داگیرکردنی نیشتیمان

Monday, 17/01/2022, 21:26

6310 بینراوە


نیشتمان یەکێکە لەو پیرۆزییە بێ هاوتا و دەگمەنانەی ، کە مرۆڤ لە ژیانیدا گرنگییەکی تەواوی پێدەدات . بێگومان لە ناخی هەموو هاوڵاتییەکانی دنیادا ، ڕادەی خۆشەویستی نیشتمان وەک یەکە ، جا ئەو نیشتمانە گەورەبێت یان بچووک ، پێشکەوتووبێت یان دواکەوتوو ، بەهێزبێت یان لاواز . ئەمەش ئەو نهێنییە گەورەیەیە ، کە هەموو کەسێک بێ جیاوازی نیشتمانی خۆی بە پیرۆزترین و بەنرخترین نیشتمانی دنیا دادەنێت . نیشتمانیش بریتییە لە پارچەیەکی جوگرافی ، کە سنور و کەوشەنی تایبەتی خۆی هەیە و مرۆڤ تێیدا دەژی . بەڵام تەنها پارچەیەک زەوی ڕەق و تەق نییە ، کە تەنها خاک و خۆڵ و دەشت و شاخ و دار و ئاوی گرتبێتە خۆی ، خۆ ئەگەر وابووایە ، ئەوا مرۆڤ دەیتوانی بە ئاسانی واز لە نیشتمانەکەی خۆی بهێنێت و خاکێکی تر بکات بە نیشتمانی خۆی ، کە لە هەموو ڕووەیەکەوە لە نیشتمانی دایکی جوانتر و ژیان تێیدا باشتر بووایە . ئەو کاتە دەبوو  ئەوانەی لە جەمسەرەکانی گۆیی زەویدا و لە کەژە سارد و بەستەڵەکاوییە زۆر سەختەکاندا ، یان لە ناوچە دواکەوتووەکانی ئەفەریقادا دەژین ، وازیان لە خۆشەویستی نیشتمانی خۆیان بهێنایە و  بە دوای خاکێکی تردا بگەڕانایە . کەواتە نیشتمان ئەو باوەشە گەرموگوڕەیە ، کە مرۆڤ تیایدا هەست بە ئاشتی و ئاسایش و ئارامی و ژیانێکی شایستەی سەربەرزانە دەکات و یادگارییە جوانەکانی لە خۆ دەگرێت .  لە بەروبۆمی دەخوات و هەواکەی هەڵدەمژێ ، خاکی پیرۆزی باو و باپیران و نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتووە .  خۆشەویستی نیشتمانیش کارێکی زگماکییە و لەگەڵ لە دایکبوونی مرۆڤدا دروستدەبێت و لە گەڵیدا گەشە دەکات ، هەر بۆیە تا تەمەن هەڵبکشێت ، ڕادەی ڕێز و خۆشەویستی بۆ نیشتمان زیاتر دەبێت  ، ئەم خۆشەویستییەش هەستێکی توند و تۆڵی ناخی ڕۆحە ، کە مرۆڤ بە خاکەوە دەبەستێتەوە . ناکرێت بە هیچجۆرێک نە دەستبەرداری بین ، نە بازرگانی پێوە بکەین .
جا ئەگەر نیشتمان لای مرۆڤ  سەرچاوەی یادەوەرییەکانی بێت ، زێدی لە دایکبوونی خۆی و باو و باپیرانی بێت و بە هەست و سۆزێکی مەزنەوە بە ڕۆحییەوە بەسترابێتەوە ،  دیارە ئەو نیشتمانە شایانی ئەوەیە بە هەموو هێز و تواناوە و تا هەناسە و ڕەگی تەڕ لە لەشدا مابێ ، بەرگریی لێ بکرێت ، کار بۆ پێشکەوتن و بوژاندنەوەی بکرێت ، ڕێگا نەدرێت هیچ کەسێک و زیڕۆحێک دەستدرێژیی بکاتە سەری .  مێژووش بە درێژایی تەمەنی خۆی ،  لێوان لێوە لە قوربانی میللەتان بۆ نیشتمانی خۆیان . هەر بۆیە کاتێک نیشتمان ڕووبەڕووی داگیرکاری و دەستدرێژی و بای نەگبەتی دەبێتەوە ، ئەرکی سەرشانی هەموو کەسێکە بە دڵ و بە گیان و تا ئاستی شەهیدبوون بەرگریی لێبکات . 
ئەوەی شایانی باسە بە گشتی سێجۆر دەستدرێژی ڕووبەڕووی نیشتمان دەبێتەوە ، کە هۆکارن بۆ داگیرکردنی و لەدەستدانی ئازادی و سەروەرییەکەی ، کە بە گشتی بریتیین لەم خاڵانە : 
یەکەم : دەستدرێژی لە لایەن دەوڵەتێکی بێگانەوە بۆ سەری ، کە یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان ، بە مەبەستی داگیرکردن و ملکەچکردنی میللەتەکەی و بە تاڵانبردنی هەموو سەروەت و سامانی خاکەکەی .  یان بە مەبەستی سیاسی بۆ  فراوانبوونی سنوری دەوڵەتە داگیرکەرەکە ، لەسەر حسابی نیشتمانە داگیرکراوەکە .
دووەم : دەستدرێژی دووەم بۆ سەر نیشتمان ، بریتییە  لە پلانی داگیرکەر بۆ  پارچە پارچە کردنی خاکی نیشتمان و دابەشکردنی گەلەکەی ، کە لە نیشتمانەکەی خۆیاندا بە تەبایی و بێ کێشە ژیاون ، بۆ دەستە و تاقم و حیزبی دژ بە یەک و هاندان بۆ دووبەرەکی و نانەوەی شەڕ و ئاژاوە و ناکۆکی لە نێوانیاندا ، بە مەبەستی داوەشاندن و کرمێکردنی ناخی هاوڵاتییەکانی ، کە ئەمەش سەرەتای  ئامادەکارییە بۆ داگیرکردنی نیشتمانەکە بە ئاسانی . یان  لەوانەشە داگیرکەر زیرەکانە خەڵکی نیشتمانەکە لە خشتەبەرێت و بیانکات بە جاش و مەقاش و  ئەڵقە لە گوێێ خۆی و  لە ڕێگای ئەوانەوە ئەم دەستدرێژییە ئەنجامبدات ، چونکە ئەو ژیرانە سیاسەت دەکات و تا مەقاش هەبێت پەنجەکانی خۆی ناسووتێنێت . 
سێیەم : دەستدرێژی سێیەم بۆ سەر نیشتمان لە ڕێگای بڵاوبوونەوەی 
گەندەڵی ناوخۆوەیە  . واتە دزین و بە تاڵانبردنی داهات و سەروەت و سامانی نیشتمان ،  لە لایەن بنەماڵەی گەندەڵی خۆسەپێنەر و  حیزب وسیاسی مشەخۆر و نۆکەرەکانییانەوە ، کە هاوڵاتی ئەو خاکەن و هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانییان تەنها تاڵانکردنی داهاتی سەرزەوی و ژێر زەوییە ، بەبێ ئەوەی هەست بەو لێپرسراوەێتییە مەزنە بکەن ، کە لەسەر شانییانە .  بێگومان گەندەڵی یەکێکە لە پەتا پڕ مەترسییەکان ، کە ڕێگا خۆشکەرە بۆ هەرەس و شکست و ئاشبەتاڵ و داگیرکردن ، چونکە چەندین کاردانەوەی خراپی لەسەر بواری ئابوری و کۆمەڵایەتی دەبێ وەک:
١ -  دیارنەمانی داهاتی وڵات  و دابەشنەکردنی بە شێوەیەکی عادیلانە و دروستبوونی جیاوازییەکی ئێجگار زۆر لە نێوان چینێکی کەمی دەوڵەمەند و چینێکی زۆری هەژاردا ، کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر ماف و ئەرکی هاوڵاتییان و بڵاوبوونەوەی برسێتی و هەژاری و ئاژاوە و ساختە و دزی و بەرتیل و کاڵبوونەوەی بەها جوانەکانی ناو کۆمەڵگا ، بە تایبەتی نەمانی هەستی خۆشەویستی بۆ نیشتمان .   
٢ –   لاوازبوون و بێ متمانەیی هاوڵاتییان بە دادگا و سەروەری یاسا ، کە بەگشتی لە بەرژەوەندی گەندەڵکارکان و نۆکەرەکانییاندایە .
٣ -   دەستبەسەراگرتنی سەروەت و سامانی وڵات ، بۆ ئەو کەسانەی ، کە دەسەڵاتییان بە دەستە ، پاشان بەکارهێنانی بەشێکی ئەو سامانە دزراوەش  بۆ کڕینی ویژدانی کەسانی نۆکەر ، کە نۆکەرایەتی و بەرگرییان لێدەکەن و دەنگی ڕەوای خەڵکی کپ دەکەن . 
٤ – هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابوری وڵات  لە ڕێگای گرنگی دان بە پڕۆژەی بێ بەرهەمی پڕ قازانجی خێرا و پشتگویێ خستنی پڕۆژەی ئیستراتیجی پیشەسازی و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری ، کە بناغەی ئابوورییەکی پتەون . لە هەمان کاتدا پشتگوێ خستنی  کەرتە گرنگەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییەکانی وەک  ئاو و کارەبا ... هتد .
 ٥ –  کورتهێنانی داهاتی گشتی بە هۆی خۆ دزینەوە لە باجی پڕۆژە زەبەلاحەکانی سەر بە خۆیان و زیادکردنی باج لەسەر هاوڵاتییان . 
 ٦ – نەبوونی چاودێری لەسەر کارەکانی حکومەت و کەرتە تایبەتییەکانی سەر بە خۆیان . پاشان ڕێگرتن لە کەسانی پاکی شارەزا بۆ وەرگرتنی پایەو و پۆستی گرنگ ، کە توانای گۆڕانکاری گەورەیان هەیە .
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم : گەندەڵی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا وبڵاوبوونەوەی برسێتی و ژەنگ و ژاری ناکۆکی و هەڵایسانی شەڕ و ئاژاوە و  نەمانی ئاشتی و ئاسایشە . لە ئەنجامیشدا هاوڵاتییان باوەڕیان بەو دەسەڵاتە گەندەڵە نامێنێت و بە ئەندازەی تاقە موویەک خۆیان نابەستنەوە بە نیشتمانەوە ، چونکە سایەی نیشتمانێک داڵدە و پەنا و پەسێوی هەمووان نەبێ و نەتوانێ نان و کار و ئارامی و ئازادی بۆ هاوڵاتییەکانی دەستەبەر بکات ، لە کاتی تەنگانەشدا ئامادەنین نە داکـــۆکــی لێ بکەن ، نە تەنها فیشەکێکی بۆ بتەقێنن . 

*****

تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە