• ژنان و کچان، وەک مرۆڤ و خەباتگێڕ و ڕێبەری کۆمەڵگا، پێناسەدەکات و لە داوی خۆ بەکەم زانی و ڕواڵەتپەرستی وپاشکۆیی پیاوی تێکشکاوی کورد ئازادیان دەکات و دەیانکاتە بەڕێوەبەری کۆمەڵگایەکی ئازادی بەرپرسیار.
لێرەدایە کە هەر لە ئێستاوە، تاکی کۆمەڵگای باشوور، دەبێت دەست بە کۆکردنەوەی بەڵگەی ڕاست و دروست بکەن، لەسەر ڕەفتاری سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکانی نیشتمان وخێزان و کەسوکار یان. ئەو ناوەندانەی هەوڵگریی دەستنیشان بکەن، چ ئەوانەیان کە ڕاستەخۆ هاوبەشی تاوانە نەتەوەییەکانن، چ ئەوانەیان کە بە هۆی تۆڕەکانی قاچاغی ماددە هۆشبەرەکان، تەفرەدانی کچان و ژنان، بازرگانی دەرمان و کەرەسەی خاوی نیشتمان، هەواڵگری بۆ دوژمنان و سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکان، سوکایەتی کردن بە تاکی کورد، تاوانە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان، ناوەندەکانی فەسادی کۆمەڵایەتی وەک کارخانە و هوتێل و ڕیستۆرانت و باخ و مەزرای مەکۆی فەساد و کڕین و فرۆشتنی لاشەی کچان و ژنان و منداڵانی کورد، بوونەتە خاوەنی سامانی ناڕەوا.
• حیزب یا وشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی؟!
بنەڕەتی مەسەلەکە بۆ ئەوە بوو کە ڕێکخراوە سیاسییەکان، ببنە ڕێکخراوی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بەرەو باشتر و زیاتر گەشەکردنی بیری ئازادی و کوردستانی بوون، بەڵام بوونە مەکۆی ناکۆیی سیاسی کە بۆ ماوەی حەفتا ساڵ، دەستیان لە چەواشەکاریی هەڵنەگرت و زەریایە خوێنی باشترین ڕۆڵەکانی نەتەوەکەیان کردە قوربانی مەرامەکانی خۆیان و بە دەیان دەرفەتی سەربەخۆییان لە کیسی میللەتەکە دا، مێژوویەکی ناشرین و قیزەونە و بە گێڕانەوەشی مرۆڤ شەرمەزار دەبێت.
بەتایبەت لەم سی ساڵەی فەرمانڕانیاندا، کە خۆیان سەپاندووە بەسەر باشووری نیشتماندا، ناوەرۆکی خواستە دەروونییەکانیان کە هیچ پەیوەندییەکی نە لە دوور و لە نزیک، بە نەتەوە و مەسەلەکەیەوە نییە، ئاشکرا کرد.
لە ئێستای دنیای ئێمەدا، حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، بەرەو کاڵبوونەوە و لەدەستدانی پێگەکانیان دەچن و پڕۆژەی سیاسی و ئابووری و پێشکەوتنە تەکنیکییەکان جێگەیان دەگرنەوە، بەڵام بە ڕێکخستن و پاراستنی بنەما بنەڕەتییەکانی دادپەروەریی و پاراستنی شکۆی یاسا و ئارامی و ئاسایشی ژیانی خەڵکەکەیان.