من نەمویست وەكو خانەقینیەك قسە لەسەر ژەهرخواردنی مەلا بەختیار بكەم. بەڵام لە روانگەی شارچێتیەوە نەبێت، لێرەدا قسەمان لەسەر چاكە و چاكەدانەو بە ئەمەكی و بێ ئەمەكی و دلسۆزی و كەمتەرخەمیەوەیە، قسەمان لەسەر قوربانیدانە لە پێناو ئەو بنەمایانەی باوەڕت پێیە، قسەمان لەسەر خۆشەویستیە بۆ مرۆڤ وەك هاوڕێ و هاوشار و هاونیشتمان و بۆ شوێن وەكو نیشتمان و شار و لادێ یان هەر بنتێك كە ماوەیەك تیێدا ژیابیت.
لێرەدا قسەمان لەسەر شاری خانەقین نیە، كە لەبەر كۆمەڵێك فاكتەری سیاسی و ئابووری لەم چەند دەیەی پێش راپەڕین بە ئاگر و ئاسن مامەڵەی لەگەڵدا كراوە. ئەو شارەی كە لە هەرجموجوڵێك هەزار ویەك حسابی بۆ دەكرا. ئەوەی بارودۆخی سیاسی و جوگرافی خانەقین وەكوخۆی بناسێت، دەزانێت كە هەر كارێك دوور لە خواستی دەسەڵاتی عیراق كرابێت چەند قورستر بووە لەسەری بەبەراورد لەگەڵ شارەكانی دیكەدا، شوێنەكەی لە سنوری ئێران و بوونی نەوت و پێگەیەكی ستراتیجی وای لە دەسەڵاتدارانی عیراق كردووە كە بەردەوام حسابی جیاوازی بۆ بكەن و هەمیشە زاڵبون و بنبركردنی هەر جموجوڵێكی سیاسی بە توندوتیژی و گرتن و زیندان و لەسێدارەدان تاكە رەفتاری سەرەكیان بێت، بۆیە بە چەندین جۆری جیاواز دەزگای داپڵۆسینەری لەم شارە بڵاوكردبووە و كونوقوشبنی ئەم شارەیان داگیركردبوو، تەنانەت ئاگایان لە رەفتار و گوفتاری وردی سەرجەم خەڵكەكەی دەبوو، بۆ ئەو مەبەستەش زۆر جار جیاوازیە نەتەوەیی و ئیتنیەكانیان بەكار دەهێنا. ئەوەی روونە دەسەڵاتی بەعس ئەوەی بەسەر ئەم شارەی هێنا زۆر زیاتر بوو لەوەی زانراوە و ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە كەم كەس لەم ناوچەیە و تەنانەت لە كوردستانیش لە وردەكای زەرەر و زیانی خەڵكی خانەقین بەدەست بەعسەوە ئاگادارن، واتە بە بێ دەنگی و دوور لە راگەیاندن و شاردنەوەی كردەوەكانی خوێن خەڵكەكەی دەمژی و مێژوو و كەلتور و كەلەپوری تیكدەدا و كەسیش ئاگای ڵینەبوو و بە بێدەنگی تێیدەپەڕاند. زەرەر و زیان و دەرهاویشتەكانی تەسفیر و تەرحیلی ناوەكی و دەرەكیی بە زۆرەملێی خەڵكەكەی لە لایەك و دەرچوونی زۆرێك لە خەڵكەكە لە ترسی بەركەوتنی زیانەكانی شەڕی عیراق ئێران لە لایەكی ترەوە، تا ئێستا كەس وەكو خۆی لەقەرەی نەداوە و بە وردی باسی نەكردووە و حەقی خۆی نەداوەتێ.
ئالەم شارە ژیان ئاڵۆزەدا، گەنجێكی بزێوی پڕ بەهرە و خۆشەویستی نیشمانەكەی دەركەوت و هەر لە سەرەتای لاوێتیەوە بە جموجوڵی سیاسی و كردەوەكانیەوە وانەی شۆرشگێری و رۆشنبیری و فەلسەفی و مەدەنیەت بە سەرجەم خەڵكەكەی پێشكەشكرد. بەڵێ لە شارێكی بەم شێوە روخسار و گەوهەرەدا گەنجێك بەو فكر و هەڵكەوتوییەوە پەنجەمۆری فكری و فەلسەفی و مەدەنیەت و قوربانیدانی خۆی لە مێژووی ئەم شارە و سەرجەم كوردستانیش نەخشاند.