ره‌واندنه‌وه‌ی شه‌وه‌ زه‌نگ

Wednesday, 12.29.2021, 0:51

1689 بینراوە


ده‌روێشێ‌ عه‌بدی ، لاوخاسێكی ئێزدیه‌ ، كوڕێكی ئازاو جوامێر ، ناوبانگی جوانی عه‌دلێی زۆر ته‌مه‌ر پاشای میلی ده‌یخاته‌ دیوه‌خانی ئه‌وه‌وه‌ و له‌وێ‌ ده‌بێت به‌ قاوه‌چی پاشا ، پاشا عه‌ره‌ب و توركمان و باج سه‌ن دێنه‌ سه‌ری ، ئه‌ویش نیه‌تی و كوڕو  براو ئامۆزا برازا ناوێرن رێبه‌رایه‌تی یاخی بوون بكه‌ن و سه‌ركز ده‌كه‌ن ، ده‌روێش ده‌ڵێ‌ باج ناده‌ین و له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا دوژمن ده‌به‌زێنن ، عه‌دلێش شێت و شه‌یدای وی ده‌بێت ، ئه‌مه‌ به‌ پێی گێڕانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ ، لاوكێك بۆ ئه‌وان چێكراوه‌و به‌شێكه‌ له‌ كه‌لتورو سه‌رمایه‌ی كورد ، ئه‌م لاوكه‌و ده‌یان داستان و حه‌كایه‌تی دی سه‌دان زاناو مه‌لای وه‌ك مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس ، مسته‌فا زه‌ڵمی ، مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی ، عه‌لادینی سه‌جادی و تادوای بینیویانه‌و خوێندویانه‌ته‌وه‌و وه‌ك توحفه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی لێیان ڕوانیوه‌ ، ئێستا كۆلكه‌ دینداری نا ئاگا له‌ دین و ئازادی مرۆڤ په‌لاماری به‌شێك له‌و لاوكه‌ ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن ئه‌مه‌ كفره‌ ، له‌ كاتێكا مێژوی ئیسلام ، هی عه‌ره‌ب و فارس و تورك و ئه‌وانی تر لیپه‌ له‌م داستان و چیرۆكانه‌ ، جا خۆ مه‌ولانای رۆمی ئێستا له‌ ژیاندا با و سه‌یری ئه‌و په‌تیاره‌یه‌ی كرابا بۆ شه‌مسی ته‌برێزی بێگومان خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرا ، ئه‌مه‌ بۆ عومه‌ری خه‌یامیش راسته‌ .
عه‌دلێ‌ كچه‌ موسوڵمانه‌و عه‌بدی ئێزدی ، ئه‌مه‌ش له‌مپه‌ری به‌یه‌كتر گه‌یشتنه‌ ، كوڕو برازای زۆر ته‌مه‌ر پاشا به‌ فریو ده‌روێش ده‌به‌نه‌ راوو شكارو له‌وێ‌ گه‌له‌ كۆمه‌ی لێده‌كه‌ن و پارچه‌ پارچه‌ی ده‌كه‌ن ، له‌ كاتێكا عه‌دلێ‌ تكای لێده‌كات نه‌چێت و داوێك هه‌یه‌ ، متمانه‌و عیشق و كه‌له‌ ره‌قی كوردانه‌ ده‌روێش ده‌بات و ته‌كبیری كوشتنه‌كه‌ش زۆر ته‌مه‌ریش ئاگاداره‌ ، كه‌ دێنه‌وه‌و ده‌روێش نیه‌ عه‌دلێ‌ به‌ گریه‌و زاری عیشقی خۆی ئاشكرا ده‌كات ، وه‌ك چۆن شێخی سه‌نعانیش بۆ كچه‌ گاورێك دینی له‌ سه‌ر عیشق داناو ئه‌وه‌ش به‌لای عارفانی دینه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤ نیه‌و ده‌سه‌ڵاتی خودایه‌ " خودا دڵان ده‌گۆڕێت نه‌ك هێزی دی " لاوكه‌كه‌ به‌ زمانی عه‌دلێوه‌ ده‌ڵێت :
منێ‌ نه‌ئیكیكیمه‌ ، نه‌ئیمیلیمه‌ ، كه‌چكێ‌ زۆر ته‌مه‌ر پاشایێ‌ میلیمه‌ ، ده‌زگری ده‌روێشێ‌ عه‌بدیمه‌ ،لسه‌ر چیایه‌ قه‌ره‌چداخێ‌ رۆنیشتیمه‌ ، به‌ كراسه‌كێ‌ كه‌تانێ‌ مه‌گروییمه‌ ، بسۆله‌كێ‌ زه‌ردێ‌ ره‌ق ڕه‌قیمه‌ ، كلێ‌ چاوێ‌ ده‌روێشێ‌ عه‌بدیمه‌ ، منێ‌ رۆژێ‌ سێ‌ جاران كه‌ره‌م نه‌كه‌ن به‌ ده‌روێشێ‌ عه‌بدی حاشا دكه‌م لدینێ‌ محه‌مه‌دی ساف ئێزیدیمه‌ .
لاوكه‌كه‌ زۆره‌ به‌س له‌م شوێنه‌دا عه‌دلێ‌ ناوی دینی موحه‌مه‌د دێنێت و باس له‌ موسوڵمانه‌تی خۆی ده‌كات ، چیرۆكه‌كه‌ش ده‌ربڕینی ئه‌و ئازاره‌یه‌ كه‌ دین وه‌ك رێگرێك له‌ به‌رده‌م دوو هاوزماندایه‌ ، عه‌دلێ‌ ناڵێ‌ من هاشا له‌ دینه‌كه‌ی خۆم ده‌كه‌م ، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر نه‌مده‌نه‌ ده‌روێش  ده‌چمه‌ سه‌ر دینی ئه‌و ، ئه‌وه‌ ده‌ربڕینێكه‌و نه‌كفره‌و نه‌گوناه ، دوای زیاتر له‌ دوو سه‌ت ساڵ تازه‌ هه‌ندێك لێی راستده‌بنه‌وه‌ ، له‌ كاتێكا له‌ ئه‌ده‌بی ئیسلامی و عه‌ره‌بیدا شه‌ته‌حات و چیرۆك و داستانی سه‌یر سه‌یر هه‌ن ، كه‌سیش دنیای وێران نه‌كردوه‌ ، ئه‌مه‌ وه‌ك شه‌ڕ فرۆشتنه‌كه‌یه‌ به‌ سرودی ئه‌ی ره‌قیب ، خۆ دڵدار له‌وه‌ش واوه‌تری هه‌یه‌ ئه‌و له‌ هاواری توتنه‌وانێدا ده‌ڵێت 
گه‌ر له‌ دنیادا هه‌بوایه‌ خوایه‌كی تر به‌رقه‌رار 
من ده‌چوم ده‌مگوت خودای من سودی ئینسانی نیه‌ 
ئێ‌ مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه‌و مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم و زانایانی ئه‌و ده‌م زانیویانه‌ دڵدار كوفر ناكات و خودای دیكه‌ش نیه‌ لای دڵدارو توتنه‌وانه‌ به‌دبه‌خته‌كه‌ بۆیه‌ وه‌ك ئه‌ده‌ب لێیان ڕوانیوه‌ ، ئاخر ئه‌وه‌ چ ئاوه‌زێكه‌ تازه‌كی به‌ گژ شاعیرێكا بچیته‌وه‌ كه‌ بڵێت 
كوردستانی  خۆش نیشتمانی جوان 
تۆ قیبله‌ گاهی منی بێگومان 
با كه‌مێ‌ یه‌ ئاوه‌زه‌وه‌ دیقه‌ت بده‌ین ئه‌م شاعیره‌ باسی خاكێك ئه‌كات خوداوه‌ند جوانی پێبه‌خشیوه‌ ،ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ئایندارانه‌ سه‌یری شته‌كان بكه‌ین ، لێ‌ ئه‌گه‌ر ئۆیندارانه‌ سه‌یری بكه‌ین ده‌بێت وه‌ك ئه‌و مامۆستایه‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌له‌به‌كانی ده‌ڵێت ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ رێك په‌لاماردانی جوانی و هونه‌رو ئه‌ده‌به‌ ، بۆیه‌ ئه‌ركی نه‌ك خه‌ڵك حكومه‌ت و پیاوانی ئاینی زاناو شاره‌زاشه‌ ئه‌م شه‌وه‌ زه‌نگه‌ی بیركردنه‌وه‌ توڕبده‌ن ، نامه‌وێت لێره‌دا سه‌دان نمونه‌ی شیعرو داستان بێنمه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت هه‌ر رۆژه‌و بیانویه‌كیان پێبگیرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناو بدرێن ، بۆیه‌ ده‌بێت به‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ بگیرێت .