ئەگەر لەمێژووی خۆمان نەزانین، قەت ناتوانین ئاییندەش بخوێنینەوە

Monday, 01.03.2022, 20:52

1202 بینراوە


(بابەتێکە بۆهەر کەسێ گرنگە بەدواچوونی بۆ بکات)


*بابەتێکی گرنگی مەرگەسات باری گەلەکەمانە دیزە بەدەرخۆنە کرایە. شایانی بەدوا داچوونە.
نووسینی(یوسف عوسمان عەزیز) لەهەولێر
بەیەک دەفعە کوشتنی ١٩٤ پێشمەرگەی یەکێتی و کەسانی سەر بەیەکێتی(إنفصاليين و غوغائين) لەسەر دەستی لیوا ڕوکن قووە خاصە(ئامیر لیوای٦٦)ی مودەڕع بارق حاجی حنطە. لەتۆڵەی تەنیا یەک زابتی طيار!
من دەمێکە وەک حەزێکی ئارەزوومەندانەی بابەتە عەسکەریەکانم، ئەوەش زوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەداوی ساڵی ١٩٧٥ تا سەرەتای هەشتایەکانیش لەو سێ سینەمایەی هەولێر هەر هەموو فیلمە حەربیەکانم بینی هی جەنگی دووەمی جیهانی و شەڕی ڤێتنام خۆڕاگرتنی لینینگراد و شەڕی عەلەمێن و هەتا جەنگی ڕزگاری یۆگۆسلفیاو تیتۆ و ڕۆملم هەر زوو زوو ناسی و بە ئۆدیۆ و ڤدیۆ بەملەوەنی لەتەمەنی هەرزەکاریم بەسکۆب لەسەر شاشەیەکی زیوین بینی.
ئەو ئومێدەی زووی حەزی ئەفسەریم لەدوای تەواوکردنی قۆناغی سانەوەی کەبۆم فەراهەم نەبوو لەدوای ساڵی١٩٩١ لە لیوای دووی تایبەتی کۆسرەت ڕەسولی بوومە ئەفسەر بەپلەی نەقیب زیاتر بەشە پزیشکیەکەی مام دواتر ئەو ئومێدەشم بەیەکجاری لەناو چوو ئەو کاتەی لەجەولەی یەکەمی شەڕی ناوەخۆی ناو هەولێر و پشتی عەنکاوە و گرد جوتیاری ئامادە نەبوو بەژدار بم بۆ هەتا هەتایە جلە مونەقەتە عەسکەریەکانم بە ڕوتبەوە فڕێدا.
لیوا ڕوکن قوات خاصە بارق عەبدوڵا حاجی حنطە خەڵکی قەزای صویرەی سەر بەپارێزگای واسیتە لەباشووری بەغدایێ لەهۆزی زوبێدی.
دەرچووی خولێکی سەربازی ئەمێریکایە و بەشداری کارای شەڕی فەلەستین بووە.
کەسێکی گورجوگۆڵی سەرکێشی دەگمەنی بەسیستماتیکی سیاقی زانستە عەسکەریەکانی عیراق بووە.
لە گێڕانەوەی یاداشتەکانی نزار خەزرەجی سەرۆکی ئەرکانی ئەودەمی سوپای عێراق.
 دەڵێ جگە لەناردنی لیوای مودەڕەع لیوای ستە و ستینی مودەڕەعی باریقیش ئەرکی ڕزگار کردنی هۆڕی حەوێزەی پێ سپێردرا کە زووتر لیوایەکی پەرەشووتی سەر بەپاسداران داگیری کردبوو.
ئەرکی ڕزگار کردنی بەبارق سپێردرا. دوای ئەوەی بەئەفسەر و سەربازەکانی دەڵێ جگە لەچەک بە سەرەنێزە(حەڕبە) و چەقۆ و ئەگەر پێویستیش بوو بەددانیش شەڕ بکەن و دوژمنەکان لەت و پەت کەن. ئەوە بوو لەشەوێکی تۆفی ساردی زستان لەشەت لعەرەب پەڕینەوە و لەماوەی ٢٤ سەعات تەواوی هێزەکەی ئێران ئیبادە بوو ئەو جەنگەش(تاج المعارک)پێ دابڕا.
دوای مانگێک صەدام ناردیە دوای بارق و خەڵاتی(بطل القادسية)ی پێ بەخشی کەیەکەم کەس بوو ئە ئەوسیمە عەسکەریە لەو جۆرە وەربگرێت.
هەر ئەو خەڵاتەش بوو لە سەرەتای ساڵی نەود و یەک پێش گوللە باران کردنی، صەدام لێی دەپرسی دەزانی(بطل قادسية)مانای چیە!؟
لەشەڕی ڕزگارکردنی نیمچەدوڕگەی فاویش بەشدار بوو کەلەمێژووی شەڕەکانی جیهان دەڵێ هەر مەتر چوارگۆشەیەک لەفاو تۆپێکی بەرکەوت.
دوای ئەو شەڕە لەساڵی ١٩٨٧ دەنێردریتە بەرەی باکوری جەبهەی شەڕی قادسیە لەماوەت. ئەو دەمەی لەموزاهەرەکانی ساڵی١٩٨٧ی خەڵک لەهەڵەبجە و سەید سادق و هێرشەکانی بەردەوامی پێشمەرگەکانی یەکێتی بەهەماهەنگی پاسداران مەترسی کەوتە سەر شاری سلێمانی و ئەزمڕ پیرەمەگروونیش.
هەر لەیاداشتەکانی نزار خەزرەجی دەگێڕتەوە دەڵێ لەبەر سامناکی هێرشەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی و حزبی سۆسیالیست و حەرەکەی ئیسلامی نەمان توانی خۆمان چارەی بکەین یان بەمەفرەزەی جاشە خەفیفەکانی سلێمانی لە بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ناڕەزایی و خۆنیشاندانانەی سەید سادق و هەڵەبجە بەکار بێنین چونکە خەڵکی ئەو ناوچە بوون و کەس و کاری خۆیان بوون. بۆیە پەنامان بردە بە جاشەکانی پشدەرێ لەقەڵادزەی کەئەو ئەرکەیان بەجێگەیاند.

شەڕی چیای ماوەت یان (جبل الموت)

دەڵێ هەر لەوێ نەبری سەرۆک جاشەکی جاف کەبەهێزترین و گەورەترین موستەشار لەهەردوو دیوی عێراق و ئێران خەڵکیان هەبوو.
کەكوڕی مامی خەسرە جافی( ئەندازیاری تەلار سازی و هونەرمەندی شێوەکاری)و  کیسرای برای بوو.
زوو کیسرا راوێژکاری کۆشکی شاهەنشاهی بوو. دەڵێ لەچاویم خوێندەوە کەبەتەمایە ڕابکاو بچێتە ئێران. پێشم ووت ئەگەر دەتەوێ هاوکارت دەبم تا بەسەلامەت دەگەنە ئێران بەو مەرجەی شەڕی ئێمە نەکەن.
ئەوەش دوای ئەوەی لەبەرەی شەڕی ماوەت دەگەڕێتەوە کە لەناو دووکەڵ ڕەش هەڵگەڕابوو بەسەرسەختی بەناوبانگ بوو لەدژی پێشمەرگە و خاوەن دوازدە ئەوسیمەی نەوطی شوجاعە بوو لەئازایەتی ئەو دەم بەسەر کۆبوونەوەکەی عەلی حەسەن مەجیدی دەکەوێ و دیارە خۆی لێ تووڕە دەکا و پێی دەڵێ( أگعد)واتە لەجێی خۆت دانیشە کە لەبەر دەم موستەشارە سەرۆک جاشەکان بەسووکایەتی دەزانی.
هەر چەندە نزار خەزرەجی دوازدە نەوطی شوجاعەی دەداتێ، دەڵێ ئەوە لۆخۆت و دەیدەیە کێ بیدێ بەس بەهەندی وەرناگرێ و لەمستی پاسەوانەکەی دەکات.
ئەویش دەڵێ قەت شتی وانابی، هەرچەندە دوایێ خەسرە و س. زۆر دەترسان بەر تووڕەیی صەدام بکەون هەر خەریکی تەمەلووق و مامە حەمەیی بوون!
جا من ماوەی ساڵێک دەبێت لەپەیجێکی فەیسبووکی براکەی بارق بەناوی یەعقوب فرێندم کەتایبەتە بەپاڵەوانیەکانی لەشەڕی قادسیە و کوشتنەکەی بەدەستی حوسێن کامل و عەبد حەمودی سکرتێری یەکەمی صەدام. وەک یادەوەریەکانی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق ئێران کەتەمەنی گەنجی و جوانی دەیان هەزار گەنجی وەک ئێمەی هاڕی لە پێشمەرگایەتی فیراری و گرتن و هەزارانیش پێ چوونە بەر پەتی سێدارە و ڕەمی کردن.
دوای ئەوەی پەیوەندیەک دروست بوو چەند جارێک بەنامە سەرسوڕمانی خۆم بۆ ئەو ژەنەراڵەی برای دەربڕی و هەموو جارێکیش بابەتەکەم بەو لایەدا خوار دەکردەوە کە بارق وا لای ئێمە ناسراوە تاوانکاری یەکەمی هەر هەشت پرۆسەکەی ئەنفالی خەڵکی گووندە بێ دیفاعەکانی گەرمیان و دەشتی کۆیە بووە کە ئەوانیش قوربانی نێوان پێکداهەڵبژانەکانی  پێشمەرگە و جاش و حکومەتی عێراقن.
کەهەزارنیان بەژن و منداڵەوە بەزیندویی چاوان لە بیابانەکانی عەرعەر و نوگرە سەلمان لەجنوبی عێراق ژێر خاک نران.
قەت جوابی ئەو پرسیارانەیان نەبوو. کەدڵنیام دڵ رەق و ڕشیەکەی ئەو پیاوە بەزبرو زەنگەی بوو کە جینۆسایدی گەلەکەمانی کرد و پشکی شێری بەرکەوت لەو تاوانە قێزەوەنە و بەهاوکاری جاشە خوێڕیرکانی لای خۆمان بوون کە کیژ و ژنی کورد نێردرانە مەلهاکانی میسر و بوونە کەنیزەکی پێ پەتیەکانی کەنداوی عارەبی.
بەردوام بینەر و خوێنەری بابەتەکانیان بووم لەپەیجەکانیان تا لەکۆتا ڕۆژی ساڵی ڕابردوو سەرسام بووم بە بڵاوکراوەیان کەدەڵێ.
عەدنان زالت طيار، فڕۆکەوانی دەرچووی کۆلێژ بوو. لەزابتەکانی بارق بوو زۆری خۆش دەویست ئەو ڕۆژەی کەبۆ ئیجازە(مۆڵەت) دەگەڕایەوە لەبەرەی شەڕی ماوەت بە بۆمبێکی هاوەن کوژرا.
دەڵێ لەدواساتی مردنەکەی پێدەکەنی!
ئێمەش هەر هەموو لەسەر سەری لەدەورەی بووین و دەگریاین و یەکەم جاریش بوو باریق بگریێ.
دەڵێ لەتۆڵەی ئەو ١٩٤ موخەرەبین و غەوغاویە ئینفیساڵیەکانی بە بڕیار و بەدەستی خۆی کوشت.
بەتەنیا ئەگەر ئەو بابەتە بە بابەتەکەی تەقەکردن لەصەدام کەلەدوجەیل لێی کرا بەراورد بکەین کەصەدامی پێ ئیعدام کرا.
ئەگەر هەر هەشت ئەنفالەکە و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بالیسان و گۆپتەپە و گوندی عەسکەری خورد بکەینەوە دەبێ چەند جار صەدام و بارق حاجی حنطەی دەبێ لەقەبرێ ڕاست بکەینەوە و سەر لەنوێ بیان کوژینەوە.
من پێم وایە ئەو بابەتە و هەزارانی دی لەمێژووی گەلەکەمان ڕوویداوە و دیزە بەدەرخوونە کرایە و کەسیش لێی نەپرسینەوە نە لەکەسەکان و نە لەژمارەی قوربانیەکانیشیان.
یەکەم چونکە ئەو حیزبانە فڕیان بەسەر نەتەوە وە نەبووە جگە لەو شەهیدانە کەبەنەزانی بوونەتە قوربانی دەسیسە نێو دەوڵەتیەکان لێرە بە فیتی سەرکردە کوردەکان.
بە نموونە کەسێ نیە بزانی لۆژیک چیە پێشمەرگەی یەکێتی بۆ هاریکاری پێشمەرگەکانی دیموکرات چوونە ڕۆژهەڵات و شەڕی پاسدارانیان کرد، کەچی دوای چەند ساڵێک ئەو جارە خۆیان بەگەڵ پاسدار کەوتن و ئەوە بوو لەساڵی ١٩٨٨هەڵەبجە و ئەنفال و کیمیای لێ پەیدا بوو دژ بەخەڵکی سادە و نەزانی گوندەکانی نێوان بەرداشی پێشمەرگە و جاش و عەسکەری.
بۆ سەرانی بارزانیش ئەوان هەموو دەمێ وەک پیشەی خۆیان هەر لەکۆشی داگیرکەران بوونە کەهاوڕێک لەگەڵ پاسدار هێرشی حاجی ئۆمەرانیان کرد و لەساڵی هەشتاو سێ قەتل وعامی بارزانیە بێ دیفاعەکانی قوشتەپەی لێ کەوتەوە.
دووەم کەخاڵی گرنگترە، ئەوەیە میللەتەکەی ئێمە سادە و نەزانە نەیزانیە بەدوای قوربانیەکانی دا بچێ. هەندەی لەبۆ پارەی شەهیدانە هەڵوەدا بوونە.

* تێبینی:-

ئەوە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگری بەڵگە نەویستە دوای نزیکەی سی و پێنج ساڵ لەنەمانی عێراق بەسەرۆک و سوپاکەی. هێشتان بەو حقدە نووسینێکی کارەسات بار لەسەر ڕەشەکوژی میللەتەکەمان بەشانازیەوە بڵاو بکەنەوە بە موخەریب و غەوغاو ئینفیسیالیان ناو زەد بکەن. دیارە ئەو ناو یەعقوب حاجی حنطەی برای بارقی خۆی لەگەڵ کوشتنی ئەو ژمارە زۆرەی خەلکی بووە و هێشتان لەژیاندا ماوەو و (حی و یرزق) کەسەرۆک کۆمار کوردە و لەو حیزبەکەی ئەو قوربانیانەیە با پەلکێشی بەردەم دادگایان بکەن بزانن ئەو تاوانە لەکوێ ڕووی داوەو کێن ئەوانەی کوژراون و هۆیەکەیان چی بووە و جارەنووسی کوژراوەکان چی لێ هاتووە.

* سەرچاوەکان:-

-یاداشتەکانی ژەنەراڵ نزار خەزرەجی.
-معرکة ماوت.
یاداشتەکانی خۆم.
پەیجی تایبەت بە خێزانی بارق حاج حنطەی