خوێندنەوەم بۆ هەرەمی ماسلۆ و بەراوردێک لە باشووری نیشتمان

Tuesday, 25/01/2022, 1:41

2495 بینراوە


ئەم تیۆرییە ( یان مۆدێلە) کە لە لایەن دەرووناسی ئامێریکایی ( ئەبراهام هاراڵد ماسلۆ ) وە بنیاتنراوە، باس لەو پێویستی و قۆناغانەی مرۆڤ دەکات کە مرۆڤ دەگەێنێتە ئەو ئاستەی هەست بە (مرۆڤ بوون)ی خۆی دەکات، نەک تەنیا بوونەوەرێک کە زیندووە و ڕێ دەکات.
لێرەدا باس لەو تیۆرییە دەکەین و کۆبەندی وتارەکەش ئەو دەرئەنجامانەن کە لە خوێندنەوەم بۆ ئەو نووسینانەی لە باشووری کوردستان بڵاودەبنەوە بەگشتی و چۆنێتی لێکدانەوەی نووسەران بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دروست و (چاک گووزەران)*، ئەڵێم چاک گووزەران و ناڵێم 
( خۆش گووزەران) و لە درێژەی وتارەکەدا ڕوونی دەکەمەوە.
تیۆرییەکە لە پلیکانەیەکی پێنج پلەیی پێکهاتووە:
١- پێویستییە سەرەتاییەکان ( فسیۆلۆجییەکان).
٢- ئاسایش و دڵنیا بوون.
٣- ئینتما و سەر بە گروپێک بوون.
٤- پاداشت و قەدرزانی.                                                                                   
٥- کامڵ بوون و سەلماندنی زاتی ئینسان. 
پێویستییە سەرەتاییەکان ( فسیۆلۆجییەکان).
پلەی یەکەم:  پێویستییە فسیۆلۆجییەکان:  کە بریتین لە هەبوونی خۆراک، خەو، ئاو و هەوا و پەیوەندییە جەستەیی و ڕۆحیەکانی و...هتد. لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا هەبوونی پارەش لەگەڵ پێویستییە سەرەتاییەکان  دێت کە بەرانبەرە بە هەبوونی خۆراک.
پلەی دووەم:  بریتییە لە دڵنیا بوون لەوەی کە هەبوونی پێویستییە سەرەتاییەکانمان بەردەوام دەبێت و ترسی ئەوەمان نابێت، کە ئەمڕۆ هەمانە و ڕەنگە سبەی لە دەستی بدەین، مانای ئەو دڵنیاییەمان هەبێت کە ئەو پێویستییانە لە داهاتوودا هەردەمان بێت و بەم هۆیەوە تووشی دڵەڕاوکێ و ترس لە داهاتوو نابین، بەم جۆرە بە دڵنیاییەوە مرۆڤ هەنگاو دەنێت بۆ سەرکەوتن بۆ پلەی سێیەم.
پلەی سێیەم:  ئینتما و سەر بە گروپێک بوون، پاش دڵنیا بوون لە بەردەوامیی هەبوونی پێویستییە سەرەتاییەکان بۆ ژیان و بە حوکمی ئەوەش کە مرۆڤ بە گشتی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بە شوێن خۆیدا دەگەڕێت لە ناو گروپ یا دەستەیەکدا، دەیەوێت ببێت بە بەشێکی لە خۆی گەورەتر، چونکە مرۆڤ پیویستی بە دروستکردنی پەیوەندی هەیە بە کەسانی ترەوە، بۆ ژیانە ئاساییەکەیی و گەشەکردنی توانا زەینی و ڕۆحییەکانی.
مرۆڤ ئەگەر لە تەنیایشدا بە زۆر پلەی زەینی و ڕۆحی بەرز بگات ، کە بۆ کەمینەیەک وایە و وا بووە ( نموونەی وەک بودا)، لە دوایدا پێویستی بە کۆمەڵ دەبێت بۆ پراکتیزەکردنی ئەوەی کە لە تەنیایدا پێی گەیشتتوە، واتە قۆناغی بانگهێشتنی ئەوانی تر.
پلەی چوارەم: پاداشت و قەدەرزانی ، تواناکانی مرۆڤ لە ناو کەسانی تردا دەردەکەون، ئەگەر ئیرادەیەکی پاک و ڕەوا هەبێت بۆ گەشەکردن، ئەوا مرۆڤ  لە ناو کۆمەڵدا تواناکانی دەگەشێنەوە، کە دوو کاریگەریی دەبێت، یەکەم گەشانەوەی تواناکان، کە بەهۆی ئەو ئیرادە ڕەوایەوە بۆ گەشەکردنی خۆ، دەکەوێتە ناو کێبەركێیەکی دروستەوە بۆ خۆ سەلماندن، دووەم لە ئەنجامی گەشانەوەی تواناکان و دەرکەوتنی، لە ناو گروپ و دەستەکەدا ڕیزلێنان و قەدرزانی ، لێ دەگیرێت و لێ دەنرێت.
پاداشت و قەدرزانی، ئەگەر چی مایەی زیاتر بەرەوپێشچوون و هاندانی ئینسانەکەیە بۆ گەشەکردنی تواناکانی ( فیزیکی بێت وەک لە دەستەیەکی وەرزشکاردا، یا زەینی بێت وەک لە داهێنانی تەکنیکی و تیۆریدا)، سەرەڕای ئەمانە،  پاداشت و قەدرزانی، مرۆڤەکە زیاتر بەرەو ئاستی هەست بە لێپرسینەوە و هەنگاو نان بۆ خۆ سەلماندن دەبەن کە پلەی پێنجەم و کۆتایی یە بە بۆچوونی ماسلۆی دەروونناس.
پلەی پێنجەم: خۆ دۆزینەوە و تەئکیدکردن لەسەر هەموو تواناکانی خۆیی و گەیشتن بە پلەی سەلماندنی ( خودی مرۆڤ) کە گەیشتۆتە پلەی مرۆڤێکی چالاک و داهێنەر و بەر پرس لە کۆمەڵگاکەیدا، ئەمەش دوا قۆناغە کە کۆمەڵگا بەرهەمی توانا فیزیکی و زەینییەکانی دەبینن و سوودی لێوەردەگرن، کە بۆ کەسەکە  تەئیدکردنی مرۆڤ بوونەکەیەتی و ئەنجامدانی ڕۆڵی مرۆڤ بوونی لە پلەیەکی بەرزدا. ئەم پلەیە ژمارەیەکی کەم لە مرۆڤ پێی دەگەن.
ئێمە ڕەنگە لە نێوان پلەکاندا، لە بەرزبوونەوە و دابەزیندا بین، بەهۆی بارودۆخی دەرەوەی خۆمان، وەک ڕوودانی جەنگ یا ئەوڕوداوانەی کاریگەریان لەسەر ژیان زۆر قوڵن، نموونە جیابوونەوەی ژن و مێرد.

کۆبەندی وتارەکە: 

جبران خەلیل جبران دەڵێت: " نانەکەت لێ دەستێنن و لە پاشاندا تیکەیەکیت پێ دەدەنەوە و داواشت لێ دەکەن کە ستایشیان بکەیت".
لە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هەرێمیشەوە، نانەکە لە خەڵک دەسێندرێت، واتە پێویستییە سەرەتاییەکە، نامێنیت، پاشان، کەمێکی پێدەدرێتەوە، بەو مەرجەی کە (دەسەڵات) ستایش بکرێت بۆ ئەو میهرەبانییەی کە دەینوێنێت، بۆیە خەڵکانی ئەم ناوچەیە، هەمیشە لە بنی هەرەمەکەدا، واتە (پلەی یەکەمدا دەمێننەوە)!!.  
مرۆڤ وەک ئەوە وایە لەدایک بێت بەئەرکێکەوە کە هەوڵ بۆ بە ئەنجام گەیاندنی دەدات، ئەویش سەلماندنی زاتی خۆیەتی،  لەم تیۆرییەدا، هەموو خواستەکان، لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، بەر لە ماسلۆ، لێکۆڵینەوەکان تەرکیزیان لەسەر یەک بوواری تایبەتی دەکردەوە، بەڵام هەرەمی ماسلۆ، پێویستییەکانی لەهەموو بوارەکاندا لەم پێچ پلەیەدا کۆکردەوە، بۆیە ئەم هەرەمە بۆ هەموو بووارەکان سوودی لێوەردەگیرێت، سیاسەت، لێکۆڵینەوە سەربازییەکان، لێکۆڵینەوە بازرگانییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و...هتد.
بە ورد بوونەوە و سەرنجدان لەو بابەتانەی کە بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا دەنووسرێن، بەو ئاکامە دەگەین، کە بابەتەکان نەیانتوانیوە، یا زۆر بەلاوازی و لە بازنەیەکی بچووکدا توانیویانە، ڕای گشتی لەسەر مەسەلەیەکی بنچینەیی دروست بکەن، زیاتر لەبازنەی پێویستییە سەرەتاییەکاندا دەخولێنەوە، لە حاڵێکدا کە هەموو پارت و رێکخراوەکان، هەموو لەسەر موچە، واتە پێویستییە سەرەتایەکەی ژیان، داکۆکی دەکەن، کە ئەمە یەکەم پلەی پێویستییەکانە، کە لێیان سەندراوە، ئێستا دەبێت ستایشی ئەو کەسانە بکرێت کە نیوەیمان بۆ وەردەگرنەوە، یان پڕۆژەی ئەوەیان هەیە کە هەوڵ بدەن چاکسازی لە موچەدا بکەن، بڕوانن پاش بیست و حەوت ساڵی ئازادی، ئێمە داوای لەتێک نان دەکەینەوە ئەڵبەتە دەبێت ستایشی ئەو پێدانەوەیەش بکەین ئەوە مەرجەکەیەتی. لە حاڵێکدا ئەگەر لە باتی لەتێک نان سێ نانمان پێ بدەنەوە، هێشتا دڵە ڕاوکێ و ترسمان لەوەی کە جارێکی تر لێمان بستێننەوە، هەر ماوە و بە پێدانەوەی سێ نانیش ناتوانین هەنگاو هەڵبگرین تا بە پلەی دووەم بگەین، واتە زۆر دوورین لە ئاسایش و دڵنیا بوون.
ئەگەر نمونەکە ئاوا باس بکەم: گریمان لە باتی نیو مووچە، سێ مووچەمان پێ بدەن، ئایا دەتوانین هەنگاو بنێین؟ بێگومان نا، بۆ ناتوانین؟! چوونکە دامەزراوەکانی تر کە دەچنە خانەی یەکەمەوە، دروست نین، کە بارانێکی زۆر باری ڕیگامان لێدەگیرێت، کە نەخۆشکەوتین دەرمانمان دەست ناکەوێ، بەو پارەیە ناتوانین بچینە قوتابخانە تایبەتییەکان، کە زانکۆمان تەواوکرد کارمان چنگ ناکەوێ، کە تووشی گرفتێکی یاسایی بووین دڵنیا نین کە دادپەروەریی جێبەجێ دەکرێت. کەواتە سێ مووچە بەشی (ڕێگا و دەرمان و دادگا و خوێندن و دۆزینەوەی کار ناکات...)!!.
 بۆیە دەبوایە بابەتە نووسراوەکان، ئاراستەیەکی قووڵتر و فراوانتریان هەبایە، بە داکۆکی لەسەر بەیاسا کردنی کۆمەڵگا و سەروەریی دادگاکان، داکۆکی لەسەر دامەزراوەکانی تر بکرابایەوە، وەک یاسای مووچە و بێکاری، پەیداکردنی کار، سەلامەتی  تەندروستی گشتی، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، خویندنی ئیجباری بۆ منداڵان، نەهێشتنی  قوتابخانە تایبەتییەکان و پەرەپێدانی خوێندنی گشتی لە ژێر چاودێری حوکومەتدا. 
کۆکردنەوەی ڕای خەڵک لەسەر مووچە، سەندنەوەی توانای بیرکردنەوەیە لە خەڵک کە بیر لە بابەتە بنچینەییەکان بکەنەوە و بتوانن چاک بژین لە سیستەمێکی بەرێوەبردنی چاکدا، نەک خۆشگوزەران بن، کە نابن، بە نیو مووچە و لەتێ نان و بارتەقای ئەوانەش، چوونکە ژیان لە چاک گوزەرانیدا  دڵنییایی هەنگاو نان مسۆگەر دەکات بەرەو ئارامیی و ئاسایشیی جەستەیی و دەروون. بەڵام خۆشگوزەرانی لە سەر مووچە، دڵەراوکێ و بێ ئۆقرەیی و ناجێگیریی دەروونی دروست دەکات کە زۆر جار بۆ هەڵپەی کۆکردنەوەی زیاتری لایەنە مادییەکە، چونکە ترس هەیە لە نەمانی، مرۆڤ بەرە و شکاندنی سنووری بەهاو نرخە ئینسانییەکان دەبات و لە پاکیزەیی ئینسان بوونی کەمدەکاتەوە و دەستەمۆ و گوێڕایەڵ و کۆیلەخەسڵەت پەروەردەی دەکات، کە تامی ژیان لە کار و هەوڵدان و هاوبەشی کردن بۆ پاراستنی بەهاو نرخە ئینسانییەکانی لەیاد دەباتەوە و دەست بۆ ناڕەوا پەیداکردنی ئەو خۆشگوزەرانییە دەبات، لێرەوە خاڵی ترازان و گومڕابوون دەست پێدەکات و زۆر ئاساییە کە مرۆڤی بەوجۆرە پەروەردەکراو، کۆ لە خیانەت لە نەتەوەکەشی نەکاتەوە!!.
لە یادتانە، کابرای بەرپرسی ڕاگەیاندنەکەیان وتی: پەندێکی ئەڵمانی هەیە، دەڵێت: خەڵک وەک سەگن، برسییان بکە دووات دەکەون؟!!.
ئەم کابرایە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپییە و بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتێکی بەناو حەفتا ساڵەیی دیمۆکراتە و کۆنە کۆمۆنیست بووە، نەک تەنها مەرامی بوو کە مرۆڤی کورد برسی بکات، تەنانەت دەیویست گیانلەبەرەکانیش برسی بکات، تا سک و ژێرسکی خۆیان و ئاغاکانیان تێر بێت، ئاوا وەڵامی منداڵانی برسی شەهیدانی دایەوە.
 تۆ وەک کوردێک چۆن دەتوانیت، لە سبەینێی منداڵەکانت دڵنیا بیت، لەژێر دەستی خەڵکانی ئاوا دەروون شێواودا کە دەیان گرێی دەروونییان هەیە و لە حیزب و سەرکردەیەتی حیزب وبەرنامەی سەرکردەیەتی حیزب و ئەو ماوەی کوێلە بوونەوە، میراتێکی پۆخڵی دەروونی و ڕەفتاریان بۆ جێ مابێت؟!!. کە لە هەر ساتێکدا دەتوانن بە پراکتیک ئەنجامی بدەن و بە بەهانەی هەڵبەستراوی دژایەتی ئاسایشی هەرێم و حوکومەتی هەرێم ** وە، پەلاماری کوردێکی بێچەک، جگەرەفرۆشێک، شۆفێری تاکسییەک، مامۆستایەک، قوتابییەک و کەمئەندامێک و...هتد بدەن؟!!.
کە ئەم پەلاماردانانە، بە هەموو پێوانەکان و یاسا نووسراو و نە نووسراوەکان، ترسنۆکی، بێغیرەتیی و بێڕەوشتییە، چوونکە لە دەرەوەی دادگا و یاسا ئەنجام دەدرێن!! هەموو زوڵمێک لە مرۆڤی لاواز( لە هەر ڕوویەکەوە لاواز بێت)، دەچێتە ئەو قاڵبانەوە و لە مرۆڤی شارستانیی و کوردی کوردستانی و شەرافەتمەند ناوەشێتەوە.

سەرنجەکان:

ئەبراهام ماسلۆ: ١٩٠٨- ١٩٧٠ لە نیویۆرک لە دایک بووە و لە کالیفۆڕنیا مردووە.
*خۆشگووزەرانیی یا چاکگووزەرانیی؟! هەموو مرۆڤێکی چاکگووزەران خۆشگووزەرانە، بەڵام پێچەوانەکەی دروست نییە. چوونکە چاکگووزەرانیی پەیوەندی منە بەوانی ترەوە، کە کار و ڕەفتاری ڕۆژانەی من، کاریگەری ئایەتی(پۆزەتیڤ) دەکاتە سەر دەووروبەرم، جگە لەوەی کە ڕۆڵی من پیشاندەدات کە بە چ پلەیەکی مرۆڤ بوون گەیشتووم، لەبەر ئەوەی چاکگووزەرانیی هەستی بەرپرسیارییە بەرانبەر کۆمەڵگاکەم.
خۆشگووزەرانی، پەیوەندی منە بە خۆم و نەفسی خۆم و بەجێهێنانی خواستە دەروونییەکانی خۆمەوە، کە خۆیان لە ڕازاندنەوەی ژیانی خۆمدا و ژمارەیەکی کەم لەو کەسانەی مایەی خۆشییەکانی منن، دەبینێتەوە.
چاکگووزەرانی، ویژدانی مرۆڤ ئاودێری دەکات و دەیگەشێنیتەوە، لە خۆپەرستی و تاکپەرستی و گرێ دەروونییەکان ڕزگاری دەکات و مرۆڤەکە دەکاتە تاکێکی بەرپرسیاری سەردار.
خۆشگووزەرانی، مرۆڤەکە ڕادەکێشێ بۆ ناو زەلکاوی گەندەڵی و شکاندنی شکۆی مرۆڤ بوونی، لە پێناوی بەدەستهێنانی خێرای ئەوەی دەروونی نا جێگیریی دەیهەوێت. تاکێکی کۆیلە خەسڵەت و تەن و نەفس نزم پەروەردە دەکات، کە سەروەریی مرۆڤ بوونی خۆی دەگۆڕێتەوە، بە لەزەتێکی لەسەر لەدەستدانی ئازادیی و شکۆی مرۆڤ بوونی خۆی بەدەستیی هێناوە.
خۆشگووزەرانی، قسەی قۆڕی سەر زمانی هەموو فەرمانڕانە گێل و نەخوێندەوارەکانە و کەناڵە تەلەڤزیۆنییە پوچەکانی باشووری نیشتمانیش ڕێکلامی بۆ دەکەن و لە بەتاڵکردنەوە و گومڕاکردنی لاوانی باشووردا، پێبزانن یا نەزانن هاوبەشی جەنگی دەروونی دوژمنانن بەرانبەر بە نەتەوەکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست