ئەمیان خۆی بە لایەنگری پڕۆلتەر و کرێکار و چینی زەحمەتێکشی کۆمەڵگەی کوردستان دەناساند و قاسملوو و حیزبەکەیان بە کۆنەپەرەست و بەکرێگیراوی سەرمایەداری ناودەبرد، و لەملاشەوە قاسملوو و هاوبیرانی ئەو، هەموو ڕێبەرانی کۆمەڵەیان بە کۆمەڵێک سەرلێشێوا و کۆنەساواکی دەزانی و بە چەند ناو و سیفەتی دیکەش بە خەڵکی کوردیان دەناساندن.!
پاش درۆ و دەلەسەی ئاخوند خومەینی لەگەڵ نوێنەرانی گەلی کورد و شکستی وتووێژەکانی حکومەتی ئاخوندیی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، بە فەرمانی ڕێبەری کۆماری ئاخوندیی لە ڕێکەوتی ٢٨ مانگی گەلاوێژی سالی ١٣٥٨ هەتاوی دا، خومەینی حوکمی جیهادی دژی نەتەوەی کورد دەرکرد و بە سەدان و بگرە هەزاران پاسداری چەقۆکێش و پیاوکوژی قین لەدڵ و قەبرپەرستی شیعە، گەیشتنە کوردستان و دەیان جینایەتیان لە شار و گوندەکان خولقاند.
جینۆسایدی قارنا و قەڵاتان و گوندەکانی ناوچەی شامات و شاروێران، ئێعدامی ٥٩ گەنجی شاری مەهاباد و گولابارانکردنی کۆمەڵێک گەنجی کورد لە ناو فڕۆکەخانەی شاری سنە، و داوتریش دەیان و بگرە سەدان جینایەتی دیکە، بەشێک بوون لە کار و کردەی دەوڵەتی خومەینی و ئاخوندەکانی شیعە لە دژی نەتەوەی مەزڵوومی کورد لە کوردستانی ئێران.
دواتر هێزی چەکدار و ڕێبەرانی سەرجەم حیزبە کوردییەکان، ئاودیوی سنوورەکانی کوردستانی عێڕاق بوون. قاسملوو و حیزبەکەی بوونە ئەندامی شووڕای میللی بەرگریی ئێران(شورای ملی مقاومت) کە ڕێکخراوی موجاهیدنی خەڵقی ئێران و چەند حیزبی دیکەی ئێرانی تێیدا ئەندام بوون.
ئەوکات قاسملوو بە پێچەوانەی پڕانسیپ و بنەما سەرەکیەکانی ئەم شووڕایە، دەیهەویست دیسانەوە لەگەڵ حکومەتەکەی خومەینی بکەوێتەوە وتووێژکردن. هەربۆیەش سازمانی موجاهیدنی خەلقی ئێران، کە ئەندامی سەرەکی ئەم شووڕاییە بوون و هەن، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شووڕای میللی مقاوەمەت وەدرنا و پێیانوابوو کە قاسملوو بەم جۆرە سیاسەتە سەراوژێرە گاڵتەیان پێدەکات. چونکە ئەوان ڕاشکاوانە و بێ گومان و دوودڵی داوای شەڕیان لە دژی خومەینی و حوکمەتەکەی دەکرد و تا ئێستاش خوازیاری ڕووخانی حکومەتی ئاخوندیی لە ئێرانن.
دوای ئەم ڕووداوە، قاسملوو لە ڕێگەی دەڵاڵی جەلال تەسبیحی(تاڵەبانی) خائین و چەند کەسی دیکەی کورد، بە نهێنی و دوور لە ڕای گشتی خەڵکی کوردی ئێران، و تەنانەت بەشێک لە ڕێبەرانی حیزبەکەی خۆشی، کەوتەوە وتووێژ کردن دەگەڵ حاکمیەتی ئاخوندیی ئێران.