وڵاتی فریشتەکان و تێکۆشان بۆ لەدایکبوونێکی نوێ

Monday, 17/01/2022, 22:06

4233 بینراوە


ئەز دەزانم، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، دەستی کردووە بە قۆناغی گواستنەوە لە گۆمەڵگای پیشەسازییەوە بۆ کۆمەڵگای دیجیتاڵی، لێی تێدەگەم و ڕۆژانە لە ناویدا دەژیم و بەکاری دێنم*، من دەزانم، بەڵام چی بکەم؟! دەبێ بەرەنگاری دوژمنێک ببمەوە لەبەرزایی ٣٥٠٠ مەترەوە، بەچەکی دییجیتاڵی، پەلاماری بوونم دەدات، دەیەوێت، بمسڕێتەوە، ئەوپەلامار دەدات، منیش دەبێ بەرگری لە ئازادی و ئاشتی مرۆڤی کورد بکەم، بەھەر نرخێک بووە، دەبێ، ئازادی وئاشتی، لە فەوتان ڕزگار بکەم.
من ئاوەدانی دەکەمەوە، 
ئەو وێرانی دەکات!! 
من بۆ سەدەمین جار دروستی دەکەمەوە!!
ئەو تێکی دەداتەوە:  
ماڵەکەم و 
مرۆڤەکانم و
ھیوا ئینسانییەکانم.
بۆیە داواتان لێدەکەم، مەزبەتەی حەرامکردنی خواردنی مەڕ، مەدەن بەمن، بیبەن بۆ گورگ واژۆی بکات.**
سەرنجەکانم لەمەڕ نوێترین ڕاپۆرتی پەیامنێری کەناڵی ( العربية/ جمعە عکاش)،  لە قەندیل لە وڵاتی فریشتەکانەوە، کە ئەو بە ( شانشینی چیا) ناوزەدی کرد.
چیای قەندیل
چیای قەندیل، ٣٥٠٠ مەتر لەسەر ڕووی دەریاوە بەرزە، درێژایی ٢٠٠ کیلۆمەترە، قوڵایی ٢٥ کیلۆمەتری  دەکەوێتەباکوری نیشتمانەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان، چل ساڵە لەو چیایەدا، نەبەردێکی کوردستانی، خەباتێکی خوێناوی، بەڵام بەبەرھەم وپڕاوپڕ لە داھێنان کە خاڵی وەرچەرخانی، تێکۆشانە سەدان ساڵییەکی کوردیشە، وەک ناوەندی بەڕێوەبردنیشۆڕشێکی ئینسانی ئازادایخوازیی لەھەر چوارپارچەی نیشتمان و لە زۆر لە وڵاتانی دنیاشدا کە کوردی لێبێت،بەڕێوە دەبەن، کە شێوازی خەباتیان و داھێنانی رەوشی بەرگریکردن لە ئازادی مرۆڤ، ئەوانی کردۆتە، ھێمایەکیدیار و لەدڵا شیرین و زۆر دۆست و پشتیوان و تەنانەت خەڵکی وڵاتانی دنیا، خۆبەخشانە، شان بەشانی ئەوان لەقەندیل، ھاوبەشی ڕاستەوخۆی بەرگریکردنن لە ئازادیی ئینسان، کە ئەمڕۆ گیریلا و شەڕڤانانی ژنی کورد، زۆر لەھاوکێشەکانیان سەروبن کردن و ئاسۆیەکی تریان پیشانی ژنان و پیاوانی جیھان دا.
ئەوەی لە قەندیل دەگوزەرێ، ئەوە وێنە ڕاستەقینەکە و ھیوا کپکراوەکانی سەدان ساڵەی دەروونی کوردە، کە لەباشوور و ڕۆژھەڵاتی نیشتماندا، ناشرین و قێزەوون کرابوون، تەنانەت، ببووە جێگای نەفرەت لێکردن، چوونکە شۆڕشەکان، بە تەسلیم بوون و شکان و بە جێھێشتنی خەڵک لەلایەن سەرکردایەتییەکانیانەوە، کۆتای پێدەھات.
بەدرێژایی چیای قەندیل، ٥٢٠ گوندی کوردیی ھەن، کە نزیکەی ١٠٠ ھەزار کەس، لەبەر ھێرشی تورک ناچار بەچۆڵکردنیان بوون. ٦٣ گوندیان لە ناو وڵاتی فریشتەکاندایە، کە بە خواستی خۆیان، بوونەتە بەشێکی زیندووی، ئەم تێکۆشانەکوردستانییە ئازادیخواز و ئاشتیخوازە.
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، سپای داگیرکەری تورک دارستانی، ئەو ٥٢٠ گوندە دەبڕێت و دارەکانی دەبات بۆتورکیا دەیفرۆشێت، گوندنشینێکی ئاوارە، بۆ پەیامنێرەکەی دەگێڕێتەوە.
تاڵانکردن و بە سووتماک کردنی  نیشتمانی ئێمە، لە ھەر بستەخاکێکیدا، پۆستاڵی دوژمنی دێرینەی گەیشتبێتێ،  چەندبارە بۆتەوە.
-  چوونکە ئامانجی دوژمنانی دێرینەی ئێمە، کوردستانێکی وێران و کوردێکی مردووە.
-  دوێنی زەیتونەکانی عەفرینیان دزی و ئەمڕۆ دارەکانی گوندەکانی بناری قەندیل و نەوتی باشوور، بەبەر چاو و بەچاوساغیی سەرکردەیەتی باشوورەوە، تاڵان دەکەن!!.
نیشتمان
کە کامێرای کەناڵەکە دەکرێتەوە، نیشتمانی کورد، بە ئەوپەڕی شۆخ و شەنگییەوە، خۆی پیشانی جیھان دەدات، ھەست بەزیندوێتی، ئازادی ڕەھا و ژیان دەکەیت.
لەکاتێکدا، ھەموو جیھان گرفتاری دەردێکی کوشندە بووە، ژیان لە بەرزایی نزیک لە ئاسمانەوە، لە ژانی لەدایکبوونێکی نوێدایە.
-   بڵێی جارێکی دی، شارستانەتی مرۆڤ بە ڕەنگێکی تر، ئەمجارە لە بەرزایی چیای قەندیلەوە، بۆ بنار و پێدەشتەکانی دنیا دابەزێت و ژنی کورد لە زەمانی شەڕیی سایبەریدا، تەرازووە سەنگەڵاکەی ***مرۆڤایەتی ھاوتا بکاتەوە؟!!.
زیندوکردنەوەی بەڵێننامەکەی ژ.ک
لە ڕاپۆرتەکەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە کە، تێکۆشانی ئازادیخوازیی و ئاشتیخوازیی باکووری نیشتمان، کۆکراوەی ھەموو بنەماجوانەکانی تێکۆشانە دێرینەکەی نەتەوەی کوردە.
لێرەوە بە دواوە (پن) بۆ پەیامنێری کەناڵی ئەلعەرەبییە و (گر) بۆ گریلا ئازادیخوازەکانی کورد، بەکاردێنم.
پوختەی وتووێژەکەی گەریلاکانمان لەگەڵ پەیامنێرەکە:
پن: ئێوە چۆن پەیوەندی بە کەسوکارتانەوە دەکەن؟!
گر: ئێمە ھیچ پەیوەندییەکمان بەوانەوە نییە، ھەموو دایکێکی کورد لەھەر چوارپارچەکەدا، دایکی ئێمەن. (بنەمایەکی بەرنامەی کۆمەڵەی ژ.ک، کە دەڵیت: پیاوانی کورد هەموو برامانن، ژنانی کورد هەموو دایکمانن، کچانی کورد هەموو خوشکمانن). 
پن: پەیوەندیتان بە جیھانەوە بە چییە؟!
گر: تەنیا لە ڕێگای ڕادیۆوە.
پن: مووچە وەردەگرن؟!
گر: خۆمان بەخشییوە بە ئازادیی کوردستان.
پن: خانوو، ئۆتۆمۆبیل...ھتد؟!
گر: بیر لەو شتانە ناکەینەوە.
پن: تورکیا دوای ھەموو پەلامارێکی دەڵێت، ئامانجمان پێکاوە؟!
گر: خۆتان واقعیکە دەبینن.
پن: ئێوە چیتان دەوێ؟!
گر: ئازادی نەتەوەکەمان و کۆمارێکی کوردستانیی دیمۆکرات. لەھەشتاکانەوە، ئێمە نۆ جار داوای چارەسەری ئاشتیمان کردووە، بەڵام ھەموو جارێ تورکیا، بە ئۆپەراسێونی سەربازی وەڵاممان دەداتەوە.
تۆنی قسەکردن و ڕوانینی سەرسام بووی، ئەم پەیامنێرە، بە ئاشکرا ھەست پێدەکەین، کە لە دنیایەکی دیدایە، کەبۆیەکەمجارە، شکۆی شاخ و شکۆی ژنی کورد تێکەڵ بەیەک بوون و ڕێبەرایەتی ( قەدەم خێر) یان بەرجەستەکردۆتەوە، ئەمەش تایبەت بە کوردە و تایبەت بەم بەرخۆدانەیە.
ئەو بۆ کۆکردنەوەی ڕاستییەکان دەگەڕێ، لایەکەی تری مەسەلەکە دەدوێنێ، پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق،پدک/ عێراق. جگە لە بەھانەی سەدپاتکراوە، شتێکی نوێ نادەن بەدەستەوە و دەڵێ:
پێنج جار ھەوڵماندا، لێپرسراوانی ھەرێم بدوێنین، بەڵام وتیان: بۆ ھێورکردنەوەی بارودۆخەکە، لێدوانی مێدیایی نادەین.
جا دەڵێت: بەڵام لە واقعدا کاروانی ھێزێکی گەورەی پێشمەرگەمان بینی بەرەو ناوچەکانی گریلا دەڕۆیشتن.
پوختەی بابەتەکەم
١- جوڵاندنی ھێزی پێشمەرگەی ھەرێم بۆ قەندیل، فەرمانێکی حیزبییە، نەک بڕیارێکی پەرلەمانیی، کەواتە تێچووەکەی و زیانەکانی یاسایی نین و بەکارھێنانی قوتی خەڵکە بۆ مەرامێکی حیزبی، حیزبی زۆرینەش بیت،ناتوانیت، لەدەرەوی حکومەت، ئەم کارە بکەیت و بڕیار دەربکەیت ( ئەگەر، پەرلەمان و حوکومەتت ھەبێت).
٢- جارێکی تر، لوتکەی چیاکانی نیشتمان، بە ویست و بە چاوساغی لایەنێکی کوردی، پدک/عێراق، تەسلیم بەلەشکری عێراق و داگیرکەری تورک کرایەوە، سەرنج لەو ھێزە تایبەتە عێراقییە بدەن و ئەو نیشانە تایبەتەی بەبەرۆکی سەربازەکانیانەوەیە(وێنەکەم داناوە).
٣- ھەموو دوژمنێکی کورد، بە چاوساغی لایەنی کوری ( حیزبەکانی باشووری کوردستان)، دەتوانن بارەگا،سەربازگە، بنکەی سیخوڕیی و تاڵانکردنی نیشتمانیان ھەبێت و دا بنێن، بەڵام.. بەڵام کوردێکی ئازادیخواز ئەم ناوچەیەی لێ قەدەغەکراوە و بەناوی پاراستنی ئاسایشی کوردەوە، زیندانی و بێسەروشوێن دەکرێت، کە لە ڕاستیدا، حیزبەکانی باشوور و ڕۆژھەڵات، ئەڵقە لاوازەکانی بزووتنەوەکەن و گەورەترین مەترسین بۆ سەر ئاسایشی کوردستان و نەتەوەی کورد، ئەمەشیان چەندین جار سەلماندووە!!.
لینکی ئەو بەرنامەیە دادەنێم، ھیوادام، زۆرترین کەس، بە وردی تەماشا و گوێی بۆ بگرن، شاد بن بە بینی قەدەم خێرانی گەڕاوە لەوسەری مێژووی کوردەوە، لە قەندیلی ناوەندی ئازادی و ئاشتیخوازییەوە، کە بەناچاری بۆبەرھەم ھێنانی ئازادی و ئاشتی، قەڵەم و ھۆکانی تری بەرگریکردن، دەبێت یەکتر تەواو بکەن.
ڕۆژێک دادێ، ئازاد دەبین یاران، ئەمە پرۆسەی بنیات نانەوەی کۆمەڵگا و تاک و ڕازاندەوەیەکی ترە، ئەگەرچی بەبەخشینی ژیانی خۆمان و ھەڤاڵان و ھاوڕێیان و ھاوبیرانیشمان بێت، ئازادیی و ئاشتیی بەرھەم دێنین ودەپارێزین.
سەرنجەکان:
*لە نووسینێکی تایبەتدا، دەگەڕێمەوە سەر بابەتی گواستنەوەی کۆمەڵگای پیشەسازی، بۆ کۆمەڵگای دیجیتاڵیی.
** بە ئیلھام وەرگرتن لە قسەیەکی بیرمەندی گەورە مامۆستا مەسعوود محەمەدوە.
*** بە ئیلھام وەرگرتن لە ناونیشانی کتێبی،  ھاوسەنگکردنەوەی تەرازوویەکی سەنگەلا، مەسعوود محەمەد،
وەرگێڕانی، ھاوبیر و نووسەری نەتەوەیی حەکیم کاکە وەیس.
مهمة خاصة" في مقابلة مع مقاتلي "الكريلا" الأكراد بعيدا عن العيون

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە