دادگای گەل، وشیاریی گەل

Wednesday, 29/12/2021, 0:25

3189 بینراوە


دادگای گەل، کرۆکی ئەو سیستمە بەڕێوەبەرایەتییەیە کە لە گەشەکردن و دامەزراندنێکی خۆڕسکانەدایە. کەسایەتی گەلی ئێمەیە لەو بەشەیدا کە لە باشووری نیشتمانەکەی دەژی، چوونکە لەوێدا دەسەڵاتێکی خێلبازی، فێڵبازی چەواشەکار، سی ساڵە باشترین و گونجاوترین دەرفەتی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر کە دەبوو ببێتە کرۆکی دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردستانی، کردە قوربانی خواستە دەروونییەکانی خۆی و بەشێک لە نیشتمانی ئێمەی هەرزان فرۆشکرد، وەک موڵکی باوک و باپیرەی بێت.
لەپاڵ ڕەفتارە قێزوونەکای ئەو دەسەڵاتەدا، هێدی هێدی، کەسایەتی دادگای گەلی ئێمە گەشەی دەکرد و وشیاری کوردستانی گەلی ئێمە لە باشووردا دەخەمڵا، هەم بەهۆی زیاد بوونی ڕەفتارە خیانەتکارییەکانی دەسەڵاتەوە و هەم بەهۆی بەرمەڵا بوونی ئەو کوردایەتییە درۆینەوە، کە حەفتا ساڵ سەرکردەیەتی ئەم تاقم و دەستە ناکۆکانە، بە ڕووی خۆیاندا دابوو، سۆزی خەڵکیان پێ چەواشە دەکرد و لە جەنگە دۆڕاوەکانی ناو خۆیاندا و جەنگە دروستکراوەکانی (دەستی خۆیاندا)، ڕۆڵەکانی کوردیان بە کوشت دەدا و خوێنی ئەوانیان کردە سامانی کۆکراوە و پەیژەی سەرکەوتنی کوڕ و کچیان بۆ سەر لوتکەی فەرمانڕانییەکی خێڵەکی، پاشکەوتەی، ناشرین و مایەی شەرمەزاری بۆ مێژووی کورد.
زۆر جاران باسم کردووە، کە دەسەڵاتی دواکەوتوو کە بیرکردنەوەی لە سنووری دەواری خێڵ تێپەڕ ناکات، هەوڵ دەدات مێژوویەکی ساختە و درۆینە بۆ خێزان و تیرەی خۆی بهۆنێتەوە و لەم پێناوەشدا، دەبێ بچێتە شەڕی مرۆڤە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگاوە کە بێگوومان ڕاستگۆترینەکانی کۆمەڵگان، یا لە هەوڵی کڕینی تێکۆشان و قەڵەمی ئەواندا دەبێت، ئەگەر بۆی نەچووە سەر، هەوڵی لە ناوبردنی فیزیکی ئەوان دەدات، ئەوەی لە کوردیدا پێی دەڵێن( حیزفرسەت)، حیزفرسەتانە لە
پەناو پاساردا دەستی خۆیان لەو ڕێبەرە ئازادیخوازانەی گەل دەوەشێنن، لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکانی دوژمنی گەلدا دەست تێکەڵ دەکەن بۆ تیرۆرکردنیان ، بە ئومێدی بەرگرتن لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەل.  

خەسڵەتەکانی دادگای گەلی ئێمە: 

• لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی دادگای گەل، ئەوەیە کە کرۆکی سیستەمێکی دادپەروەرانەیە، کە لەسەر بنەمای یاسایی لە دامەزراندن و گەشەکردندایە و ناوەندی بیرکردنەوەی ( ئازادی) ییە، کەسایەتیەکی بەڵگەدارە، هەموو ئەو بەڵگە ڕاست و درووستانە لە هەناویدا هەڵدەگرێت بە درێژایی درووستبوونی حەفتاساڵەی حیزبەکان و سەرکردەیەتییە چەواشەکارەکانیان. داکۆکی لە مافی گەل دەکات و لە ورد و درشتی کەسایەتییەکان و خێزان و مێژوویان دەکۆڵێتەوە و مافی خۆیان پێدەدات.
• ڕاستگۆ و وشیارە و بەبەڵگەوە سەرکردەیەتییەکان دادگای دەکات.
• ڕقاوی و قیناوی و تۆڵەسێن نییە، چوونکە دەیەوێ، جێگرەوەی پێچەوانەی ئەم ڕەفتارانە بێت لە ناو کۆمەڵگادا و ئەو جۆرە لە ژیانی یاسایی دابمەزرێنێ، کە هەموو کەس بەرانبەر یاساکان یەکسانن.
• پێشەنگێکی ئاگادارە لە ڕووداوە خێراکان و بۆ پێشگرتن لە دروستبوونی پشێووی پێش قۆناغی ئازادیی، ئەنجومەنە ناوچەییەکان ئاڕاستە دەکات و گیانی کاری خۆبەخشی بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی هەمگیر، کە هەموو تاکێک ببێتە بەرپرسیار و ڕێبەر لە کاتی پێویستدا، بڕەو پێدەدات. 
• توانای فکریی و گیانی بەرپرسیارێتی لە دەروونی تاکەکاندا زیندوو دەکاتەوە، تا لە دیاریکردنی ئازادانەی چارەنووسی خۆیاندا، کە چارەنووسی هەمووشمانە، ڕۆڵی شایستەی خۆیان ببینن.
• ژنان و کچان، وەک مرۆڤ و خەباتگێڕ و ڕێبەری کۆمەڵگا، پێناسەدەکات و لە داوی خۆ بەکەم زانی و ڕواڵەتپەرستی وپاشکۆیی پیاوی تێکشکاوی کورد ئازادیان دەکات و دەیانکاتە بەڕێوەبەری کۆمەڵگایەکی ئازادی بەرپرسیار.
لێرەدایە کە هەر لە ئێستاوە، تاکی کۆمەڵگای باشوور، دەبێت دەست بە کۆکردنەوەی بەڵگەی ڕاست و دروست بکەن، لەسەر ڕەفتاری سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکانی نیشتمان وخێزان و کەسوکار یان.  ئەو ناوەندانەی هەوڵگریی دەستنیشان بکەن، چ ئەوانەیان کە ڕاستەخۆ هاوبەشی تاوانە نەتەوەییەکانن، چ ئەوانەیان کە بە هۆی تۆڕەکانی قاچاغی ماددە هۆشبەرەکان، تەفرەدانی کچان و ژنان، بازرگانی دەرمان و کەرەسەی خاوی نیشتمان، هەواڵگری بۆ دوژمنان و سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکان، سوکایەتی کردن بە تاکی کورد، تاوانە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان، ناوەندەکانی فەسادی کۆمەڵایەتی وەک کارخانە و هوتێل و ڕیستۆرانت و باخ و مەزرای مەکۆی فەساد و کڕین و فرۆشتنی لاشەی کچان و ژنان و منداڵانی کورد، بوونەتە خاوەنی سامانی ناڕەوا.
• حیزب یا وشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی؟!
بنەڕەتی مەسەلەکە بۆ ئەوە بوو کە ڕێکخراوە سیاسییەکان، ببنە ڕێکخراوی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بەرەو باشتر و زیاتر گەشەکردنی بیری ئازادی و کوردستانی بوون، بەڵام بوونە مەکۆی ناکۆیی سیاسی کە بۆ ماوەی حەفتا ساڵ، دەستیان لە چەواشەکاریی هەڵنەگرت و زەریایە خوێنی باشترین ڕۆڵەکانی نەتەوەکەیان کردە قوربانی مەرامەکانی خۆیان و بە دەیان دەرفەتی سەربەخۆییان لە کیسی میللەتەکە دا، مێژوویەکی ناشرین و قیزەونە و بە گێڕانەوەشی مرۆڤ شەرمەزار دەبێت.
بەتایبەت لەم سی ساڵەی فەرمانڕانیاندا، کە خۆیان سەپاندووە بەسەر باشووری نیشتماندا، ناوەرۆکی خواستە دەروونییەکانیان کە هیچ پەیوەندییەکی نە لە دوور و لە نزیک، بە نەتەوە و مەسەلەکەیەوە نییە، ئاشکرا کرد. 
لە ئێستای دنیای ئێمەدا، حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، بەرەو کاڵبوونەوە و لەدەستدانی پێگەکانیان دەچن و پڕۆژەی سیاسی و ئابووری و پێشکەوتنە تەکنیکییەکان جێگەیان دەگرنەوە، بەڵام بە ڕێکخستن و پاراستنی بنەما بنەڕەتییەکانی دادپەروەریی و پاراستنی شکۆی یاسا و ئارامی و ئاسایشی ژیانی خەڵکەکەیان.
هەر لەو سەرەتایانەوە، حیزب لای ئێمە( لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)دا، بوویە کۆمپانیای خێزان و کاری لەسەر برەودان بە عەشیرەت و گەشە پێدانی بیری خێڵگەرایی کرد، ئەمە تەنانەت لە ناو پێشکەوتووترین (بە ناو) حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر هەمان شت بوو، بە ڕوخساری جیاواز، تەماشای باری سیاسی حیزبە چەپەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بکە، بە کوردیشەوە!!. ئەمەش زەمینەی خۆشکرد بۆ فەرمانڕانیی تاکە سەرۆک، تاکە قارەمان و تاکە ڕێبەر. هۆکەی ئەوەبوو کە حیزبەکان هەڵقوڵاوی تەواوی بارودۆخە کۆمەڵایەتی و پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای خۆیان نەبوون، یا فکرێکی هێنراوی خوازراوی دەرەکی بوون، یا بیری سەرۆک خێڵێکی ناوەکی کە خاوەنی پێگەیەکی سەربازی، ئاینی یا عەشیرەتی بوون، وابەستە بە ناوەندێکی دەرەوە. خەڵک هەمیشە وەک خەسڵەتە ئینسانییەکەی کە ( بە ئازادی ژیانە) دەکەوتنە داوی ئەم حیزبانەوە و بەناوی گەورەی وەک : نەتەوە، نیشتمان، ئاین و...هتد، دەبوونە قوربانی خواستی دەروونی سەرکردەیەتی حیزبەکانی.
من لە ڕوانگەی دوو بیرمەندەوە ئەم بۆچوونەم شی دەکەمەوە.
1- لە ڕووی ئاینییەوە ( کاک ئەحمەدی موفتی زادە)
2- لە ڕووی فکر و وشیاریی کۆمەڵایەتییەوە ( مامۆستا مەسعوود محەمەد)
1- لە ڕووی ئاینییەوە و بۆ ئەو پرسانەی دەکێشنەوە بۆ سەر مەسەلە ئاینییەکان، من پێموایە، ئێمە دەبێت بۆ بیر و بۆچوونەکانی کاک ئەحمەد بگەڕێینەوە، هۆی ئەمە زۆرن، دیارترینیان کاک ئەحمەد: کوردە، کوردێکی ڕاستگۆ، دڵسۆز و حەقناس، کە بەهیچ بار و لەبەر هیچ خاترێک، کۆ لە وتنی حەق و تێکۆشان بۆ سەلماندنی حەق ناکاتەوە ئەگەر بە لەدەستدانی گیانیشی تەوا بووبێت و ئەمەشی لە ژیانی پڕاکتیکی خۆیدا سەدان جار دووپاتکردەوە، ئەوەی دەووت کە لە پێشدا ئەنجامی دابوو، کرداری بەر لە قسەی بوو، وشیار بوو بەوەی کە دەیکرد و دەیووت.
کاک ئەحمەد، سیاسەتکردنی بە ڕێکخراوەیی قەدەغەکرد ( مانای دروستکردنی حیزبی سیاسی)، لای ئەو حیزب دەبێتە هۆی پشێوی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی زیاتری نەتەوەکە، بۆیە کاری خۆی لەسەر وشیارکردنەوەی تاک و کارکردن بۆ گێڕانەوەی ئینسان بوونی مرۆڤی کورد چڕ کردەوە، ئینسان بوونیش بە بێ ئازادی مەحاڵە، کەواتە هەوڵە پیرۆزەکانی ئەو بۆ بنیاتنانەوەی تاکێکی کوردی ئازاد بوو، کە خۆی خاوەنی ئازادانەی بڕیارەکانی بێت، تا ئەو ڕادەیە لەم مەسەلەیەدا قوڵ بوویەوە کە دەڵێت: خوا تەنیا داواتان لێ دەکات کە ئینسان بن. ئەو دەیزانی ڕەهەندەکانی ئینسان بوون چەندە گەردوونی و بێسنوورن، کە دەبێت مرۆڤی کورد ئەم ڕەهەندانەی مرۆڤ بوونی بەدەست بهێنیتەوە، تا ببێتەوە بەسەروەری بڕیارەکانی خۆی.
2- لە ڕووی فکر و وشیاریی کۆمەڵایەتییەوە، مامۆستا مەسعوود محەمەد، خۆی دەکاتە نممونەیەک بۆ ئێمە و لەسەر زاری خۆییەوە کە باسی خۆی دەکات لەوەدا کە بۆچی بەو فکرە نەتەوەییە هەرە مرۆڤدۆستانەی خۆیەوە نەکەوتە سەر باوەڕیی درووستکردنی حیزبێک؟!
مامۆستا دەڵێت: " بەڵام لەلایەن خۆ نەدانە دەست بۆ هەڵنانی حیزبێکی سەر بە قەومایەتی لەو سەردەمانەدا بە دڵنیایی یەوە دەڵێم ڕێبازێکی گرتمەبەر بۆ دەربڕینی بیروڕای هەمە چەشنەی کە هەمبوون گەلێک پتر خزمەتی کوردایەتی و مرۆڤایەتی دەکرد لەوەی کەشمەکەشی حیزبایەتی بمدزێتەوە بۆ شەڕەدندووکێی نەزۆکی بینبڕکێی سیاسی کە دەزانم و دەمزانی سەر بە هیچ ئامانجێکی ڕوونەوە نانێت".*
مامۆستا کە بیرمەندێکی تاقانەی بیروباوەڕگەلێکە کە تایبەت بەخۆین و خاوەن پرسیارگەلێکە کە تاکو ئێستاش هیچ زانسگەیەکی جیهانی سەبارەت بە ( گەشەی مێژوویی مرۆڤ) وەرامیان بۆ نەدراوەتەوە، وشیاریی و کرانەوەی فکر بۆ تاکی کورد دەخاتە بەر لە حیزب و ئەوەی تا ئێستا حیزبگەلی بەتایبەت باشووری و جا ڕۆژهەڵاتی ئەنجامیان داوە، بە شەڕە دندووکێ ناو دەبات و بە سەرچاوەی لە دەستدانی فرسەتگەلێکی زۆر بەهاداری بۆ نەتەوەکە دەژمێرێت، تەنانەت شۆڕشی کورد( ئەیلول) بە ئاژاوە دەناسێنێ و ڕەخنەی قورس لەو مێژووەش دەگرێت کە ناویان ناوە شۆڕشی ئەیلول ئەو دەڵێت: لەلایەن لایەقبوونی ئەو بزووتنەوەیە بۆ ئەوەی ناوی شۆڕشی لێ بێت، هێشتا سەرەتاکە لە حوزەیرانەوە یاخود ئابەوە بێت، شەرافەتمەندترە لەوەی ڕۆژی زەبری سپا و هەڵاتنی خەڵکەکە بە سەرەتا دابنرێت.
لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە و لە تێگەیشتنەکانی مامۆستاوە بۆمان دەر دەکەوێت کە هەر لە سەرەتاوە، چەواشەکاری و بە لاڕێدابردنی خەڵک ڕەفتار و کرداری حیزب بووە، بۆیە حیزب لە هیچ قۆناغیکیدا نەیتوانییوە ببێتە ناوەندی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی کە دەبوو کرۆکەکەی ( یەکێتی میللەت) بایە، بە پێچەوانەوە، بووە هۆی دروستکردنی درزێک کە بە خوێنی هەزاران هەزار لاوی کورد پڕ نەبوویەوە!!.
لە بیروڕای ئەم دووبیرمەندە فرە دڵسۆزانەی کوردەوە دەگەینە ئەوەی، کە دروستکردنی حیزب و تاقمی سیاسی، جگە لە زیادکردنی ناکۆکی و بە فیڕۆدانی سەرچاوەمرۆیەکەی نەتەوەکەمان، هیچ خزمەتێک بە مەسەلەکەمان ناکات و دەبێت دوورەپەرێز بین لە بیرکردنەوە لە هەنگاوی وا و جارێکی تریاری بە چارەنووسی نەتەوەکەمان نەکەین.
ئێمە وەک گەلێکی دابەشکرا و کە نیشتمانەکەی داگیرکراوە، ڕووبەڕووی ستەمی سێ کلتووری دڕ، چوار ئابووری قەبە و چوار سپای دڕندە بۆتەوە، ناچارکراوە کە بۆ بەرگری لە بوونی خۆی تێکۆشانێکی فراوانی هەمە لایەنە درێژە پێبدات، بە مەبەستی ئازاد بوون کە سەقامگیریی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەکە و بەرگرتنە لە تواندنەوەی لەناو کلتوور و قەوارەی ئەو دەوڵەتە ستەم کارانەدا، کە لەبەر دواکەوتوویی گەیاندوونییەتییە ڕەگەزپەرستی کوێرانە.
بۆیە بۆ بەرگری لە بوونی خۆیی ناچارە وەک مامۆستا مەسعوود دەڵێت: " بەکار هێنانی دددان و چەنبۆڵە لە ڕەوتی ئادەمیزاددا تەنها لە حاڵەتی خۆپارێزی و لەسەرکردنەوەی ستەمدیدە ڕەوایە"، بە چنگ و ددان بەرگری لە بوونی خۆی بکات. هەروەها دەڵێت:" هەر فێڵ و فەرەجێکی بەکاری بهێنێ دژ بەو قانونانەی پەکی مافەکانی دەیەخەن، هەمووی شەرەف و کەرامەتی لێ دەپژێت...ئەگەر بتوانێ بەبەرتیل یان بەفێڵی ساحیرانە لە جیاتی قوربانییەکی بێگوناحی کورد جەللادەکەی هەڵواسێت، بای هەزار و یەک حەج خێری دەگاتێ....
چوونکە بە وتەی مامۆستا: " کورد لە بارێکدایە...وەک کاروانێکە ڕێگر دەستی بەسەردا گرتبێت: بۆ دەربازبوون هەرچی بیڵێ و بیکا لە چاک و بەد و ڕەوا و ناڕەوا نەک هەر دروستە بەڵکو واجیبە و نەکردنی دەبێتە ڕووڕەشی".
ئێمە ئیستا خۆشبەختانە، بزوتنەوە ئازادیخوازەکەمان، وەرچەرخانی گرنگ و بنەڕەتی بەخۆیەوە دییوە و ساڵانی تێکۆشانی زۆر سەخت، دەرسی مێژوویی زۆر گرنگی فێرکردووە و بە خوێندنەوەی هۆی تێکشکاندنە زۆرەکانی سەرهەڵدانەکانی کورد، سپایەکی پتەوی باوەڕدار بە ڕەوایی مەسەلە نەتەوەییەکەی بنیات ناوە، کە لەناو قوڵایی خواست و هیواکانی نەتەوەکەمانەوە پەنجەکانی لەگەڵ خۆری ئازادی تێک ئاڵاون و بوونەتە شورای بەرگری لە بوونی نەتەوەکەمان، بزوتنەوەیەک کە تەنیا بەرەنگاری نییە لە سەنگەرەکانی جەنگی دوژمناندا، بەڵکو پانتاییەکی فراوانی بیر و گۆڕانکارییە کوردستانییەکەشە، کە ژن و پیاوی کورد، سەرلەنوێ بنیات دەنێتەوە و بزووتنەوەکەی لەسەر ڕێرەوێکی ڕوونی ئامانجدار دەبزوێ.
بۆیە خەباتگێرانی کوردستانی ئەرکی بەرگریی لە نەتەوەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و بەوپەڕی لێهاتووی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ئەو ئەرکە بەجێدێنن، ئەرکی ئێمەشە کە وشیاریی خەڵک و ڕێکخستنیان لە دەوری ئەنجومەنە گەلییەکان لە ئەستۆ بگرین.
سەرکردەیەتی حیزبی پاتاڵ و داڕزاوی باشووری نیشتمان، بەهەموو ئاڕاستەکانیانەوە، کە هەموویان وان لە خزمەتی درێژەدان بە سیستەمی خێلەکی کۆنەپارێزدا، لە چەواشەکارییەکانیاندا بە مەبەستی ترساندنی خەڵکی باشوور و بە شێک لە ڕۆژهەڵات کە دەگەڵ وان کەوتوون، باس لەوە دەکەن کە ڕووخاندنی حوکومەت فەوتانی هەرێم و نەمانی خەڵکە، وەک ئەوەی کە پاڵەوانی بەرگریکردن لە پەلامارەکانی دوژمنان: سەرکردەیەتی حیزبەکان، کچیان یا کوڕی ئەوان بن کە ئەگەر ئەوان نەمێنن ئەوا خەڵکیش نامێنن.
ئەو دوو بەشە لە نەتەوەکەمان لە باشوور و ڕۆژهەڵات دەبێت بزانن کە جگە لە ڕیکەوتێکی بەرژەوەندی زلهێزەکان کە دەبوو سەددام لەناوبەرن، هیچ هونەرێکی حیزبی لە ئارادا نەبوو و لەبەرنامەی هیچ حیزبێکیشدا نەبوو، کە ڕۆژگارێکی لەو جۆرە بەخەویش بخوڵقێنن. 
نەتەوەکە بەگشتی هەموو ساتێک وێنەی ئازادیی بە خوێنی ڕۆڵەکانی دەکێشا، بۆیە ئازادی مافی ئەوە و دەبێت بۆ پاراستنی ئازادی، خۆی ڕێک بخات و لە ناوەندە خراپەکانی فەرمانڕانی دوورەپەێرزیی بکات، ئەرکی دایک و خوشک و هاوژینی کوردە، کە لێپرسینەوە لە کوڕ و برا و میردەکەی بکات و ڕێگەی هاوبەشی کردنی تاوانەنەتەوەییەکانیان لێ بگرن، لە بوونی پەیوەندییان بەو ناوەندانەی خراپەکاریی و فەسادەوە. چوونکە تەنها پەیوەندی سەرکردەیەتی حیزبەکان بە نەتەوەکەوە کە ماوە: ڕۆژ و هۆڵی دادگای گەلە کە تاکو دێت نزیکتر و نزیکتر دەبێتەوە لێیان.
ڕێکخستنی ئەنجوومەنە گەلییەکان کە لە قۆناغی داهاتوودا دەبنە کرۆکی فەرمانڕانییەکی دادپەروەرانە، ئەرکێکی نەتەوەیی هەنووکەییە، ڕاهێنانی لاوەکان بۆ ڕێکخستنی گرووپی ٣ تا ١٠ کەسی و سەرپەرشتی کردنی، ئەو گروپانە بۆ پاراستنی، ژیان و بوونی خەڵکەکەمان لە فەوتان و بڕواهێنان و پەروەردە بوون لەسەر ئەنجامدانی خۆبەخشانەی ئەو کارانەی بە سوودی گشتە، ئەرکی باوانی کوردستانپەروەر و دڵسۆزی نیشتمانە، بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی پێش ئازادبوونی وڵات لە فەرمانڕانیی دژ بەنەتەوە، بە زیانێکی کەم و بەرگرتن لە دەزگا هەواڵگرییە چێندراوەکان، کە شەڕی سایکۆلۆجی نەتەوەکەمان بکەن، بە چەواشەکردنی خەڵک. 

سەرنجەکان/


 *وتەکانی مامۆستا مەسعوود لە کتێبی ( پەرژینی بێدەنگی) بڵاوکراوەی کۆمەەی فەرهەنگی 
 سوێد- کوردستان/ ١٩٩٦، وەرگیراون. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە