هێزی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی داعشیان خسته‌ ته‌ڵه‌كه‌وه‌!

Friday, 28/01/2022, 2:09

3431 بینراوە


گروپه‌ چه‌ته‌كانی داعش له‌رۆژی ده‌ركه‌وتنیانه‌وه‌ چه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و چه‌ ناڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن هێزه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌؛ و له‌رێگه‌ی ئیستخباراتی وڵاتانه‌وه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان به‌تایبه‌تی له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌كاریان هێنان. سه‌ره‌تا له‌ نه‌یجه‌ریا له‌سه‌رناوی بۆكۆحه‌رام؛ پاشان له‌لیبیا و یه‌مه‌ن و سوریا و عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌ستیان به‌جمۆجوڵ كرد، به‌ڵام كاتێك ره‌وشه‌كه‌ نزیكبوو له‌كۆنترۆڵ ئه‌و هێزانه‌ ده‌ربچێت هه‌وڵیاندا به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان چه‌ته‌كان كۆنترۆڵ بكه‌ن و بیانخه‌نه‌وه‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ سیاسه‌ته‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی خۆیانه‌وه‌. له‌لایه‌ك هێزه‌ كۆنه‌پارێز و ستاتۆپارێزه‌كانی هه‌رێمی و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هێزه‌ هه‌ژه‌مۆنپارێزه‌ جیهانیه‌كان هه‌ریه‌كه‌ له‌لای خۆیه‌وه‌ ویستیان ئه‌وه‌ بوو ئه‌و گروپه‌ چه‌تانه‌ له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌كانیاندا ئاراسته‌ بكه‌ن؛ یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ش كه‌ زیاترین سودی له‌گروپه‌ چه‌ته‌كانی داعش بینی؛ ده‌وڵه‌تی تورك بوو. به‌ڵام بۆچی ده‌وڵه‌تی تورك توانی ئه‌وه‌نده‌ قازانج له‌چه‌ته‌كانی داعش بكات؛ جێگه‌ی سه‌ره‌نج و پرسیاره‌. ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری و په‌یوه‌ندییانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك له‌گه‌ڵ چه‌ته‌كانی داعش هه‌م له‌لایه‌ن هێزه‌ هه‌رێمی و هه‌میش له‌لایه‌ن هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌ به‌به‌ڵگه‌ به‌سه‌دان جار پشتڕاستكرایه‌وه‌؛ به‌ڵام  هه‌ر دوو لاكه‌ش خۆیانیان لێ بێ به‌ری ده‌كرد و جارناجارێك به‌لێدوانێكی سواو هه‌وڵیانده‌دا ئاراسته‌ی فۆكسه‌كان له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی تورك و داعش بڕه‌وێننه‌وه‌ و وای نیشان بده‌ن كه‌ گوایا داعش به‌زیره‌كی خۆی له‌ئه‌وپه‌ڕی ئه‌وروپا و و ئه‌مریكا و ئۆسترالیا و كه‌نه‌داوه‌،  یانیش له‌و په‌ڕی ئاسیای ناوین"چین و روسیا و هندۆستانه‌وه‌"سه‌ری پێوه‌ ده‌نن و دێنه‌ توركیاوه‌ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ سوریا و لیبیا و ئه‌زه‌ربایجان و تونس و عێراق ره‌وان ده‌كرێن، لێ مه‌خابن هه‌ر كه‌س ده‌زانێت ئه‌و راست نییه‌.
ده‌وڵه‌تی تورك له‌پاش رووخانی سۆڤییه‌ته‌وه‌؛ له‌لایه‌ن هێزه‌ هه‌ژه‌مۆنپارێزه‌ جیهانیه‌كانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا و ئه‌ۆروپاوه‌ رۆڵێكیان پێ سپارد. ئه‌و رۆڵه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ئێدی ده‌بێت پێشه‌نگایه‌تی ئیسلامێكی نه‌رم بكات؛ چونكه‌ له‌نیوه‌ی سه‌ده‌ی بیست به‌گشتی له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌م له‌ئێران و هه‌میش له‌توركیاش پشتیوانی هاتنه‌ سه‌ر كاری بزوتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌كان له‌شێوه‌ی ئیخۆان و ئه‌لقاعیده‌ و هاوشێوه‌كانی كرا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو پشتێنه‌یه‌كی سه‌وز رێگه‌ له‌بڵاوبوونه‌وه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ چه‌پ و سۆسیالیست و ماركسیستیه‌كان و ته‌نانه‌ت ملی مه‌زهه‌بیه‌كانیش بگرن. رۆڵێكی وایان دابووه‌ هه‌ندێ له‌ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌، به‌ڵام به‌رووخانی سۆڤییه‌ت ئێدی ئه‌و حه‌ره‌كه‌ته‌ ئیخۆانی و ئیسلامییه‌ توندڕه‌و و ناسیۆنالیستیانه‌ ببوونه‌ به‌ڵایه‌ك به‌سه‌ر سیسته‌می جیهانیه‌وه‌، بۆیه‌ش هێزه‌ هه‌ژه‌مۆنپارێزه‌كان ویستیان له‌رێگه‌ی ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی پێنجا ساڵه‌ كاری گاردینی بۆ وڵاتانی ئه‌ۆروپا و ئه‌مریكا ده‌گێڕێت، فۆرمێكی دیكه‌ له‌ئیسلام له‌ناوچه‌كه‌دا په‌یڕه‌و بكه‌ن و به‌وشێوه‌یه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر وڵاته‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌كان دابنێن، به‌ڵام له‌ 2002ه‌وه‌ به‌هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان"ئاكه‌په‌"، له‌توركیا و گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌وه‌، داشه‌كان وه‌كو ئه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ۆروپایی و ئه‌مریكا ده‌یانوویست نه‌جۆڵێندران و ئاكه‌په‌، ویستی له‌راكێشانی سۆز و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی توركی ـ ئیسلامی مۆدێلێكی نوێ به‌گوێره‌ی خۆی دامه‌زرێنێت كه‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌شی دژایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كوردی و ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان بێت. هه‌ر بۆیه‌ش له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی وڵاتانی عه‌ره‌بیش به‌تایبه‌تی سوریا و یه‌مه‌ن و لیبیا و میسر ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌تی تورك ویستیان هه‌ندێ گۆڕانكاری له‌فۆرمی سیسته‌مه‌ ده‌سپۆته‌كانی ناوچه‌كه‌دا بكه‌ن و هه‌رهیچ نه‌بێت، ده‌سه‌ڵاته‌ ناوه‌ندیه‌كان به‌سه‌ر هه‌رێمه‌كاندا دابه‌ش بكه‌ن و سیسته‌مێكی ئابوری نه‌رم بۆنیاد بنێننه‌وه‌، تا له‌قازانجی سیسته‌می ئابوری جیهانیدا بێت و ئه‌و پرۆسه‌ی به‌ناوی گلۆبالیزیمی ئابوری له‌نێوان وڵاته‌ هه‌ژه‌مۆنپارێزه‌كاندایه‌ به‌ئاسانی چه‌رخه‌كه‌ی بگه‌ڕ بخرێت. كه‌چی ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌تی تورك ویستیان ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌قازانجی خۆیان به‌ته‌نیا بشكێننه‌وه‌؛ ئه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی ئیخوانیه‌كاندا ده‌ستیان به‌یه‌كه‌ كرد و هه‌وڵی كۆده‌تایاندا و ویستیان به‌مشێوه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێیه‌كان بۆ برایانی ئیخۆانی قۆرخ بكه‌ن. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و رووی ئه‌و گروپه‌ چه‌تانه‌ی كرده‌ كورده‌كان له‌سوریا و عێراق و توركیاشدا و به‌مشێوه‌یه‌؛ له‌دوو لاوه‌ بووه‌ به‌ربه‌رستێكی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م گۆڕانكارییه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌؛ واتا هه‌م رێگه‌ی نه‌دا هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ی ده‌یانوویست ته‌داخۆلی كاروباری سیسته‌مه‌ هه‌رێمایه‌تیه‌كان، یان با بڵێین ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمیه‌كان بكرێت و هه‌میش به‌و گروپه‌ چه‌تانه‌ به‌هه‌موو ره‌نگێك په‌لاماری ده‌ستكه‌وتی گه‌لی كورد و ئازادیخوازانی دا. ئه‌م پلانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك و ئه‌ردۆغان تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئێدی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش گه‌یشتنه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی خه‌رێكه‌ له‌غاوی گروپه‌ چه‌ته‌كان له‌ده‌ستیان ده‌رده‌چێت، به‌هاوكاری هێزه‌ ئازادیخوازه‌كانی كورد و ئازادیخوازانی جیهانی په‌لاماری داعشیاندا و هاوپه‌یمانی دژ به‌داعشیان دامه‌زراند و به‌وشێوه‌یه‌ش هه‌تا ئاستێك به‌ربه‌ستیان له‌به‌رده‌م په‌لاماره‌ وه‌حشیانه‌كانی داعش دانا. دوابه‌دوای كۆتایی هاتنی په‌لاماره‌ هێرشبه‌ریه‌كانی داعش، پێویست بوو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی گروپه‌ چه‌ته‌كانی داعش كه‌ له‌زیندانه‌كاندا به‌ندكراون راده‌ستی ئه‌و وڵات و ده‌وڵه‌تانه‌ بكرێنه‌وه‌ كه‌ له‌وێوه‌ هاتوون. 
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ راستی ئاشكرا بكرێت؛ پێویستی به‌دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو!!
به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری رۆژئاوا و باكوری سوریا كه‌ زۆرترین چه‌ته‌ی داعشیان له‌زیندانه‌كانی خۆیاندا به‌ند كردووه‌ و له‌ئێستادا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتكدان، به‌سه‌دان جاره‌ داواكاره‌ كه‌ دادگایه‌كی بێ لایه‌ن و نێوده‌وڵه‌تی بۆ دادگایی كردنی ئه‌و گروپه‌ چه‌تانه‌ی كه‌ ده‌ستیان به‌خوێنی هه‌زاران خه‌ڵكی بێ تاوان سووره‌، مۆڵك و ماڵی هه‌زاران خه‌ڵكی بێ تاوانیان تاڵان كردووه‌، زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆریان به‌ نرخه‌ هاوبه‌شه‌كانی مرۆڤایه‌تی گه‌یانده‌، دابمه‌زرێت تاكو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی له‌پشت ئه‌و چه‌تانه‌وه‌ن به‌دیار بكه‌ن، به‌ڵام تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ چه‌ هێزه‌ هه‌رێمیه‌كان و چه‌ هێزه‌ هه‌ژه‌مۆنپارێزه‌ جیهانیه‌كانیش خۆیان له‌قه‌ره‌ی ئه‌م داواكاریه‌ ناده‌ن، واتا نایانه‌وێت هه‌ندێ راستی له‌زمانی خودی چه‌ته‌كانه‌وه‌ له‌پێشبه‌ری رای گشتیدا ئاشكرا بكرێن، بۆیه‌ش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و داواكاری له‌به‌رچاو نه‌گرن و به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان پشتگوێ بخه‌ن.

بۆچی ویستیان داعش بده‌نه‌ ته‌ڵه‌كه‌وه‌؟!

به‌مانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌تانه‌ی داعش له‌زیندانه‌كاندا، هه‌رده‌بوو هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان رێگه‌یه‌كیان بۆ بدۆزنه‌وه‌، یا كۆشتنی به‌كۆمه‌ڵ یا دادگایی كردن و ئاشكراكردنی هه‌ندێ له‌راستیه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ئه‌و وڵات و ده‌وڵه‌تانه‌ی لێوه‌هاتوون. هێزه‌ ئیستخباراتیه‌كان باشترین رێگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی ئه‌و چه‌تانه‌وه‌ رزگاریان بێت، كۆشتنیانه‌. چونكه‌ تا ئاستێك به‌رێگه‌ی ئه‌و چه‌تانه‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئامانجه‌كانی خۆیان، ئێدی هه‌بوون و زیندووبوونی ئه‌وان له‌وه‌ زیاتر ده‌بێته‌ به‌ڵا به‌سه‌ریانه‌وه‌، بۆیه‌ش به‌داڕشتنی ئه‌م پلانه‌یان له‌سه‌ر زیندانی غوێران له‌حه‌سه‌كه‌، ویستیان قه‌تلۆعامێكی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌و چه‌تانه‌ بكرێت. چونكه‌ له‌و قه‌ناعه‌ته‌دا بوون كه‌ هه‌ڵهاتنی ئه‌و هه‌موو زیندانیه‌ و له‌كه‌شێكی وه‌ها پارێزراودا، ئیمكانی نییه‌ و یا ده‌كۆژرێن یا رزگاریان ده‌بێت. واتا ئامانجی سه‌ره‌كی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و هێزه‌ هه‌رێمیه‌كان به‌كۆشتدانی چه‌ته‌كان بوو نه‌رزگاركردنیان بوون له‌زیندان، ته‌نانه‌ت له‌لێدوانه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ته‌حالۆفی نێوده‌وڵه‌تی له‌دژی داعشیش دا ئه‌م راستیه‌ ئاشكرا بووه‌. ئێستاكه‌ش كه‌ بینیان پلانه‌كه‌یان به‌سه‌ركه‌وتوویی پێكنه‌هات، هه‌ر یه‌كه‌ له‌روسیا و سوریا به‌تایبه‌تی داواكارن كه‌ دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له‌سه‌ر حه‌سه‌كه‌ دروست بكرێت، و ئه‌و هێرشه‌ بووه‌ ره‌وایه‌تیدان به‌مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی نه‌زانم كێ له‌سوریا. ده‌یانه‌وێت به‌م فرت و فێڵانه‌ خۆیان له‌راستی مه‌سه‌له‌كان بدزنه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە