ئاگاداربن مەبنە کاڵای بزنسە مەترسیدارەکەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی

Monday, 10/01/2022, 0:09

3507 بینراوە


موسا سیوەیلی 

مایکڵ ڕۆبن نووسەری ئەمریکی و راوێژکاری پێشووی ئیدارەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوین دەڵێت: "حکومەتەى مەسرور بارزانی   باجى لەسەر شانى خەڵک بەڕێژەى 300% زیادکردوە، بەجۆرێک  لە وڵاتێکى وەکو سویسرا زیاترە، لە کاتێکدا خزمەتگوزارییەکانیش وەکو سۆماڵە.
  سەرمایەى مرۆیى بەتەواوى تووشی داهێزران بووە لەلایەن حیزبەوە، دەسەڵات لەبەرژەوەندیدا  نییە دیموکراسى پەیڕەوبکات، ئەو دەسەڵاتە لەساتەکانی ئازارى کۆتاییدا  دەژی".  
 ئەی خەڵکی بەڕوومەتی کوردستانی باشوور!
 ئەو دوو بنەماڵە نەگریس و بۆگەنەی تاڵەبانی و بارزانی کە لەسەر قوربانییەکانی میللەتی بەشمەینەتی کوردستان کۆشکی ستەمی خۆیان هەڵچنی و باندە مافیاکانیان قەڵەوکرد و پەرە پێدا بۆ دزین و ڕاو و رووت و سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان، ئێستا گەشتوونەتە قۆناغێکی نوێی پڕ مەترسی لە بزنسەکانیان، ئەوان هەر بەوەوە نەوەستاون کە داهاتی نەوت بۆ خۆیان گل بدەنەوەو بینێرن بۆ بانکەکانی رۆژئاواو موڵك و ماڵ بكڕن و بانقەکان و خەزینەی حوکمەت ئیفلاس و پوچ بکەن، ئەوان رۆژانە داهاتی سەدەها ملیۆن دۆلاری خاڵە گومرگییەکان بەشیان ناکات و داهاتەکانی ناوخۆی هاتوچۆو تاپۆو باجەکان و داگیرکردنی هەموو سێکتەرەکانی هاوردەکردنی کاڵاکانی وەك ماشێن و جگەرەو دەرمان و ...تاد لە نێوان خۆیاندا بەش کردووە و هیچ حسابێکیان بۆ میللەت نەکردووە، هەموو کۆمپانیا گەورەکان و شارە مۆدێرن و نموونەییەکان هی ئەوانە، وەك چۆن نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا تاڵانفرۆش دەکەن کە چی بە دوو قاتی ئەو نرخەی بازاڕی جیهاندا وەکیل و قاچاخچییەکانی دەسەڵات بە هاوڵاتی داماوی بێ پارەی دەفرۆشن، ئێستا کەتوونەتە جۆرێکی تر لە بازرگانیکردن بەسەر خەڵکی ڕەش و ڕووتەوە، ئایا کەس لەخۆی پرسیووە لە چ دەوڵەتێکدا خەڵك دوو پارەی کارەبا دەدات (موەلیدەو کارەبای رەسمی)و کارەباشیان بە تەواویی نەبێت؟ تەسلیمکردنی کارەبا و ئاو بە کەرتی تایبەت واتا فرۆشتنی ئەو سێکتەرە بە پارەیەکی زۆر کە دەچێتە ناو  باخەڵی مەسئولە دزەکان و چەوساندنەوەی خەڵكی بێ موچە، کە %٧٥ی خەڵکی کوردستان هیچ موچەیەکیان نییە، ئەو ئاوە پیسەی بە چەند رۆژێك چەند سەعاتێك دەدرێت بە ماڵان پارەیەکی خەیاڵی لە بەرامبەردا وەردەگیرێت و ئەویش دەچێتە گیرفانی مەسئولە جەردەکان تا لەشەوە سوورەکانیاندا بەملیۆنەها دۆلار بدەنە ژنە مۆدیل و سەماکەرە بیانییەکان. 
نازانم چۆن خەڵك ئەو شەقاوەیەتییە لەو قەزەمانە قبوڵ دەکات لە کاتێکدا سوپاکەی سەدامیان تێکشکاند؟ ئەم مافیایانە لە زمانی دیموکراتی و شێوازی ئاشتیخوازانەو دیالۆگ تێناگەن، دەبێت بە هێزی میللەت کۆتایی بە ستەمیان بهێنرێت و ڕادەستی دادگا بکرێن لەسەر وردو درشتی تاوان و خیانەتە زۆرو زەبەندەکانیان.
٣٠ ساڵە میللەتی کورد لە باشوور بووەتە قوربانی هەڵسوکەوتە مافیاییەکانی ئەو دوو بنەماڵە قێزەونە و مەسینە هەڵگرەکانیان و زوڕناژەنەکانیان، ئایا ئەو خەڵکە بەشمەینەتە شایستەی ئەوەن ئاوهایان بەرامبەر بکرێت کە سەدامیش ئاوهای بەرامبەر کورد نەکردووە! 
رەنگە باوەڕ نەکەن تەنانەت هەوای کوردستانیشیان فرۆشتووە، هەر فڕۆکەیەك بەسەر ئاسمانی کوردستاندا بڕوات ٢٠٠ دۆلار دەدات بەو دەسەڵاتە مافایییە.. جا ئیتر با خەڵك هەر بڵێت (دەست بە کڵاوەکەی خۆتەوە بگرە با نەیبات)، ئەوانە کەرامەت و هەڵوێستی خەڵك وەکو ژمارەیەکی زۆر بێ بایەخ تەماشا دەکەن لە حساباتەکانیاندا، بۆیە ئێستا ئەو خەڵکە و پێداویستیەکانیان وەکو مادەیەکی بازرگانی مامەڵە پێوەدەکەن و  هیچ ئەرزشێکیان بۆ دانەناون، بچوکترین نموونە ئەوە بوو کە ٥ رۆژ لەسەریەك کارەبای نیشتیمانی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بێ پچڕان درا بە هاوڵاتیان کەچی دوای ئەوە بە درۆو بیانوی ئەوەی چاکردنەوە لە هێلەکانی گازدا دەکەن وەکو پێشویان لێکردەوەو کارەبا دەستی بڕان کردەوە، کەواتە ئەوانە لە روانگەی بەرپرسیارێتی و حوکمەتداریەوە کارناکەن، تا پێداویستییە سەرەکیەکان بۆ میللەت دابین بکەن، کە لەسەر ئەستۆی هەر حوکمەتێکە کە بۆ میللەتی  دابین بکات، بەڵکو نامرۆڤایەتی و بێ ئەخلاقییان گەشتوەتە ڕادەیەك کە دزی لە گیرفانی هەتییو بێوەژن و پیروپەککەوتە دەکەن لەبری ئەوەی بەخێویان بکەن، دەك بە نەفرەت بن بێ شەرمەکان ئەوانەی دەست لەسەرسنگن بۆ ئاغاکانی ئیران و جەندرمەکانی تورکیا تاڕۆڵەی کوردیان تەسلیم بکەن و لەسێدارەیان بدەن، 
نازانم غیرەت و جەسارەت چی لێ بەسەرهاتووە؟ مرۆڤ هەر یەك جار دەژی، جا ئەو ژیانە گەر بە کەرامەت و روومەت نەبێت چ بەهایەکی هەیە؟ ئەو دوو مافیایەی کە لەسەر زگی هاوڵاتیانی بێ دەسەڵات خۆیان کردووەتە شێر کەچی لە دەوڵەتان و سیاسەتی جیهانیدا حسابی ڕێوی گەڕیشیان بۆ ناکرێت و هیچ ئەرزشێکیان نییە، تکایە ئەی هاوڵاتی بەشەرەف ئەوانە مەکەنە مڵۆزم بەسەر خۆتانەوە، ئەوانە دژە کوردن و پێویستە بە پەڕۆیەکی بۆگەن فڕێبان بدەنە ناو زبڵدانی مێژوو و مافیا تاوانبارەکانی جیهان و مرۆڤایەتییەوە، مانگرتنی سەراسەری رابگەیەنن و بەرژەوەندی ئەو دوو بنەماڵە تێکبشکێنن، گوێڕاڵی یاسا قەرەقوشیەکانیان مەبن، ئەو زیندانکراوە بێ تاوانانە بە زەبری هێز بەڕەڵڵا بکەن و لە جێی ئەواندا سەرانی بارزانی و تاڵەبانی  تێدا زیندانیی بکەن، هەر وەك چۆن سەدام لەوشوێنەدا لەسێدارە درا کە خۆی دروستی کردبوو بۆ نەیارەکانی.  
گوێ لە زاك کۆپلنی رۆژنامەنووسی ئەمریکی بگرن کە  بە مەسرور بارزانی دەڵێ: 'بەرازێکی مێبازە'! لە گوتاری (دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی... پاشماوەی گەندەڵی لەعێراقەوە بۆ ویلایەتی میامی) نووسیویەتی:
"بارزانییەكان موڵك‌و ماڵی نهێنی پێویستیان هەیە، كە كۆشك لە كالیفۆرنیا‌و ڤێرجینیا لەخۆدەگرێت‌و تائێستا چوارجار لەكاتی شاردنەوەی پارەكانیاندا لە ئەمریكا دەستگیركراون، ئەوان پارەكانیان لە ئەمریكا دەشارنەوە، ئەم خێزانە تەنیا بۆ ئەو چوار موڵكە زیاتر لە (75 ملیۆن) دۆلاریان داوە، رەنگە ئەمە تەنیا بەشێكی بچوكی سەروەتە نهێنییەكانی بنەماڵەی بارزانی بێت لە ئەمریكا".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە