داروینیزمی کۆمەڵایەتی؛ بیردۆزێکی زانستییە، یان پاساوێکە بۆ نەژادپەرستی و ڕووێکی قێزەوەنی سەرمایەداری؟

Wednesday, 01.12.2022, 1:44

1032 بینراوە


ڕیچارد دۆکینز: "نابێ بەگوێرەی یاسا داروینییەکان بژین، داروین تەنیا ڕاڤەی ئەوەمان بۆ دەکات چۆن گەیشتینە ئێرە."


بەهاتنی کۆتاکانی سەدەی نۆزدەیەم، زانای ناودار داروین، بە بڵاوکردنەوەی شاکارە فرە بەناوبانگەکەی بنەچەی جۆرەکان (The Origin of Species) و کتێبی ڕەچەڵەکی مرۆڤ (The Descent of Man)، توانی شۆڕشێکی مەزن لە زانست و بیر و هزری ئەوروپاییەکان بەرپا بکات. بەڵام لەبەر بوونی پێگە و کاریگەری بیردۆزی پەرەسەندن و بنەما سەرکییەکەی کە هەڵبژاردنی سروشتییە (Natural Selection)، لەلایەن چەند زانا و کەسایەتییەکی ناسراو، بە مەبەستەوە و دوور لە بنچینە زانستییە بێلایەنە ڕاستەقینەکەی، وەک بیانووێک بەکار هێندرا بۆ ڕەوادان بە تێڕوانینە، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و هی دیکە.
لەبەرئەوەی ئەوانە لە بۆچوونەکانیاندا پشت دەبەستن بە هەڵە لێکدانەوە بۆ بیردۆزی پەرەسەندنی داروین، بۆیە ناونرا بە داروینیزمی کۆمەڵایەتی (Social Darwinism). هەرچەندە زاراوەکە لە ناوی داروینەوە وەرگیراوە، بەڵام بیرۆکە و چەمکە سەرەکییەکانی پێش بیردۆزەکەی داروین بوونیان هەبووە.
ئەگەر سەرنجێک بدەینە مێژوو دەبینین، لە زۆربەی شارستانییەتە جیاجیاکانی کۆندا، بەردەوام پەنا براوەتە بەر ئاین، بۆ پاساودان بە شەڕوشۆڕ و داگیرکاری و چەوساندنەوەی نەتەوەکانی دی. بەڵام لەگەڵ هاتنی سەدەی نۆزدەیەمی چاخی پێشکەوتنی زانست، دابەزینی ڕێژەی نەخوێندەواری و گەڕانەوە بۆ لێکدانەوە هزریی و هۆشەکییەکان، ئەمجارەیان بیردۆز و بنەماکانی زانست بەکار هێندران، بۆ جیاکاری ڕەگەزی و نەژادپەرستی و چەسپاندنی باڵایی و پلەی نەتەوە و چینێکی تایبەتی بەسەر هەندێکی دیکە.
لایەنگرانی داروینیزمی کۆمەڵایەتی بەراوردێکی مەترسیداریان ئەنجام داوە، لە نێوان جۆرەکانی ئاژەڵان لە سروشت و چەند کۆمەڵەیەکی مرۆیی جۆراوجۆر. بە ڕای ئەوان هەندێ چینی کۆمەڵگە لە هەژاران و کرێکاران و ژنان، لە لایەنی لەش و هزرەوە ناتوانن پێش بکەون و گەشە بکەن لە جیهانی هاوچەرخدا. وای بۆ دەچوون هەندێ نیشانە و تایبەتمەندی دیارکراو، دەکرێ وەک بەڵگە لێیان بڕوانین بۆ زانینی کامە بوونەوەر، یان ڕەچەڵەک، یاخۆ هەتا نەتەوەش دەشێ بە زیندوویی بمێنێتەوە. 
چەندانێک لە داروینییە کۆمەڵایەتییەکان یەکجار تووندڕەو بوونە لەم بابەتەدا، بە شێوەیەک لای ئەوان ئەو کەسانەی سپیپێست نین بەشەکانی دەرەوە و بوونەوەری ناو سروشتن، پیاوانی ئەوروپایی سپیپێستیش سەر بە بەشە ڕۆشنبیر و شارستانییەکانن. بێگومان ئەم دابەشکردنەش دەرەنجامی گەلەک مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە، چونکە ڕەوایەتی دەدات بە ئەنجامدانی گشت ئەو خراپەکارییانەی (چینی بەرز) دەرهەق بە (چینی نزم) دەیکات.

ڕابەرانی داروینیزمی کۆمەڵایەتی

لە سەردەمانێکدا لە ئەوروپا، بیردۆزەکان دەربارەی پێشکەوتن و باڵایی کۆمەڵایەتی و شارستانییەتی شتێکی باو بووە، ئەمەش وای کرد چەند کەسانێک بێنە پێش بۆ لێکگرێدان و دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان لەنێوان بیردۆزە ئابوورییەکان و بنەما زانستییەکانی داروین. لە سەرووی هەمووانەوە فەیلەسووفی بەریتانیایی ناودار هێربرت سپێنسەر (Herbert Spencer) دێت کە بە ڕابەری داروینیزمی کۆمەڵایەتی دادەندرێت.
زاراوەی مانەوە بۆ باشەکان، یاخۆ بەهێزەکان لەلایەن خودی سپێنسەرەوە داهێنراوە، بەڵام بەداخەوە بەناڕەوایی دەدرێتە پاڵ داروین. گوتەی داروین هەمیشە لەبارەی مانەوە بۆ چاکترین بوو، کەچی هەندێ بۆ ئەوەیان برد، مەبەستی مانەوە بۆ بەهێزترین بەدەستەوە بدات. ئاشکرایە هەرمان بۆ بەهێزترینەکان، وەرگێڕانێکی بەهەڵەی تێزی (survival of the fittest)یە کە پێویستە بگوترێ، هەرمان بۆ سازاوترین، یان گونجاوترین.
سپێنسەر بەردەوام دەبێ لەسەر بیروڕایە تووند و تیژەکانی و دەڵێت، هەندێ لە کۆمەڵگە مرۆییەکان توانیان بەچاکی خۆیان بگونجێنن و پێشکەوتنی ئابووری و زانستی بەدەست بهێنن، بە بەراوردکردن لەگەڵ ئەوانەی هەر بەدواکەوتوویی مانەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، چەوساندنەوەی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان لەلایەن کۆمەڵگە باڵاکانەوە نەک تەنیا شتێکی ڕەوایە، بەڵکوو ڕێسایەکی سروشتییە و نابێ فەرامۆش بکرێ، پێویست بە سڵکردنەوەش ناکات، ئەگەرچی دەرەنجامەکەی ببێتە هۆی بنەبڕبوونی یەکجارەکی دواکەوتووەکان.
ئەوەی جێی سەرنجە، لە کاتی سەردانیدا بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سپنسەر لایەنگرانێکی زۆری پەیدا کرد لە کەسانی دیار و بازرگانە ناسراوەکان، لەنێو ئەوانەشدا ئەندرو کارنیگی (Andrew Carnegie) خاوەنی کارگەکانی ئاسن (نەک دوکاندارێکی ئاسایی).
لەڕاستیدا سپێنسەر لایەنگرێکی یەکجار بەهێزی بیردۆزەکەی داروین و ڕەخنەگرێکی تووندی دژکارانی پەرەسەندن بوو، کارەکانی کاریگەرییەکی تەواویان هەبوو لەسەر بەرەوپێشەوە چوونی کۆمەڵناسی، بەڵام هەوڵەکانی بۆ پێکبەستنی بنەماکانی پەرەسەندن و زانستە کۆمەڵایەتییەکان دواجار شکستی هێنا. چونکە زۆربەی زاناکان ئەو تێڕوانینانەی سپێنسەریان بە مەترسیدار دەبینی، هاوکۆک نەبوون لە تێکەڵکردنی فەلسەفە دەستکردەکەی کە بابەتێکی کۆمەڵایەتییە، لەگەڵ زانستە سروشتییەکان.
داروینیزمە کۆمەڵایەتییەکان بە بیرۆکەکانی داروینەوە نەوەستان و پەنایان بردە بەر بیروڕاکانی زانای ناودار لامارک (Jean-Baptiste de Lamarck)، ئەوەی بڕوایەکی تەواوی هەبوو بە یاسای گواستنەوەی ڕەفتاری خوازراو. مەبەستیشیان لە بەکارهێنانی بنەماکانی لامارک ئەوە بوو کە کەسانی چینی باڵا و دەوڵەمەندەکان، دەکارن هەڵسوکەوت و شتگەلە پەروەردەییەکانیشیان لەڕێی بۆماوەوە بۆ منداڵەکانیان بگوێزنەوە. داروین بەتووندی دژی ئەو بۆچوونەی لامارک دەوەستا، پێی وا بوو ئەو تایبەتمەندییانەی زیندەوەران پاش لەدایکبوونیان وەری دەگرن، هەرگیز ناگوێزرێنەوە بۆنەوەی داهاتوو. بەڵام لایەنگرانی داروینایەتی کۆمەڵایەتی لەبەرئەوەی لەگەڵ ڕێبازەکەیان یەکی دەگرتەوە، بەبەردەوامی داکۆکییان لە لامارک دەکرد.
کاتێکیش داروینیزمی کۆمەڵایەتی، نایەکسانی چینایەتی لەخۆ گرت، ئەوا زانای بەریتانیایی فڕانسیس گاڵتۆن (Francis Galton) کە ئەوەیش یەکێکە لە ناسراوترین ڕابەرانی داروینایەتی کۆمەڵایەتی، (زانستێکی) نوێی هێنایە ناساندن بەمەبەستی چاککردنی ڕەگەزی مرۆڤ، لەسەر بنچینەی ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە کەسانی ناشایستە و نەخوازراو، ئەمەشی ناونا بە چاککردنی وەچە (Eugenics). 
گاڵتۆن دەیگوت، دەبێ زۆر بەوریایی چاودێری نەوەنانەوە بکەین و هەڵبژاردەیەک ئەنجام بدەین لە مرۆڤە ڕەسەن و تایبەتییەکان. بەو ڕایە نەتەوەپەرستییەی، پێی وا بوو نەتەوەکان لە پلەی باڵاییدا جیاوازن، وەک ئەوەی نەتەوەی ئینگلیز بە دوو پلە لە سەروی ڕەشپێستەکانن. هەروەها بە باوەڕی ئەو، هۆکاری تێکچوونی کۆمەڵگەکان و کەمبوونەوەی ڕێژەی ژییری، بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانی نەتەوە و چینە نزمەکان دەگەڕێتەوە. بۆ چاکسازی ڕەگەزی مرۆڤ، گاڵتۆن پێشنیاری بەرهەمهێنانی بژاردەیەکی بەریتانیایی دەکرد، گلەییشی هەبوو لە دامەزراوە کۆمەڵایەتی و نەخۆشخانەکانی شێوانە هزریی و هۆشەکییەکان کە چۆن ڕێ دەدەن ئەو جۆرە کەسانە لە ژیاندا بمێنن و نەوە بنێنەوە. 
بیروڕاکانی گاڵتۆن لە وڵاتی خۆیدا هەرگیز بەهەند وەرنەگیرا، بەڵام هاوشێوەی سپێنسەر لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەخێرایی تەشەنەی کرد و چەمکەکانی چاکسازیی وەچە، بایەخێکی تەواوی پێدرا. ئەم بابەتە لە ئەمریکادا، بەتایبەتیش لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم، گەیشتە لوتکە و بووە بزوتنەوەیەکی میللی. ژمارەیەکی زۆر لە فلم و کتێب دەربارەی چاکسازی وەچە خرانە بەردەست، لە سەرانسەری وڵات چەندان پێشانگە و پێشبڕکێ وەک، (شیاوترین خێزان) و (باشترین منداڵ) بەبەرهەم هێندران.
ئابووریناسی ئینگلیزی تۆماس مالتۆس (Thomas Malthus)، یەکێکی دیکەیە لەو پرسەدا برەوی بە بیرۆکەی داروینایەتی کۆمەڵایەتی داوە، خاوە‌نی چە‌ندان تۆژینە‌وە‌یە‌ لەبارەی پێکهاتەی دانیشتووان لە بواری گە‌شە‌کردن،‌ زێدەبوونی ژمارە‌یان، دابە‌شینی کار و ئەو پێوە‌ندییانەی لە نێوان بەبەرهەم هێنان و ژمارە‌ی دانیشتوواندا هەیە. بە ڕای مالتۆس، ڕێژە‌ی زۆربوونی دانیشتووان گەلەک پتر و خێراترە‌ لە ڕێژە‌ی زۆربوونی بە‌روبوومی کشتوکاڵی و هی دی، واتە‌‌ ئە‌و بە‌شە‌ خۆراکە‌ی بەبەرهەم دێ، بە هیچ شێوە‌یە‌ک بە‌شی هە‌مووان ناکات. بە‌گوێرە‌ی ئەو بیروڕایانە مالتۆس، چەندانێک بەو مەبەستە دەریان دەبڕی کە دەبێ جۆرە‌ هەڵبژاردنێک هەبێ لەڕێی ئە‌وەوە،‌ ئەگەر مرۆڤێک بتوانێت کار بکات بمێنێتە‌وە‌، ئەوەشی بێهێزە هەلی کاری دەست ناکەوێت، پێویستە لە‌ناو بچێت.

بازاڕە ئازادەکەی سەرمایەداران

سەرمایەداران وەک مەرجێک بۆ دابینکردنی هاوسەنگییەکی جیهانی، زێدەڕەوییان لەم بابەتەدا کرد و بیردۆزەکەی ئادەم سمیت (Adam Smith)، بۆ دەستی شاراوە، یاخۆ ئابووری بازاڕی ئازادیان (واتە بێلایەنی حوکمەت لە کیبڕکێکان) هێنایە ئاراوە. لێرەدا دەکارین خاڵێکی پێکبەندی نێوان داروینیزمی کۆمەڵایەتی و ڕووە بەدەکەی سەرمایەداری، دەستنیشان بکەین. دەستی شاراوە دەربڕینێکە بۆ میکانیزمی هەڵبژاردنی سروشتی، کاتێکیش بمانەوێت بە ئاسانی لەو بنەمایە بگەین، پێویستە سەرنج بدەینە بازاڕی ئەمڕۆکەمان کە دەبینین بەرەبەرە پیشە بچووکەکان ون دەبن و نامێنن، کۆمپانیا گەورە و زەبەلاحەکان جێیان دەگرنەوە، ئەوانەی خاوەنی سەرمایەیەکی یەکجار مەزنن بۆ هەڵ لووشنی سەرجەمی بازاڕەکان. بەمەش خاوەن پڕۆژە بچووک و ناوەنجییەکان بەناچاری دەبنە کۆیلەی ئەو کۆمپانیانە (بەشێوەی کرێکار و بەکارهێن، یان قوربانی دەستبەسەردا گرتنێکی ناڕەوا). دەرەنجام ئەوەی توانای کێبڕکێی هەیە دەمێنێتەوە، ئەوەشی ناکارێ ڕووبەڕووی هێزداران بوەستێتەوە، پێویستە بڕوات و شوێنی بێهێزان نابێتەوە لە مەیدانەکەدا. مەبەست لە بێهێزانیش چینی هەژارانە، ئەوانەی خاوەنی هیچ سەرمایەیەک نین، تا بتوانن ڕکابەری ملیۆنێر و ملیاردێرەکان بکەن.
هەر بەم شێوەیە بووە وڵاتانی ئێمە بەدەست سەرمایەداری بازاڕی ئازادوە، بەوەی لە زۆربەی گەڕەکاندا سوپەرمارکێتی زەبەلاح بەناوی بریقەدار کراونەتەوە، شتومەکەکانیان هەرزانترە لە خاوەن دوکانە هەژارەکان. هاوکات کۆمەڵێک کارگەی گەورەی هەن بۆ کەرەستەی بنەڕەتی و پێویست بۆ خانوبەرە و بابەتی جۆراوجۆر، خاوەنەکانیان تەنیا چەند کەسێکی یەکجار دەوڵەمەندن کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.
ئەمە و چەند هۆکارێک بوونە ڕێخۆشکەرێک بۆ سەرهەڵدانی چەمکی جیهانی خۆرئاوای پێشکەوتوو و شارستانی و ئەوانەی دیکەی دواکەوتوو، بەوەی سەرمایەداران خۆیان وەک بوونەوەرێکی ناوازەی باڵا بێتە بەرچاو، دواجار ئەم هەستە ببێتە پاساوێک بۆ داگیرکاری و ژێردەست کردنی گەلانی دی، بە بیانووی ئەوەی نەتەوە و ڕەگەزە نزمەکان، پێیان ناکرێ فەرمانڕەوایی خۆیان بکەن. 
ئەوەی جێی سەرنجە، هەر لەسەرەتاوە بیردۆزەکەی داروین کاریگەری لەسەر هەردوو باڵەکەی سیاسەتی جیهان بە کۆمەنیستی و سەرمایەداری هەبووە. لە لایەک باڵە چەپخوازەکە پێی وایە شۆڕشی پرۆلیتاری دەرەنجامێکی سروشتی ململانێی چینەکییە لە ڕژێمی سەرمایەداریدا، ڕاستخوازەکانیش ئیمپریالیزم و داگیرکاری و نایەکسانی کۆمەڵایەتی بە شێوەی زۆرانبازییەکی هەردەبێیی دەبینێت، ئەوەی دەوڵەمەند و بەهێزەکان سەردەکەون، بێهێزەکانیش پاشەکشەیان پێ دەکرێت و لەناو دەچن.
لێرەدا ڕەفتاری دڕندەی نازییەکانیش هیچ کاتێک لەبیر ناکرێت، لە سوتاندن و لەناوبردنی خاوەن نەخۆشییە درێژخایەنەکان و پەککەوتان، بەوەی ئەمانە نەیان توانیووە بەچاکی پەرەبسێنن و خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ژینگە، بەمەش وەک (پیسکەرانێکی) کۆمەڵگەی ئەڵمانیایی باڵا و پێشکەوتوو، لێیان دەڕواندرا. پێیان وا بوو هەندێ نەتەوەش مافی مانەوەیان نییە، بۆیە لەپێناو بەرژەوەندی مرۆڤایەتی، پێویستە بنەبڕ ببن.

بیردۆزی زانستی ڕاستەقینە

بەگوێرەی بیردۆزی پەرەسەندنی داروین، تەنیا ئەو ڕوەک و ئاژەڵانەی دەتوانن خۆیان لەگەڵ ژینگەکەیاندا بگونجێنن، لەژیاندا دەمێننەوە و دەکارن جینەکانیان بۆ بەرەی داهاتوو بگوێزنەوە، نەگونجاوەکانیش بەرەو بنەبڕبوون دەچن. داروین لە بیردۆزەکەیدا پێمان دەڵێت، یاسا و ڕێسا بایۆلۆژییەکان لەسەر تێکڕای زیندەوەراندا پیادە دەکرێن، زێدەبوونی جۆری زیندەوەرانیش بەندە بە خۆراک و بەروبوومێکی سنووردار، ئەمەش کێبڕکێیەکی تووند لە پێناو مانەوەدا بەرپا دەکات. لێرەدا توانای لەشی و هۆشەکییەکی دیارکراو، تایبەتمەندییەکی پەسند دەداتە هەندێ لە تاکەکان بۆ خۆگونجان، بە چەندجارەبوونەوە و دەرکەوتنی ئەو تایبەتمەندییانە لەڕێی بۆماوەییەوە، دەرنجام دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆری نوێی زیندەوەران و لەناوچوونی ئەوانەی دی. 
هەڵبژاردنی سروشتی ڕاڤەی گەلەک لە تایبەتمەندییەکانی زیندەوەران و چۆنەتی کارکردنیان دەکات، بەڵام ناتوانێ لە بوارەکانی دیکەدا ڕێ پێشاندەری مرۆڤ بێت. بۆ نموونە، ئەگەر سەرنج بدەینە کوشتن کە خراپترین ڕەفتارە، هەرچەندە خۆی لەخۆیدا کارێکی سروشتییە و لە ناخی مرۆڤدا جێگیر بووە، بەڵام ئەمە هەرگیز نایکاتە کارێکی ڕەوا.
لەڕاستیدا نابێ هۆکاری سەرهەڵدانی داروینایەتی بخرێتە ئەستۆی داروین، چونکە هۆیە سەرەکییەکەی لێکدانەوە و بەهەڵە تێگەیشتنە لە هەڵبژاردنی سروشتی، ئینجا چی بەمەبەستەوە بێت، یاخۆ بێ مەبەست.
دەبێ بەڕاستگۆیانە ئاماژە بەوەش بدەین، هەرچەندە داروین بە کاروکردەوەکانی شۆڕشێکی مەزنی بەرپا کرد لەمێژووی زانستدا، بەڵام کاریگەری کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەی لەسەر هەبووە، هەندێ بیروڕای نەژاد پەرستییانە و جیاکاری چینایەتی لە نووسینەکانیدا دەبیندرێ کە لەو دەمانەدا باو بووە. ئەمەش هیچ لە پلە و پایەی بیردۆزەکەی کەم ناکاتەوە، ئەوەی کە ڕۆژ بەڕۆژ بەڵگەی پتر بەدەست دەهێنێ و ڕاستبوونی زیاتر دەسەلمێت.
گرینگترین شت دەربارەی ئەم بابەتە پێویستە بگوترێت، داروین هەرگیز خۆی بە لایەنگرێکی داروینیزمی کۆمەڵایەتی دانەناوە، خۆشبەختانەش ئەم بیروباوەڕە تەواو بەرەو کزبوون چووە و لەم چەرخەدا کەسێکی وا نییە، بەئاشکرا بانگەشەی بۆ ئەو بیرۆکەیە نازانستی و نامرۆییە بکات. هەر لە سەدەی بیستەمەوە، زۆربەی ئەو زانایانەی داکۆکی تەواو لە پەرەسەندن دەکەن، داروینایەتی کۆمەڵایەتی بە ڕاست نازانن، کەسێکی وەک تۆماس هاکسلی (Thomas Huxley) کە هاوسەردەمی داروینیش بووە، بەرگرییەکی تووندی لە پەرەسەندن دەکرد، بەڵام بەهەموو شێوەیەک دژایەتی داروینیزمی کۆمەڵایەتی کردووە. 
کۆتایی ئەم چەند دێڕە بە گوتەیەکی دیکەی ڕیچارد دۆکینز دەهێنین کە دەبێژێت: "تەنیا ئێمەی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە، هێندە پەرەمان سەندووە تا بەچاکی لە میکانیزمی کار و فەرمانەکانی ئەو جینە خۆویستانە بگەین کە ئێمەی لێ پێکهاتووە، بەڵام نابێ ببێتە نموونە بۆ ڕێباز و گرتنەبەری ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانمان، بەپێچەوانەوە ئێمە خاوەنی هێندە هەست و هۆشەین بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ بین، چونکە ئێمە بەهۆی ڕەوشتبەرزی، زانستی هاوچەرخ، کردەوەی چاکە و چەندان بابەتی دی، دەتوانین بەرانبەر بە ستەم و هێزی هەڵبژاردنی سروشتی بوەستینەوە.

سەرچاوەکان؛