ئەگەر نيشتيمان و زمان و مرۆڤ نەبێ، ئاینیش نابێت

Wednesday, 12/01/2022, 1:53

10001 بینراوە


نيشتيمان و زمان و مرۆڤ گرنگترن له ئایین


 کتێبی" ئیلاهییات"م خوێندەوە، ئەو کتێبەی کە گەشتێکی بەناو مێژوویەکدا پێکردم، هەستم کرد خوێن چەند جارێک لە نوێژی بردووم، هێنامی و بردمی بەناو کۆمەڵێک ڕووداودا، کە ئاین تێیدا بۆتە سەرەخۆرە و مەیدانێک بۆ شەڕ و کوشتار و لەخاچدان و سەربڕین لەگەڵ تیرۆر لە ماڵی خوادادا و بەناوی خوداوە....
کە باس لە ٣٣ قوتابخانە، یان چاکترە بڵێم ڕێبازی ئاینی دەکات لە "سەبەئیزم تاجامیزم" ڕاوی ٣٥٩ کتێبی کردۆتە سەرچاوە و بە وردەکارییەوە لە جێگاکاندا وەک دەڵێن بە"دۆکۆمێنت " یان بەڵگەوە هەموو چیرۆکەکانی نووسیوە تەوە و پاشان بۆچوونی خۆشی لەسەر ڕووداوەکان و چێرۆکەکان  دەربڕیوە، ئەوەی بۆ من کە زۆر جێگەی سەرنج بوو هیچ لایەنگیرییەکی بۆ یەکێک لەو ڕێبازانە  تێدا نەبوو، بەڵکو وەک بێلایەنێک و هزرێکی پڕ لە ڕۆشبیری ئەم بەرهەمەی هەڵچنیوە. 
 ئەوەی جێگەی تێڕامان بوو ئەو عەرەبیە چاکەی کە ڕاوی دەیزانێت و ئەم کتێبە کوردییەی لێبەرهەم هاتووە، پڕ و لێوڕێژە لە زانیاری نەبیسراو بۆ کوردێک، کە عەرەبی نەزانێت وەک من کە عەرەبی نازانم و دەشمەوێت تێبگەم بۆچی ئێوەی نمایندەی خوا تەنها مافی لاسایکردنەوەمان هەیە، یان پێ ڕەوا دەبینن لە نوێژو نزاکاندا.. ! ؟
 تەنانەت مەلاکان نەیان شاردۆتەوە، کە سڵاو بەیانی باش و ئیوارەو شەوباش بێمانایە و ئیمە دەبێت وەک عەرەب سڵاو لەیەکتری بکەین.
 ئێستا مرۆڤ دەتوانێت لە ڕوانینی کەسایەتیەکی وەک "مەلا کرێکار" ورد بێتەوە، کە پرسیارێکی لێدەکەن داخۆ کەسێک پەیدا بووە بەناوی" یونس ڕاوی" دەڵێت: ڕۆژووگرتن فەرز نییە ؟ 
 ئێمە نازانین داخۆ مەلا کرێکار خۆی پرسیارەکان دروست دەکات، یان بەڕاستی پرسیاری لێدەکەن؟
 مەلاکرێکار خۆی کردۆتە مەرجەع، یان کردویانەتە مەرجەعی ئاین. 
 مەلاکرێکار لە وەڵامدا دەڵێت: بابە گیان ئەوە کەسە هەرعەرەبی نازانێت... پاشان دەڵێت: ڕەگی ملی خۆی و بامێ لە یەک جیاناکاتەوە، بێئەقڵی وا.
 من کە کتێبی ئیلاهییاتم خوێندەوە لەبەردەم ئەو هەڵوێستە و فڕێدانی ووشەیەکی وا بازاڕی مەلا کرێکار، یان لەمەلایەکی ریش درێژ، کە پشتەوەی پڕکردوە لە کتێبی عەرەبی هەستم کرد چەند گوناحە ئەم شێوەیە لە قسەفڕێدان .
گەورەترین گرفتی مامۆستایانی ئاینی لەوەدایە، کە ئەوان لە مینبەرێکەوە، یان لەناو ئەم دنیا پێشکەوتوەدا هەر قسە دەکەن لە پشتی خۆیانەوە کتێبخانەیەکیان داناوە و نەسیحەتی خەڵک دەکەن و چیرۆکی پڕ لە سەمەرەی خەیاڵی دەگێڕنەوە. ئەم مەلایانە گوێناگرن و گفتوگۆناکەن تەنیا قسەدەکەن و دەبێت خەڵکیی گوێیان لێبگرن و رەخنە نەگرن و بیرنەکەنەوە.
 لە کاتێکیشدا خۆیان گومانیان لە خۆیان هەیە و کە بە قسەکردن و گفتوگۆ بە بەرامبەرەکەیان ناوێرن و ڕاستەوخۆ هەڵدەچن، دەستدەکەن بەشکاندن و بوختان هەڵبەستن و بەرامبەر بە نەزان دادەنێن و لەهەمووی کۆمێدیاتر تۆمەتی ئەوەی دەدەنە پاڵ، کە بەیەقینەوە دەڵێن ئەو کەسە لەعەرەبی حاڵی نابێت، یان دەڵێن کتێبت بۆ هێناوە ئێمە لە منداڵیمان ئەو کتێبانەمان خوێندۆتەوە، ماڵەکەمان پڕە لە کتێبی لەو چەشنە .
 "یونس ڕاوی"، یان کە لە جێگەیەک دۆزیمەوە کە ناوی " یونس محەمەد"ــە، بەڵام ڕاوی لەکوێوە هاتووە؟ ئەمە بۆ من وەک هێمنی موکریان لە کوێوە بۆ کوێ دەڵێت: (من بەرهەمی هەرکەسێک بخوێنمەوە حەز دەکەم بزانم کێ یە؟)

 یونس راوی، یان یونس محەمەد کێیە و لە کوێ و چۆن ژیاوە ؟ 

 منیش لە مێژە ئارەزووی ئەوەدەکەم بزانم نووسەر کێییە ؟
 بە تایبەتی من کەمترین بەرهەمی نووسەری کورد دەخوێنمەوە بەتایبەتی ئەم نووسەرانەی کە لە ژیاندان، بەڵام ڕاوی جودایە و بۆ من جودا بوو، بۆیە زۆر مەراقم بوو، کە بزانم ئەم ڕاویە لەکوێوە هاتووە؟
کوڕێکی پورم هەیە ئێستا لە ئەمەریکا دەژی و لە بەغداد گەورە بووە و ماوەیەکی زۆریش لەو چیایە پێکەوە پێشمەرگەبووین، کاتێک پێم ووت خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکم بە ناوی "ئیلاهییات" نووسەرەکەی ناوی کاک "یونس ڕاوی "یە، یەکسەر پرسی: عەرەبە ؟ 
ووتم: نا کوردە و خەڵکی شاری هەولێرە، ئەگەر بەهەڵەدا نەچووبم، پورزاکەم ووتی : ڕاوییەکان عەشیرەتێکن لای شاری ئەنبار.
هێندەی تر ئارەزووم کرد بزانم (ڕاوی) لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە ؟ بۆیە لە ویکپێدیا بە فارسی زانیم کە لە ئیسلامدا حیکایەتخوان پێی دەڵێن: ڕاوی.
راوی: کسی است که قصه می‌گوید.
 دەگەڕێمەوە بۆلای کتێبی ئیلاهییات، پێشەکی کتێبەکە دەتباتە ناو کۆمەڵێک خواست و پرسیارگەلێک، کە نووسەر چەندە بڕوای بەخۆیەتی و دەشزانێت ئێستا ئەم کتێبە ئەگەر لە ئیستادا کارێکی پێئەنجام نادرێت بەڵام دەڵێت :
" لەڕێگەی ئەم کتێبەوە دەمەوێت تۆوی فرەیی بچێنم لەم نیشتمانەدا، ئەگەرچی دەشزانم من بەرهەمەکەی نابینم، بەڵام دڵنیام نەوەکانی داهاتوو دەیبینن".

 سێ ڕەهەند زۆر گرنگە لەم کتێبەدا:

1- مرۆڤدۆستی 
2- زانستدۆستی 
3- عەقڵدۆستی 
هەربۆیە پێمان دەڵێت:  برای ڕیشدار "حەقیقەت تەنها لای تۆ نییە، ئەوانی تریش وەک تۆ بەشێک لە حەقیقەتیان لایە".
لای ڕاوی پارێزگاری لە ئاین وەک پێویستیەکی سۆسیۆلۆژی و داواکاریەکی ڕۆحانی وایە.
 لە دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە بەکۆمەڵێک بابەتی نوێ ئاشنا دەبیت، کە بۆمن زۆر تازە و سەرنجڕاکێش بوو، لەوانە عەلی کوری ئەبو تاڵیب، من وام دەزانی تەنیا دوو کوڕی هەبووە. "حەسەن و حسێن " چیرۆکی کوژران و مەرگی کوڕەکانی و کوژرانی خۆی زۆر شتمان پێدەڵێت. لە پڕێکدا دەکەوین بەسەر چیرۆکێکی تردا، کە عەلی ئەبو تالیب کوڕی سێیەمیشی هەیە بە ناوی محەمەد و بڕوادارانی شیعیزم ئەویان بە (محەمەد مەهدی) ناساندوە و ڕۆژێک درەنگ یان زوو کە ئەم سەرزەمینە پڕی دەبێت لە ئاشوب و داڕزان، ئیتر محەمەد مەهدی دەگەڕێتەوە سەرزەوی ، ئەویش وەک عیسا خوا هەڵی کێشاوە بۆ ئاسمان و دایناوە تا ڕۆژێک دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەرزەوی. پرسیارەکە لێرەدایە داخۆ محەمەد لەگەڵ عیسادا دەگەڕێنەوە یان بە جیا ؟
 شیعیزم نزیکی 500 ملێون شوینکەوتوی هەیە و ئەوان پێشوازی پەرەسەندنی عەقلانێتیان کردووە، بۆیە جارناجارێک ئیمامێکی شیعە کۆمەڵێک قسە فڕێ دەدات، کە پڕە لە هێرشکردنە سەر خورافیات و وروژاندنی ئەو ئەفسانەیە، کە خەڵکی لەسەر گۆشکراوە.
بیرمە یەکێک لەمەرجەعەکانی شیعە لە جێگەیەکدا دەڵێت:" من نامەوێ بچمە بەهەشت، چونکە ئەوێ جێگایەکە بۆ مرۆڤی تەمەڵ "لێرەوە هەست دەکەیت گومان چەنێک دەوری موسڵمانی هۆشمەندی داوە!
 ئیتر شیعە و سونە لەسەر بۆچوون و دەسەڵات دەکەونە ناو شەڕێکەوە بە ئێستاشەوە بەردەوامی هەیە، شەڕەکانیش هێندە خوێناوی بوون، هەست دەکەیت بەڕاستی خوا چۆن ڕێگەی داوە براکان دەستیان بچێتە خوێنی یەکتر!

شەڕی ناوخۆ

جەنگی وشترەکە:
٣٦ک ٦٥٦ز لە نێوان ئیمام عەلی و عائیشە لە بەسرە، کە ١٨٠٠٠ کەس لە هەردوولا کوژران و هەمووشیان موسڵمان بوون.
جەنگی سەفیین:
٣٧ک ٦٥٧ز لەنێوان ئیمامی عەلی و معاویە لە شاری ڕەقەی سووریا، کە ٥٠٠٠٠ لە هەردوولا کوژران و دوایش بە رێکەوتنی عەشایەری شەرەکە ڕاگیرا.
جەنگی نەهرەوان:
 لەنێوان ئیمام عەبدواڵای راسیبی لەنێوان شیعیزم و خەواریج ڕوویدا لە نزیکی بەغداد ٤٠٠٠ کوژرا و جەنگەکە بەسەرکەوتی ئیمام عەلی کۆتایی هات. 
هەر ئەمەش بوو، کە یەکێک لە خەواریجەکان ئیمام عەلی لە نوێژی بەیاندا لە ماڵی خوا دەکوژێت.
بەڕاستی شەڕی دەسەڵات هێندە چیرۆکی سەیرو سەمەرەی لەناو موسڵماناندا دروست کردوە هەر لە ژەهر دەرخواردانەوە تا تیرۆری جەستەیی و لەداردان و سەربڕین. 
قسەیەکی ئیمام حەسەن لەلام زۆر سەرنج ڕاکێش بوو، کە بەخەڵکی عێراقی دەڵێت : "خە ڵکی عێراق چاوەڕوانی حەقیان لێناکرێت، هەرگیز ئەوان کەمتەر خەم نین لە ناحەق ".
لەسەردەمی ئیمام حەسەندا خەریک بوو جەنگێکی تر بەرپابێت، بەڵام حەسەن تەنازول دەکات و دەسەڵات بۆ معاویە جێدەهێڵێت.
ئیتر لەوکاتەوە ، گوتاری نوێژی هەینی بۆتە واجب، سەمەرە لەوەدایە، کە هیچ کەسێک بۆی نییە لەکاتی گوتاری نوێژی هەینیدا پرسیار و ڕەخنەی هەبێت، لەکاتێکدا لەکاتی پەیامهێندا قسەو ڕەخنەو دایەلۆک هەبووە. 
کە دێتە سەرباسی سەلەفیزم دەڵێت:" هیچ بەڵگەیەکی سەرەکی بۆ عەقڵ و لۆژیک دانانێن" سەلەفیزم یەکێک لە توندڕەوترین ڕێبازەکان دادەنرێت لە مێژووی کلاسیکی ئیلاهییاتی ئیسلامدا". 
 بەلای منەوە ڕێبازی جەهمیزم زۆر سەرنج ڕاکێشە، گەرچی ڕێباز یان قوتابخانەکانی تر هەمووی جێگەی قسە لەسەرکردنە بەلان جەهمیزم کە لەسەردەمی خەلافەتی ئەمەوی لەشاری ترموود دروست بووە. 
ئەم ڕێبازە قسە لەسەر خودا دەکات و گومانی هەیە، کە قورئان قسەی خودابێت، دەڵێن:
" خودا لە ئەزەڵەوە هەر هەبووە لە چرکەساتەکانی پێش دروستبوونی کات خودا بەتاقی تەنیا هەبووە پاشان خەلق و خەلیقەت و تەواوی مەخلووقاتی ئافراندوە"
 ئەم ڕێبازە لە بەردەم ١٠ شیکردنەوە پرسیار قسەکردن ڕاتدەگرێت.

 ناو سیفەتەکانی خودا:

(خوا قسە ناکات)،
(خوا نابینرێت)،
(خودا لەئاراستەی سەرەوە نییە)،
(خودا لەهەمووان نزیکە)، (مرۆڤ سەرپشک نییە،"الجبر")،
(مەنزڵگەی ئیمان بەتەنها هەر دڵە)،
(سزاو پاداشتی گۆڕ بوونی نییە)،
(پردووتەرازوو بوونی نییە)،
(بەهەشت و دۆزەخ لەناو دەچن).

جەعد کوڕی دیرهەم ئەم ئیمامە لە خاچ دراوە، ژانی گەیاندە دڵم، کە بەڕەچەڵەک عەرەب نەبووە، بەڵام هەمیشە دژ بەخرافات وەستاوە بۆیە لە ڕۆژی جەژنی قورباندا خالید گووتاری جەژن دەخوێنێتەوە جەعد کوری دەیرهەم دەهێنێتە مزگەوتەکە و ڕوو لە خەڵک دەکات دەڵێت: ئێوە بڕۆن قوربانی خۆتان بکەن، ئەویش جەعد دەکاتە قوربانی و سەری دەبرێت، قاچەکانی لێدەکاتەوە و دەستی دەبرێت. جەعد کورێ دیرهەم دەڵێت : "
خودا ئیراهیمی بەدۆستی خۆی هەڵنەبژاردوە، خودا هەرگیز قسەی لەگەڵ موسا نەکردوە خودا لەوە بەرزترە کە جەعد باسی دەکات"
کە داوا لە جەعد دەکات ژوان بێتەوە لەقسەکردنی و تۆبە بکات لە وەلامدا جەعد دەڵێت: " ئێوە پێویستان بە تۆبە کردنە نەک من".
خالیدی دڵ نەرم کە دایکی هەر لەسەر دینی فەلا بووە، لە ماڵەکەیدا کەنیسەی بۆ درستکردبوو ڕووی جەعد دەکاتە قیبلە و لەچەشنی مەڕ سەری دەبڕێت....
دوای تەواوکردنی ئەم پەڕەگرافە کتێبەکەم دوو ڕۆژ دانا، ئەو دوو شەوە دەیان خەوی ئاڵۆزم دی... دوایی ماوەیەک نادیار، خەلیفە هیشام خالیدی جەعد سەربڕ تاوانباردەکات بە دزیی و لە نامەیەکدا پێی دەڵێت :
 "بزانە هەی کوڕی مەسیحییەکە ئەوەی تۆی بەرز کردەوە ئەویش نزمت دەکاتەوە".
 کە سەیری دەکەیت دەسەڵات لەهەموو سەردەمێکدا هەڵگری کامە ئایدیابێت هەمان ڕەفتار دەکەن.
 جەعد کوری دەیرهەم، بڕوای وایە کە قورئان دروستکراوە و قسەی خوا نیە، ئەو بڕوای بە قوربانیش نییە، کاتێکیش ڕوو لە خالید ئەلقیسری دەکات دەڵێت: خودا پاداشت بداتەوە و ئەم قوربانیەشت لێ قبوڵ بکات.
جەعد کوڕی دەیرهەم نازناوی"حیمار"ی لێدەنێن، لەوێدا کەسایەتی گوێدرێژ هێندە بەرز دەنرخێنێت دەڵێن، ئەوسیفەتەی کە گوێدرێژ هەیەتی لەم پیاوەدا هەبووە، وەک "ئارامی، کۆڵنەدان، قەناعەت، ئیشکەر، بەرگەگر، ئازایی، خۆبەکەم زانین...
پاشان دەڵێ حەلاجە و لە شێوەی حەلاجدا "انا حق" گیانی دەکێشن.
 شاری کوفە بەسرە و بەغداد لە عێراق مەیدانی دروستبوونی زۆری ئەم ڕێبازانەیە، من هەرگیز نەم زانیبوو، کە کوفە شارێکە مێژوویەکی ئاوا پڕ رووداوی هەیە، کە باسی کوفە بکرایە، چێمەنتۆم بیر دەهاتەوە، وابزانم کارگەیەکی چیمەنتۆی لێبوو، جاران کەچی مێژوویەکی زۆر شاراوە لە بەسرە و بەغداد و کوفە هەیە، کاتێکیش کە باسی ئاین دێتە پێشەوە ئێمە وادەزانی نەجەف و کەربەلا بۆ شیعە و مەکە و مەدینە بۆ موسڵمانان، چونکە چەقی ڕووداوەکان لەوێدا نەبوون، بەڵکو مەرقەدەکان لەوێن. 

 ڕێبازی حەشیشیزم 

 بەلای منەوە یەکێکە لە ڕێبازە ئاڵۆزەکان "حەسەن سەباح"، کە ڕابەری بووە، کەسایەتییەکی سەیری هەبووە، ئەو بڕوای بە تیرۆری جەستەیی هەبووە. کاک یونس راوی کۆمەڵێک ئاماژەی نازدارمان بۆ دەکات لە کار و چالاکی ئەم ڕێبازە لە ناویاندا دووجار هەوڵی کوشتنی سەلاحەدین دەدەن... کەسایەتییە دیارەکانی دوژمن لەناو ماڵی خۆیاندا تیرۆر دەکەن.
 ئێران هێشتا لەسەر ئەم ڕێبازە دەڕوات و دەیان مەلەفی هەیە لەدەرەوەی ئێران کە ئەنجامی داوە.
 جێگەی سەرنجە ڕاوی زۆرسەرچاوەی باسکردووە، کەچی باس لە چیرۆک و یاری و ڕۆمان و کتێب کردووە، بەڵام باسی کتێبەکەی "پۆلئەمیری" نەکردوە، زەبێحوڵای مەنسوری لەفەرەنسیەوە کردوویەتی بە فارسی و کتێبەکە حەمە حەمە سەعید کردوێتی بە کوردی، کە ڕۆمانێکە زۆر نایەبە و گەشتێکە لە مێژووی ئەو سەردەمە و عومەر خیام و حەسەن سەباح دووکارەکتەری ناو ڕۆمانەکەن. پاشان ئاماژەشی نەداوە بە یابانییەکان کە نینجەیان لەسەر هەمان تەرم دامەزراندوە.
ئەوەی من لەم کتێبەدا هەستم پێکرد، یونس ڕاوی گەنجێکی پڕ زانیاریە، ئەو ئیماندارێکە خۆی ووتەنی ئەگەر ئیمان دابەش بکات، بەشی هەمووان دەکات، دژی خرافیاتە و ئیخوان و سەلەفی بە ترسناک دەزانێت. ئاینی پێش ساڵی نەوەدەکانی پێ دینە، نەک ئەم هەموو سەلەفی ووتارخوێن و مزگەوت و قەرەباڵغییە.
ئاین دەبێت بە کوردی ممارەسە بکرێت، نوێژی کوردی، نزای کوردی، لای راوی سەردەمی بانگدان بەسەر چووە و پێویست نییە.
 ئەو ڕقی لەهیچ کەسێک نییە تەنانەت لە شەیتانیش، هەربەڕاستیش منیش ڕقم لەشەیتان نییە، بۆچی ڕقم لێبێت، چی لە من کردووە ؟
 خاڵێکی سەرنج ڕاکێش لەم کتێبەدا ئەوەبوو، کە فێری ئەوەبووم سۆفیزم هیچ پەیوەندی بەئیسلامەوە نییە، بەڵکو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زەردەشتی و هیندی و بودایی. هەر بۆخۆشی سۆڤیزم نە ڕێبازە، نە قوتابخانەیەکی فکری و دینی.
لەم کتێبەدا، کورد غایبە، تەنیا یەک دووجار باسی شیخ عەبدوقادری گەیلانی و سەلاحەدین کراوە مەبەستم لەناو ئەو ڕێبازانەدا غایبە.
 ئەو ساڵەی کە منیش لە بادینان بووم، پێش ئەنفالەکان گەشتێکمان بۆ پشتی زاخۆ کرد، دوایی فەوجێکی جاش پەیوەندییان پێوەکردین و هاتنە دەرەوە، لە ڕێگە بە گەلێکدا دەڕۆیشتین لای گەلی حەفتانین لە جێگەیەکەوە چیاکە لە ناو دۆڵەکەدا ببوو بەدووکەرتەوە، هاوڕێیەکی خەڵکی ناوچەکەمان لەگەڵدا بوو، خەڵی گوندی شالانش، ووتی: کە لەشکری ئیسلام هاتن  لەوکاتەدا کورد زۆر بەرگریکرد، بەڵام یەکێک لە ڕابەرە ئیسلامێکان بەشمشێر چیاکەی لەت کرد.
 لەوکاتەدا من زۆر پێکەنیم "سامان" کە گەنجێکی کەرکوکی بوو لە گەڵمان ووتی: "گراندایزەرە" ئەو جێگەیە ناوی" بەری بڕی بوو" واتە بەردی بڕاو.
خۆزگە کاک "یونس راوی" بە بەرهەمێک هاتنی ئیسلامی بۆ کوردستان دەکردە پڕۆژەیەک تا لەو پاشاگەردانییە ڕزگارمان دەبوو.
ساڵی ١٩٨٥ لەدۆڵی شەهیدان بووم، من سەرەتا زۆردڵم خۆش بوو بەناوەکەی "دۆڵی شەهیدان" دوایی بۆم دەرکەوت مەبەست لە شەهیدەکان لەشکری ئیسلامن و ئەوانەی بەردباران دەکرێن ئەو کوردانەبوون کە بەرگریان لە نیشتمان کردووە.
 دوایی ڕاوی دەڵێت: ئێمە دەبێت فێربین، کە ڕق بۆ نەرموو نیانی بگۆڕین، دژایەتی بۆ پێکەوە ژیان، نەخوێندەواری بۆ خوێندەواری، نازانستی بۆ زانست، ناعەقلانی بۆ ئەقلانی.
 هەر بەڕاستی شانازی دەکەم، کە ئەم مرۆڤە کوردە ئەم بیرمەندە گەنجە عارفێکی هیندی یۆگا یی بیر هێنامەوە "پاتانجالی " کە لە تەمەنێکی کەمدا حیکمەتەکانی یۆگای نووسیوە. ڕاویش کەسایەتیەکە ئێمە دەبێت شانازی پێوە بکەین. 
 لە دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە، ئیتر پێویست بەوە نابێت، بۆ نزاکردن ڕوو لەئاسمان بکەیت چونکە جارێک ئیمامی عەلی دوای نوێژ نزا دەکات، یەکێک لە قوتابێکانی پێی دەڵێت: ئیمام تۆ ناڵێی خوا لە هەمووجێگەیەکە بۆ ڕوو لە ئاسمان دەکەیت؟
 ڕاوی دەڵێت: بەهەشت باخچەیەکی زۆر زۆر گەورە و فراوانە، خودا پێش دروستکردنی ئادەم و حەوا دروستی کرد، پاشان بۆ ماوەیەکی کورت ئەو دوو کەسایەتییە تیایدا ژیان، پاشان سێوێکیان خوارد لە درەختە حەرامکراوەکە، بۆیە خودا دەری کردن لە بەهەشت و ڕەوانەی سەر زەوی کردن. 
ماتوریدیزم دەڵێت : "زۆر کەس لەسەر شوێنی بەهەشت دواون، بەڵام کەسیش نەیتوانیوە بە بەڵگەی عەقڵی، بوونی بەهەشت بسەلمێنێت، ڕێبازی سەلەفیزم دەڵێن: " بەهەشت لە ئاسمانە! 
بەڵام دەپرسین کام ئاسمان؟ ئاخر ئاسمان سنوری نییە، پاشان شتێک نییە ناوی ئاسمان بێت، ئەوەی هەیە بۆشاییە لەگەڵ ئەستێرە و هەسارەکان، بۆیە ناچارین بڵێین :"بەهەشت شوێنی بزرە و پێویستیش ناکات کەس بەدوایدا بگەڕێت، تا ئەو ڕۆژەی خودا خۆی نیشانمان دەدات".
ئیخوان زۆر لە داعش مەترسیدارتر و تڕاژیدیاترە، ئاخر ئەوان لە بەرگ و رواڵەت و سیما و ستایلى مۆدێرنەت و سەردەمیانە خۆیان نمایش دەکەن. چمکەکانى دیموکراسى و میانڕەویى و ئاشتەوایى وەک پەیژەیەک بەکاردێنن، بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ئەوسا جێبەجێکردنى شەریعەت دەستپێدەکات، (سەربڕین، دەستبڕین، رەجمکردن، جەڵدکردن، جزیەسەندن، کەنیزەک)، ئا ئیتر لێرەوە دروشمە حەقیقەکانى خۆیان، کە وەک درووشم نەخشاندویانە لەسەر ئاڵاکەیان، دێتە جێبەجێکردن:
"جیهاد رێگامانە، مردن لە پێناو خودا لوتکەى ئاواتمانە" 
 هەربەڕاستی پێویستە کورد ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، لایەنی کەم بزانێت دوای چی کەوتوە، ئیسلام چ مێژوویەکی هەیە ؟ وتەیەکیشم بۆ کاکە "یوسف ڕاوی "هەیە، کە تۆ خاوەنی ئەو مەعیرفە قوڵەی ئیتر چ پێویستیت بەوەیە لەو کەناڵە زۆڵانەوە دەرکەویت ؟ ئەوانەی پرسیارت لێدەکەن دوو کتێبیان نەخوێندۆتەوە، من بەش بە حاڵی خۆم شانازی دەکەم کە کوردێک هەبێت بەرهەمێکی ئاوا پڕ لە زانیاریمان لەسەر ئیسلام بداتێ. هەموو پیاوەکانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بە هەموو مەلا و مێزەربەسەر و موفەکیرەکانیان ناتوانن بەرهەمێکی وایان هەبێت، یان وەڵامێکیان هەبێت بۆ ئەم بەرهەمە دوور لە دەمارگیری، جگە لە بەخشینەوەی تۆمەت.

دوو تێبینی:

 یەکەم :

ناونیشانی ئەو ووتارە قسەیەکی راویە لەیەکێک لەبەرنامە کاندا.

دووهەم :

لە یەکێک لەبەرنامەکاندا دەڵێت سەفیرێکم دی کاتێک 12 سکاڵایان لەسەرتۆمارکرد بوو، بەسەفیرەکەم ووت : بۆ یارمەتیمان نادەن ببین بەدەوڵەت و ئەم پاشاگەردانییە نەمێنێت، سەفیرەکە دەڵێت تۆ ئاگات لە وتاری مزگەوتەکان نییە، خۆ لە ئەفغانستان خراپرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە