عێراق و توركیا به‌ لۆژێكی داعش هێرشی ئیزیدیه‌كان ده‌كه‌ن؟

Wednesday, 12.29.2021, 0:45

1915 بینراوە


گرتنی گه‌نجانی ئێزیدی له‌شه‌نگاڵ له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقیه‌كانه‌وه‌، به‌بیانۆی ئه‌وه‌ی كه‌ گوایا په‌رتووكه‌كانی رێبه‌ری گه‌لانی ئازادیخوازیان بڵاو كردووه‌، بیانۆیه‌كه‌ كه‌ به‌ڕاشكاوی ده‌یانه‌وێت دژایه‌تی خۆیان بۆ بیروڕای ئازاد و راستینه‌ی گه‌لی ئێزیدی نیشان بده‌ن. گه‌نجانی ئێزیدی له‌لێدوانه‌ راگه‌یاندنیه‌كه‌یاندا به‌زمانێكی په‌تی و دوور له‌هه‌رچه‌شنه‌ مۆزایده‌یه‌كی سیاسی و ئیعلامی ئه‌و په‌یامه‌یان به‌هه‌موو لایه‌كدا كه‌ ئه‌وان ده‌ستبه‌رداری مافی ره‌وای خۆیان نابن و یه‌كێك له‌و مافانه‌شیان خۆپه‌روه‌رده‌ كردن و خۆ گۆشكردنه‌ به‌بیرو هزری رێبه‌ر ئۆجه‌لان. و ئه‌وه‌شیان ووت كه‌ گه‌لی ئێزیدی له‌سایه‌ی بیری ئۆجه‌لانه‌وه‌ له‌فه‌رمان رزگاریان بوو. له‌و فه‌رمانه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و سۆپاكه‌ی و پێشمه‌رگه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كو قۆچی قۆربانی راده‌ستی گروپه‌ چه‌ته‌كانی ده‌ستی داعشیان كردبوون؛ كه‌چی ئه‌و شه‌رڤان و گه‌ریلایانه‌ی به‌و فكر و فه‌لسه‌فه‌ی ئۆجه‌لان ته‌یار ببوون، هاتنه‌ هاواری ئێزیدیه‌كان و ئێزیدیان له‌قڕكردن پاراست. كه‌چی ئێستا ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی عێراق و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانی ـ عێراق ده‌یانه‌وێت ئێزیدیه‌كان له‌و فكر و بیروباوه‌ڕه‌ دوور بخه‌نه‌وه‌. ئامانجی ئه‌ساسی و بنه‌ڕه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق و بارزانی هێدی هێدی ئاشكرا ده‌بێت، ته‌نانه‌ت نایانه‌وێت ئێزیدیه‌كان خۆیان ببنه‌ خاوه‌ن ئێراده‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیان، نایانه‌وێت تاكه‌ ئێزیدیه‌ك، خاوه‌نداری له‌بیرۆكه‌ی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ئێراده‌ی بكات. ده‌یانه‌وێت ئێزیدی هه‌میشه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵ و فه‌رمانی ئه‌واندا بن، ده‌یانه‌وێت ئێزیدی هه‌میشه‌ گوێڕایه‌ڵی ئه‌وان بن. كه‌ی چۆنیان ویست به‌و شێوه‌ی له‌خزمه‌تی ئه‌جینداكانی خۆیاندا به‌كاریان بهێنن. 
ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیش كه‌ دامه‌زرێنه‌ری گروپه‌ چه‌ته‌كانی داعش و هاوكاری راسته‌وخۆی ئه‌و چه‌تانه‌یه‌ له‌ 2017 كاتێك به‌فرۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر په‌لاماری شه‌نگاڵی دا، یه‌كه‌م جێگایه‌ك كه‌ هێرشی كرد و له‌گه‌ڵ خاكدا ته‌خت و ته‌فروتۆنای كرد، ناوه‌ندی رادیوی ده‌نگی چرا شه‌نگاڵ و كۆمیته‌ی راگه‌یاندنی شه‌نگاڵ بوو. له‌و هێرشه‌شدا به‌ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی سه‌ر خاكی كوردستان و گه‌لانی ئازادیخواز، هه‌میشه‌ هه‌وڵیاندا ناوه‌نده‌ هزریه‌كه‌یان، ناوه‌نده‌ راگه‌یاندنیه‌كه‌یان بكه‌نه‌ ئامانج. به‌راستی كاتێك مرۆڤ ته‌ماشای هه‌ردوو ته‌ماشای شێوه‌ هه‌ڵسوكه‌وت و نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ی بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌م ده‌وڵه‌تی تورك و هه‌میش ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق خاوه‌ن یه‌ك مه‌نتالیته‌ن و مه‌نته‌قن و له‌ئازادی ئێزیدیه‌كان و ئێراده‌كه‌یان ده‌ترسن. ئه‌و ترسه‌شیان هاوشێوه‌ی په‌لاماره‌كه‌ی داعشه‌ له‌راستیدا بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی و كوردان به‌گشتی. 
ده‌وڵه‌تی عێراق باش له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ له‌سایه‌ی هزری ئۆجه‌لانه‌وه‌ بوو كه‌ پێش به‌فه‌رمانی سه‌ر ئێزیدیه‌كان گیرا، هێرشه‌كانی داعشیان سنوردار كرد و به‌مشێوه‌یه‌ش هه‌وڵی مانه‌وه‌ی مه‌شروعیه‌ت و پاراستنی سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق دراوه‌. له‌سایه‌ی بیری ئۆجه‌لانه‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆكه‌ پێشه‌نگایه‌تی بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی كورد و عه‌ره‌ب ده‌كرێت له‌هه‌رێمه‌كه‌دا و ئه‌مه‌ش هه‌موو نه‌یارانی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لانی ترساندووه‌. ئه‌دی چی گۆڕاوه‌ كه‌ له‌ئێستادا ده‌یانه‌وێت جارێكی تر گۆڕ به‌هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ئێزیدیه‌كان بده‌ن. ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت جارێكی تر به‌قۆربانی كردنی ئێزیدیه‌كان حكومه‌ت دامه‌زرێنن ئه‌وه‌ شتێكی تره‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت به‌هاوكاری ئێزیدیه‌كان و قه‌بوڵكردنی داخوازیه‌كانیان كه‌ ئه‌ویش له‌خۆرێوه‌به‌ری دا ده‌بینێته‌وه‌، ده‌توانن پێشه‌نگایه‌تیه‌كی به‌هێز بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ و پته‌وكردنی پێگه‌ و جێگه‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیش به‌گه‌ڕێننه‌وه‌ و به‌هه‌مانشێوه‌ش ئاشتبوونه‌وه‌ی نێوان چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی عێراق و ده‌وڵه‌ت بۆنیاد بنێننه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن له‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی و پێش به‌و هێرشانه‌ش نه‌گیردرێت كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ره‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر ئێزیدیه‌كان نه‌گیردرێت، ئه‌وا ئاڵۆزی له‌هه‌رێمه‌كه‌ به‌رفراوانتر ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و ئالۆزی و پێكدادانه‌ش هه‌موو جۆگرافیای عێراق بگرێته‌وه‌.