دەسەڵاتی ستەمکار ئازادی فەراهەم ناکەن

Monday, 17/01/2022, 21:58

2493 بینراوە


هەرگیز سەرکردە و دەسەڵاتدارانی ستەمکار ئازادی فەراهەم ناکەن بۆ کۆمەڵگاکەیان
کاتێک بڕیارتدا بۆئازادی تێ بکۆشیت..نابێت بترسیت، نابێت بێ ئیرادە بیت،نابێت هەنگاو بنەیت و چاوەڕوانی کۆتایەکەی نەکەیت و بگەڕێتەوە بۆدواوە ، وە ناشبێت بەرپرسیاریەتێکەی هەڵنەگریت..

ئازادیمان بۆچیە؟

ئەگەر نەزانرێت ئازدیمان بۆچیەو پێوستی ئازادیی چیە؟ ئەوە ئەو ئازادیە لەناومان دەبات کە هەوڵی بۆ دەدەین !!
ئەگەر ئازادیمان دەستکەوت ، چۆن بەکاری بهێنین وپلانی بۆ دابڕێژین؟
پێوستە بەوریاییەوە مامەڵە بکەین لەگەڵ ئازادیبوونماندا ! 
ئازادی فۆرمی تری هەیە..ئەویش پێچەوانەکەیەتی ، ئەگەر وەکو خۆی لێی تێنەگەیشتین و ئایدیای پێچەوانەمان هەبوو، مەبەست وفۆرمێکی دیکەی لەپشتەوە بوو ئەوە ناتوانین پێ بڵێن ئازادی، ئەگەری هەیە ڕەوشەکە بەرەو وخراپترو لەڕێگا ئازادیەکەی لابدات...بەرەو ڕیفرۆمێکی دی بخزێت..فۆرمەلێکی تر دروست بکات !
کەسی ئازادیخوازیش پێوستی بەدادپەروەری و یاسا هەیە بۆ سەرکەوتنی..ئایدایی ئازادی لای تاکەکانی ئازادیخواز دەبێت روون وئاشکرابێت، ببێتە فێرگەیەکی بەهێز بۆ پەروەردەو بەهێزکردنی هزری تاکی کۆمەڵگاکەی و هەوڵبدات کۆمەڵگا پەروردە بکات و رزگاری بکات لەدەستی نەزانین وزوڵم و ستەمکارارانی ناوخۆو دەرەکی !
نەک کۆمەڵگا ئەو ‌پەروەردە بکات،چونکە ئەو دەم دروستکراوی نەک دروستکەر .
وە چالاکی وبەرخودان و تێکۆشان دەتگەیەنێت بە ئازادی.
کلیلی ئازادیبوون بەدەست تاکەکانی کۆمەڵگەوەیە نەک بەدەستی دەسەڵاتداران ، چونکە ئەگەر تاک خۆی سیرج نەکات و بەدوایدا ڕانەکات ئەوە دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوای ستەمکار بۆی فەراهەم ناکان، ئەگەر بەدەست ئەوان بێت قەت ئازادی نادان بۆ ئەوەی خەڵک ئاستی تێگەیشتنی داخراو بێت، لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی خۆیاندا.
ئازادی هەست وناخی مرۆڤ خۆیەتی دروستی دەکات کە لە ڕۆحی هەر تاکێکی ئازادیخوازدا لەکۆمەڵگادا گەشە دەکات،  تاک خۆی هەڵسەنگاندن بۆ بیروبۆچوون وهزری عەقڵانی خۆی دەکات ، کە تاچەند بەرپرسانە تامی ئازادی و دەنگی ئازادی لەناخیدا ورژاندبێت، 
ڕاستە هەندێ جار کەسێک یان بابەتێک یان ئایدۆلۆژیای بزوتنەوەیەک (پارتێک) ، کاریگەری لەسەر تاک دروست دەکات،بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەتەنها ئایدیایی دەرەکی ڕەنگدانەوەی هەبێت ..دەبێت لەهزرو بیری خۆیدا ئازادی ڕەگی داکوتبێت وقەدو پەلوپۆی کردبێت ، ئینجا فیکرو ئایدۆڵۆژیایی دەرەکی ڕەنگدانەوەی دەبێت و دەبێتە تەواوکەری ڕوانین وبیری ئازادی. 
ئازادی لای هەموو مرۆڤێک هەڵنایات، لای کەسانێک دروست نابێت ، کە ستەمکاروزاڵم ویاسا شکێن بن ، ببنە لەمپەڕ لەبەردەم ئازادیخوازاندا، با بەسەر زارەکیش بڵێن ئازادیمان پێ قبوڵە، ئەگەر زەمینەسازی نەکەن ، وە فەراهەمکردنی ئازادی دەربڕین بەمەترسی بزانن و لەواقیعدا ڕەنگی نەدابێتەوە..، ئەوە پێی ناوترێت قبوڵ بوونی ئازادی ! پێوستە بەرجەستە بکرێت.
وە ڕێگا بەمرۆڤ بدرێت لەهەر چین و توێژێک بێت ، بێ ڕەچاوکردنی نەتەوەو باری سیاسی و ئاین و مەزهەب و خەڵکی سیڤیل و کەلتورو زمان ،داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن و ڕێز لە بیروبۆچوون وبیرو ڕای ئازادیان بگیرێت..،بەشێوەیەکی دیموکراسی و ئازادانە و بەپێی یاسای مافی مرۆڤ و جارنامەکانی مامەڵە لەگەڵ ئازادیخوازاندا بکرێت ،  ڕێزی بیروبۆچوونی تاکی ئازادیخواز بگیرێت ، کە بە ئازادانە بیروڕای ئازادانەی خۆی دەرببڕێت، بەمەرجێک کەمکردنەوەو سوکایەتیکردن نەبێت ، بۆسەر کەلتورو زمان و داب ونەریت وئاین و نەتەوەو کەمەنە نەتەوایەتیەک نەبێت.
ئەوکەسەی ئازادیخوازە لەپەیڕەو و پڕۆگرامی ئازادانەی خودی خۆیدا سنورێکی ئازادانەی بۆ کێشابێت ..لەبەر ئەوەی لە ئازادی لا نەدات ،بێ ئەوەی کەسانی تر بۆی دیاری بکەن..لەوسنورە ئازادانەیدا، ئازادیخوازانەی بەسەر بەستانە دەرببڕێت، بۆئەوەی مافی هیچ کەسێک ولایەنێک پێشێل نەکات و ئازادی خۆت وچوار دەورەکەت بێ چوارچێوەو ڕەهانەبێت..!!
وەکو لەسەرەتا ئاماژەم پێدا، لەسنوری خۆیدا داوابکەن و بیروفیکر لەژێر کۆنترۆڵدا بێت، دەبێت بۆ کۆتایی هەر بیرو ڕەهەندێک هێڵێک بکێشێنرێت و خاڵێک دابنرێت لە کۆتایدا.
وە لەهەر نەتەوەو وڵاتێکدا بیرو ڕای ئازادو  مافی ئەوە نەدرا بەکۆمەڵگاو تاکەکانی داوای مافی خۆیان بکەن ، ڕێگریان لێکرا ئەو نەتەوەیە یان ئەو وڵاتە لە پاشەکشەو سەرگەردانیدایە لەرووی پەروەردەو ڕۆشنفکریدا، بەرەو لەناوچوونی دەسەڵات و پێگەی مل دەنات .. دەبێتە وڵاتێکی دواکەوتوو لەڕوانگەی وڵاتانی دیموکراسی ، وە واقیعی لاواز دەبێت..،
ئەو کاتە ناڕەزایەتی و دەنگی بوێری خەڵکی نیشتیمانی قەدیسکراو پەنگخواردو بەرز دەبێتەوە و کۆت و ەند دەشکێنرێت...!
خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازان هەڵوێستە دەکەن و کەمپین دروست دەکەن دژی دەسەڵاتدارانیان ، هەر وەکو لەهەرێمی کوردستان بەردەوام و لەهەموو سەردەم و حکومەتێکیدا ، کەسانی ئازادیخواز هەبووەو دنگی بەرخودانی و بوێریان دیاربووە، لەدوای ڕاپەڕین وبەتایبەتی لەم سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەڵۆجیاو تۆرە کۆمەڵایەتی ومیدیای سەربەخۆو ڕێکخراوی مەدەنی ، مرۆڤانێک هەبوون و هەن بەردەوام کەبەخوێن و گیانی پاکی خۆیان لەپێناو ئازادی بیروڕاو دادپەروەریو ڕاماڵینی گەندەڵکاران و زاڵماندا بوون بەقوربانی..
وە بەرەی ئازادیخوازای بەشێوەیەکی بەرفراوان دروستبووە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمیش، گرەوی ئازادیی لەسەر ژیانی خۆیان کردوە لەپێناو هێنانەدی دادپەروەریی وئازادیدا.
وەرزگاربوون لە تەلبەندکردنی فیکرو ئایۆلۆژیایی مرۆڤ و هێنانە دەرەوەی تاک لەقاڵبی کۆیلەبوون بۆ پارت ولایەنی فەرمانڕەواو دەسەڵات و سستەمی بەڕێوبردن.
ئەوانەش کەمن کەئەو ڕێگا بەستەڵەکەیان تاقیکردووەتەوە  ! بە ڕۆحی خۆیان بوون بەسیمبوڵی ئازادی وڕێچکە شکێنی بێدەنگی ، لەئاست ئەو هەموو نادادییەدا.
هەندێک جار مرۆڤ بەدەستی خۆی ئازدی لەخودی خۆی دەسێنێتەوەو مێشکی داخراو دەکات وکەڕو کوێر دەبێت و کەلەپچە لەعەقڵ و دەستی خۆی دەدات..پێی قبوڵە ببێتە کۆیلە و ژێر دەستەیی و زوڵمی پێ پەسەندە،لەپێناو ئافەرینێکدا ئازادی و بیروبۆچوونی خۆی دەفرۆشێت.
خەڵکانێکیش هەن،هەربەگەورەی لەدایک دەبن وبەگەورەیش جێمان دەهێڵن، کەسانێک بەگەورەی دێنە ژینەوە بەڵام بەبچوکی دەڕۆن! وە مرۆڤانێکیش بەبچوکی دروست دەبن  بەڵام سەرئەنجام ئەم مرۆڤانە بەگەورەیی دەگەڕێنەوە..!! 
ئەو ئازادیەی ئێستا لەکوردستاندا هەیە لەنێوان ئازادیبوون و زیندانیدایە ! لەجەمسەرێکێوە تاک دەتوانێت ڕای ئازادانەی خۆی دەرببڕیت ،لەجەمسەرەکەی دیکەوە لەسەر ئەم ئازادیەدا تیرۆردەکرێت یان زیندانی دەکرێن وسزای دەدەن..بێ ئەوەی تاوانێکی کردبێت !!! کەیسی تاوانێکی بۆ دروست دەکەن بێ ئەوەی کردبێتت.
ئەگەر یاسا فەراهەم بکرێت ئەوە دادپەروەری دەبێتە  هەوێنی ئازادیی وکۆمەڵگایەکی دیموکراسی مۆدێرن هاوچەرخ بەرهەم دەهێنێت.
لەنێو بەشێک لەو وڵات و نەتەوانەی ، کەئیدعای ئازادی و ڕێگایان بەڕای ئازادانە داوە ، تاکەکانی توانیویانە بیروبۆچوونی خۆیان بەئازادانە دەربڕن ، کەمترین پێشێلکاریان بەرانبەرکراوە و ڕێز لە بۆچوونی ئازادیان گیراوە ، یاسا سەروەرەو دادپەروەری یەکسانە، بە بەراوردی ئەو وڵاتانەی ئازادیان پێی هەزم ناکرێت.! 
کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانیان کار لەسەر بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین دەکەن ..بۆمانەوەی خۆیان لەدەسەڵاتدا، 
لەهەندێک وڵاتیش هەرچەندە ڕای ئازادیان پێ پەسەندە بەڵام هەستی ڕەگەزپەرستی و ئاین و مەزهەب و کەلتوورو زمان و سیاسی لەسەرکۆمەڵگایان ڕەنگدانەوەی هەیەو کێشمەکێش وتێنەگەیشتن ڕووی داوە لەنێویاندا ،بەڵام بەڕێژەیەکی کەمبووە..
کاریش کراوە بۆئەوەی گۆڕانکاری بکەن بۆنەهێشتنی ئەو جۆرە ڕەفتارانە،  وە یەکسانی و دادپەروەری بەرقەراربکەن.
بەڵام لەوڵاتێکی وەکو عێرق وباشوری کوردستان سەرەڕای لەنێو ئەو هەموو کێشمەکێشمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی وئاین ومەزهەبەدا، فەرمانڕەوایانی وڵات، ئازادبوونی خەڵک بەتاوان دەزانن و ڕێگە بەئازادیخوازان نادەن ، بەڕێگەیەکی ئازادانە دەنگی ناڕەزایەتیەکان بگەیەنە شوێنی خۆی و داوای مافەکانیان بکەن..
ئەگەر فیکری تاکی ئازادیخواز لەگەڵ پارتێک یان حیزبێک یەک نەگرێتەوە، ئەوە ئەو پارتە هەڵدەسێت بە بەرتەسکردنەوەو قەدیسکردنی ئەو دەنگە بوێرانەو هەوڵی لەناوبردنیان دەدرێت کە دژی ئایدایانە.
ئازادیش لەشوێنێکی وەکو باشوری کوردستان وەکو ئەوە وایە( مستێک لە خەرورێک بێت)، دوای نیو سەدە لەحکومڕانی کردنی ئەو هەڕێمە، هێشتا بنەماڵەو خێڵ دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن..یاساو دەسەڵاتی دادوەریان خستۆتە خزمەت خۆیانەوە..! 
بەهۆی زاڵبوونی حیزب بەسەریداو دەست خستنە ناو دادگاکانەوە ، بەم بەرژەوەندی چیەتیە ئازادی داگیرکراوە.
کاتێک ئازادی بەرقەرار دەبێت کە دەسەڵاتداران و حکومەت ئازادیان پێ قبوڵ بێت، بەرژەوەندی تاک وکۆمەڵگا لەپێش بەرژەوەندی شەخس و حزبەوە بێت،
ئەوکاتەش دەسەڵاتی دادوەری و دادپەروەری ئازاد ئەبێت.
بۆ نموونە: ئەگەرکێشەکان لەهەر لایەکەوە سەر هەڵبدات ئەوە چارەسەریان ئاسان دەبێت ٫٫ هەر برینێک دروستبوو پێش ئەوەی دەڵەمە بکات چارەسەری بۆ دەکرێت و چاکبوونەوەی کاتێکی کەم دەخایەنێت .. پێوستی بەدەرمانی زۆر نابێت ، بەڵام ئەگەر هەرپشتگوێ بخرێت وکەمتەرخبوون ئەوە هەموو جەستە دەگرێتەوە ،مەحاڵە چاکبوونەوە ،، ئازادی مرۆڤەکانیش هەربەهەمان شێوە و ڕیتم و ئاراستەیە 
پەندێکی پێشینان هەیە ،کە جام پربوو ڵێی دەڕژێت..، کە ڕێگری لێکراو کۆتووبەندکرا لەبەردەم خەڵکدا، ئەوە بەیەکجارەکی بوخارەکە دەتەقێتەوە بەرووی دەسڵاتداراندا.
لای حیزبە هێز لەدەستەکان، هەتائەو کاتە ئازادی هەیەکە تاکی کۆمەڵگا لەژێر فەرمانی ئەواندا بێت و وەکو ٫٫مەکینەیەک ئیشیان بۆ بکات تا ئەو کاتەی لەکار دەکەوێت دواتر فرەیان دەدەنە ناو کەلوپەلە ئیسکرابەکانەوە یان بۆ زبڵدان،، 
ئەگەر ئەو تاکە لە ڕەوڕەوەی چەوتی ئەوان لابدات و رووبکاتە لای ئازادیخوازان وستەملێکراوان وپشتگیریان لێ بکات..یان فەرمانە قێزەوەنەکانیان جێبەجێ نەکات ،ئەوە سزایی توندی دەدەن..بەسزای مەرگ،چەندین دۆسیەی لەوجۆرە لە نێو چوار دیوارە تاریکەکانیاندا هەبووەو هەن..! جا مرۆڤی ئازاوجوامێر ئەو مرۆڤەیە کە خۆی لەکۆیلەی رزگار دەکات با سزاکەی مەرگیش بێت..!! مرۆڤ یەکجار دەمرێت با بەسەربەرزی بمرێت و مێژوویەکی جوانی هەبێت.. روویەکی پاکی هەبێت.
"دەبێت چۆن تینوین بۆ ئاو ئاواش تینوبین بۆ ئازادی"
هەر پارتێک و سەرکردەیەک ڕەخنەی پێ قبوڵ نەبوو ئەوە هەرگیز ڕێگاش نادات بەئازادی گەلەکەی بژێن، با ڕەخنەگرتنی دروستکەر بۆ باشترکردنی سستمی بەڕێوبردن و باشترکردنی ژیانی کۆمەڵگا..ڕوو بەرووی دەسەڵاتداران بکرێتەوە .
مرۆڤ هەر پێوستی بە "نان و ئاو نیە"پێوستی بەئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی و نەشکاندنی کەرامەت و مسۆگەرکردنی ئارامی و پاراستنی ئەوێت بۆ ژیانیان.
ئەو گەلەی دەوێت بەسەر بەرزی بژێت لەدەستی زاڵم و گەندەڵ و چەوسێنەر رزگاری بێت، پێوستە یەکەم جار لە کۆیلەبوون رزگاری بێت..بۆنموونە: وەرگیراوە لەفیسبوک.
لەئەمریکا ژنێکی ڕەش پێست کە ناوی (هاریت) بوو گروپێکی نهێنی دروستکردبوو، شەوانە کۆیلەکانی دەبردن و ئازادی دەکردن، لە دواتر لە(هاریت)یان پرسی: ناخۆشترین قۆناغی کارکردنت چی بوو؟ چووە خەیاڵەوە بەقوڵی بیری کوردەوە و گوتی، قەناعەت پێکردنی کۆیلەیەک بوو کە تۆ کۆیلەنیت و دەبێ ئازادبی. 
هەروەها لەم سەردەمەی پێشکەوتن و کێبڕکێیەدا، ڕۆڵی تۆری کۆمەڵایەتی و شۆشیال میدیا بەگشتی بووەتە ئامڕازێکی کاریگەری گەیاندنی دەنگی نارازی وگەیاندنی پەیامی خەڵکی ئازادیخواز بەهەموو ئەو وڵاتانەی بانگەشەی دیموکراسی ومافی مرۆڤ دەکەن.. فاکتەرێکی کاریگەریشە .، بەرامبەر فەرمانڕەوایان بەکار دەهێنڕێت،
بۆیە دەبێت هەوڵی تەواو بدرێت بۆ وشیارکردنەوەی مرۆڤ کە بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن ..تینوێتیان بشکێنن بە ئازادی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە