەک بۆ سەرۆکی چین بنێرێت و بڵێت ؛ 
 شوکور بە پێست سپیەکان، چونکا ئێوەی پێست زەرد هیچی نوێتان پێ نیە، جگە لە پۆستاڵ نەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە