لاپەڕەیەک لە مێژووی کۆچپەرانی کورد لە ئێران

Wednesday, 19/01/2022, 14:04

3070 بینراوە


خاتوو  موژگان_کاوسی کە ئێستا دانیشتووی مازەندەرانە دەڵیت؛ ئەو لە بنەماڵەکەیەکی کوردی کۆچبەرە. لەو کوردانە کە لە لایەن پادشاکان و دەسەڵات بەدەستانی پێشووی ئێرانی کۆچیان پێی کراوە بۆ باکووری  ئێران. 
هەر لە سەدان ساڵ پێش و سەردەمانی پاشایەتی سەفەوییەکان، قەجەرەکان و پەهلەوییەکان دەیان هەزار  کورد و بنەماڵەی کورد لە خێڵ و عەشیرەتە کوردەکان بە زۆرەمڵێ ناچار کرا بوون  کوردستان؛ نیشتمان و زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن تا بە پێی فەرمانی حاکمەکانی ئێران و نەخشەی لە پێش داڕژاو، ئەوان لە باکوور و ڕۆژهەڵات و باشوور و شوێنەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، نیشتەجێ بکەن.
زمان و فەرهەنگ و کولتۆر و دابونەریتی ئەو کوردە دابڕاوانە کە ناچار بە کۆچ کرا بوون، ئەوڕۆ بە تەواوی شێواوە. 
زمانی بەشێکی زۆر لە کوردانی کۆچبەری نیشتەجێ کراوی باکووری ئێران، بە گیلەکی و مازەنی گۆڕدراوە، بەڵام زۆرینەیان هەر لەژێر کاریگەری زمان و فەرهەنگی زاڵی فارسی، بە تەواوی تواوەتەوە و ئاسیمیلە و پاکتاوی فەرهەنگی کراون.
٭٭٭
خاتوو موژگان کاوسی لێکۆڵێنەری مافی کەمینەکان و نەتەوە بن دەستەکان و تۆژێنەری  زمانی_دایکی و مامۆستای  زمانی_کوردی بە زاراوەی  لەکی-یە.
ئەم خاتوونە بە هۆی کار و چالاکی و تێکوشانەکانی لە چەند ساڵی ڕابردوو، ڕووبەڕووی کێشەیەکی زۆر و سزای زیندان بووەتەوە. هەر وەک بەند کراوێکی کورد لە بەندیخانەکانی تاران و کەرج و نەوشەهر، زۆر ئازاری دیتووە و لە  گرتووخانەی_ئوینی_تاران، لە لایەن پان ئێرانییەکان و پانفارسەکانەوە، هەڕەشە و ئازار و ئەشکەنجەی رۆحی زۆری لە سەر بووە و لە گرتنگاکان بێ ڕێزی زۆریان پێکردووە.
خاتوو موژگان وەک چەخماخێک بۆ بەخۆ هاتنەوەی کوردە ئاسیمیلە کراوەکان، وەکوو زیندوو کەرەوەی شۆناس و پێناسی کورد و هەستی کوردایەتی، نەک هەر لە لایەن مێدیای ئێرانی و فارسەکان بایکۆت کراوە، بەڵکوو مێدیای کوردیش بە شێوەیەکی باش و شیاو ئەو خەباتکارەیان بە خەڵک نەناساندووە.
٭٭٭
خاتوو موژگان پاش بەردانی لە بەند، لە ڤیدیوێ کە لەم دوایانە بڵاوی کردووەتەوە گلەمەندانە دەڵێت؛ ئەو ناچارە بۆ کوردە بە ئاسیمیلە کراوەکانی دەوروبەری خۆی لە باکووری ئێران، وشە کوردییەکان بخاتە پاڵ وشەی زمانی زاڵ، تا بەڵکوو بەو شێوەیە ئەوان تێگەیشتنیان ببێت لە واتا و مانای وشە کوردییە کان و زمانی کوردی.
بەڵام هەندێ کە ئاگاداری مژار و دۆخەکە نیین ڕەخنە و لۆمەیان لە شێوەی کوردی گوتنەکەی گرتووە و هەندێکیش کە یان چاو چنۆکن یان قین لە دڵ، قسەی نەشیاو و ئیهانەیان پێکردووە.
٭٭٭
دیارە قسەی نەشیاو گەوتن و بێ ڕێزی کردن بەتێکوشەرێکی دڵسۆز و کەم وێنەی کورد، هیچ پاساوێکی بۆ نییە.
من لێرە وەکوو کوردێک و بەندکراوێکی پێشوو، زۆر بەداخم لە وەها ئاکارێک، و دڵنیام کەسانی وەک من زۆرن، لەوەی کە کار و خەبات و تێکوشانی پڕ بایەخی خانمە مامۆستای کورد، بەڕێز موژگان کاوسی قەت لە بیر دەر ناکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە