جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


رۆژهەڵاتی کوردستان یان کوردستانی رۆژهەڵات؟

Wednesday, 05/01/2022, 10:34

2809 بینراوە


کوردی کلاسیک و پارتی کلاسیکی کورد، کە لە مێژووی بوونی خۆیاندا توانای هیچ جۆرە ئافراندنێکیان نییە، بەردەوام کۆپیان لە پارت و رێکخراوە جیهانی و ناوچەیی هەڵگرتوە و تەنانەت هەندێجار لاسایی داگیرکەران دەکەنەوە. ئەمانە نە تەنیا توانای ئافراندنی هیچ جۆرە دیسکۆرس و پارادایمێکی تازەیان نییە، بەڵکوو ئەو دیسکۆرس و پاردایمانەش کە بە قازانجی گەلی کورد خولقێنراون و تەعبیر لە هەبوونی کورد دەکەن، تێکی دەدەن. خاڵێکی دیکەی ئەوەیە کە ئەمانە کەمترین شارەزاییان لە مێژووی کورد و کوردستان هەیە و ئەوانەشیان کە تا رادەیەک شارەزان، قازانج خۆیان و بنەماڵەکەیان لەو بەرەیەدا دەبیننەوە کە بەدرێژایی مێژوو ئاسمیلەی سیستەمی داگیرکەران بوونە و لە ئێستاشدا گەورەترین کۆسپی سەر رێیی سەرکەوتنی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد، هەر ئەمانەن!
هەر وەک دەزانن کوردە ئێرانییەکان و پارتەکانیان، ئێستاش پاشگری وشەی ئێرانیان لێ بکەیتەوە، بەندی دڵیان دەپسێ و دەبورێنەوە!!! ناوەندە جوانەکەشیان هەر بەناوی حزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە ناو ناوە!!! پارتیان تێدایە، بە کوردی ناوێکی هەیە و بە فارسی ناوێکی دیکە و بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵکیش جار و بار دەڵێن کوردستانی رۆژهەڵات؟!
خولقاندنی دیسکۆرسی، باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان، دیسکورسێک نییە کە تەنیا لە بەر جوانی و هارمۆنی وشەکانی هاتبێتە ئاراوە. ئەم چەمکە، رەگی لە مێژوودایە و دەیەوێ ئەو غەدرە مێژوویە دەرحەق بە گەلی کورد، سەرڕاست بکاتەوە. ئەوەی زەرەمسقاڵێک شارەزای مێژوو بێت، دەزانێ کە کوردستان لە شەڕی چاڵدێرانەوە کرا بە دوو پارچەوە لە نێوان ئیمپراتۆری سەفەوی و عوسمانی و لە پەیمانی قەسری شیریندا ئەم دابەش کردنە بوو بە ئەمری واقیع. دواتر و لە دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، کوردستان بوو بە چوار بەش و بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکرا!!! لەو کاتەوە تا ئێستا هەم لە لایەن زلهێزە جیهانییەکان و هەمیش لە لایەن داگیرکەرانەوە هەوڵ دراوە و دەدرێت کە ئەم دابەش کردنە بکەنە باوەڕ و باس کردنی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی یەکپارچە، بکەنە خەونێکی بەدی نەهاتوو و یان بەقەوڵ، بیکەنە خەونێکی شاعێرانە!! لەم ناوەدا خەتی کلاسیک کورد گەورەترین خزمەتی بەم ئامانجە کردوە. بە دامەزراندنی پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێراق و دواتر حزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە لە کۆنگرەی ٣ی خۆیدا پاشگری ئێرانی لکاند بە خۆیەوە، ئەم دابەشکارییە لە لایەن خەتی کلاسیکی کوردەوە ئەرێ کرا و تا ئێستاش درێژەی هەیە. 
ئەمانە و دواتر ئەو کەسانەش کە سەردەمانێک دەیانگوت باس کردنی نەتەوە و کوردایەتی شەرەمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی و ئێستا خەریکی کێبەرکێی کوردایەتین، لەوە تێگەیشتوون کە سنوورە دەستکردەکان نەیانتوانیوە دابەش کردنی کوردستان بکەنە باوەڕ لە لای گەلی کورد، لە ئێستادا دەیانەوێ سواری شەپۆلەکە ببن. ئەمجارە بە شێواندنی ئەو دیسکۆرس و چەمکانە کە بۆ سارێژکردنەوە برینەکانی جەستە کوردستان خولقێندراون، درێژە بە هەمان سیاسەتی ئێرانچییەتی بدەن و خزمەت بە سیاسەتەکانی داگیرکەران بکەن. ئەگەر پێشتر دەیانگوت کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا، ئێستا دەڵێن کوردستانی رۆژهەڵات و .... ئەمە مانای وایە کە ئەوان بوونەتە پاسەوان و پارێزەری پەیمانی قەسری شیرین و سایکس-پیکۆ و لۆزان و ...هتد. ئەگەر پێشتر سوارچاکی داگیرکەران بوون، ئێستا بەشێوازێکی ئەمرۆیی خزمەت بە هەمان ئامانج دەکەن. ئەمانە پاشماوی چینی سەردەستی گەلی کوردن کە بەدرێژایی مێژوو لە خزمەتی داگیرکەراندا بوونە و هەروەک چۆن لە سەردەمی باوباپیرانیاندا خەریکی دابەش کردنی گوندەکان و شارەکان بوون، لە ئێستاشدا پارچەگەرایی بە گارانتی گەیشتن بە هەمان ئامانجی دەرەبەگایەتی و فیۆداڵی خۆیان دەزانن. ئەمانە هەڵگری هەمان خواستی باوباپیرانی خۆیانن. ئەوان بە کەواو و پانتۆڵی لۆکاڵی، بەڵام ئەمان بە کەراوەت و کۆت شەڵوار و قسەی زلە زلەوە. 
لۆژیکی پارێزوانانی ئامانجەکانی داگیرکەران، لە قوتوی هیچ عەتارێکدا دەست ناکەوێت. وەکوو ئەوە وایە خەڵکی هولەند بڵێن، هولەندی رۆژهەڵات، باکوور، باشوور و رۆژئاوا!!! ئەمە لە کاتێکدایە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای هولەندە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە