سوشیانەتەکانی وڵاتی رۆژ

Sunday, 09/01/2022, 23:19

2478 بینراوە


لە مێژووی پڕ سەیرووسەمەری رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر جار رووداوگەلێک دێتە ئاراوە کە بە بارتەقای کۆنە حیزبێکی پەسیو کاریگەریی لە سەر دیرۆکێک دادەنێ کە بە هەموو توانای خۆی ئەو حیزبە نەیتوانیوە جێ پێی لە سەررێگوزەری زەمان دیاربکا.لێرەداباس لە تاکێکە کە باس لە نەتەوەیەک دەکا کە ئیزنی پێ نادرێ بە زمانی دایکیی خۆی بنووسێ وبخوێنيتەووە.هیچ باڵندەیەک بە زمانی باڵندەیەکی دیکە ناخوێنێ.لە دەستپێکی هەزارەی سێداکەم نەتەوە هەیە وەکی کوردیی لێ قەومابێ.لەلایک فارسە!لە لایەکی دیکەو وێنەیە تورک و عەڕەب حیسابی بۆکراوە!ئەو تڕاژیدیایانەش بە بێ ئەوەی پرسی پێ بکرێ بەسەریدا سەپاوە!
ئەوەی کە نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان زمانەکەی زنجیرکراوە وبە قفڵێکی رەمزدارگرێدراوە هەرهەمووی خەتای داگیرکار نییە.لەو بەشە لە وڵات حیزب وسەرکردەی دەمڕآست وخاوەن مێژووی لێ دەژی.یەکێک لە داخوازیەکانیان لە دەسەڵاتدارانی ناوەندی هەردەم ئەوە بووە کە پرسی زمانی کوردی دەبێ چارەسەر بکرێ وکورد ئازاد بێ لەو بەشە لە وڵات پەرە بە زمانەکەی خۆی بدا.بەڵام گرینگ داخوازیی نییە،گرینگ ئەوەیەچۆن و بە کام رێبازی سیاسیی ئەو ئەرکە بگاتە ئامانج؟تا ئیڕە ئەو حیزبانەی کە داوای ئەو مافە دەکەن وەها شڕوپارچە پارچە بون کە بە ناچآریی ژیانی کەمپنشینیان لە باشووڕی کوردستان بەسەردا سەپاوە.

زارا محەممەدی کێیە؟

کچە کوردێکی خاوەن هەست وبوێڕە کە داوای سەرەتاییترین ماف دەکا،ئەویش کە پێی رەوانابینرێ!ئەو خاتوونە لە شآری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بەو خەباتە کردوە ولێی پاشگەز نابێتەوە. بەداخەوە لە چەند رۆژی رابوردوو راپێچی زیندان کراوە تا بەو شێوەیە بێ دەنگی بکەن.خەبات وچآلاکیی ئەو خاتوونە لەو سەردەمەدا بەبارتەقای تەواوی ئەو حیزب وسازمانانە گرینگیی هەیە  کە خۆیان بە نوێنەریی خەڵك دەزانن لەو بەشە لە وڵات.
زارا،وێنەی فریشتەیەکی رزگاریدەردێتە بەرچاوم کە بە زمانی نەتەوەیەک دەدوێ کە دونیای بێکاریگەریی تەواوی حیزبەکانی ئەو بەشە لە وڵات نەیانتوانیوە هەستی پێبکەن.پێویست ناکا مرۆڤی کورد خزم ویان دۆست یان ئاشنای زارا بێ.ئەوەی کە جێگای سرنجە ئەوەیە کە حیزبەکانی ئەو بەشە لە خاکی کوردستان هیچكات نەیانتوانیوە ئەو ترسە مێژووییەی کە سەدان ساڵە جەستەی ژیانی کوردیی داپۆشیوە بڕەوێننەووە.بۆیە هیچ دەسەڵاتێكی ناوەندیی حیسابیان بۆ ناکا.ئەو خەباتەی کە زاراو زاراکان وەئەستۆی خۆیان گرتووە ترسێکی دیرۆکیی دەخاتە تان وپۆی سیاسەتێك کە نەیار ترسی لێ بنێشێ.
بەو هۆیەشە کە زاراکان نێووئاخنی زیندان دەکرێن.ئایا زیندانی کردنی وەها تێکۆشەرێک دەتوانێ کاریگەریی هەبێ لە سەر تێکۆشآنی ئەو مرۆڤە؟داهاتووی رۆژگار جوابی ئەو پەسیارە دەداتەوە.
نەتەوەیەک کە لەسەر پرسێكی ئاوا گرینگ بێ دەنگیی هەڵبژێرێ وبە چەند دێرە هۆنراوەیەک پێشووازیی لەو هەستە بکادرنگ دەگاتە ئەو مەبەستەی کە مێژوو بۆی دیاری کردوە.لە ناوخۆی وڵات زارای بوێڕهەر ئەوەندەی لە دەست هاتووە کە پێنج ساڵ لە شیرینترین رۆژەکانی ژیانی خۆی بۆ نەتەوەیەک تەرخان بکا کە باوەڕی پێی هەیە.
دوای راپێچ کردنی زارا ،نۆرەی کەسانێكی دیکەش دەگا کە باس لە زمانی نەتەوەکەیان بکەن.لە تاراوگە کوردێکی زۆریی لێ دەژی.هەر نەبێ دەبوایە ئەو رۆژەی کە زارا دەبرێتە زیندان لە شاری سنە،دەربڕنی نارەزایەتی دەستی پێکردبایە.زارا بەتەنیا بەند نەکراوە،دەخوازن لە کەسایەتی ئەودا زمانەکەشی بەند بکەن.زارا،نوێنەریی سووشیانتەکانی وڵاتی رۆژە کە وێنەی رزگاریدەرێک بە ئەژماردێ کە لە پەڕتووکی پیرۆزی ئاوێستادا بە روونی باسی لێکرداوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە