منیش لە سەر تیشکی ئەو وتەیە ئەڵێم: برای سەلەفی و بانگخوازی هاوزمانم جا بە چ بیانوویە تۆ وا ئەکوڵێی و هەڵئەچیت و هەڵدەشاخێی بە کەسانێکدا کە ئەمڕۆ بێن و جیاواز لە تۆ بیر بکەنەوە و تێزێکی تازە بخەنە ڕوو سەبارەت بە ژیان و ڕووداو و گرفتەکانی!؟
-ڕۆژگارێک لە سەرەتای ڕاپەڕین بیرکردنەوەی باو بیرکردنەوەی کوردایەتی و نەتەوەیی و چاوپۆشی کردن بوو لە کەم و کوڕی حزبەکان و حکومەتی کوردی ساوا، بەڵام دەبینین کۆمەڵێک نووسەری وەکو بەختیار عەلی و هیوا قادر و مەریوان قانع و ..بە پڕۆژەیەکی ڕەخنەگرانەی ورووژێنەری وەکو ناوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند، دێنە سەر شانۆی ئەدەب و سیاسەت و ڕۆشنبیری و زۆرترین دوژمن بۆ خۆیان دروست دەکەن چونکە دەست بۆ یاساغ دەبەن و دژی باو دەنووسن، بەڵام ئەمڕۆ دەردەکەوێت ئەوان چەند ڕاست و زۆرینە چەند هەڵە بوون.
-هەفتەنامەی هاوڵاتی وەکو پڕۆژیەکی ئەهلی بێلایەن لە ساڵی ٢٠٠٠دا خۆی ڕادەگەیێنێت و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. ئەمە ئیدی ئەبێت بە یەکەم کاری ڕۆژنامەگەری ئازادی ڕەخنەگر. لە کەسە دیارەکانی تاریق فاتیح و ئاسۆس هەردی و زۆری دیکەش، کە ئەمانە توانییان بەرگەی تەنگ و چەڵەمە و گرتن و زیندانی و زۆر شتی دیکەش بگرن بەڵام دەرگایەکی فراوانی ڕۆژنامەگەری ئازادیان خستە سەر پشت.
-عبدالخلق معروف و سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و ویدات حسێن و ڕۆژنامە نووسان و چالاکوانی مەدەنی زیندانیانی بادینان و زۆری دیکەش لە قوربانیانی ڕێگەی جیاواز بیرکردنەوە و دەست بردنن بۆ حەرامەکان.
-عبدللە پەشێوی شاعیر و شێرکۆ بێ کەسی مەزن و زۆرێکی دیکەش لەو کەسە دەگمەنانەن کە هەم ڕەخنەگری هەمیشەیی کایەی سیاسی یان ئایینی بوون و پاڵپشتی بیری ئازاد و ئازادیش بوون هەمیشە.