خویندنەوەم بۆ بەڵێن و وەفای پێشەوایەک

Friday, 04/02/2022, 0:17

3806 بینراوە


پێشەوای قۆناغێکی گرنگی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەیەک، بەوەفا بوو بۆ ئەو بەڵێنەی بەنەتەوەکەی دا و لەپای ھەڵوێستیشیدا، بووەیە سیمبولی وەفای ئازادیخوازانی نەتەوەیەک.
• سەرنجەکانی من ئەمانەن:
قازی محەمەدی ئێمە، تا دوا ھەناسەی وەفادار بوو بە نەتەوەکەی.
تا دوا ھەناسەشی، ویژدانی ئازاریی دەدا، کە کۆمەڵەی ( ژ.ک) ی ھەڵوەشاندەوە و ڕازی بوو بەدروستکردنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران. چوونکە ئەو دەیزانی  کە ( ژ.ک) وێنەیەکی ڕەسەن وخواستێکی پڕاوپڕی ئەو قۆناغەی بزووتنەوەکە بوو. بەڵام ھەڵنانی حیزبێک، کە لەژێر فشار و چاو  و ڕاویی تودەییەکاندا، ناچار بە دروستکردنی کرا، جلێکی نامۆ و تەنێکی نامۆ بوو، بە چاو و ڕاو، کرایە بەربزووتنەوەکە و لکێنرا بە بزووتنەوەکەوە.
ئایا ئەو کەسانەی ئەویان بەجێھێشت و خۆیان قوتارکرد، ھەر نە چوونەوە باوەشی ئەو فەرمانڕانەی کەکۆماری کوردستانی فرۆشت بە چەند چاڵە نەوتێک؟!.
بۆچی چوار ئەفسەری زانا و کوردستانپەروەر، لەگەڵ ئەوان نەکەوتن تا گیانی خۆیان قوتار بکەن؟!.
(مسته‌فا خۆشناو، محه‌مه‌د قودسی، عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز و خیروڵڵا عه‌بدولکه‌ریم)، لەچی و لە ڕەفتاری کێ نیگەران و توڕە بوون، کە مەرگیان ھەڵبژارد و دوای مەلا مستەفا نەکەوتن؟!.
بۆچی مەلا مستەفا، دوای ئاشبەتاڵ ھەمان ڕێگای دەربازبوونی نەگرتە بەر، خۆ  دۆستایەتی ئەو لەگەڵ سۆڤییەتییەکان، ساڵی ئاشبەتاڵ، گەلێک قوڵتر و تۆکمەتر بوو لەچاو ئەو ساڵەدا کە كۆماری تێدا ڕووخێنرا بەفەرمانی سۆڤیەتییەکان؟!.
ئایا ھەڵبژاردەی مەلا مستەفا بەرەو وڵاتی ستالین، ھەڵبژاردنێکی ئەو کاتە بوو، یا بەرنامەیەکی بۆ داڕێژرا بوو؟!.
توودەییەکانی ئێران، بە کوردە تودەییەکانیشەوە، ھەمیشە زارەتەرەک دەبوون بە دروستبوونی بزوتنەوەیەکی چەپی کوردستانی.
 ھەر چۆن بوونە ھۆی تواندنەوە و لە گۆڕنانی ( ژ.ک) بەکۆششی خیانەتمەندانەی تودەی کوردی سابڵاغ، ھەرواشبوونە ھۆی کوژاندنەوەی بزووتنەوە ئازادیخوازییە کوردستانییەکەی شەھید ( سلێمانی موعینی و هەڤاڵەکانی) بە دەستی خیانەتمەندیی کوردی، یادداشتەکانی کەریمی حیسامی بە سەرنجەوە بخوێننەوە.
کەریمی حسامی لەپای چیدا، دووجار ئەسکەندەری سکرتێری حیزبی تودەی ئێرانی، وەک خۆی دەڵێ: شەڕواڵی كوردی لەبەر کرد و بە چیاکانی کوردستاندا ھەڵگەڕاند، تا مەلا مستەفا ببینێت؟!. 
دوای ئەم سەفەرانە بوو شەھید سلێمانی موعینی بە فەرمانی مەلا مستەفا، شەھید کرا و تەرمەکەی درایەوە بەساواک.
چ خاڵێکی ھاوبەش، ساواک، تودە و مەلا مستەفایان کۆکردبۆوە کە بەم تاوانە نەتەوەیە ھەڵسا؟!.
مێژووی نووسراوەی سیاسی ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان، بۆ دەرمانیش، ڕاستیی تێدا بەدی ناکەی.
لە مێژووی سیاسی نوێی ڕۆژھەڵات و باشووری نیشتماندا، جگە لە حیزبی ھیوا، کۆمەڵەی ژ.ک و پاسۆک،ھیچ دەستە و تاقمێک، لە ڕووی بیر و ھزرەوە نوێنەری ڕەسانایەتی و خواستی نەتەوەیی کورد نەبوون/ نین. 
جگە لەوان سەرکردەیەتی ھەر دەستە و تاقمێک باسی کوردایەتی کردبێ، بۆ مەرامی خێڵ و بنەماڵە وسەرکردە بووە و لە قۆناغێک و چەندین قۆناغی ھەستیاری بزووتنەوەی گەلدا، ئەجندای داگیرکەرێکی کوردستانیان جێبەجێ کردووە، بۆ دوژمنایەتی مەسەلەی کورد و چەواشەکاریی و خیانەت بە نەتەوەکە باسیکردووە، ڕەفتارەکانیان، بانگەشەکانیان ڕەت دەکاتەوە.
کۆماری کوردستان، یادگارێکی نەمرە بۆ نەتەوەکە و ئازارێکی سەخت بوو بۆ ڕۆحی شەھید پێشەوا، کە بەبەخشینی گیانی خۆی مێژووەکەی تۆمارکرد.
دامەزراندنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان/ ئێران و ھەڵوەشاندنەوەی ژ.ک ھەڵەیەک بوو، تا دوا ھەناسەی ویژدانی پێشەوای ئازار دەدا.
ڕیفراندەمی باشوور، پاشگەزبوونەوە بوو لە پەیامەکەی کۆماری کوردستان و بچووکردنەوەی خواستی نەتەوەکە بوو، لە داوای سەربەخۆییەوە بۆ: ھەر ویستمان بزانین خەڵکی باشوور چییان دەوێت، بۆسەربەخۆیی نەبوو.!!
لەوە زیاتر ڕووی نەھات دەنا ھەر ئەوە مابوو کابرا بڵێت: ئەی ئەوە نییە، دوای ٢٤ سەعات لێی ژیوان بووینەوەو حسابی سەلکە توورێکمان بۆ دەنگی خەڵک نەکرد، خزمەت لەمە گەورەتر بە ئێوە، چییە؟.!
لە نیشتمانی ئێمەدا، بەھۆی خیانەتی بەردەوامی، لە باپیرەوە بۆ نەوەی سەرکردەیەتی دەستە و تاقمەکانی باشوور و ڕۆژھەڵات، مێژوو بەردەوام خۆی ھەزاربارە دەکاتەوە، 
كۆماری ڕوخێنراو ئاشبەتاڵی بەگەلکراو،  ڕیفراندەمی ھەر بۆ گاڵتە ئەنجام دراو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە