تاڵەبانی و بارزانی مەرجەعیەتی شیعە و کاندیدەکانی سەڕۆک کۆماری ناوچەی سەوز و زەرد!

Thursday, 02.03.2022, 0:43

4537 بینراوە


لە ناوچەی سەوزدا چەند کەسێک خۆیان بۆ پۆستی سەڕۆک کۆماری داهاتووی عیراق هەڵبژاردووە، کە بەرهەم و لەتیف و ڕزگارە. ئەمە وێنەیەکی ڕوونە کە یەکێتی لەئەوپەڕی لاوازیدایە، سەنتەری بڕیاردان لەنێو یەکێتییدا نەماوە، پەرتەوازەیی بەو هێزەوە دیارە و لەتیف کاندیدی شاناز و لایەنگرەکانیتی لەنێو یەکێتیدا. بەرهەم کاندیدی باڵێکی دی نێو یەکەتییە، ئەم پارتەوازییە  لەسەر هەردوو ئاستی دەسەڵاتی باڵای ئەو حزبە و جەماوەرە کە هەنووکە گەیشتۆتە بەغداد و لە بەرژەوەندیی کاندیدی پارتییە. 
زۆربوونی کاندید بۆ پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق لە بەرژەوەندیی پارتییە، لەبەرئەوەی پێشوەخت ئەو ڕێککەوتنەکانی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە بووە لەگەڵ لایەنە شیعی و سونەکان، بەڵام ئەو شانۆگەریە هەڵبژاردنی سەڕۆک کۆمار و  زۆر بوونی کاندید، دواتر بە دەرچوونی کاندیدی پارتی مشروعیەتی زێتر دەبێت.   
ئەو سێ کاندیدەی ناوچەی سەوز  بەدرێژایی ژیانی تایبەتی و سیاسییان، ڕۆژێکی ڕەش و سەختیان نەدیوە، بۆیەک سات ئارەقەی ڕەشوشینیان لە پێناو بزوتنەوەی ڕزگاری گەلەکەیان نەڕژاندووە وەک هۆشیار زێباری خاڵی بارزانی کە تەنیا جیاوازیەک هەبێت لەنێوانیاندا لەگەڵ ئەوانی دی، ئەویش ئەوەیە کە ئەو لە زەمانی بەعسدا بە خێزانەوە جاش بوونە.  ئەم دەموچاوانە، بەرهەمی بەرژەوەندیی و پارە و پۆست و خۆدەرخستنن و داردەستی جەلال و مەسعود بوونە لە قۆناغی جیاوازدا و سوودمەندی یەکەم بوونە لە بەکارهێنانی بزوتنەوەی ڕزگاری کورد لە باشووردا لە دوای کۆڕەوی ١٩٩١.
کاندیدەکانی ناوچەی سەوز، دەرکیان بەوە کردوە کە مەسعود بارزانی، هەموو توانایەکی خۆی خستۆتە گڕ، بۆ ئەوەی خاڵی خۆی بۆ ئەو پۆستە سەربخا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە خۆیان هەڵبژاردووە، لەبەرئەوەی ئەمانە لەدوای ٢٠٠٣وە لە بەغداد لەنێو عەرەباندا کار دەکەن، هەوڵیانداوە خۆیان شیرین بکەن، بەجووت کردنی ڕاو بۆچنیان لەگەڵیاندا و ژێربەژێر پەیمانیان لە سەڕۆکی هەندێک لە لایەنە سونەکان و حزبە شیعیەکانی نێو چاوارچێوەی شیعی و دەزگەی هەواڵگری عیراق و ئیران وەرگرتووە کە لەنێو هۆڵی پەرلەماندا دەنگیان پێ بدەن. 
 کاتێک کە ڕزگار خۆی دزیەوە لە موحاکەمەی سەدام و دوای ئەوەی چەند چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئارتی تودەی ئەنجام دا، هۆی بەردەوام نەبوونی لە مەحکەمەکەی سەدام بەستەوە بە ناعەداڵەتی ئەو دادگەیا لە مامەڵە کردنی لەگەڵ تاوانبارێکی دڕندەی وەک سەدام، دەرکەوت کە جگە لە ترس ئەو لەو کاتەوە خواستی بوو سۆزی سونەکان و بەعسیە عەرەبەکان بۆ لای خۆیدا ڕابکێشێت، لەو چاوپێکەوتنانەش بەهیچ جۆرێک پەنجەی بۆ مەسەلەی ئەنفال و هەڵبجە و تاوانەکانی سەدام درێژ نەدەکرد. ئەو وەک کوردێک دەبوایە بڵێت: من بۆیە لەو دادگەیە کشامەوە، چونکە دادگایی کردنی سەدام پێویستی بە دادگا و لێکۆڵینەوەی یاسایی نییە، ئەوەندە تاوانی بەرامبەر گەلەکەم ئەنجام داوە و بە ڤیدیۆ تۆمارکراوە کە هەموو دونیا لێی بە ئاگان، ئیتر بۆ دەبێت من بەشداربم لەو شانۆگەریە!  دووانەکەی دیش بەهەمان شێوە کاریان کردووە، ئێستا کە خۆیان هەڵبژاردووە پشتیان بە دەنگی عەرەبان بەستووە، جگە لەوەی کە ئەگەر ئەندامانی پارتی و یەکێتی هەموو دەنگ بۆ یەک کاندید کۆبکەنەوە ئەوجا ناتوانن کاندیدێک دەربچوێنن، بۆیە مەسعود بارزانیش بە پشتیوانی دەنگی سەدر و حەلبوسی زایدەن دەنگی پارتیەکان، ئەوجا لە پەرلەمانی عیراقدا دەتوانێت هۆشیاری زێباری بۆ ئەو پۆستە سەربخات.  
لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا مردنی جەلال تاڵەبانی سەرانی یەکێتی لە میدیاکانی یەکێتی و سێبەرەکانیان خۆیان بەوە هەڵدەکێشا و دەیانگوت: ئەگەر جەلال تاڵەبانی نەبێت شیعەکان کۆنابنەوە. ئێستا میدیای پارتی و سێبەرەکانیان هەمان دەهۆڵ بۆ مسعود بارزانی دەکوتن، کە گوایە ئەو هەڵساوە بە کۆکردنەوەی شیعەکان.  بێ گومان ئەو پروپاگەندانە هیچ لە پێگەی میللەتی کورد وەک نەتەوە لە عیراقدا ناگۆڕن، هەروها لە دوای ٢٠٠٣وە لاوازترین هێز لە هۆڵی پەرلەمانی عیراقدا حزبە سونییەکان و حزبە کوردییەکان بوونە، لەچاو پێگەی هەموو حزبە شیعیەکان بەتایبەتی پێگەی سەدر، بەڵام هەمیشە ئەڵقەیەک بوونە سەرانی حزبە شیعیە ناتەباکان بەکاریانهێناون بۆ بەستنەوەی دەنگیان بە دەنگی لایەنێکی دیاریکراودا، بۆ دامەزراندنی حکومەت وەک ئەمڕۆ کە چۆن سەدر دەنگی پارتی بەکار دەهێنێت بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی سیاسیی کتلەی گەورە بۆ دامەزراندنی حکومەتی عیراقی داهاتوو. لەهەر هاوکێشەیەکی سیاسییدا کە هێزێک نەتوانێت بەتەنیا لە مەیدانەکەدا خۆی بسەلمێنێت بە پشتیوانی ئەم و ئەو سەرکەوتنێکی کاتی بەدەستدەهێنێت، ئەمەش هەمووو لایەک دەگرێتەوە.  
ئەزموونی مێژووی شیعەی عیراقی و ئیرانی، سەلماندویەتی کە کۆکردنەوەی ماڵی شیعە، هەرگیز بە کابرایەکی عیلمانی غەیرە مەزهەبی شیعە ناکرێت. هێز و توانای سەرانی حزبە شیعیەکان و سەڕۆکی ڕۆحی ئەو مەزهەبە لە عیراق، بەتایبەتی سیستانی و موقتەدا سەدر پێگەی جەماوەرییان بە بڕوابوون بە مەزهەبی شیعی لەنێو خەڵکدا سەرچاوەی گرتووە و ڕەگێکی مێژووی هەیە، بۆیە کابرایەکی وەک جەلال تاڵەبانی هەمیشە لەنێو شیعەکاندا لە دەرەوەی ئەو بازنییە هەژماری بۆ کراوە، هەروها ئەمڕۆش بۆ بارزانی هەمان شتە، بۆیە نە جەلال تاڵەبانی نە مەسعود بارزانی نەیانتوانیوە و  ناتوانن ببن بە مەرجەعیەت بۆ شیعە یان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عیراق یان ببن بە کلیلی کردنەوەی کۆرەگرێیەکان. ئەوەی دوێنێ جەلال تاڵەبانی لە بەغداد لەنێو شیعە و سونەکان دەیکرد، بۆ ئەوە بوو کە ببێت بە سەڕۆک کۆمار، ئەمڕۆش ئەوەی بارزانی دەیکات دەیەوێت هۆشیاری خاڵی ببێت بە سەڕۆک کۆماری عیراق. ئەوەی سوود وەردەگرێت لەو دۆخە ناتەباییەی کە لەنێو سەرانی حزبە شیعەکاندا هەیە، تەنیا سەرانی پارتی و یەکێتین، نەک بزوتنەوەی ڕزگاری میللەتی کورد لەو بەشەدا، چونکە هەرگیز بەرژەوەندیی سەرانی پارتی و یەکێتی مانای ئەوە ناگەیەنێت کە بەرژەوەندیەکە لە خزمەت دۆزی ڕوای میللەتەکەمانە یان چوونی بەرهەم یان هۆشیار بۆ کۆشکی سەڕۆک کۆماری عیراق ئەوە سەرکەوتنی نەتەوەیی کوردە!
مەترسی دروستکردنی حکومەتی هێزی زۆرینە بۆ کورد لەوەدایە، ئەگەر لە داهاتوودا گۆڕانکاری بەسەر هەڵوێستی سیاسیی سەرانی حزبە شیعیکاندا بێت بەرامبەر بەیەک، یان دۆخی سیاسیی و ناوەخۆ، ئیقلیمی و جیهانی و گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەوا هەمیشە کوتلەی زۆرینە حکومەتی عیراق دادەمەزرێنێت و مەرج نییە ئەو کات پێویستیان بە دەنگی حزبە کوردییەکان هەبێت، ئەو کات ئەوجا دەستکاری بنەڕەتی لە دەستور و شێوازی حوکمڕانی لە جوگرافیای عیراقی یەکگرتوودا دەکرێت.
 پێکهێنانی حکومەتی ئەمڕۆ لە عیراق، لێپرسراوەتیەکی مەزنە، ئەوەی دێتە دەسەڵات هەمان دەموچاون کە دەستیان لە گەندەڵی و دزی و بەمیلیشیاکردنی میللەتانی عیراقدا هەبووە، لەبەرئەوە عیراقێکی پڕ لە قەیرانی ئابووریی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازییان دەکەوێتە ژێر دەسەڵات، کە خوێندنەوەی ڕووداوەکان دەیسەلمێنن، کە ئەو چاکسازیە مەزنە لە سەرخان و ژێرخانی ئەو وڵاتەدا هەرگیز بە چوار ساڵی داهاتوودا ناکرێت. ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە قەولە دروست بێت، لەهەمان قوڕەکەی دوێنێە، هەوڵدەدات تەنیا بێتە دەسەڵات، بۆیە ئامادە دەبێت هەموو ڕێگەیەک بگرێتەبەر بۆ تێکشکاندنی هەر شتێک کە حکومەتی نوێ هەوڵدەدات بیکات! لە ئەنجامدا لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا تەنیا ئەوانە سوودمەند دەبن کە پۆستی باڵا وەردەگرن و گیرفان پڕ دەکەن، یان هەلیان بۆ دەرخسێت دزی زێتر لە سامانی گشتی ئەو وڵاتەدا بکەن، زەرەرمەندی سەرەکیی ئەو نەهامەتیەش میللەتانی عیراق دەبێت و لە خولی داهاتووی هەڵبژاردنەکانی داهاتووشدا هەمان دەموچاوی لایەنەکەی دی دێنەوە دەسەڵات!