کۆماری مەهاباد بۆ وا زوو رووخا؟

Saturday, 22/01/2022, 0:04

6543 بینراوە


٥ی دیسامبری ساڵی ١٩٤٦ بڕیاردرا کە بەرخۆدان وشەڕی چەکداریی لە ئاست داگیرکردنی شاری مهاباد وپرسی کۆمار،دژی ئەڕتەشی تاران بدرێ ،لێژنەیەکی دە کەسیش بۆ ئەوکارە هەڵبژێردرا.بەڵام بۆ بەیانییەکەی کە دەکاتە ٦ی دیسامبری ساڵی ١٩٤٦ بارو دۆخ گۆڕاوقازی محەممەدوهاوڕێیانی بڕیاری تەسلیم وبون خۆرادەستکردنیان دا!بەواتایەکی دیکە لە ماوەی دوورۆژدا دووبڕیاری چارەنووسسازدرابە بێ ئەوەی دوارۆژی ئەوبڕیارانە هەڵسەنگێندرێن!جێگای سەرسووڕمانە لەماوەی دوورۆژداوەرەقی سیاسیی بەوشێوەیە ئاڵوگۆڕی بەسەربێ!
پرسی کۆماری مهابادو کۆماری ئازەربایجان رازی سەربەمۆرن.ئێستێش دوای ٧٥ ساڵ زۆر بابەتی نوێ وشآراوە دەردەکەون.بەڵام ئەوەی زۆر لە بەرچاوە ساتوسەودای سیاسی وئابووری ئەو زلهێزانە بووە کە زۆر قڕێژانە گەمەیان بە دوونەتەوەی کوردوئازەریی کرد.ئەوە لایەنێکی بابەتەکەیە.لایەنەکەی دیکەشی کە بۆ کورد دەگەڕێتەوە نەبوونی ئەزموونی سیاسی وشارەزایی لە بارودۆخی دونیا وپشت بەستنێکی بێ سنوور بووە بە بیانی بەتایبەت یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات کە سەردەمی دیکتاتۆڕێکی وەک ئیستالین بەڕێوە دەچوو.
لەسەرپرسی تیكچوونی کۆماری ئازەربایجان،جەعفەرپێشەوەری بڕیاری بەرخۆدان وشەڕی چەکداری دژی ئەڕتەشی شای ئیڕان داوبە ئیستالینی گووت:ئیوە بێ ویژدانن ،ئێمەتان کردە قوربانی سیاسەتەکانی خۆتان.ئیستێ چۆن من ئەوزەوی وزارەی کە لە نێوان جووتیاروگوندیەکانم دا بەشکردوە،پێیان بڵێم بیدەنەوە بە ئاغاودەرەبەگ وزیوی دارەکان.
لە کۆماری مهابادیش هیچکات ئەو کارە نەکرا،هیچ زەوی وزارێک لە نیوان گووندیەکاندا دابەش نەکراونەدرا بەچین وتوێژیی جووتیاروزەحمەتکێش.هۆیەکەش ئەوە بووە کە لە پێشدادەبوو قازی محەممەد زەوی زارەکانی خۆی لە مهاباد وبۆکان ودەورووبەری ئەو دووشآرە لە نێوان گووندیەکاندا دابەش کرابایەن!ئەوە یەکێک بووە لە جیاوازیەکانی ئەو دووکۆمارە.

کۆمارێکی لەرزۆک!

سەرچاوە:
لە کتێبی حاشاوبەرخۆدان،خوێندنەوەیەکی نوێ لە فیرقەی ئازەربایجان وکۆماری مهاباد،لە نووسینی:
عەلی موردامەراغەیی،چاپی تاران ساڵی ١٤٠٠ لە لاپەڕەی ٢٧٥و٢٧٨دا بەوشێوەیە باس لە رووخانی کۆماری مهاباد دەکا:
منیش بەئەمانەتەوە دەقی بابەتەکە وەک خۆی لێرەدا دەنووسمەوە.
٥ی دیسامبری ساڵی ١٩٤٦ قازی محەممەد وبەرپرسانی کۆماری مهاباد پێکەوە دانیشتنێکیان پێک هێناولێژنەیەکیان دروستکرد بەناوی شووڕای شەڕ، کە لە دەکەس پێکهاتبوون،لەو دانیشتنەدا بڕیاردراکە بەرخۆدانی چەکداری لە ئاست هاتنەوەی ئەڕتەشی ئێڕان بۆ مهاباد بدرێ.
بەڵام رۆژی دوایی / ٦ی دیسامبر / بارودۆخ گۆڕا وبژاردەی خۆ بە دەستەوەدان وتەسلیم بون لە بەرابەر ئەڕتەشی ناوەندیی لە تاران پەسەندکرا!برای قازی محەممەد سەدری قازی نەیتوانی حیزب وسەرۆک عەشیرەکان رازی بکا کە لە بەرانبەرسوپای ئێران بەرخۆدان بکەن.
لە لایەکی دیکەشەوە واوێدەچووفێڕقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان لە رووخان نزیکە،لە کاتێکدا لە نەزەر سوپاوهێز،لە کۆماری مهاباد تۆکمەترە.بۆیە ئەو هۆیە بووبە بارودۆخی خراپی دەروونیی کوردەکان کە وایکرد ئەوانیش خۆیان رادەست بکەن.
رووخانی کۆماری ئازەربایجان لە کاتێکدا بوو کە ئەڕتەشی ئێڕان بەسەرپەرەستی ژێنڕاڵ هومایونی گەیشتە شاری ورمێ.کاتێک قازی محەممەد لە مزگەوتی عەبباس ئاغا لە مهاباد گوتی:ئەوبارودۆخەی کە هاتۆتە ئاراوە کە ئازەربایجان تەسلیم بووە وشوڕەویش پشتی لە ئێمەکردوە،بۆئە ئێمەش هیچ چآرەیەکمان نییە جگە لە تەسلیم وبون وخۆرادەستکردن!
قازی محەممەد جگە لە تەسلیم بون هیچ رێگایەکی دیکەی بۆ نەمابوو،هاوکاری نەکردنی سۆڤیەت / شوڕەوی / وبەهێزتر بونی ئەڕتەشی تاران،پشت تێكردنی هۆزو عەشیرەکانی کورد،بارودۆخێکی خوڵقاند کە قازی محەممەد خۆی رادەست بکا.سەدری قازی برای قازی محەممەد بە سەرلەشکر هومایونی گووت:کوردەکان ئامادەن پێشوازیی لە ئەڕتەشی ئێڕان بکەن بۆ مهاباد.
بۆیە لە ١٦ دیسامبری ساڵی ١٩٤٦قازی محەممەد وسەیفی قازی وحاجی بابا شێخ وژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی شآری مهاباد بەرەو پیلیان لە نزیک شآری میاندوواو / ئەو شآرە ئازەری نشینە ولە باشووری شاری مهابادە و٤٥ کیلۆمیتر لە مهاباد دوورە /.وتا خۆیان تەسلیم بکەن بە ئەڕتەشی ئێڕان!

گوتنێکی کورتی قاسملوو:

هەرلەوپەیوەندیدا لە کاتی خۆیدا قاسملووگووتوویە: ئەگەر کوردەکان / مەبەست کۆماری مهابادە / بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە بەرابەر ئەڕتەشی ئێڕاندا بەرخۆدانیان کردبایە،ئەوکات لەوانەبوو شووڕەوی یان سۆڤیەت پشتیوانیان لە کۆماری کوردستان بکردایە.
لە جوابی ئەو هەڵویستەی قاسملوودا پێویستە ئاماژە بە بەڵگەیەکی زۆر نەهێنیی سۆفیەت بکرێ کە لێرەدا دەردەکەوێ هەر دووک کۆماری مهاباد وئازەربایجان لە سەر ساتوسەودای سیاسیی ونەفتیی باکوری ئێڕان دروست ببون.ئەوەش گەمەیەکی قرێژیی ئیستالین بوو.
بەڵگەی ژمارە ٤٥ لە کتێىی حەشاوبەرخۆدان لە لاپەڕەی٥٠٨دا ئاوای نووسیوە:
دوای ئەوەی لە ئاوریلی ساڵی ١٩٤٦ (١٤ی گوڵانی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی )،لە نێوان سۆڤیەت وئێڕاندا گرێبەستی نەفتی باکوری ئیڕان واژۆ کرا،رووسەکان دەستوریان بە قازی محەممەد وپیشەوەری دا ئیدی چیدیکە دژی حکومەتی ئێڕان هەڵویست ووتاری تووندووتیژ نەدەن وهێرش نەکەنەسەریان.قازی محەممەدیان هاندا تا بچێتە تاران ودەگەڵ قەوامولسەلتەنە بسازێ،قەوامیش قازی هاندەدا کە کوردەکان دەبێ دژی کۆماری ئازەربایجان کردوە نیشآن بدەن.لە نێوەداپیشەوەری بەقسەی رووسەکانی نەکردو گوێی بە پەیامەکانی ئەوان نەداونە چووبۆتاران.

نووسەری ئەوکتێبەش لە جوابی بۆچوونەکەی قاسملوودا ئاوادەڵێ:

ئەو بۆچوونەی قاسملوو زۆرساویلکانە بووە.شکستی کۆماری مهاباد وکۆماری ئازەربایجان لە لایان ئەو زەختە بووە کە سۆڤیەت بەسەر ئەو دووکۆمارەیدا سەپاندبوو.چون ئەو سەپاندنە لە کاتێکدا بووە کە بەرپرسانی حیزبی کومۆنیست وشەخسی ئیستالین دەگەڵ دەوڵەتی ئێڕاندا سازابون.جگە لەوانەش قاسملوو زۆر ئاگای لە بەڵگە نەهێنیەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە ئاست هەردووک کۆماری مهابادو ئازەربایجان نەبووە.

قسەی کۆتایی:

هەر لەوپەیوەندیەشدا من دەتوانم ئەوە بڵێم: ئەوتێئۆریەی قاسملوو راست نەبووە،چون بۆخۆشی دوای رووخانی شآی ئێڕان وسەرهەڵدانی خەڵكی ئێڕان بۆ ماوەیەکی تارادەیەک درێژخایەن بە ڕێبەرایەتی خۆی لەناوحیزبی دێمۆکڕاتدا توانی درێژە بەشەڕی چەکداری بدا.بەڵام نە تەنیا سۆڤیەت بەڵكوم جگە لە سەددام حوسین هیچ دەوڵەت وزلهێزێک پشتیوانی لەو شەڕە نەکرد کە قاسملووبە ڕێبەرایەتی خۆی لە حیزبی دێمۆکڕاتدادژی کۆماری ئیسلامی دەیکرد.لەسەردەمی کۆماری مهابادیشدا حیزبی دێمۆکڕات بە ڕێبەرایەتی قازی محەممەد بەرآدەی دوای رووخانی شآی ئێڕان بەهێز نەبووە.

پەراوێزێکی پێویست:

دوای راگەیاندنی کۆماری لە شآری مهاباد،ئەو رووداوە هەردەم بە کۆماری کوردستان ناوی هێنراوە.کاتیكیش باس لە کوردستان دەکرێ تەنیا شآری مهابادورۆژهەڵاتی کوردستان ناگرێتەوە.مەبەستی سەرەکی دەبێ کوردستانی مەزن بووبێ.لە کتیىی / حاشآوبەرخۆدان لە نووسینی: عەلی موراد مەراغەها،کە ساڵی ١٤٠٠ هەتاویدا چاپ کراوە جگە لە ناوەرۆکی مێژوویی ئەو کتێىە،خاوەنی٥٣ بەڵگەیە کە بە بەڵگەی زۆر نەهێنیی یەکێتی سۆفیەتی پێشووناونراون،لە لاپەرەی ٤٩٦ داناوەرۆکی بەڵگەی ژمارە  ٤٢ ئاوا باس لە دیداری قازی محەممەد ونوێنەریی ئامریکا دەکا.
قازی محەممەد رێبەری کوردستانی ئێڕان لە ٢٥ی ئاوریلی ساڵی ١٩٤٦ بەرپرسی یەکەمی ئامریکای لە شآری تەورێز بینیوە.نوێنەری ئامریکا لە قازی دەپرسێ: بۆ چی ئێستا لە حاڵی حازردا نوێنەرانی کورد پەیوەندیی بە ئامریکاوە ناکەن؟
قازی لە جوابدادەڵێ: ئێمە تەنیا نوێنەری کوردستانی ئێڕانین و هەر دەگەڵ کوردەکانی / خۆمان / پەیوەندیمان هەیە.کارمان بە کوردەکانی تورکیە وعێڕاق وئەوانی دیکە نییە! ئەگەر ئیووە وەک نوێنەری ئامریکا نوێنەرەکانی ئێمە قەبوڵ دەکەن،ئێمەش ئەو بانگ هێشتنە قەبوڵ دەکەین وبە گیان وبەدڵ دەیان نێرینە ئامریکا./ هەروەها دەبێ بڵێم،بۆ خوێندنەوەی ئەو کتێىە وچآوپێکەوتن بە بەڵگەکانی کتێىەکە سەر لە کتیبخانەی کوردستانپۆست بدەن،بە هاسانی دەتوانن ئەو کتیىە بخوێننەوە.

تێبینی:

:ئیستێ هەردووک باڵی دێمۆکڕآتەکان لە کۆی سەنجەق سەرگەردان و قەتیس کراون وەها گیرساونەوە کە توانیای هیچ جوڵەیەکیان نەماوە.لێکدەترازێن پرس بە کەس ناکەن،ئاشت دەبنەوە پرس بەکەس ناکەن؟ناوی خۆشیان ناوە دێمۆکڕات ودێمۆکڕآسیشیان بۆ تەواوی ئێڕان دەوێ!جار جار ئەو سیاسەتە دونیایەکی سەیری هەیە!
هەروەها هەمووساڵێک لە شآشەی ستێڕک تیڤی وئاریان تیڤی ساڵەوەگەری ٢ی رێبەندان بەرێوە دەچێ.من لە ساڵانی رابوردوو لەورۆژدا لە سەر ئەو دووراگەیاندنە بەرێزە هیچ بابەتێکی تازە لە سەر کۆماری مهاباد و٢ی رێبەندان نابینم.هیوادارم ئەوساڵ بە گووتاری نوێ ومیوانی نوێ یادی ئەو رۆژە بکرێیەوە.خەسار ناسیی لە سەر دیرۆکمان ئەرکێکی نەتەوەیی وکوردخوازانەیە.نابێ لە بەری ڕآبکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە