شۆڕشێکی ئەخلاقی پێویستە

Tuesday, 28/12/2021, 23:31

3004 بینراوە


لەباشووری کورستان ماوەی ٣٠ ساڵە بەشێوازێکی سیستەماتیک و پلان بۆداڕێژراو کار لەسەر کوشتن و بێئیرادەکردنی تاک و کۆمەڵگا و داماڵینی لە بەهاکان دەکرێت، ئەم کارە راستەوخۆ لەلایەن دەسەڵاتی هەرێم و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و هەندێک دەزگای سیخوڕی وڵاتان بەڕێگای جۆراوجۆر و بەقێزەوەنترین شێوە پیادە دەکرێت.
بەشێوەیەک کەلە ڕابردوودا وێنەی نەبووە کە تاکێک دروست کراوە، جگە لەوەی ئینتمای نشتیمانی و نەتەوەیی سفر کراوە، بەڵکو دەست لەسەر سنگ خۆی لەبەرامبەر بەچەیەکی دەسەڵاتداران بە غوڵام و بچوک دەبینێت، لەگەڵ هەموو ئەو نەهامەتی و دەردەسەرییەی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەسەریدا دێت وەک دەروێش لەدەوری شێخ دەگەڕێ و کۆیلەیەکە خۆی دەکاتە قوربانی خاوەنە کۆیلادارەکەی.
ماوەی ٣٠ ساڵە شەڕێکی دەرونی سەخت لەگەڵ کۆمەڵگا لەڕێی دەزگای زۆر تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێت. بێدەنگ و دەستەمۆی ژێردەستەیی و برسێتی و نەداریان کردوون.
لە ژاپۆن لەسەر پێدانی پەتاتە وەک بەرتیل بە دەنگدەران وەزیرێک دەستی لەکار کێشایەوە، وەزیری تەندروستی تونس بەهۆی مردنی چەند منداڵێک لە نەخۆشخانەکان دەستی لەکارکێشایەوە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی نیوو ساوس ویڵزی ئوستوراڵی لەسەر ئەوەی تەنها درۆیەکی لەگەڵ گەلەکەی خۆی کردبوو دەستی لەکارکێشایەوە.
لە هەرێمی کوردستانی پڕ لە نەوتیش تەواوی خانەوادەیەکی پێنج نەفەری بەهۆی غازی خەڵوزەوە کۆمەڵکوژ دەبن، حکومەت و وەزیران نەک دەست لەکارناکێشنەوە بەڵکو وەک فیلمیکی کۆمیدی دەیبینن و درۆ بە بەدرۆ دەمەزرد دەکەنەوە و لەهەمانکاتدا خاوەن قوربانی خۆشی دەکاتە بەرخی قوربانی بەرپێیان.
لە پیلانگێڕی و سەفەقاتە نهێنییەکاندا هەزاران کەس دەکرێنە خۆراکی کەڵبەکانی داعش، پیلانگێڕان نەک لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو مەدالیای پاڵەوانێتی لەبەرۆیان دەدرێت.
کەواتە لەم وڵاتەدا کە ئیدی ئەیوب تێیدا سەبری نامێنێت، شۆڕێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی بۆ گەڕانەوەی بەها و ئیرادە و پڕەنسیپ و مرۆڤ بوون بۆ تاک و کۆمەڵگا پێویستە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە