كازمی بۆ ده‌چێته‌ شه‌نگاڵ؟!

Friday, 01.28.2022, 2:04

2250 بینراوە


دوابه‌دوای كۆمه‌ڵكۆژی سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی له‌ 3/8/2014ه‌وه‌ خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ چاوه‌ڕوانی لێبوردن و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و به‌مۆخاته‌بگرتنیانن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی عێراقیه‌وه‌. لێبوردن له‌ئێزیدیه‌كان كه‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراق و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندییه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌كاتی ئه‌و كۆمه‌ڵكۆژییه‌ و هێرشی چه‌ته‌كانی داعشدا، ئه‌و گه‌له‌یان به‌ته‌نیا و به‌بێ هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌كی پاراستنی له‌ناوچه‌نگی چاوچنۆكی داعشدا هێشته‌وه‌ و ته‌سلیم به‌داعشیان كردن و نه‌یانپاراستن. ئه‌م داوای لێبوردنه‌ چه‌نده‌ش ناتوانێت شتێك له‌ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ بگۆڕێت، به‌ڵام ده‌بێت له‌رووی ده‌روونیه‌وه‌ به‌كاریگه‌ر بێت و جارێكی تر سۆزی گه‌ل بۆ لای خۆت راكێشی. قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ش له‌و ئاسته‌دا ده‌بێت كه‌ تۆ وه‌كو ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی هه‌وڵبده‌یت ئه‌و ژن و منداڵ و پیر و جۆانه‌ی له‌ده‌ستی داعشدا ماونه‌ته‌وه‌ رزگاریان بكه‌یت و پێداویستی ماددی و مه‌عنه‌وییان بۆ دابین بكه‌ی و له‌رووی به‌نیسبه‌ت به‌مۆخاته‌بگرتنی داواكاری ئێزیدیه‌كانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌و كۆمه‌ڵكۆژییه‌ رزگاریان بووه‌، له‌خۆڵه‌مێشی خۆیان سیسته‌مێكی خۆبه‌رێوه‌به‌ریان بۆ خۆیان دامه‌زراندووه‌ و ده‌وڵه‌تیش ده‌بێت هه‌وڵبدات ته‌عامۆلی له‌گه‌ڵ ئه‌و داخوازییه‌ی ئێزیدیه‌كاندا بكات. بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ش رۆژ نییه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌كانی ئێزیدیه‌كان بانگه‌وازی له‌ده‌وڵه‌ت و به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ نه‌كه‌ن كه‌ راسته‌وخۆ خۆیان سه‌ردانی شه‌نگاڵ و واری ئێزیدیه‌كان بكه‌ن و له‌نزیكه‌وه‌ قه‌باره‌ی ئه‌و زیان و لێكه‌وتانه‌ی له‌ئه‌نجامی ئه‌و كۆمه‌ڵكۆژییه‌ی به‌سه‌ریاندا هاتووه‌ ببینن و له‌و روانگه‌شه‌وه‌ نزیكی داواكاری و داخوازیه‌كانی گه‌لی ئێزیدیش ببنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش خواستانه‌ش له‌هیچ جێگه‌یه‌كی دنیادا داواكاری نییه‌، به‌ڵكۆ مافێكی گه‌له‌ كه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی جێبه‌جێ بكه‌ن. به‌ڵام لێره‌دا و به‌نیسبه‌ت ئێزیدیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دا كه‌ هیچ كام له‌م داواكاریانه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ به‌ئه‌رێنی وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌ كه‌ چی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی هه‌وڵده‌دات به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێش په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر شه‌نگاڵ؛ به‌هه‌مان لۆژیكه‌وه‌ نزیكی ئیزیدیه‌كان و جێ و واری ئه‌وان ببێته‌وه‌.
ده‌وڵه‌تی عێراق له‌نه‌بوو ته‌ماشای ئێزیدیه‌كان و پێگه‌كه‌یان له‌عێراقدا ده‌كات؛ ئه‌و تێڕوانینه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی له‌سه‌ر بۆنیاد نراوه‌؛ له‌ئێستاشدا ده‌یانه‌وێت به‌ره‌تكردنه‌وه‌ی داخوازییه‌ سه‌ره‌تایه‌كانی پێكهاته‌كان و جیاوازییه‌ ئه‌تنیكیه‌كان حۆكم و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی خۆیان به‌رێوه‌ ببه‌ن. 
ئێزیدیه‌كان له‌پاش فه‌رمان"كۆمه‌ڵكۆژێ" 74هه‌مین كه‌ به‌سه‌ریاندا هات له‌ سێ ئابی 2014ه‌وه‌ سیسته‌مێكی خۆبه‌رێوه‌به‌ریان بۆ خۆیان دامه‌زراندووه‌ و نزیكه‌ی هه‌شت ساڵه‌ خۆیان به‌رێوه‌ و ئیداره‌ ده‌كه‌ن. نه‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و نه‌ش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش توانیووانه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ داواكاری ئێزیدیه‌كان و سیسته‌مه‌كه‌یاندا بكه‌ن. و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ریه‌كه‌یان خۆیان به‌خاوه‌نی شه‌نگاڵ ده‌زانن و ده‌یانه‌وێت ئه‌و هه‌رێمه‌ بخه‌نه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه‌. له‌ 9ی جۆتمه‌ی ساڵی 2020ه‌وه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ را و بیروبۆچوونی ئێزیدیه‌كان و به‌بێ گوێدانه‌ داواكاریه‌كانیان، رێككه‌وتنێكیان له‌سه‌رشه‌نگاڵ واژۆ كرد. به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌هۆی دژایه‌تی گه‌ل و به‌رخۆدانیانیان له‌به‌رامبه‌ر به‌بێ ئیراده‌كردنیان و ته‌سلیم نه‌بوونیان له‌ئاستی عه‌مه‌لی دا وه‌كو مه‌ركه‌بی سه‌ر كاغه‌ز مایه‌وه‌ و پێكنه‌هات. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌ پشتیوانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش پێكهاتبوو؛ به‌ڵام له‌راستیه‌دا رێككه‌وتنێك بوو بۆ ته‌سلیمبوون و به‌ئه‌نجامگه‌یشتنی ته‌واوه‌تی فه‌رمانی سه‌ر ئێزیدیه‌كان. 

 دوای حه‌وت ساڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق چووه‌ شه‌نگاڵ!

كازمی وه‌كو یه‌كه‌م سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌پاش كۆمه‌ڵكۆژی سه‌ر ئێزیدیه‌كان به‌فه‌رمی له‌ به‌رواری 16/8/2021 ویستی سه‌ردانی شه‌نگاڵ بكات و له‌و سه‌ردانه‌شدا چاوی به‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌، شه‌هید حه‌سه‌ن سه‌عید بكه‌وێت. واتا ئه‌و رۆژه‌ی هاته‌ شه‌نگاڵ هه‌ڤاڵ حه‌سه‌ن سه‌عید شه‌هید كرا. ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ وه‌كو پیلانگێڕییه‌ له‌چوارچێوه‌ی هه‌مان رێككه‌وتنی 9ی جۆتمه‌ی 2020ی نێوان به‌غدا ـ هه‌ولێر ـ توركیا لێكدرایه‌وه‌. سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق جارێكی تر له‌ ته‌وقیتێكی چاوه‌ڕوانكراودا، واتا له‌ 26/1/2022 جارێكی تر چووه‌ شه‌نگاڵ و له‌وێدا عه‌رزی عه‌زه‌لاتی خۆی نیشانی داعش دا و په‌یامێكی به‌داعش دا كه‌ جارێك هه‌وڵتاندا، به‌ڵام ئێمه‌ ناكامتانمان كرد و به‌بێ ئاكام وه‌ده‌رنران. وه‌كو فس فس پاڵه‌وانه‌كان وای نیشاندا كه‌ ئه‌و و سۆپاكه‌ی له‌شه‌نگاڵ داعشیان راوناوه‌. كه‌چی هه‌موو دنیا و به‌تایبه‌تیش خه‌ڵكی ئێزیدی و هه‌رێمی شه‌نگاڵ باش ده‌زانن كه‌ له‌كاتی هاتنی داعش بۆ ناوچه‌كه‌، سۆپای عێراق به‌هه‌موو كه‌ره‌سته‌ جنگیه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ڵهاتن و خه‌ڵكه‌ به‌شه‌ مینه‌تیه‌كه‌یان به‌ته‌نیا به‌جێ هێشت. هه‌م سۆپای عێراق و هه‌میش پێشمه‌رگه‌كانی پارتی كه‌ به‌سه‌دان كه‌س ده‌بوون به‌بێ ته‌قه‌ ناوچه‌كه‌یان راده‌ستی داعش كرد. ئێستاكه‌ش كه‌ بۆ جارێ دووهه‌م كازمی سه‌ردانی شه‌نگاڵ ده‌كات و وه‌كو جاره‌كه‌ی پێشوو سه‌ردانی دام و ده‌زگاكانی خۆبه‌رێوه‌به‌ری ئێزیدیه‌كان ناكات، به‌واتا نه‌قه‌بوڵكردنی ئێراده‌ی راسته‌قینه‌ی ئێزیدیه‌كان دێت.
كازمی زیاتر له‌وه‌ی وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كی خاوه‌ن ئێراده‌ و عێراقیه‌ك كه‌ به‌یه‌كچاو و یه‌كدڵ ته‌ماشای هه‌موو پێكهاته‌كانی ناو گۆڕه‌پانی عێراق بكات، ده‌یه‌وێت وه‌كو كاریزمایه‌ك ده‌ركه‌وێت و خۆی بكاته‌ پاڵه‌وانی رزگاركردنی شه‌نگاڵ و عێراق له‌ده‌ستی داعشه‌وه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ ئه‌و ئیراده‌یه‌ بكات كه‌ شه‌رڤانانی یه‌به‌شه‌ و یه‌ژه‌شه‌ و هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ و قه‌سه‌ده‌ن كه‌ سنوره‌كانی عێراق ده‌پارێزن له‌دزه‌كردنی چه‌ته‌كانی داعش بۆ ناو عێراق.
رووی كازمی ئێدی بۆ خه‌ڵكی شه‌نگاڵ و ئێزیدیه‌كان ئاشكرا بووه‌ و ناتوانێت خۆی وه‌كو رزگاركه‌رێكی عێراق له‌كائۆس و فه‌وزا سیاسی و ئێداری و ئابوری و نه‌بوونی خزمه‌تگۆزاری نیشان بدات. خه‌ڵكی ئێزیدیش ده‌بێت بڕوای ته‌واویان به‌وه‌ بێت كه‌ به‌ده‌ر له‌هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌ و یه‌ژه‌شه‌ و ئاسایشی ئێزیدخان و خۆبه‌رێوه‌به‌ری شه‌نگاڵ كه‌س ناتوانێت داكۆكیكارێكی راسته‌قینه‌ بێت له‌مه‌ڕ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان.