یەکڕیزی پارتی و یەکێتی هەنگاوێک بڕی نەکرد

Monday, 01.10.2022, 0:05

892 بینراوە


ساڵی ٢٠٢٢ عێراق دەکەوێتە دۆخێکی نوێوە، دۆخێک کە لەهەموکات زیاتر چاوەڕێی ئاڵۆزبوونی سیاسی‌و سەربازی لێدەکرێت، کشانەوەی هاوپەیمانان لەعێراق و سیناریۆو ئەجێندای بەرەی ئێرانی و تورکی ، دابەشبوونی کوردو شیعەو سوننە بەسەر بەرەی ئێرانی و تورکی  بە ئەگەری زۆرەوە نەک کێشەو ئاڵنگارییەکان چارەسەر نابێت ،ئەگەری ئاڵۆزتریشی لێ دەکرێت ، هەڵبژاردنی تشرینی یەکەی 2021 هاوکێشەی هێزی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا گۆری و ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەعێراقدا لەبەرژەوەندی بەرەی ئەمریکادایە و بەرەی ئێران بەهۆی نەمانی قاسم سولەیمانی لە پاشەکشەدایە ، بۆ یەکەمین جار ئەم هەڵبژاردنە حەشدی شەعبی و گروپەکانی توشی شکستێکی گەورە کرد و لە ٤٨ کورسییەوە دابەزین بۆ ١٧ کورسی ، لەبەرامبەریشدا کوتلەی سەدرییەکان توانیان سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەن و زیاتر لە ٧٠ کورسی یان بەدەست هێنا ، بەرەی ئەمریکاو بەرەی ئیران سیناریۆی خۆیان هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لە عێراق ، بەڵام هەردوو لا (ئەمریکاو ئێران ) ڕێکەوتون لەسەر ئەوەی کەسێکی بێلایەن پۆستی سەرۆکوەزیرانی عیراق بەدەست بهێنێت ،هەرچەندە بەپێی عورفی سیاسی لە عێراق پۆستی سەرۆک وەزیران پشکی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیە ، بەڵام سەدر ترسی هەیە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران. 
هەموو ڕێکەوتنێکی نێوان پارتی و یەکێتی لە عێراق بە ناوی یەکڕیزی کوردو  مەسەلەی خاک و دۆزی نەتەوایەتی و مافی مرۆڤ و سیاسەتی تەوافوق و تەوازون وشەراکەتی ڕاستەقینە قسەی قۆڕن و کورد هیچ سودێکی لەو ڕێکەوتنانە نەبینیووە کە پارتی و یەکێتی لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئەنجامی ئەدەن ، لەدوای ٢٠٠٣ وە پارتی و یەکێتی دۆخێکیان خولقاندووە  کەهەرگیز بیر نەک لە دەوڵەتی کوردی و جیابونەوە لە عێراق نەکەینەوە بەڵکو توف لە کوردبوونی خۆیشمان بکەینەوە  ، ئەمڕۆ بینەری دیمەنەکانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بوین و لە گۆشەیەکی ئەم دیمەنانەوە گوێبیستی لێکترازانی شاندە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی بووین کە هەنگاوێک بڕی نەکردو شاندی یەکێتی هۆڵی پەرلەمانیان بەجێهێشت و  دەنگیان نەدا بە بەربژێرەکەی پارتی بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ، پارتی و یەکێتی بەسەر دوو بەرەكەی شیعەدا دابەش بوون، پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدرو سوننەکان،  یەكێتیش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، هۆکاری لێکترازان و هەڵوەشاندەوەی شاندە هاوبەشەکەی  پارتی و یەکێتی زیاتر دەگەرێتەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنە ژێر بەژێرانەی پارتی کە لە پشتی یەکێتییەوە لەگەڵ حەلبووسی خەمیس خەنجەر واژۆی کردووەو یەکێتی ئاگادار نەبووە .

کێشە گەورەکەی نێوان یەکێتی و پارتی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقە کە لەدوای وەفاتی تاڵەبانییەوە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتییە و پارتی لە هەموو هەلبژاردنێکدا بەربژێری ڕکابەری بۆ هەر یەک لە ( فواد حوسێن و دکتۆر بەرهەم ساڵح ) هەبووە ،  هەموو خولێکی نوێی هەڵبژاردن پارتی لە مانۆڕی سیاسی و ڕێکەوتنی ژێر بەژێری لەگەڵ بەرەی سونی و شیعی لەهەوڵی ئەوەدایە کە ئەو پۆستە لەدەستی یەکێی دەربهێنێت وەیان فشار دەکاتە سەر یەکێتی کە کاندیدێکی نزیک لەخۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکات ، ئەم پۆستە لای ئێرانیەکانیش جێگەی بایەخدانە و بە ئاشکرا بە پارتیان ڕاگەیاندووە کە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی یەکێتی یە ، سەرۆککۆماری عێراق  بێدەسەڵاتترین دەسەڵاتدارە لە سیستمی حوکومڕانیی عیراقی دوای بەعسدا، ئاشکرایە پارتی و سەرۆکی پارتی ئەگەر بیانزانیایە پۆستی سەرۆککۆمار لە عێراقدا باشییەکی هەیە هەرگیز ڕازی نەدەبوون  ئەو پۆستە بەر یەکێتێکان کەوێت !!  دواجاریش هەمیشە پارتی لە بەغداد ریسکی یەکڕیزی کردووەتەوە بە خوری وهیچ یەکڕیزییەکی پارتی وا  دەرنەچووە کە بانگەشەی بۆ کردووە .   
لەلایەکی تر ئێران بە جدیی ھاتووەتە سەر خەت و نیگەرانە لە لێکترازانی نیوماڵی شیعەکان و هۆشداریان داوەتە سەدرییەکان و بەتایبەت پارتی و یەکێتی یان ئاگادارکردووەتەوە لە ئەگەری ڕێکەوتن و پێکهێنانی کوتلەی زۆرینە دژ بە لایەنێکی تر ، ئەوەی لای بەرەی ئێرانی لە عێراق گرنگە  یەکڕیزی نێوماڵی شیعەیە ، هەموو ئیمکانی سیاسی و سەربازی و ئەمنی دیپلۆماسی بەرەی ئێران بۆ مانەوەی شیعەی عێراقە وەك یەك سیناریۆو ستراتیجی ئێرانی ،هەر ململانییەکی نێوماڵی شیعی لە عیراق مانای ئەوە نییە کە لە چوارچێوەی سیاسەت و هێڵە ستراتیژییەکەی بەرەی ئێرانی هاتبێتنە دەر ، هیچکات سەدر وەك سیاسیەکی سەرکێش نە دەیەوێت و نەدەشتوانێت لەو هێڵە بێتەدەر کە بەرەی ئێران کاری لەسەر دەکات ،گۆڕینی دەموچاوەکان مالیکی بە جەعفەری یان حەیدەری یانیش کازمی گرنگ نییە .