تاوانی من کورد بوونمە

Saturday, 15/01/2022, 0:52

2877 بینراوە


ئەم کچە، کوردی باکووری_کوردستان-ە کە شەش مانگ پێش، بە تاوانی کورد بوون کەوتە بەر هێرش و دەستڕێژی تیرۆڕیستێکی ڕەگەز پەرەستی تورک و گیانی لە دەستدا.
ڕەنگە بۆچوونی زۆر کەس، هەر ئەمە بێت کە دەنیز_پۆیراز و گەنجان و کچانێک وەک دەنیز، ئەگەر بە تاوانی کورد بوون دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولە و دەکوژرێن، یان ئەگەر بە تاوانی داکۆکی لە زمان و شۆناس و پێناسیان دەستبەسەر و لە بەند و شار بەدەر دەکرێن، ئەوە هەبوونی کوردە کە دەکرێتە ئامانج، ئەوە پێناس و شۆناسی کوردە کە هێرش کراوەتە سەری و کەوتووەتە بەر دەستڕێژی و پەلامارەوە.
بەڵام هەندێ کەس وەک بازرگانی_سیاسی، بە پێچەوانە سەیری ئەو مژارە و ئەو کێشە دەکەن و یان گرینگی پێنادەن،
بۆ وێنە هاوکات لە گەل کوژرانی کچە بێ تاوانی کورد "دەنیز پۆیراز" هەندێ لە باشور هەشتەکیان دەکردەوە و دەیانگوت؛ قودس و غەزە کێشەی ئێمەیە !
جا ئەگەر ئێمەی کورد لە بەری کەسانی دیکە دەمرین، دەبا لانیکەم یاوێکیش بۆ خۆمان بکەین !
لێرە بۆ وەبیر هێنانەوەی بێدەنگی بازرگانە سیاسییەکان سەبارەت بە کوژرانی کچە بێ تاوانی کورد" دەنیز پۆیراز"، ئەو پۆستەم کە لە سەر فەیسبووک دانابوو، بە وردە چاکسازییەک دیسانەوە دادەنمەوە.
٭٭٭
مامۆستایەکی ئەمرێکی دەڵیت، کورد لە ناوچەکە و لە ڕۆژهەڵاتی_ناوەڕاست هیچ دۆستێکی نییە. کوردەکان تەنانەت لە نێو ماڵی خۆیان، دۆستی یەکتر نیین و یەکتریان خۆش ناوێ.
٭٭٭
گەنجێکی فەڵەستین-ی و ئەندامێکی حەماس کە لە بۆردومانی ئەم دوایانە گیانی لەدەستدابوو، وێنەکەی لە لایەن کوردێکی باشوور-ی لە فەیسبووک دادەنرێت و کوردەکە دەنووسێت :
" قودس کێشەی منە"
تێکڕا، ٧٠٠ هزار کورد فالۆی دەکەن و پتر لە دەیان هزار کەسیش خەم و پەژارەی خۆیان بۆ گیان لەدەستدانی گەنجە غەزەیی دەردەبڕن.
هەڵبەت دەربڕینی هەڵوێستی مرۆف_دۆستانە سەبارەت بە هەر مرۆڤ و هەر نەتەوەیەک لە هەر شوێنێک جێی ڕێزە ]
٭٭٭
کچە کوردێکی باکوور-ی بە ناوی" دەنیز_پۆیراز " لە شوێنی کارەکەی لە ئیزمیری تورکیا، تەنیا بە تاوانی ئەوەی کە کوردە، لە لایەن تورکێکی ڕەگەزپەرست، تیرۆر و گولەباران دەکرێت، بەڵام نە ٧٠٠ هەزار کورد بۆ کوژرانی ئەو کچە کوردە بێ تاوانە، دڵی ڕادەچەڵەکێت و نە دەیان هزار کورد بە خەم و پژارەوە، ئەوە بە کارەساتی تیرۆریستی و جەنایەت دەزانێ و نە کەسیش هەشتەک دادەنێ یان دەنووسێ ؛
" تاوانی من کورد بوونمە"
٭٭٭
دەنیز پۆیراز کچێکی کورد و کەسێکی مەدەنی و فەرمانبەر یان بەرپرسی ئوفیسی حیزبی_دیموکراتی_گەلان[ هە.دە.پە] بووە لە ئیزمیر. 
هەڵەبەت لە ڕوانگەی بەشێک لە لایەنگرانی حزبە کوردییەکان ئەو حیزبە، حیزبی برایەتی گەلانە، نەک حیزبێکی کوردی، بەڵام خۆ هەر بە حزبێکی نزیک بە کوردان پێناسە دەکرێت و دەکرێت بڵێین ئەو حیزبە سەد قات لە حەماس و فەلەستین نزیکترە بە کورد و کوردستان و دەنیز پۆیراز-یش هەر تەنیا بە تاوانی کورد بوون کوژراوە
٭٭٭
هەستی کوردایەتی ئەگەر [ بە هەر هۆکارێک ] ڕووی لە داڕمان و داماڵین کردووە و ئەگەر کەس ناتوانێ ڕێگەی لێبگرێت، لاینکەم بانگی ویژدانمان نەخەینە پشت گوێ و هەستی مرۆڤایەتی-مان با زیندوو ڕابگرین. 
دەنیز پۆیراز کچە کوردێکە، یانخود ئینسانێکە، مرۆڤێکە کە بێ تاوان کەوتووتە بەر دەستڕێژی گولەی ترۆریست-ی ڕەگەزپرست-ی تورک.
 با ویژدانە بەهۆشەکان لە هەمبەر کوژران و گیان لەدەستدانی ئەو کچە بێ تاوانە بێ هەڵوێست نەبن و هەڵوێستێکی مرۆڤ دۆستانە بگرن.
 تاوانی من کورد بوونمە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە