پارتی لە کوێی سیاسەت و ئەخلاقی سیاسیدایە ؟!

Saturday, 01/01/2022, 10:57

2221 بینراوە


پارتی حیزبێکە لە ڕووی سیاسییەوە هەمیشە شکستخواردووەو  هەڵەکانی  خۆی لە سیاسەتدا نابینێ و بە پیلانگیڕی و دەستی دەرەکی دەیزانێ ، هەڵەکانی دەخاتە ئەستۆی نەیارانی و دەست دەبات بۆ گوتاری حەماسی پۆپۆلیستی ،پارتی شکستی سیاسی خۆی پینەو پەڕۆ دەکات و بەرامبەر تاوانبار دەکات ،پارتی ھەمیشە وەکو هێزێکی "میتا-پاوەر" خۆی نمایش دەکات، بەردەوام خۆی وەکو ھێزێکی فریشتەو ڕزگاریکەرو فریادرەس و ئەوانی دیکە وەکو ھێزی تاوانبارو خیانەتکارمانفێست دەکات، بەنموونە لەریفراندۆم داهەمووان و پارتیش دەیانزانی کە سەربەخۆیی بە حەماسییەت بە دەست نایەت و دەیانزانی نەک هەر سەر ناگرێ ، بەڵکوو دەبێتە کارەسات بۆ کۆمەڵگا ، کەچی چەپڵەی  هەندێک سەرکردەو گەنجی نابینا سەرمەستی کردبوون بەبێ لێکدانەوەو تێگەیشتن و گوێگرتن ، چیان بەسەر ئەو وڵاتە هێنا ! 
سیاسەت لای پارتی  زیاتر لەمەزاج و عاتیفە و دونیای شاشەکانەوە سەرچاوە دەگرێ، دور لە عەقڵانیەت لە فکرو لە زانست تەفسیری بابەتەکان دەکات ، هەر ئەم تێگەیشتنەی پارتیش ڕەنگدانەوەی لە سەر پارتییەکان هەیە و پارتیەکانیش بە عاتیفە و حەماسیەت و بەبێ فیکر دیدو ڕوانینی خۆیان دەردەبڕن و دۆخێکی کوشندەیان دروست کردووە ، وەلێ پارتی دەیەوێت لەڕێگای جۆشدانی جەماوەر و دروستکردنی حەماسەتی سیاسییەوە تەواوی کۆمەڵگە بیخاتە دوای دروشمەکانی خۆی، ئامانجی پارتی ئەوەیە کە وزەو جەستەو عەقڵی کۆمەڵگا کەوی بکات ،هەر بۆیە پارتییەکانی ناو پارتی زیاتر سایکۆلۆجیاو زیھنیەتیان شێواوە و توانای بینین و بیرکردنەوەی سیاسییان تا ئاستێکی نزم و کۆمیدییە ! 
دونیای سیاسەت دونیایەکی فراوانە و روانینی جیاواز هەیە بۆ پێناسەکردنی سیاسەت و سیاسەتیش بەگشتی  پرۆسه‌ی بریاردان، هونه‌ری که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌کان، خزمەتکردنی مرۆڤه‌کان، ململانێ یە لە پێناو چاکەی گشتی دا ، سیاسەت لای ئەفلاتۆن (٤٢٨-٣٤٧ پ.ز.)،كارێكی جەماوەریەو دەڵێ "سیاسەت و ڕەوشت لێک جیاناکرێنەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ڕەگێکی بەھێزی ھەبێت، سیاسیەکان دەبێت ڕەوشتیان ھەبێت". ئەرستۆ سیاسەت وەک ھونەری خزمەتکردنی کۆمەڵگا دەڕوانی بە شێوەیەک کە خێر بۆ مرۆڤایەتی بەرھەم بھێنێ ، لای جان جاک رۆسۆ خۆشگوزەرانی میللـەت هەموو شتێکەو حکومەتی باشیش ھێزی خۆی شۆڕ دەکاتەوە بۆ ناو خەڵک تا ماف و کەرامەتیان بپارێزێت ،  وەلێ کایەی سیاسی گرێدراوە بەکایەی ئەخلاقەوەو پێوەندییان بەیەکەوە هەیە، ئەخلاقیش  یەکێک لە بەشەکانی فەلسەفە وفەلسەفەی ئەخلاقی سیاسی  بابەتێکی بەربڵاوەو قسەی زۆر هەڵدەگرێت ، فەلسەفەی ئەخلاق لە یۆنانی کۆنداو لەلایەن سێ فەیلەسووفی گەورەی وەک ئەفلاتوون، ئەرستۆ و سوقرات هاتە گۆڕی و هەرسێ فەیلەسوفەکە ئەخلاق بە کۆڵەکەی سیاسەت دادەنین ، دواتریش لە سەدەی هەژدەدا ئیمانوێڵ کانت(١٧٢٤ -  ١٨٠٤) پێی وایە کە مرۆڤی سیاسی دەبێ خاوەنی ئەخلاقێکی باش و شایستە بێت. 
 دواجارهەموو ئەو بەهایانەی کە پارتی لە کایەی سیاسەتدا  کاریان پێدەکات بەهای فیکریی و سیاسیی و یاسایی نین، بەڵکو بەهای شەخسیین و پارتیش لەو جۆرە حیزبانەیە کە لە سەر سیاسەت دەژی ،هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگاو مەترسییە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتیی،ئەم تێگەیشتنەی پارتی و ئەم  فۆڕمەی ئێستای سیاسەتکردنی پارتی لەگەڵ هیچ تیۆرو فەلسەفە و رێبازیکی فیکری و زانستی دا یەکناگرێتەوە ، خەون خولیاو دونیابینی پارتی لە کایەی سیاسەتدا هێندە بچوکە هيشتا عەقڵی سەدەی حەڤدەیەمی جێنەهێشتووە ، خەونی پارتی لە کایەی سیاسەتدا پەرتەوازەیی و پاشا گەردانیی و وێرانکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بونیادنانی ژینگەیەکی پڕ لە ترس و نائارامی و شکاندنی شکۆو کەرامەتی ئینسانەکان و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانە ، ئەوەی کە بیری لێ نەکراوەتەوە سیاسەتە بەمانا عەقڵانی و زانستییەکەی و نایانەوێت سیاسەت ئەرکێک بێت لە ئەخلاق. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە