بارزانی لەلاپەڕەکانی ویکیلیکسدا

Monday, 17/01/2022, 21:32

9716 بینراوە


نامەوێت خۆم بەتەحریف کردن و ناساندنی ویکیلیکسەوە خەریک بکەم. چونکە هەموولایەک دەزانن کە لەم چەند ساڵەی ڕابردودا ویکیلیکس هەزاران بەڵگەی لەسەر زۆربەی حکومەتەکانی دونیا بڵاوکردۆتەوەو هەمووانیش دانیان ناوە بەڕاستی بەڵگەکان و کەس شکی لەوە نییە، کە بەڵگەکان دروسکراوو تەزویر بن. تەنها لایەنێک کە دانی نەناوە بەو بەڵگانەی، کە سایتی ویکیلیکس لەسەری بڵاوکردۆتەوە دەسەڵاتدارانی کوردستانن بەتایبەتی بنەماڵەی خاوەن دەسەڵاتی بارزانیەکان. بەڵام لەڕاستیدا ئەوان دانی پێدابنێن یان ڕەتی بکەنەوە هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت، چونکە سەرچاوەی بەڵگەکان وەکو ڕۆژ دەدرەوشێتەوەو کەس ناتوانێت بەر بەدەرکەوتنی ڕوناکیەکەی بگرێت. 
لەم چەند ساڵەی ڕابردوداو دوای كوده‌تا شكست خواردوه‌كه‌ی توركیا، سایتی ناوداری جیهانی (ویكیلیكس) چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی له‌سه‌ر پارتی و په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتی و ئەردۆگان، لەگەڵ ناوی چەند خۆفرۆشێکی میدیاکاری کوردی وەکو رێبوار وەلی و توانا عوسمانی ئێن ئاڕتی و شیڤا گەردی و حەمکۆو دلبەخوین و شاهۆ ئەمینو زۆریتری هاوشێوەکانیان بڵاو كرده‌وه‌. هەڵبەت ئەمە لای میللەتی کورد، هەروا بەئاسانی گوزەر دەکات و پاش ماوەیەک لە بیرچویەوە، ناهەقی ئەو خەڵکەش ناگرم کە ئاوا خەمساردن و شتیان زوو لە بیر دەچێتەوە. یان لە بیر خۆیانی دەبەنەوە. ئەمەش بەشێکی بۆناهۆشیاری سیاسیی میللەت دەگەڕێتەوەو بەشێکیشی بۆترس لەدەسەڵات. لەڕاستیدا بەداخەوە کوردستان لەسایەی دوو کۆمپانیای مافیایی و سیاسیی یاخود بڵێین دوو بنەماڵەی دیکتاتۆر، بووە بەکۆریای باکورو تەنها لەناوو لۆگۆو دروشمدا خۆی لەبەرگی هەرێمێکی دیموکڕاتیدا عەرز دەکات، ئەگینا لەحەقیقەتدا کوردستان هاوشێوەی کۆریای باکورە لەدیکتاتۆری و ترس و تۆقاندنی هاوڵاتیانی خۆی. 
بەهەرحاڵ بادورنەکەومەوە لەباسەکە. خۆی لەخۆیدا خستنە رووی ئەم جۆرە باس و هەڵدانەوەی مەلەفانەی سەرکردە خائینەکانی کوردو حیزبەکانیان، وای کردووە، ئەوەی لەویکیلیکسدا بڵاوکرایەوە دڵۆپێکە لەم هەزاران خیانەتەی سەرکردەکانی کورد، کە لەڕابردودا کردویانە. بۆیە ناهەقی ئەو خەڵکە ناگرم کە ئاوای لێهاتووەوهیچ کاردانەوەیەکی نییە، چونکە رۆژانە لە نیشتیمانی ئێمەدا دەیان خیانەت دووبارەو دەبارە دەبێتەوە. دوایی هیچ روونادات، چونکە خیانەت لای پارتی و یەکێتی بووە بەشتێکی ڕۆتین و ڕۆژانەو میللەتی کورد لەگەڵی ڕاهاتووەو لایان بووە بەشتێکی ئاسایی. هەرچەندە سه‌رجه‌می به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنته‌كان ڕاستیه‌كی نكوڵی لێنه‌كراوون، به‌ڵام پارتی هه‌میشه‌ بەکۆمەڵێک وەڵامی نامەنتیق و ناموقنیع دێتە جواب و هەموو بەڵگەکان ڕەتدەکاتەوەو لایەنی بەرامبەریش بەتێکدەرو جاسوس و دەستی دەرەکی لەقەڵەم دەدات. ‌هێشتاش خه‌ڵكانێك هه‌ن بڕوا بەپارتی دەکەن و بەڵگەکان ڕەتدەکەنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەڵگەکانی ویکیلیکس دونیای هەژاندووەو چەندین سەرکردەو دەسەڵاتدار لەدونیادا دەستیان لەکارکێشایەوەو وەکو بەڵگەی شەرمەزارکەر بۆخۆیان و بۆخانەوادەکەیان لەقەڵەمدا. تەنانەت خودی حکومەتی ئەمریکا بەفەرمی دانی بەڕاستی بەڵگەکانداناو وتی بەڵگەکان دزەیان پێکراوە. 
بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لەلایەن ویكیلیكسەوە دزەیان پێکراوە‌ خودی مه‌سعود بارزانی سەرۆکی پێشوی هەرێمی کوردستان (٨٨٢) ئیمه‌یلی بۆ ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا ناردووه‌.  سه‌یره‌! ئه‌ی بۆچی ده‌ڵێن مەسعود خوێنده‌واری نیه‌؟! لەئیمەیڵەکاندا مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەداوە، کە ٣٠٠٠ پێشمەرگەی کوردیان لەپێناو تورکیاو لەشەڕی دژی پەکەکە بەکوشتداوە. لەیەکێک لەئیمەیڵەکان تەنانەت وشەی قوربانی بەکارهاتووە، کە مەسعود دەڵێت قوربانیمان بەپێشمەرگەکانمان داوە بۆ پشتیوانی کردنی تورکیای دۆستمان. ئاخر جەنابی سەرۆک بۆچی قوربانی؟ ئاخر قوربانی واتا کەسێکی خۆت بەکوشت دەدەی یاخود بەدەستی خۆت سەری دەبڕیت لەپێناو خودادا یان لەپێناو دەسەڵاتدارێکی زاڵم و دیکتاتۆردا. ئاخر جەنابی سەرۆک تورکیا ڕۆژانە کوردەکانی باکور دەکوژێت و دەیانچەوسێنێتەوە. تەنانەت بەبەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە کە تانکی سوپای تورکیا ژنێکی کورد بەزیندویی دەشێلێت و پانی دەکاتەوەو بەشێوەیەکی تراژیدیا دەیکوژێت. پەکەکە تەنها حیزبی کوردییە کە ٣٨ ساڵە دژی ئەم زوڵمەی تورکیا شەڕدەکات، کەچی تورکیا کورد دەکوژێت و ئێوەش بەفەرمانی تورکیا هێرش دەکەنە سەر پەکەکەو لەو شەڕەشدا کە بەوەکالەت بۆ تورکیا کردوتانە ٣٠٠٠ پێشمەرگەی خۆتان بەکوشتداوە. 
لەبەشێکیتری ئیمەیڵەکانی بارزانیدا ئەوە ئاشکرابووە کە تورکیا پیلانێکی مەترسیداری هەیە کە بەهێواشی دەستبگرێ بەسەر بەشێکی موسڵ و بەرزایەکانی چیای شەنگال و بەشێکی کوردستان لەناوچەی بادینان و چیای خواکوڕک . لەم پیلانەشدا تەنها لایەنی کوردی پارتی و بنەماڵەی بارزانی هاوکاری تورکیا دەکەن. لەبەرانبەریشدا تورکیا هاوکاری پارتی دەکات بۆنەمانی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانیەکان. هاوکات پارتی و تورکیا هەردوکیان پەکەکە بەدوژمنی هاوبەشی خۆیان دەزانن و بەیەکەوە پەکەکە لەناو دەبەن. لەئیمەیڵەکاندا پەکەکە بە مەترسییەکی جددی و گەورە بۆسەر پارتی و تورکیا لەقەڵەمدراوە، وە ئاماژە بەوەشکراوە کە لەناوبردنی پەکەکە هێندەش ئاسانو سەهل نییە. بەڵام لەناوبردنی یەکێتی شتێکی ئاسانترەو پێویستی بەکاتی کەمترە. بەڵام بەلەناوبردنی یەکێتی و دەسەڵاتی تاڵەبانییەکان دەستی ئێڕان و شیعە لەکوردستان و بەشێکی عێڕاق دەشکێنین. 
لێرەدا مەبەست ئەوەیە، کە چۆن بارزانیەکان ڕۆبۆتی دەستی تورکیان، ئاوهاش تاڵەبانیەکان لەلایەن ئێرانەوە دەجوڵێندرێن و تاڵەبانیەکانیش کوڕی ئێرانن. ئەگەر ئەم پیلانگێڕیە سەرکەوتوبێت، ئەوا پارتی دەبێت بەحاکمی یەکەمی بەشێکی کوردستان و بەشێکیش دەکەوێتە دەستی تورکیا. ڕاستە پارتی ئێستا حاڵی باشترەو سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هی ئەوانە. بەڵام چونکە حیزبێکی خائینەو ئامانجی ئەوە نییە کورد ببێتە خاوەنی وڵاتو سەروەری خۆی، بەڵکو بۆپارتی گرنگ ئەوەیە کە جگە لەبنەماڵەی بارزانی هیچ کەس و لایەنێکیتر خاوەن دەسەڵات نەبێت. جا بۆ پارتی گرنگ نییە ئەوکات کورد پێگەو دەسەڵاتی چۆن و چەند ئەبێت، بەڵکو دەسەڵاتێکی لۆکاڵی لەشێوەی خودموختاری و میرنشینی و ئاغایەتی دەوێت کە تەنها بارزانیەکان حاکم بن. 
لەبەشێکیتری ئیمەیڵەکانی بارزانی بۆ ئەردۆگان، ویکیلیکس ئەوەی ئاشکرا کردووە. کە پارتی بەناچاری ڕازیبووە بەداواکاری تورکیا، کە بۆماوەی پەنجا ساڵ تورکیا پشکی هەبێت لەنەوتی کوردستان. هەرچەند لێرەدا مەسعود بارزانی ناڕازی بووە، بەڵام لەهەمان کاتدا کەسێکی لاوازو بێهەڵوێست بووەو غیرەتی ئەوەی نەبووە کە بەتورکیا بڵێت ئەوە قبوڵ ناکەم. چونکە هەرچی تورکیا پێژنیاری کرد ئەبێت پارتی قبوڵی بکات، لەبەرئەوەی ڕێککەوتن کراوە لەنێوانیاندا. کە پارتی خۆی وەکو هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی ناساندووە، کە بەفەرمی لەچوارچێوەی عێڕاقدایە، وە لەژێرەوە فەرمان لەتورکیا وەردەگرێت.هەروەها تورکیا هەڕەشەی ئەوەی لەپارتی کردووە، کە ئەگەر بەمە ڕازی نەبێت ئەوا ئیختیاری دووەم ئەوەیە تورکیا تاکو ساڵی ٢٠٢٤ تەواوی هەرێمی کوردستانی عێڕاق دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و یەکێتی و پارتی و پەکەکەش لەناودەبات. بەڵام ئەگەر پارتی بەئیختیاری یەکەم ڕازی بێت و هاوکاری تورکیا بێت بۆلەناوبردنی پەکەکەو یەکێتی و تاڵەبانیەکان وە پشکێکی باشی نەوتی کوردستان بدات بەتورکیا ئەوا لەداهاتودا دەسەڵاتێکی لۆکاڵی و خودموختاری بۆبنەماڵەی بارزانی مسۆگەر دەبێت و بارزانیەکان دەتوانن حوکمی بەشێکی ناوچەکانی بادینان، ڕانیە، گەرمیان و سلێمانی بکەن، بەڵام بەو مەرجەی لەژێر فەرمان و دەسەڵاتی تورکیادابن و نابێت هیچ هێزێکی چەکداریان هەبێت و دەبێت تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە هەڵبوەشێننەوە، بێجگە لەپۆلیس. هەروەها ئەوەش ئاماژەی پێکراوە کە هەولێرو کەرکوک بەتەواوی دەخرێنە سەر تورکیا، چونکە بەشێکی دانیشتوانی ئەم دوو شارە گەورەیە تورکومانن و لەخەڵکە ڕەسەنەکەی سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیەکانن و تورکی ڕەسەنن.
بێگومان پارتی بەم مەرجانە ڕازیبووەو لەپێناو مانەوەی بنەماڵەی بارزانیەکاندا، ئەگەر تەنانەت وەکو ئاغاو سەرۆک هۆزیش بن. 
تێبینی: ئەو بەڵگانەی کە ویکیلیکس لەسەر بنەماڵەی بارزانی و ئەردۆگان بڵاوی کردنەوە، زۆر نهێنیتری تێدایە، بەڵام ئەمانەی سەرەوە هەرە گرنگەکانیانن و ئەمانە زۆر مەترسیدارن بۆ داهاتوی کورد. من خۆم ئەو ئینگلیزیە باشە نازانم، بەڵام هەرکەسێک ئینگلیزی زۆر بەباشی دەزانێت دەتوانێت لەویکیلیکس بەڵگەکان بخوێنێتەوە. من ئەوەی دەیزانم هەر ئەوەیە کە وەکو هەر کوردێکیتر پێش چەند ساڵیک کەبەڵگەکان بڵاو بونەوە بەڵگەکانم بینین و بیستن. تەنانەت ئەوکات لەژورەکانی پاڵتاکدا چەند ڕۆژ قسەیان لەسەرکراوو دەیان سەعات من گوێم گرتووە لەم بەڵگانە. هەروەها ئەمەی من باسی دەکەم شتێکی تازە نییە، بەس ئەوەندەی من بیرم ماوە ویستم جارێکیتر بیخەمەوە بەر چاوی تاکی کوردو بیری کوردزمانانی بخەمەوە کە دەسەڵاتێکی چەند قێزەون و خائین حوکمی کوردستان دەکات و داهاتوویەکی چەندە مەترسیدار چاوەڕێی خەڵکی کوردستان دەکات، ئەگەر پیلانگێڕیەکە سەربگرێت.. بەڵام هیوادارم پارتی و تورکیا سەرکەوتو نەبن لەم پیلانگێڕیەو گەنجانی کورد وشیار ببنەوەو لەوە تێبگەن بەلابردنی بارزانیەکان لەدەسەڵات لوتی ئەردۆگان دەشکێنن و خەونەکەی لەگۆڕ دەنێن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە