ئایا له‌ كوردستان كه‌رتی تایبه‌ت هه‌یه‌؟

Monday, 24/01/2022, 20:08


ئه‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێ ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین به‌تایبه‌ت بۆ هه‌رێمێكی له‌مه‌ڕ خۆمان كه‌ هه‌ر به‌رپرسێكی تێری قۆرخكارو به‌رژه‌وه‌ندخوازو ده‌ست ڕۆیشتوو بدوێنی، به‌شانازییه‌وه‌ باس له‌كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كات و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی بێكاری لاوان و پێشكه‌وتنی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌چاوی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌بینێت.
كه‌رتی تایبه‌ت له‌هه‌موو دونیا بنه‌مایه‌كه‌ بۆ پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی و كارئاسانی به‌ڕێوه‌چوونی حكومڕانی ئه‌و وڵاته‌ و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی بێ ئیش و كارن یان خاوه‌نی ئه‌زموون و به‌هره‌و شاره‌زاییه‌كی باشن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌وسان نه‌مێنن و خۆیان به‌نامۆ نه‌زانن و بزانن له‌سه‌ر خاكێك ده‌ژێن ڕێزلێگیراون، سوود له‌ تواناكانیان وه‌رده‌گیرێ، ته‌نانه‌ت خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌كڵۆجێ په‌ل و پۆ ده‌هاون و ده‌رگایان واڵایه‌، ئیدی ئه‌وانه‌ی چه‌ند ساڵی كۆلێژو په‌یمان ته‌واو ده‌كه‌ن، هیچ خه‌مێكیان له‌به‌ر نیه‌، مێشكیان جه‌نجاڵ نیه‌ هێنده‌ نموودی دامه‌زراندنبن و چاویان له‌ده‌ستی حكومه‌ت بێت كه‌ ده‌رووی خێریان لێبكاته‌وه‌و دایانبمه‌رێنێ.
وه‌لێ بوونی ده‌یه‌ها كۆمپانیاو ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ی زه‌به‌لاح كه‌ له‌یه‌ك كات به‌سه‌ده‌ها هه‌زار كه‌س له‌خۆ بگرێ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن به‌هره‌ن ، ئه‌وانه‌ به‌سوپاسه‌وه‌ لایان لێ ده‌كرێته‌وه‌، وه‌رده‌گرێن و سوودیان لێ وه‌ر ده‌گیرێت.
ئه‌وه‌ چ گه‌وره‌ییه‌كه‌، چ به‌هایه‌كی جوان و مرۆڤانه‌یه‌، تۆ خه‌ریكی خوێندنی خۆتبی و كه‌چی ده‌زگاو كۆمپانیه‌كی په‌یوه‌ندار بێته‌ خزمه‌تت، گرێبه‌ستت له‌گه‌ڵ واژۆ بكات و تێچووی ته‌واوی خوێندن له‌ئه‌ستۆ بگرێ هه‌ر هێنده‌ تۆ دوای ده‌رچوون بچیته‌ لایان و سوود له‌ تواناكانت وه‌ربگرن.
ئه‌فسوس له‌هه‌رێمی كوردستان سه‌ری زمان و بنی زمانی هێندێ له‌به‌رپرسان كه‌رتی تایبه‌ته‌ له‌كاتێكدا ئه‌وه‌نده‌ی پاره‌دارو كۆمپانیا حزبیه‌كان وه‌به‌رهێنان له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كه‌ن، نیو هێنده‌ له‌ناوه‌وه‌ وه‌به‌رهێنانیان نیه‌،. فه‌رموو چه‌ند كۆمپانیامان هه‌یه‌، په‌نجا هه‌زار، سه‌د هه‌زار كه‌س ئیشی تێدا بكات؟ چه‌ند كۆمپانیامان هه‌یه‌ به‌بێ ئینیمای حزبی خه‌ڵك وه‌ربگرن؟ چه‌ند كۆمپانیامان هه‌یه‌ سوود له‌تواناو ئه‌زموونی ده‌رچوانی زانكۆو په‌یمانگاكان و خاوه‌ن ئه‌زموون وه‌ربگرێ؟
مه‌خابن من وای نابینم ئه‌و خه‌ڵكه‌ زۆره‌ی ساڵانه‌ له‌ كۆلێژو په‌یمانگاكان ده‌رده‌چن كه‌ ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ ڕێژه‌كه‌ ڕوو له‌هه‌ڵكشان ده‌كات و له‌نه‌بوونی ده‌ستی كارو كه‌می كۆمپانیاو كه‌رتی تایبه‌ت، بێكاری به‌جۆرێ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌، گه‌نجان ڕق ئه‌ستوورن، له‌ناخه‌وه‌ خۆیان ده‌خۆنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و زه‌نگه‌ خه‌ته‌رناكه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌جددی كار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ نه‌كه‌ن و ڕێگه‌چاره‌ی گونجاوی بۆ نه‌دۆزنه‌وه‌، ته‌قینه‌وه‌ی خوێنی گه‌نج هه‌ره‌س به‌و كه‌س و به‌رپرسه‌ قۆرخكارانه‌ دێنێ كه‌ ئیدی نه‌ده‌سه‌ڵات، نه‌پاسه‌وان دادیان نه‌دات و سزای هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌یان بده‌ن كه‌ به‌ناهه‌ق دارو به‌ردو سه‌رخان و ژێرخانی ئه‌و وڵاته‌یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی ڕه‌ش و ڕووت بۆ خۆیان برد.. ئه‌و كات گه‌ستنی لێوی په‌شیمانی داد نادات و مێژوو ڕوحم به‌كه‌س ناكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە