عوسمان زەرقەندی " کاوە آهنگری" و سیاسەتی پووچی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
Wednesday, 12/01/2022, 1:24
6137 بینراوە
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەکوو ئێستا و لە چەند قۆناخی سیاسی جیاجیا دا، بە پێچەوانەی ئەوەی ئەمڕۆ کۆمەڵێک سەرکردەی بچووکی حیزبەکە باسی دەکەن، بریتی بووە لە پۆپۆلیزمی قەومی ـ دیوەخانی کورد و دووگماتیسمی سیاسی لە هەموو ڕوویکەوە.
حیزبێک کە لە سەرتاپای هەیکەلیدا و بە درێژای تەمەنی، جیا لە درۆ کردن، دووڕوویی نەتەوەیی بوون و دەستەمۆبوون و توانەوە لە ناو ئێرانیزم و لە ئێستاشدا لە ناو خواستی پارتی و بارزانیزم دا، ڕێبەرە سێبەرەکانی ڕێک وەک بووکەڵە بوونەتە کۆمەڵێک مامەڵەچی و بەکرێگیراوی دەستی بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێڕاق.!!
بەرپرسانی حیزبەکەی مستەفای هیجریی و دارودەستەکەی، بە ناردنەوەی چەند گەنجی ساویلکە و کوشتنیان لە لایەن جاش و پاسداری ئێرانەوە، بە عەقڵی پووکی خۆیان، پێیانوابوو دیسانەوە بە جۆرێک ڕاسان، لە خەسێندراوی لە دەشتی کۆیە ڕاستدەبنەوە. بەڵام وەک دیتمان، تەنیا وەک تەقە و بەزمی نەورۆز، بڕێک نواندنی فۆرمالیتەیان لەبەر کامێرای کەناڵی ڕووداو و ئەعماق ٢٤ دەستپێکردوو و دواتریش بە بێ هیچ دەسکەوتێک داکوژان.!!
بەڵام وەک دیتمان، جیا لە کوژرانی نزیکەی سەد کەس لە چەکدارانی ئەم حیزبە کۆن و مۆرە، و هاوکاتیش تاسان و هەڵاتنی ئەندامەکانیان، زۆر یەک لە پێشدەرکە و دەرگاوانەکانی کۆیە و جێژنیکان و بەحرکە، ساڵی ٢٠١٥ لە کاتی شاڵاوی پەنابەران دا، ڕوویانکردە وڵاتانی ئورووپایی. شۆڕشگێڕانی ئۆنڵاینی حیزبی دیموکرات، لە ئێستادا خەباتی بن پەتوو و کوردایەتی فەیسبووکی و کلاب هاوسی دەکەن و پێیانوایە بەمزوانە وەک پارتی و یەکێتی دەچنەوە سەر سفرەی خەڵک و حکومەتی خامنەیی بە کلاب هاوس و دونیای مەجازی دەڕووخێنن.!
حیزبی دیموکراتی ئێران!، کە لەچەشنی مام سابیری کۆخان، تاوەکوو تەمەنی هەڵدەکشێت جیا لە قسەی هەڵیتوپڵیت و ئاڵزایمەری کوردایەتی دیوەخانی، هیچ خێر و بێرێکی دیکەی لێ هەڵناوەرێت. هەربۆیەش دەبینین لەمڕۆدا کۆمەڵێک مرۆڤی دەمڕووت و بە ناو وتەبێژ و نوێنەر و دەمڕاستی سەیر و سەمەریشی تێیدا سەریان هەڵداوە.!!
هەڵبەت هەموان دەزانین، کە د.عەبدولرەحمانی قاسملوو بە بێ شاردنەوە و زۆر ڕاشکاوانە خۆی بە کەسێکی ئێرانی دەزانی و دەیگووت " ما ایرونی هستیم و از همە هم ایرونی تریم". بۆیەش هەردەم پێموابووە کە قاسملوو بە شەهامەترین و سەر ڕاسترین و سادقترین کەسایەتی حیزبیی ـ عەشاییری لە کوردستانی ئێران بووە و لەم خاڵەدا هەرگیز درۆی لەگەڵ خەڵک نەکرد.!
دوابەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران، ڕێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەک پەلاماری مەعەسکەر و پادگانەکانی ئەرتەشی ئێرانیان دەدا لە شاری مهاباد، و لە لایەکی دیکەشەوە، قاسملوو خۆی کاندیدا کردبوو، کە ببێتە ئەندامی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەریی.!! کە هەڵبەت دواتر، وەک خۆی لە وتووێژێک دا لەگەڵ بەشی فارسی کەناڵی بی بی سی باسی دەکات؛ شەوێک پێش ئەوەی قاسملوو بچێتە تاران، خومەینی لە پێوەندییەکی تەلەفوونی دا، هەڕەشە لە ناوبراو دەکات و بەر جنێوی دەدات. ئیتر قاسملووی ئێرانیخواز، دەست دەبات بۆ چەک و حیزبەکەشی داوای مافی خودموختاری بۆ خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران دەکات.!
بێ گومان، قاسملوو کوڕە بەگێکی ناوچەی شکاکی ورمێ بوو. باوکی قاسملوو لەتەک ڕەحمان بەگ، کە یەکێک لە سەرۆکەکانی خێڵی تورکمانی موهتەدیی ـ ئیلخانی بوو(باوکی صلاح و عەبەی موهتەدیی)، کۆنە قینیان لە نێواندا بوو. دواتر هەر ئەم برینە کۆنە خێڵەکیە، بوویە هەوێنی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان حیزبی دیموکراتی ئێران و ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران(کۆمەڵەی دەرەبەگ و قەوم و خوێشان) کە کوڕانی ئەورەحمان بەگ، بەشێک لە ڕێبەرایەتی ئەوکاتی کۆمەڵە بوون.
ئەمیان خۆی بە لایەنگری پڕۆلتەر و کرێکار و چینی زەحمەتێکشی کۆمەڵگەی کوردستان دەناساند و قاسملوو و حیزبەکەیان بە کۆنەپەرەست و بەکرێگیراوی سەرمایەداری ناودەبرد، و لەملاشەوە قاسملوو و هاوبیرانی ئەو، هەموو ڕێبەرانی کۆمەڵەیان بە کۆمەڵێک سەرلێشێوا و کۆنەساواکی دەزانی و بە چەند ناو و سیفەتی دیکەش بە خەڵکی کوردیان دەناساندن.!
پاش درۆ و دەلەسەی ئاخوند خومەینی لەگەڵ نوێنەرانی گەلی کورد و شکستی وتووێژەکانی حکومەتی ئاخوندیی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، بە فەرمانی ڕێبەری کۆماری ئاخوندیی لە ڕێکەوتی ٢٨ مانگی گەلاوێژی سالی ١٣٥٨ هەتاوی دا، خومەینی حوکمی جیهادی دژی نەتەوەی کورد دەرکرد و بە سەدان و بگرە هەزاران پاسداری چەقۆکێش و پیاوکوژی قین لەدڵ و قەبرپەرستی شیعە، گەیشتنە کوردستان و دەیان جینایەتیان لە شار و گوندەکان خولقاند.
جینۆسایدی قارنا و قەڵاتان و گوندەکانی ناوچەی شامات و شاروێران، ئێعدامی ٥٩ گەنجی شاری مەهاباد و گولابارانکردنی کۆمەڵێک گەنجی کورد لە ناو فڕۆکەخانەی شاری سنە، و داوتریش دەیان و بگرە سەدان جینایەتی دیکە، بەشێک بوون لە کار و کردەی دەوڵەتی خومەینی و ئاخوندەکانی شیعە لە دژی نەتەوەی مەزڵوومی کورد لە کوردستانی ئێران.
دواتر هێزی چەکدار و ڕێبەرانی سەرجەم حیزبە کوردییەکان، ئاودیوی سنوورەکانی کوردستانی عێڕاق بوون. قاسملوو و حیزبەکەی بوونە ئەندامی شووڕای میللی بەرگریی ئێران(شورای ملی مقاومت) کە ڕێکخراوی موجاهیدنی خەڵقی ئێران و چەند حیزبی دیکەی ئێرانی تێیدا ئەندام بوون.
ئەوکات قاسملوو بە پێچەوانەی پڕانسیپ و بنەما سەرەکیەکانی ئەم شووڕایە، دەیهەویست دیسانەوە لەگەڵ حکومەتەکەی خومەینی بکەوێتەوە وتووێژکردن. هەربۆیەش سازمانی موجاهیدنی خەلقی ئێران، کە ئەندامی سەرەکی ئەم شووڕاییە بوون و هەن، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شووڕای میللی مقاوەمەت وەدرنا و پێیانوابوو کە قاسملوو بەم جۆرە سیاسەتە سەراوژێرە گاڵتەیان پێدەکات. چونکە ئەوان ڕاشکاوانە و بێ گومان و دوودڵی داوای شەڕیان لە دژی خومەینی و حوکمەتەکەی دەکرد و تا ئێستاش خوازیاری ڕووخانی حکومەتی ئاخوندیی لە ئێرانن.
دوای ئەم ڕووداوە، قاسملوو لە ڕێگەی دەڵاڵی جەلال تەسبیحی(تاڵەبانی) خائین و چەند کەسی دیکەی کورد، بە نهێنی و دوور لە ڕای گشتی خەڵکی کوردی ئێران، و تەنانەت بەشێک لە ڕێبەرانی حیزبەکەی خۆشی، کەوتەوە وتووێژ کردن دەگەڵ حاکمیەتی ئاخوندیی ئێران.
وەک دەزانین، هەر لەم وتووێژانەدا بوو، کە لە شاری ڤییەنای وڵاتی ئۆتریش(نەمسا) لە لایەن پاسدار دیپلۆماتەکانی حکومەتی ئاخوندیی ئێرانەوە درایە بەر فیشک و کوژرا.!
لە دوای کوژرانی قاسملوو، شەرفکەندی کە ڕێبەرێکی ناسراوی دیکەی ئەم حیزبە بوو، لەسەر هەمان بنچینە و ڕێچکە و سیاسەتی حیزبەکەی لەمەڕ وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، لە وڵاتی ئاڵمان و لە ڕێستوورانتی میکۆنۆسی شاری بەرلین، لە لایەن تیرۆریستانی ئاخوندیی ئێرانەوە هەر لە سەر مێزی وتووێژ تیرۆر کرا.!
بە تێپەڕبوونی کات، ڕوژ لە دوای ڕۆژ حکومەتی ئاخوندیی ئێران، گوشاری هەمەلایەنەی بۆ سەر حیزبی دیموکرات زیاتر دەکرد.
دواتر بە پێشنیاری یەکێک لە ڕێبەرانی ئەوکاتی حیزبی دیموکرات(مەلا عەبدوڵڵای حەسەن زادە) و بە مەبەستی پێشگرتن لە لەناوچوونی حیزبەکەیان، کشانەوە بۆ "قووڵایی ئیستراتێژیک" لە قەندیلەوە بۆ گوندی هەرمۆتە و نزیک شاری کۆیە! دەستی پێکرد و لە قەڵایەک کە پێشتر شوێنی نیزامی حکومەتی بەعسی عێڕاق بوو، سنگی ماڵیان داکوتا و لەوکاتەوە تا ئێستا، چەکدارەکانی دیموکرات لەوێندەر لێی کەوتوون.!
پاش هێرشی جاش و پاسداری ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە کوردستانی عێڕاق و لە هاوینی ١٩٩٦، لە ڕێکەوتنێکدا بە دەڵاڵی یەکێتی نانیشتیمانی و بەئامادەبوونی هەریەک لە فواد مەعسووم و وەستا ڕەسوول و پاسدار جەعفەریی، کە ڕێژیمی ئێران لە فیلمێکی داکیۆمێنتاریی و لە دوو ساڵی ڕابردوو دا، زۆربەی وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوەی بڵاوکردەوە، مستەفای هیجری ـ جێگری سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دیموکراتی ئێران ـ ڕێکەوتنامەیەکی شاراوەی دەگەڵ کاربەدەستانی ئێران و فەرماندەکانی سوپای پاسداران ئیمزا کرد، کە تاوکوو ئەمڕۆش سەرکردەکانی حزبی دیموکرات حازر نین ڕاستی ئەم ڕووداوە بۆ تەنانەت لایەنگرانی خۆشیان ڕاستگۆیانە باس بکەن !!
بە پێی ڕێکەوتنامەی کۆیە، دەبوو حیزبی دیموکرات، چیدی هێزی چەکدار بۆ شەڕ و جەولەی سیاسی نەنێرێتەوە ناوخۆی کوردستانی ئێران و هاوکات ئێرانیش پەرە بە کاروکاسبی لە سەر سنوورەکان بدات. حیزب دەبوو لە جیاتی هێرش بۆسەر مۆڵگەکانی دەوڵەتی ئاخوندیی لە کوردستانی ئێران، پشتگیری لە خەباتی مەدەنی و مافی ئاژەڵ و جلی کوردیی و زمانی کوردیی بکات.!
هاوکات کۆماری ئیسلامی دەبوو لە بەشە بوودجەی تایبەتی خۆی بۆ پاراستن و ئەمنیەتی ناوخۆی وڵاتەکەی وپاراستنی سنوورەکانی دەگەڵ وڵاتانی جیران، لە ڕێگەی یەکێتی نانیشتیمانی و شەخسی جەلال تاڵەبانی و دواتریش مەسعوود بارزانی، بەشی فاسۆلیا خواردن و خواردنەوەی بەرپرسانی دیموکرات و چەکدارەکانی بگەیێنێتە کۆیە و جەژنیکان و دێگەڵە و بەحرکە.!!!
لەهەمووش سەیرتر، ئەوەیە کە حیزبی ئێرانیزمی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بووەتە جۆرێک ئامرازی سیاسی و بە دەست پارتی و بارزانیەوە هەڵدەخولێت و گاڵتەی پێ دەکرێت و تووشی دەیان کێشەی ناوخۆیی بووە.
سیاسەتی بێ سەروبنی حیزبی دیموکراتی ئێران لە ئێستادا، لە ڕێگەی کەسێک بە ناوی عوسمان زەرقەندی کە ناوی خۆی ناوە " کاوە ئاهەنگەریی" و نوێنەری ئەم پارتەیە لە وڵاتی بێلژیک، لە چوارچێوەی گوتارێکی شێواو و پەرتەوازە و دوور لە لۆژیک، کە بێ گومان هەنگاوێک لەگەڵ خواستی پێشتریان کە خواستی ئۆتۆنۆمی بوو جیاوازی نیە، و باوەڕیانوایە کە فیدرالیسم چارەسەرێکی باشترە بۆ داهاتووی کوردستانی ئێران ڕۆژانە لە میدیا فارسی زمانەکانەوە باس دەکرێت و ڕیکلامی بۆ دەکەن!!
عوسمان زەرقەندی(کاوە آهنگری) لە تۆڕە کۆمەڵەیەتیەکان و لەوانە فەیسبووک و کلاب هاوس و لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ کەناڵە فارسیەکان، بە زمانێکی نەرم و ناسکی فارسی و جارجاریش کوردیی، سوێند دەخوات کە شەخسی خۆیی و ڕێبەرەکانی حیزبەکەی، بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان، جودایی تەڵەب و سەربەخویی خواز نین و ئەویش ڕێک وەک جەنابی قاسملوو تەنیا ئیرونیە(خۆی بە ئێرانی دەزانێت) وهیچی تر.!
کێشەکە لەوەدایە، عوسمان زەرقەندی کە پێشتر لەمەڕ پێشەوەچوونی سیاسەتی حیزبەکەی و ڕێزگرتن لە جلی ژنانی کورد، دەچوو جلی ژنانیشی لەبەر دەکرد و هاواری مەزڵوومیەتی جلی کوردیشی دەگەیاندە جیهان، چەند ساڵ لەمەوبەر لە باڵەکەی دیکەی دیموکرات(حدک) وەدەریان نا و لەمەڕ هەڵە و پەڵەی زۆری ناوبراو، ڕێگەیان پێنەدا لە ئورووپا دمڕاستی ئەمان بێت.!
عوسمان زەرقەندی(کاوە آهنگری) کە نە خاوەن بڕوانامەیەکی زانکۆیە و یانیش دیپڵۆماتێکی شایستەی ئەم بوارەیە، شەو و ڕۆژ لە کەناڵە تەلەویزیۆنە فارسیەکان، دەڵێت برا ئێمە فیدراڵیست خوازین و لە ئێران جیا نابینەوە. هەڵبەت ناوبراو، لەملاشەوە بۆ گەوجاندنی ئەندامانی حیزبەکەی و خەڵەتاندنی ڕای بەشێک لە خەڵکی کوردستانی ئێران، باوەڕی وایە کە قازی محەمەد، ئەم ئاڵایەی ئێستا کە پەرلەمانی خێڵەکی و دیوەخانی کوردەوانانی کوردستانی عێڕاق، لە ساڵی ١٩٩٩ بە فەرمی وەک ئاڵای کوردستان پەسەندیان کردووە، بە دەستی ناموبارەکی داویەتە دەستی مچەی بارزانی و ئەویش جوان پێچاویەتەوە و دوای مردنی، ئەوە مەسعوود بارزانیش لە پەرلەمانی کوردستانی عێڕاق هەڵیکردووە و هەر بۆیەش دەبێ ڕێز لەم ئاڵایە بگرن.!!!
عوسمان زەرقەندی، وەک خۆی دەڵێت گوشارێکی زۆری کوردەوانانی سوپەر ناسیونالیست ـ عەشاییری لەسەرە بە هۆی ئەوەی کە بۆچ دەبێ باسی سەربەخویی خوازی نەکات!! و هاوکات دەڵێت پان ئێرانیستەکانی ئێرانیش، سەرەڕای ئەو هەموو کزەڵۆکیی و کڕووزانەوەی عوسمانی ڕەنجەڕۆ بۆ پاراستنی یەکێتی خاکی ئێران!، هێشتا پێی دەڵێن جودایی خواز و تەجزیە تەڵەب و شەو و ڕوژ هێرشی دەکرێتە سەر.!!
عوسمان زەرقەندی هەر بەمەش نەوەستاوە کە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ " کاوە آهنگری"، بەڵکو دوای هێنانی ژنی دووهەم، ناسناوی ژنەکەشی کردووە بە " قاسملوو" و ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی قسەی خزمانی دوکتوور قاسملوو، ئەم خاتوونە هیچ پێوەندیەکی بەوانەوە نیە و ئەم ناسناوەش، ڕێکە وەک کاوەی ئاسنگەر بۆ فریودانی کۆمەڵێک کۆیلەی ناو حیزبەکەی قاسملووە، نەک هیچی تر!!
هەموومان دەزانین کە، ناوی کاوەی ئاسنگەر لە لای فارسەکان زۆر گرنگی پێدەدرێت. چونکە ڕایانوایە کاوە ڕووخێنەری ئیمپراتۆری زووحاکی(ئەژدیهاک) داپڵۆسێنەر و بەئەسڵ کورد بووە.!!
هاوکات ناسناوی قاسملووش، بە هۆی ئەوەی ڕێبەری حێزبێکی کوردیی بووە، لای بەشێک لە کوردەوانان و ئەوانەی سەمپاتیان بۆی هەیە ناوێکی زیاتر سیاسیە.!! هەر بۆیەش عوسمان زەرقەندی دەیهەوێت بە تیرێک دوونیشانە بپێکێت و کاوەی عەجەم بێت و هاوکاتیش خزمی قاسملووی ڕێبەری حیزبی دیوەخانی کوردایەتی دیموکرات لە کوردستانی ئێران.!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست