پاشەڵی ڕژێمی کوردی

Thursday, 27/01/2022, 0:01

5407 بینراوە


واتای Regime ڕژێم چییە؟
النظام السیاسی, Political System سیستەم و شێوەی حوکم...
ئەگەر تەرجەمەی وشەیی بۆ ''ڕژێم'' بکەین واتا: نیزام، سیستەم، شێوە، بەرنامەی تۆکمەیی، پڕۆگرامکراو، داڕێژراو، ڕێکخراو، هەروەها بەواتای پارێزی خۆراکیش دێت. ''ڕجێم'' بەڵام بەکرداری و لەدونیای سیاسەتدا واتا شێوەی سیستەمێکی سیاسیی، پڕۆگرامکراوی تۆکمەو دامەزراوەیەکی کۆنتڕۆڵکراوی دەوڵەتیی. ڕژێم جۆرێکە لەنیزام و سیستەمێکی حوکمڕانی، کە بەدیوێک لەدیوەکان بریتییە لەدەوڵەتێکی پۆلیسیی، ئیستیخباڕاتی و نهێنیدار، کە بەهیچ جۆرێک کراوە نییەو ئەو دەسەڵاتە لەخەڵکەوە نەهاتووە، بەڵکو شێوەیەکی حوکمی سەپێندراوە. هەروەها لەبری ئەوەی هاوڵاتیانی بپارێزێت کۆنتڕۆڵی تەواوی توێژو جومگەکانی کۆمەڵەگا دەکات و ئازادیە تاکەکەسییەکان و ئازادی ڕادەربڕین و چالاکیە سیاسییەکان و مافەکانی مرۆڤ ژێر پێ دەخات. ئیتر پێشناوی ڕژێم ناونیشانی ناسینەوەی قێزەونترین و دیکتاتۆریترین شێوەکانی حوکمە لەجیهاندا. بۆنمونە ڕژێمی سیاسی لەوێنەی ڕژێمی: نازییەکان، ڕژێمی کۆریای باکور، ڕژێمی سوریا، ڕژێمی قەزافی، ڕژێمی ئێران، ڕژێمی ستالین، کۆماری کۆنگۆ، کۆماری میانمار، تاڵیبان و سۆماڵیا. ئەگەرچی ئایدۆلۆژیای هەریەکێک لەم ڕژێمانە لەویتر جیاوازە. وە هەندێکیان دەوڵەتی ئاینیین. هەندێکیان سەرمایەدارین و هەندێکیشیان قەومین، بەڵام لەیەک خاڵدا هەموویان یەکدەگرنەوەو خاڵی هاوبەشی هەموویان، دیکتاتۆری، کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا، نەبوونی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و چەوساندنەوەی خەڵکە. بۆیە بەڕای من دەسەڵاتی کوردی لەهیچ کامێک لەم ڕژێمانە مرۆڤدۆستترو میانڕەوتر نییەو بگرە لەهەندێک حاڵەتدا لەزۆرێک لەم ڕژێمانە دیکتاتۆرترو مرۆڤکوژترە. بۆیە بۆئەوەی زوڵم لە مێژوو و لەداهاتووی نەوەکانمان نەکەین ئەوا پێویستە بەڕژێمێکی زاڵم و دیکتاتۆر ناوی بێنین و ڕووی ڕاستەقینەی نیشانی دونیا بدەین و لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو وەکو خۆی بینوسینەوە. 
 دەسەڵاتدارانی کوردی لەباکوری عێڕاق، خۆیان بەهەرێمێکی ئۆتۆنۆمی خاوەن نیمچە سەربەخۆیی و سیستەمێکی حوکمڕانییەکی دیموکڕاسی وەسف دەکەن. ئەوان پێیان وایە مادام هەڵبژاردن و پەڕلەمان هەیەو هاوڵاتیان خۆیان ڕاستەوخۆ بەژدارن لەدەستنیشانکردنی دەسەڵاتداران ئەوا دیموکڕاسی لای ئەوان هەر ئەمەنەیەو بەس. بەڵام لەڕاستیدا کورد ماوەی ٣١ ساڵە خۆی حوکمی خۆی دەکات، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێکی بێگەردو بێ گزی نەبووە. ئەوەی کە چوار ساڵ جارێک دەکرێت تەنها بۆچاوبەستنی کۆمەڵگای نێونەتەوەییە، ئەگینا هەڵبژاردنەکان بەساختەو فێڵ تێدەپەڕێندرێن و پێشوەختە حیز+بەکان تەواوی کورسیەکانی پەڕلەمان و دەسەڵاتەکانیان دەستنیشان کردووە. سەبارەت بەمافەکانی مرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕۆژنامەنوسان و دەرفەت دان بەهێزی معاڕەزە، ئەوا ڕژێمی کوردی بەهەموو هێزیەوە ئەمانەی سەرکوتکردووەو هەموو ساڵێکیش ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا دەسەڵاتدارانی ڕژێمی کوردی لە باکوری عێڕاق تاوانبار دەکات بە سەدان پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و گرتن و ڕفاندن و کوشتنی ڕۆژنامەنوسان. بەڵام ڕژێمی کوردی نە شەرم دەکات و نە سڵ دەکاتەوە لەڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکانیش، بێئاگا لەوەی ئەوە هەتا سەر بەردەوام نابێت و لەداهاتووی دوورو نزیکدا ئەگەری سزای ئابووری و سیاسیی و تەنانەت سەربازیشی بەدواوەیە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە. ساڵی پار هەموومان بینیمان کاتێک لەکۆنفڕانسێکی گەورەدا کە زۆرینەی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی کوردی لەوێ ئامادەبوون، جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێڕاق کەبەژنێکی ڕاشکاوناسراوە، بەڕوونی بەدەسەڵاتدارانی ڕژێمی کوردی وت: ڕاستە کوردەکان قوربانی زۆریان داوە هەتاکو ئەم هەرێمە نیمچە سەربەخۆییەیان بونیاد ناوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە لەوەزیاتر قبوڵی بکەین کە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بەردەوام بن لەپێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و گوشارخستنە سەر ڕۆژنامەنووسان. وتی ئەزانم قسەکانم بەدڵی ئێوەی بەرپرس نییە، بەڵام بیرتان دەخەمەوەو با ئەمەش وەکو ئینزارێکی جددی بێت بۆتان، کە وامەزانن ئەزمونی هەرێمی کوردستان بەجۆرە وەکو خۆی دەمێنێتەوەو هەتاسەر ئێمە دەتانپارێزین و ئێوەش حوکمێکی نادیموکڕاسی دەکەن و هاوڵاتیانی خۆتان برسی دەکەن و دەیان چەوسێننەوە.. لەو کۆنفڕانسەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسڕور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و دەیان سەرکردەیتری کوردی لەوێبوون. بەڵام هیچکامیان نەقەیان لێوە ناهات و هەستکردن بەتاوان ملی پێ نەوی کردن. ڕژێمی کوردی زۆر باش سەرکەوتوبووە لەقەناعەت پێکردنی بەشێکی هاوڵاتیانی کوردی بەوەی ڕازیبن بەوەی دەگوزەرێت، بەشێکیشی بەزەبری پارەو موچەی نایاسایی دەمکوت کردووەو بەشێکی خەڵکیشی بەترسو تۆقاندن بێدەنگ کردووە. بەڵام ئەوان ناتوانن خۆڵ بکەنەوە چاوی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و نەدەشتوانن بەترسو زەبری پارە بێدەنگیان بکەن. بۆیە کۆمەڵەگای کوردی پێویستی بەهۆشیار کردنەوەیەکی گشتگیرو خێرا هەیە، بۆئەوەی ڕەش و سپی لەیەکتر جیابکەنەوە. چونکە خەڵکانێکی زۆر پێیانوایە ئەوانەی پێش ساڵی ١٩٩١ لەشاخ بوون و چەکیان هەڵگرتبوو لەدژی سەددام، ئەوا هەرئەوان مافی ئەوەیان هەیە لەسەر دەسەڵاتبن و ئەوان خاوەندارێتی کوردستان دەکەن. بەڵام بەڕاستی بەشێکی خەڵکی وشیارو خاوەن هەستی شۆڕشگێڕی دونیا بەچاوێکیتر دەبینن و ئێمەومانان ناتوانین هەزمی ئەوە بکەین، کە بێدەنگ بین لەئاستی هەزاران گەندەڵی و تاوان و پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ و دزینی هەموو سەروەت و سامانی گشتی لەژێر زەوی و سەر زەوی. ئێمە ناخەڵەتێین بەکۆمەڵێک دروشمی بریقەداری ڕژێمی دیکتاتۆری کوردی. ئێ خۆ ئەگەر بەناوو دروشمبێ هەردوک حیزبی حوکمڕان خاوەنی جوانترین مانای پاشناوی حیزبەکانیانن. بۆنمونە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پاشناوی نیشتیمانیی، دروشمێکی زۆر جوانە، بەڵام لەڕاستیدا یەکێتی هەموو شتێکی قێزەونە، بەس نیشتیمانیی نییە. یاخود پارتی دیموکڕاتی کوردستان، ئێ دیموکڕاتی ناوەڕۆکێکی هەیە لەگەڵ ناوەڕۆک و چالاکیەکانی پارتی ئەرزو ئاسمانی فەڕقە. ئاخر ئێمەمانان بەهەڵبژاردنێکی ساختەو دروشمەکانی دیموکڕاسی ناخەڵەتێین، زۆرێک لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی دونیا هەڵبژاردن وەکو ماکیاجێک بەکاردێنن بۆ جوانکردنی ڕوخساری دەسەڵاتەکەییان. لەڕاستیدا گرنگ نییە لەچی بەرگێکدایەو چی دروشمێک دەڵێتەوەو چی پاشناوێکی بەخۆیەوە لکاندووە. گرنگ ئەوەیە بەکردار چی دەکات، ئێ خۆ سەددام حوسێین هەموو دونیا پێیان دەوت دیکتاتۆرەو کوردەکان و شیعەکان دەچەوسێنێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا سەددام حوسێین ئەگەر دیکتاتۆریش بوبێت، زۆر دیکتاتۆرێکی جوان بوو. چونکە ئەو خەڵکانەی لەژێر حوکمی ئەودا دەژیان ژیانێکی ساهانەییان هەبوو وە ژیان و کەڕامەتیان پارێزراوبوو وە هەموو جۆرە خەدەماتێک و پێداویستیەکانی ژیان بەردەست بوو، کەسیش نەیدەتوانی بتچەوسێنێتەوە، تەنها بەمەرجێک کە تەداخولی سیاسەتت نەکردبایەو دژی سەددام حوسیین چالاکی سیاسیی و عەسکەریت نەکردایە. هەروەها بەڵێ ڕاستە سەددام حوسێین خەڵکی دەکوشت و دەیچەوساندنەوە، بەڵام تەنها ئەو خەڵکانە کە دژی خۆی دەوەستانەوە. بەڵام هەموو میللەتی برسی نەدەکردو هەمووانی نەدەچەوساندەوە. سەددام تەنها ئەو موخەڕیبانەی دەکوشتن کەبەناوی پێشمەرگە لەشاخ بوون و بەفیکەی ئیمڕیالیزمی ئەمریکا چەکیان هەڵگرتبوو لەدژی سەددام. هەروەها لەخواروی عێڕاقیش سەددام ئەو شیعانەی دەگرت و سەرکوتی دەکردن، کە لەلایەن ئێرانی دەوڵەتی مەزهەبیی شیعەوە قوڕمیشکرابوون و هاندەدران لە دژی سەددام. بۆیە دیکتاتۆرە جوانەکە ئەوانەی بێدەنگ دەکرد کە لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتانی نەیاردا هەوڵی تێکدانی عێڕاق دەدەن، بەڵام نەک هاوڵاتیانی خۆی نەدەچەوساندەوە، بەڵکو وەکو باوکێکی دڵسۆز تەواوی هاوڵاتیانی عێڕاقی دەپاراست و ڕێگەی نەدەدا نە هیچ کەسێک برسی بێت، نە هیچ کەسێک زوڵمی لێبکرێت. یانی گشتاندنی نەدەکرد، بەڵام ڕژێمی ئێستای کوردی ڕێک بەپێچەوانەی سەددام هەموو میللەت بەیەکەوە برسی دەکات و دەیچەوسێنێتەوەو سەروەتەکەی بۆخۆی دەبات و دەدزێت و ماف و ئازادی هەمووان پێشێل دەکات، تەنها ئەو نوخبەو دارودەستەیە نەبێت کە وەکو پەرژین بەدەوری خۆیدا وەکو سەگ نانیان دەداتێ و ئەوانیش ڕژێمەکە دەپارێزن.. 
 ڕژێمی سیاسی كوردی لەسەرەتاوە نەیتوانیوە وەکو دەسەڵاتێکی مۆدێرن نموزەجێکی جوانی حوکمڕانیەکی دیموکڕاسیانە نیشانی جیهان بدات و لەھەموو ئاستەكاندا شكستی ھێناوەو قەیرانی فیکری و ئەخلاقی قووڵی هەیە، تاکو ئەو چركەساتەش نەیتوانیوە كولتووری ڕژێمی دیکتاتۆریەت تێپەڕێنێت، سیستەم و موئەسەسات دروست بكات، ئازادی فەراھەم بكات و مافەكانی ھاوڵاتیان بپارێزێت، گەندەڵی نەھێڵێت و یاسا سەروەربێت... ڕژێمی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی نەك ھەر ئەم بەھایانەی لەكۆمەڵگەدا جێگیر نەكردووە، بەڵكو ئەم ڕژێمە لە نائاگایی و ناھۆشیاریەكی تەواودان بەرامبەر بەوەزیفەكانی زانستی سیاسی و حوکمی مۆدێرن. ڕژێمی سەرکوتکەری دوو خێزانی حوکمڕان، كۆمەڵگەی کوردیان ئیفلیج كردو ئەم مۆدێلە ناشیرینەی ڕژێمی ستەمكاری و دیكتاتۆریان بەرھەمھێنا. لەجیاتی چەسپاندنی بنەما مەدەنی و دیموكراسیەكان ھاتن و بنەما خێڵكیەكانیان چەسپاندو حوكمی چەتەیی و بنەماڵەیان دامەزراند.. گەندەڵی و نادادپەروەری و كوشتن و تیرۆری سیاسی، یەكێكە لە سیما دیارەكانی ھەر سیستەمێكی سیاسی دیكتاتۆرەکان. 
 ھەموو دەسەڵاتێكی وەحشیگەر بۆ مانەوەو درێژەدان بە تەمەنی خۆی بەم فۆڕمە لە زەبروزەنگ و توندوتیژی ئیش دەكات. ڕژێمی كوردیش هەموو تایبەتمەندیەكانی كولتووری تۆتالیتاریزم و دیکتاتۆری تێدایە. ڕژێمی دەسەڵاتی ستەمكارو دیكتاتۆری لەو حەقیقەت دەترسێت، کە وەکو قومبەلەیەکی بێدەنگ لەژێر کورسی ئەواندا خەوتووە کە کۆمەڵگایەو زوو یان درەنگ کۆمەڵگا بێدەنگی دەشکێنێت و بۆمبی ژێر ئەم ڕژێمە دەتەقێتەوەو حوکمی دیکتاتۆرانەی ئەم دوو بنەماڵەیە کۆتایی دێت. بۆیە یەکێتی و پارتی ھەمیشە بەسەدان ماسكی ساختە بەچەندەھا ڕێگای نائەخلاقی بەکاردێنن بۆئەوەی ناشیرینیەكانی خۆیان داپۆشن و ڕێبگرن لەتەقینەوەی کۆمەڵگا. بۆئەم مەبەستەش ڕێگەی کوشتن، تۆقاندن، تیرۆری نھێنی، لێدان و سوكایەتی پێكردن، بەکاردێنن بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و ئەوانەی ئیش لەسەر كەشفكردنی حەقیقەتەكانی ئەم ڕژێمە دیکتاتۆرەی کوردی دەكەن. لێرەشدا ڕۆژنامەنوسان، چالاکانی مەدەنی و ڕەخنەگرانی سیاسی گەورەترین قوربانین. ڕژێمی خوێنڕێژی یەكێتی و پارتی لەڕێگەی كۆنتڕۆڵكردنی ئابووری، فەزای ڕاگەیاندن، ھێزی چەكدارو دەزگا هەواڵگریەکان ھەموو جومگەکانی كۆمەڵگەیان کۆنتڕۆڵ کردووەو بەمجۆرەش درێژە بەمانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە