کاتێک نیشتیمانی پڕ دەبێت لە لەشفرۆش و لە سیخوڕ

Saturday, 15/01/2022, 1:16

3881 بینراوە


سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەسەر ئاهەنگێکی خێزانی لەکاتی کەرەنتینە لە پۆست دوور دەخڕێتەوە، پایتەختی کوردستان لافاو دەیبات، ووڵات پڕ بووە لە جاسووس و خەڵکی لەشفرۆش. سەرۆکی هەرێمیش لە خەوی غەفڵەتی خۆیدایە.


بۆریس جۆنسۆن بۆ خۆی سەرۆکی پارتی پارێزگارانی دەسەڵەتداری بەریتانیایەو ، هەر خۆشی سەرۆک وەزیرانی ووڵاتە، کەسیکی زۆر چوست و چالاکی سیاسیەو ، یەکێکێکە لە نەوەی کەسایەتی و خێزانە دیارەکانی ووڵاتی بەریتانیا، پێگەیەکی جەماوەری زۆری هەیە و خاوەن کاریزمایەکی تایبەتە لە نێو پارتەکەدا، پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆکی پارتەکە دەیان پۆستی دیار و سەرکەوتووی هەبووە.
لەم کاتەدا پۆستی سەرۆک وەزیران و حکومەت بەدەست پارتی پارێزگارانەوە و بۆریس بۆخۆی سەرۆک وەزیرانە
ئێستە بۆرسی جۆنسۆن پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەدەستەوە، ماوەیەکی زۆر پارێزگاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بوو. لەسەر دەستی کار و چالاکیەکانی ئەم لە لەندنەی پایتەختی بەریتانیادا، هەمیشە پارتی پارێزگاران زۆرینەی دەنگی پایتەختی ووڵاتی بەدەست هێناوە، کە هەمیشە وەک شانازیەک بۆ بۆرسی جۆنسۆن دەگەڕایەوە ئەم زۆرینەی دەنگە وکورسیە ئیدارەیەکانی لەندەنی پایتەخت.
لەسەر تاکە یەک ڕەفتار، کۆی گشتی ئەندامانی پەرلەمان و پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن، بە نیازن بە کۆی دەنگ لە دەسەڵات دووری بخەنەوە...
سەرۆک وەزیران کە سزا دەدرێت:
لەسەر ئەوە نییە هاورکاری سوپای بێگانە دەکات بۆ ناو ووڵات.
مووچەی فەرمانبەرانی بڕیوە، خۆی و مناڵه کانی وەک پاشا دەژین و خاوەن سەدان پاسەوان و بارەگا و مووچەی تایبەت و هێزی تایبەتە و خەڵکیش لەبەر بێ کاری و هەلی کار کەوتوونەتە کۆچ کردن بۆ دەرەوە بەریتانیا و نیوەیان لە ئۆقیانووسەکانی نێوان بەریتانیا و ئەمریکادا ژێر ئاو دەکەون و گیان لەدەس ئەدەن، یا لە سەرمادا لە سەر سنوونی نیوزلەندا و ئوسترالیا و کەنەدا ڕەق دەبنەوە و بەر شەقی پۆسلیو پاسەوانە سەر سنووریەکانی ئەو ووڵاتانە دەکەون و سووکایەتیان پێ دەکرێت .
لەسەر ئەوە نییە ئابووری ووڵاتەکە لە کاتی سەرۆکایەتی ئەم سەرکردەیەدا بەرەو خراپی بچێت و لاواز بووبێت.
یا لەسەر ەئوە بێت ڕادەی بێ کاری و بەتاڵی زۆر زیادی کردبێت و دەرچووی زانکۆکان هەموو خەریک حەشێش و تلیاک خواردن بن، یا لە کۆفی شۆپەکاندا بەس خەریکی قاوەی تاڵ و نێرگەلە کێشان بن، بگرە لە کاتی ئەمدا ئەو بوارە زۆر زۆر لەجاران باشترە و بەریتانیا نەک هەلی کار بۆناوخۆ ووڵات زیادی کردووە، بگرە ساڵانە بە دەیان هەزار خەڵکی لە دەرەوە بەریتانیاوە دێن و داوای گرێ بەستەی کارو مانەوە دەکەن، بە هۆکاری ئەوەی داهاتی تاک و کرێی کار لەسەر دەستی ئەم ، ساڵ بە ساڵ زیاتر و باشتر دەبێت.
لەسەر ئەوە نییە لە کاتێ پۆستی سەرۆکایەتیدا، بەریتانیای لاواز و بێ هێز و بێ ئیرادە کردبێت.
لەسەر ئەوە نییە سەرۆک وەزیران، بوودجەی گشتی ووڵاتی دزی بێت و سەفەری ووڵاتانی پێ کردبێت و چارەسەری پزیشکی گران بەهای بۆ کرابێت.
لەسەر ئەوە نییە دووبەرەکی لەناو پارتەکانی ووڵاتدا دروست کردووە و، خەریکی ئەوە بێت بەریتانیا دووچاری جەنگێکی ناوخۆیی بکاتەوە.
لەسەر ئەوە نییە ژێر بەژێر، یا بۆ بەرژەوەندی پارتەکەی پەیوەندەی لەگەڵ ووڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیای دراوسێدا دروست کردبێت.
لەسەر ئەوە نییە خزمە نزیکەکانی سەرۆک وەزیران، هەموویان خاوەنی کۆمپانیا و بازررگانی و تەندەری گران بەهاو مۆڵی گشتی و یانەی لەشفرۆشی بن، سوودەکەی هەموو بخەنە گیرفانی خۆیانەوە، گەنجەکانیش ناچار بە برسیەتی و بێ کار بکات و ئاوارەی ووڵاتانیان بکات.
لەسەر ئەوە نییە لەکاتی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا،  وەک ئەو خەڵکە تووشی ڤایرۆسکە نەبووبێت و لە باڵەخانە و قەسرە تایبەتەکانی خۆیەوە، لە ژێر چاودێری و تەندروستی تایبەتدا بووبێت و، هەر لە قەسرەکەیەوە بە دەمامکێکەوە خۆی دەربخات جارو بار خەریکی لێدوان و قسە کردن و بڕیار دەرکردن بووبێت.
لەسەر ئەوە نییە لە کاتی بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنادا خۆی و تیمەکەی ڕاستەوخۆ نەچووبێتنە ناو خەڵک و دام و دەزگا و خەستەخانەکان و فەرمانگە حوکمیەکان، تا لە نزیکەوە ڕووداوەکان بە چاوی خۆیان نەبینن و تەنها چاوەڕوان ڕاپۆرتی ڕاوێژکارەکانیان بن، لە قەسرو دیوەخانەکانەوە، ئاگاداری ڕووداوەکان و حەدەسەکانی ووڵات بێت، نا بە پێچەوانەوە، سەرۆک وەزیران بۆخۆی یەکەم کەس بوو ڕاستەوخۆ چووە خەستەخانەکان و لە نزیکەوە پرسیاری لە نەخۆش و کارمەند و دکتۆرەکان دەکرد لە ترسناکترین کاتی سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتا کوشندەکەدا.
لەسەر ئەوە نییە پایتەختی ووڵات لایەکی لافاو و باراناو بردبێتی و چەندین کەس تێیدا بووبن بە قوربانی و گیانیان لەدەست دابێت.
لەسەر ئەوە نییە کوڕە 16 شانزە ساڵەکەی کردبێت بە سەرۆکی زانکۆیەکی ئه هلی، یا پۆستێکی ئیدارەی گەورەی بۆ دابین کردبێت و کردبێتی بە ڕاوێژاکاری یانەیەکی خێرخوازی و یا  کرابێت لە نوینەری دەگایەکی گرنی ووڵات و پێشوازی لە میوانی بیانی بکات وەک بەرپرسی ووڵات.
لەسەر ئەوە نییە هاوسەری سەرۆک و باوکی سەرۆک و مناڵی سەرۆک وەزیران، کرابن بە هێڵی سوورو، نابێت کەس بە خراپی باسیان بکات و قسەی نەشیاویان پێ بووترێت، چونکە ئەوان وەک پێغەمبەران لە خراپە و کاری بەد بە دوورن و خوداوەند بە پاکیزەو میهرەبان بۆ مرۆڤایەتی ناردوونی.....
لەسەر ئەوە نییە ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و پاسەوانی زۆر قەدەغە کرابێت بە گوێرەی یاسای ووڵات، بەڵام سەرۆک وەزیران خۆی ئۆتۆمبێلی جام ڕەشی بۆ دابین کرابێت و پاسەوانەکانی بووبن بە سەد هێندە، دوای  دەرچوونی بڕیارەکە...
لەسەر ئەوە نییە کە پاسەوان و ئەفسەرەکانی سەرۆک وەزیران، مامۆستا، خەڵک ، کاسبکار، قوتابی، فەرمانبەر،  لەسەر شەقامەکان بەر شەق بدەن، یا خەڵتانی خوێنیان بکەن و ئەمیش خۆی لێ گێل کردبێت و بریاری گرتن و دادگایی نەدابن، یا چاوپۆشیان لێ بکات.
لەسەر ئەوە نییە ڕیفراندۆمی و ڕاپرسی کردبێت بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا و دوای ئەوە خەڵک دەنگی بە جیابوونەوە دابێت، ئەم بێت بڵێت ڕاپرسیەکەمان تەنها بۆ ئەوە بووە بزانین خەڵکی خۆمان چی ئەڵێن ، وەک گاڵتە کردنێ بە خەڵک و، بگەڕێنەوە بۆ ناو دەسەڵاتەکانی یەکێتی ئەوروپا و هەوڵی وەرگرتنی پلەو پۆستی زیاتر بکەن لە ناو پەرلەمانی ئەروپادا.
یا لەسەر ئەوە بێت کوڕی کابرایەکی خیانەتکاری ووڵات بینێت و بیکات بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا و، داواش لە خەڵک بکات کە ئەمە دەستکەوتی گەورەیە بۆ گەلی بەریتانیا و پۆستێکی پڕبایەخە بۆ گەلی بەریتانی.
لەسەر ئەوە نییە خەڵکی ووڵاتەکەی هاتبێتە سەر شەقام بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی، بەڵام ئەمان چەکدارەکانی سەرۆک بە گوولە وەڵامیا داواکانیان بدەنەوە لەسەر شەقامەکان لە کاتی گیان لە دەستداندا لە  چەکدارەکانی سەرۆک بپاڕێنەوە، سەرۆکیش لە قەسرەکەی خۆیەوە لێدوانێکی بازاڕیان بدات و بڵێت: خەڵک جی دەکەن بکەن، هەڵدەپەڕن دادەپەڕن، هەرچی دەکەن با بکەن ، ئێمە هیچ بە خەیاڵماندا نایەت و هەو وا حساب دەکەین هیچ ڕووی نەداوە لە ووڵات!
نەخێر لەسەر هیچ ئەلەم هۆکارانە و دەیان هۆکاری تری ترسناکتر نیە!
تەنها هۆکار ئەوەیە سەرۆک وەزیران لە ماوەی کەرەنتینە کردنی ووڵاتدا. خۆی و هەندی هاوڕێی ئاهەنگێکی خنجیلانەیان کردووە، کە بە گوێرەی ئەو یاسایەی کاتی کەرەنتینەکە دەرچووە، نابێت قەرەباڵغی بکرێت، پەیوەندی وهاتووچۆی خیزانی وهاوڕێیەتی و کۆبوونە و خەریکی خواردن و خواردنەوە بن. هەتا ئەو کاتەی بڕیارێک دەردەچێت بۆ ئاسایی کردنەوەی کۆنترۆڵ کردنی پەتای کۆرۆنا، یا تا کۆتایی هاتنی ئەو کاتەی دیاری کراوە بۆ کۆتایی هاتنی کاتی کەرەنتینەکە....
هەموو تاوانەکانی سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسۆن، کە پلەو پۆستەکەی خستۆتە مەترسیەوە، کۆی دەسەڵات و دانیشتوانی گشتی بە لاینەگری پارتەکەی و بەو کەسانەشی دوورن لە سیاسەت کەوتوونەتە سەرزەنشت کردنی ئەوەیە:
کە چۆن دەکرێت سەرۆک یا ڕابەر ووڵات، کە بڕیاریک دەرچووە و ئەو بۆخۆی پەێڕەوی نەکات، ئەی چۆن دەبێت ئەم سەرۆکه ڕێگەی پێبدرێت لێپرسیەنەوە لە خەڵکی بکات و بڕیار بەدەستی ووڵات بێت ، لە کاتێکدا کە خۆی  سەرپێچی یاسایەک یا بڕیارێک، کەدەردەچێت لە دەزگایەکی فەرمی ووڵاتەوە.
بۆیە شایەنی ئەوە نییە ئیتر رابەر و سەرۆکی ووڵات بێت و جێگەی متمانەی بەریتانیەکان بێت.
کۆی بەریتانیا لەم کاتەدا لەگەڵ دەست لەکارکێشانەوە ی سەرۆکدایە، بە ئەندامە باڵآکانی پارتەکەی سەرۆک وەزیرن خۆشیەوە.
گەر بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەچێکردنەوە، ئەو کات بۆریس جۆنسۆن، کە هەم سەرۆک وەزیرانە، هەم سەرۆکی پارتی پارێزگارانە، لەهەردوو پۆستەکە دەردەکرێت ، تەنها بۆی هەیە وەک ئەندامێکی ئاسایی لە پارەتەکەیدا کار و چالاکی بکات بێ هیچ پلەو پۆستێکی ئیداری و حزبی و مووچەی سەرۆک وەزیرانو هەموو ئەو دەرماڵانەی هەیبووە، لێی دەسەنرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە