تێبینیمان لەسەر روونكردنەوەیەكی دادگای فیدراڵی باڵای عێراقی
Saturday, 15/01/2022, 1:40
5141 بینراوە
دوای ئەوەی دادگای فیدرالی باڵای عێراقی سعات 2:11 ی رۆژی 13/1/2021 فەرمانێكی وەلائی دەركرد بەراگرتن وهەڵپەساردنی كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەڵبژێردراو بەشێوەیەكی كاتی تا یەكلاییكردنەوەی داوا بنەرەتیەكە لەسەر دەستوری بونی بەرێوەچوونی یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمان لەرۆژی 9/1/2021 و پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی لەو كۆبونەوەیە. بەڵام دوای نزیكەی 3 كاتزمێر و بەدیاریكراوی لە سعات 5:23 ی هەمان رۆژ روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە بەوەی ئەو ئەمرە وەلائیە كاریگەری نابێ لە سەر ماوە دەستوریەكانی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی سەركۆمارو دانانی سەرۆكی وەزیران.
تێبینی خۆمان لەسەر ئەو روونكردنەوەیە بەو خاڵانەی خوارەوە دەخەینە روو:
1- دەركردنی ئەو روونكردنەوەیە لەبنەرەتدا پێویست نەبو، لەكاتێكدا داوا بنەرەتیەكەی پێشكەشكراوە بەدادگای فدراڵی، دژی نادەستوری بونی كۆبونەوەی یەكەم وپرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیە، بۆیە ئەگەر بریاری دادگا بۆ ئەو داوایە بەئاراستەی نادەستوری بونی یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمان وپرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی بێ، ئەوكاتە بەناچاری دەگەرێینەوە خاڵی سەرەتا، ئەویش دوبارە ئەنجامدانی یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانە بەسەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی. بۆیە دەركردنی ئەو رونكردنەوەیە ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە نیازی پێش وەختی دادگا بۆ یەكلاییكردنەوەی داوا بنەرەتیەكە بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە بێ، واتە بریار بە دەستوری بونی یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمان و پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی بدا.
2- مادام ئەمرە وەلائیەكە كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەڵپەساردوە تا یەكلاییكردنەوەی داوا بنەرەتیەكە، لەو حالەتەدا ئەو دەستەیە ناتوانێ پابەند بێ بەو ماوە دەستوریانەی بۆ هەڵبژاردنی سەركۆمارو سەرۆكی وەزیران دیاریكراون، چ لەپێش دەرچوونی بریاری دادگا لەو داوا بنەرەتیە یاخود دوای دەرچونی بریارەكە، چونكە كاتی یەكلاییكردنەوەی داواكە نەزانراوە لەوانەیە بە كەمتر لەمانگێك یا زیاتر یەكلایی بكرێتەوە، بێگومان ئەو ماوانەش كاریگەریان دەبێ لەسەر ئەو ماوە دەستوریانەی بۆ هەڵبژاردنی سەركۆمارو دانانی سەرۆكی وەزیران دیاریكراون. مەگەر دادگا نیازی ئەوە بێ لەماوەیەكی كورتدا داواكە یەكلایی بكاتەوە.
3- ئەوەی جێگای پرسیارو تێرامانە ئەوەیە، ئایا بۆچی دادگای فدراڵی بابەتی ئەو روونكردنەوەیەی لەگەڵ دەركردنی ئەمرە ولائیەكەو لەناواخنیدا باس نەكرد، بەڵكو دوای تێپەربونی 3 كاتزمێر بەپێویستیان زانی ئەو روونكردنەوە بدەن ؟!
4- لەكۆتاییدا ئەوەی گرنگە بەبۆچونی ئێمە، ئەو ئەمرە وەلائیە هەمو كارێكی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وخودی پەرلەمانیش رادەگرێ، تا ئەو كاتەی داوا بنەرەتیەكە یەكلایی دەكرێتەوە، واتە ئەو ئەمرە وەلائیە كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەركۆمار ودانانی سەرۆك وەزیرانیش هەیە، بەو ماوە دەستوریانەشەوە كە بۆ ئەنجامدانی ئەو دوو پرۆسەیە دیاریكراون. بۆیە لەگەڵ ریزمان بۆ دەستەی دادگای فدراڵی بەرێز، دەركردنی ئەو رونكردنەوەیە لەرووی شكلی وبابەتیەوە پێویست نەبو وە لەهەمان كاتیشدا گونجاو نەبو بۆ دادگای ناوبراو پێشینەیەكی لەو بابەتە ئەنجام بدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست