شەقامی سەهۆڵەکە!

Sunday, 02/01/2022, 18:01

6785 بینراوە


وڵاتی وێڕان و خاپوور دووبارە بونیاد دەنرێتەوە. خانووبەرەی لافاولێدراو ساز دەکرێتەوە. بوومەلەرزە شارێک وێڕان دەکا بەڵام بە پێی گوزەریی رۆژگار ئەو شارە سەرلەنوێ دەبێتەوە بە شار. وڵاتێکی دەبێتە وێرانە کە هزر و مێشکی دانیشتوانی ئەو خاکە بەرەو پووکانە بچێ. وڵات کاتێک خاپوور دەبێ کە پارێزەرانی ئەو وولاتە لە زمان و دیرۆک و کولتوری خۆیان بێگانە و نامۆبکرێن!
باشووری کوردستان وەک بەرهەڵێخێکی لێهاتووە کە هەر ئان سووکە لافاوێکی سیاسیی دایقرمێنێ و هیچ شتێک لە سەر جێگای خۆی نەمێنێ. سیاسەت لەو بەشە لە وڵات وێنەی لێفەی مەلا نەسرەدینی بە سەرهاتووە کە هەر گۆشەیەکی بە دەست بازەرگانێکی بێ موڕاڵە کە رەحم بە هیچ پیرۆزییەکی ئەو نیشتمانە ناکات. نەوت و گومرگ و دزیەتی دەستیان داوەتە یەک کە دووبنەماڵە لە جیاتی کێبەرکێی سیاسیی بۆ باشتر بەڕێوەبردنی وڵات ئەنجام بدەن، بە پێچەوانە خەریکی سووککردنی مافە رەواکانی نەتەوەی کوردن. 
لەشاری سلێمانی شەقامێک هەیە ناویان ناوە،  سەهۆلەکە.  من نازانم ئەو ناوە چۆن لەو شەقامە نراوە و مێژوەکەی بۆ چی دەگەرێتەوە. بەڵام دەزانم ئەو شەقامە بۆتە کایەی منداڵە ورکە و گەنجیی خێڕ نەدیتوو دوور لە بیرکردنەوە. ئەو شارە لە جیاتی ئاوەدانی هیدی هێدی بەرەو وێرانیی هەنگاو دەنێ. بەغداش زۆر زیرەکانی لە دوورەوە تەماشاکەرە و بە خشکەیی تاک وبنەماڵەی بە رەگەز عەڕەب هەناردەی ئەو شارە دەکا، یانی ئەوەی سەددام نەیتوانی بیکا، دەسەڵاتدارانی ئیستێی بەغدا دەیکەن. 
دوای سەری ساڵی زایینی بۆ یەکەجار لاهور جەنگیی خۆی گەیاندە تاقیگەی شەقامی سەهۆڵەکە تا پەیام بداتە کوڕەکانی تاڵەبانی کە :من هەم ولایەنگرم هەیە!وێنەکێشانی پەیتا پەیتای گەنجەکانم وەک کەسانێکی گیرۆدە بە ماددەی هۆشبەرهاتە بەرچاوکە دەگەڵ لاهوریان دەکێشا!
لاهور ڕۆیی و نمایشی خۆی دا. زۆری نەخایاند بافل لۆمپەن، کوڕی جەلال تاڵەبانی کە ئەو رووداوەی بیست، بە سەیارەی دزیەتی کە بەپارەی ئەو گەنجانە کڕاوە، خۆی گەیاندە شەقامی سەهۆلەکە!سێلفی گرتن دەگەڵ ئەویش وەبەر نەدەکەوت!ئەو گەنجانەی کە هیوا و ئاواتی دوارۆژیی نیشتمانن، وەک  منداڵێکی ٧ ساڵە کەوتبوو شوێن سەیارەی بافلە حۆل!بژی بژیان بۆ دەگووتەوە. 
شەقامی سەهۆلەکەم وەک تاقیگای مشکی دووپێ هاتە بەرچاوی کە بەنۆرە دەبرێتە ناوژووری تاقیگا تا ئاستی وشیاریی نەتەوەیی گەلێکی لەسەرتاقی بکەنەوە کە دوای نەمانی حیزبی بەعس و سەددام حوسێن،  ئەوە حاڵ و رۆژیەتی. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە