چۆنیەتی پێوانەکردنی تەمەنی گەردوون و چییەتی پێکهاتەکانی (بەشی دووەم)

Friday, 02.04.2022, 0:33

1866 بینراوە


پێکهاتەکانی گەردوون و سەرهەڵدانی تەنەکانی

پاش ئاشنابوونمان بە پێوانەکردنی تەمەنی گەردوون، پێمان باشە لەم هەلەدا بەکورتی هەندێ زانیاری گرینگ بخەینە بەردەست، بۆ تێگەیشتنێکی پتر لە گەردوون و پێکهاتە سەرەکییەکانی لە گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارەکان.

مەزنی و فرەوانی گەردوون

پێویستە لە سەرەتاوە بزانین کە ماددە لە گەردووندا تاکە شت نییە، بەشێوەیەکی گشتی تەنیا ڕێژەی لە 4.9%ی گەردوون ماددەی ئاساییە پێی دەگوترێ، ماددەی باریۆنی (Baryonic Matter)، ئەوەی دیکەی 27% ماددەی تاریک (Dark Matter)، 68% وزەی تاریک (Dark Energy)، 0.1% لە نیوترینۆکان و 0.01% لە تیشکەکان پێک دێت. 
گەردوونەکەمان ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە گەلەستێرەی کورتەباڵای قەبارە بچووک و گەلەستێرە هەرە زەبەلاحەکان لەخۆ دەگرێت. بۆ نموونە، هەندێ گەلەستێرەی کورتەباڵای نێزیک گەلەستێرەکەمان، تیرەکەی لە 100 ساڵی تیشک تێناپەڕێت، کەچی هی وا هەیە تیرەکەی لە چەندان ملیۆن ساڵێکی تیشک پترە. 
لەگەڵ ئەوەی گەلەستێرەکەی ئێمەی ڕێی شیریی (Milky Way)، قەبارەیەکی ناوەنجی هەیە، بەڵام بۆ بڕینی ماوەی نێوان لایەکی بۆ لایەکەی دی، پێویستمان بە سەرووی 100 هەزار ساڵی تیشک دەبێت. زاناکان ژمارەی ئەستێرەکانی گەلەستێرەکەمان، بە نێزیکەی 100 تا 300 ملیار ئەستێرە دەخەمڵێنن، هاوکات گەلەستێرەی ئێمە زیاتر لە 100 ملیار هەسارەی تێدایە.
کۆبوونەوەی کۆمەڵێک لە گەلەستێرە ناو دەنرێت بە هێشووەکان (Clusters)، هەندێکیان قەبارەیان یەکجار مەزنە بە پێکهاتەیەکی هەزاران گەلەستێرە، هی دیکەیان ژمارەیان گەلەک کەمە. گەلەستێرەی ئێمە لە هێشووەکدایە بە کۆمەڵەی خۆماڵی (Local Group) دەناسرێ کە پێکهاتووە لە 50 گەلەستێرە، گەورەترینیان دراوسێمانی ئەندرۆمیدایە (Andromeda)، بە تیرەیەکی 220 هەزار ساڵی تیشک.
دەشێ گەلەستێرەکان پەلەکانیان درێژ ببنەوە و بەیەکداچوونێک لەگەڵ ئەوەی لەتەکیاندایە پەیدا بکەن، وەک گەلەستێرەی (NGC 6872)، دووری نێوان لایەکانی بە 522 هەزار ساڵی تیشک درێژ دەبێتەوە. زلترینی ئەم شێوەیەیان گەلەستێرەی (NGC262)یە کە تیرەکەی ملیۆنێک ساڵی تیشکە.
شێوە هێلکەییەکان گەورەترین جۆرەکانن لە گەردوونەکەماندا، وەک گەلەستێرەی (IC 1101)ی کە لە ناوەراستی کۆمەڵە هێشووە زەبەلاحەکەی (Abell 2029)دا دەبیندرێت، بە تیرەیەکی نێزیکەی 5.5 ملیۆن ساڵی تیشک. ئەمەیان بە مەزنترین گەلەستێرەی بینراوی گەردوون دەژمێردرێ کە خاوەنی 100 تریلیۆن (ملیۆن ملیۆن) ئەستێرەیە و بارستاییەکەشی ملیۆن ملیار جار لەوەی خۆرەکەمان گەورەترە. هەندێ لەم گەلەستێرە قەبارە فرە زلانە بەبەردەوامی ئەستێرەیان تێدا دێنە چێبوون، هاوشێوەی گەلەستێرەی (Baby Boom)، ئەوەی ساڵانە 4000 ئەستێرەی هاوقەبارەی خۆری تێدا سەرهەڵ دەدات، ئەم کردارە پتر لە 12 ملیار ساڵە درێژەی کێشاوە، ئەمەشە هۆکاری بوونی ئەو گەلەستێرە زەبەلاحانەی ئەمڕۆکە دەیان بینین. 
هەر کاتێکیش زانیمان گەردوونەکەمان پتر لە 200 ملیار گەلەستێرەی تێدایە، ئەوا ڕاستەوخۆ مەزنی و فرەوانییە لە ئەندازەبەدەرەکەی بۆمان ڕوون دەبێتەوە.
پێشتر ئاماژەمان پێی کرد کە تەمەنی گەردوون خۆی لە 13.8 ملیار ساڵ دەدات، بەڵام ئەمە ئەو واتایە ناگەینێت ئەم ژمارەیە بە نیوەتیرەی گەردوون تێ بگەین، بەمە تیرەکەی ببێتە دوو هێندە واتە 27.6 ساڵی تیشک. ئەمە ڕاست نییە، چونکە گەردوون بە فرەوانبوون دەستی پێکرد و بەردەوامە لە فرەوانبوون، هەڵئاوسانەکەشی لەدەمی پەیدابوونیدا بە ملیاران جار خێراتر بووە لە خێرایی تیشک، بەمەش نیوەتیرەکەی یەکسانە بە 46.5 ساڵی تیشک، دەرنجام تیرەی گەردوون دەبێتە 93 ملیار ساڵی تیشک.
پاش هەموو ئەوانە دەبێ بزانین، ئێمە باسمان تەنیا لە گەردوونی بینراوە (Observable Universe)، چونکە بەگوێرەی ژمێرەی زاناکان، گەردوون بەلایەنی کەمەوە 250 جار گەورەترە لە گەردوونی بینراو.

سەرهەڵدانی گەردوون و پێکهاتەکانی

گەردوون:

تەقینەوەی مەزن (Big Bang)، تیۆرێکی ناسراوی گەردوونناسییە کە لەلای نێوەندە زانستییە جیهانییەکان و زۆربەی زاناکان پەسندکراوە. بەگوێرەی ئەم تیۆرە گەردوون لە خاڵێکی ناوازەی چڕ و لە ڕادەبەدەر بچووک تاکایەتی Singularity))، پێش نێزیکەی 13.8 ملیار ساڵ سەری هەڵداوە. ئەو خاڵە ئەوەندە ورد بووە کە نەتوانین بەهیچ شێوەیەک بیری لێ بکەینەوە، بچووکتر بووە لە ملیاران ملیار جار لە گەردیلە. ئەو تاکە خاڵە چڕیی و گەرمییەکی لە ئەندازەبەدەری هەبووە و لە لایدا چەمانەوەی کات وشوێن بێکۆتا بووە، ئەو دۆخە هاوشێوەی دیاردەیەکە ئێستە لە چاڵە ڕەشەکاندا لەو جێیەدا دەبیندرێ کە بە ئاسۆی ڕووداو (Event Horizon)، ناو دەنرێت. ئەو شوێنە ئەگەر ماددە، یان ڕووناکی پێی بگات، بەند دەبێ و ناتوانێ لێی ڕزگار ببێت و دەگۆڕێ بۆ ئەو تاکایەتییەی تێیدا ماددە تا ئەو ئاستە دەپەستێندرێت و دەبێتە خاوەن چڕییەکی بێکۆتا. لەو دۆخەدا چوار هێزە بنەڕەتییە سروشتییەکان کە بنچينەی دروستبوونی وزە و ماددەن، ئەوانەی پێکهاتوون لە بەکێشکردن، کارۆموگناتیسیی، ناوەکیی بەهێز و ناوەکیی بێهێز، بەیەکەوە بوون لەو دەمەدا.
گەردوون سەری هەڵدا و بەخێراییەکی ملیاران ملیار جار لە خێرایی تیشک دەستی بە فرەوانبوون کرد، هەر لەگەڵ فرەوانبوونی پتر و ساردبوونەوەی بۆ ساتێکی یەکجار کەم (10^-43 چرکە)، هێزی بەکێشکردن توانی دەرباز بێ لە هێزەکانی دیکە. پاشان دیسانەوە بە نزمبوونەوەیەکی دی پلەی گەرمیی، لە ماوەیەکی کەمتری بەشێکی تریلیۆنی چرکەیەک، بڕێکی کەمی گۆڕا بۆ ماددە و بووە هۆی پەیدابوونی پێکھاتەیەکی مەزن لە تەنۆلكە هەرە بچووک و وردەکان. ئەم تەنۆلکانە سەدان هەزار ساڵی دییان پێویست بوو، تا پتر سارد ببنەوە بۆ پەیدابوونی گەردیلە، دواجار نێزیکەی سەد ملیۆن ساڵ بەسەر تەمەنی گەردوون تێپەڕی، هەتا لەڕێی هێزی بەکێشکردن و کۆبوونەوەی ماددە گەلەستێرە، ئەستێرە، هەسارەکان، مانگەکان و تەنەکانی دیکە چێ ببن.

گەلەستێرەکان:

گەلەستێرە پێکهاتەیەکی یەکجار زل و مەزنە لە ملیاران ئەستێرە، هەسارە و هەسارۆکەکان، مانگەکان، تەنە کشاوەکان، تۆزی گەردوونی و پاشماوەی ئەستێرەکان کە هەموویان بە بوونی هێزی کێشکردن یەکیان گرتووە. چەندان جۆر لە گەلەستێرە بە شێوە و قەبارەی جیاجیا هەن، زۆربەشیان لە چەقەکانیاندا خاوەنی چاڵێکی ڕەشن (Black hole)، هەروەها لە ناوەڕاستی گەلەستێرە چالاکەکاندا ئەو شتە ناوازەیەیان هەیە کە پێی دەگوترێت، ئەستێرە ساختەکان، یاخۆ کوازاراکان (Quasars)، ئەوانەی بەرهەمهێنەری بەرزترین پلەی وزەن لە گەردووندا کە ئاستەکەی پترە لە کۆی وزەی سەدان گەلەستێرە پێکەوە. کوازاراکان لەبەر دوورییە لە ڕادەبەدەرکەیان، تەنیا ناوکەکەیان وەک (ئەستێرە)یەکی یەکجار درەوشاوە لە ناوەڕاستی چاڵە ڕەشەکان دەبیندرێت.
گەردوونناسان تا ئێستە بەتەواوی چۆنییەتی سەرهەڵدانی گەلەستێرەکان پاش تەقینەوەی مەزن و بڵاوبوونەوەی هایدرۆجین و هیلیۆم بە گەردووندا، بۆ ڕوون نەبۆتەوە. هەندێکیان پێیان وایە، هێزی کێشکردن بووە هۆی کۆبوونەوەی تۆز و گەرد و گازەکان، دەرەنجام ئەستێرەی لێ دروست بوو، دوای ئەوە بە نێزیکبوونەوە و پێکەوەبوونی کۆمەڵێک ئەستێرە، گەلەستێرەکان هاتنە چێبوون. بەڵام زانای واش هەیە دەڵێت، شتگەلەکانی پێکهێنەری گەلەستێرەکان هەر لەسەرەتاوە بۆ یەکدی بەکێش کران، پێش ئەوەی ئەستێرەیان تێدا سەرهەڵ بدات.
چەندان شێواز و ئامرازمان هەیە بۆ دۆزینەوە و بینینی گەلەستێرەکان، نوێترینیان بە دیاردەی هاوێنەی هێزی بەکێشکردنە (Gravitational lens) کە دەتوانین گۆڕانی ڕووەکانی گەلەستێرەکان بپێوین، کاتێک تیشکەکەیان بە یەکێک لە هاوێنە بەکێشکردنەکاندا دەڕۆن. ئەو دەمەی تیشکی گەلەستێرەیەک کە دەکەوێتە پشت گەلەستێرەیەکی دیکە تێدەپەرێت، بۆ ئەوانەی لێی دەڕوانن، تیشکی گەلەستێرەکەی پشتەوە وا دەردەکەوێت کە هی کۆمەڵێک گەلەستێرەن نەک یەک دانە. بە گۆڕانی تووندی تیشکی گەلەستێرەکە وێنەی گەلەستێرەکەش دەگۆڕێ بۆ ئەوەی چاودێری دەکات. بە زانینی ئەو گۆڕانە لە پلەی دروەشانەوەی تیشەکان، دەکارین دووری نێوانمان لەگەڵ گەلەستێرەی خاوەن تیشکەکە ژمێرە بکەین، دواجار بە دوورییەکە و بڕی لادانی بەرەو ڕەنگی سوور، خێرایی دوورکەوتنەوەکەشی دیار بکەین.
پۆلێکردنی گەلەستێرەکان دەوەستێتە سەر شێوەیان، گەلەستێرە پێچەڵپێچەکان زۆربەی گەلەستێرەکانی ئەم گەردوونەمان پێک دەهێنن، ئەوەی ئێمەش یەکێکە لەوانە، هەندێکیشیان بە بوونی پەلێک لە تۆز و گاز لە چەقەکەیاندا بە گەلەستێرە پێچەڵپێچە پەلدارەکان دەناسرێن. گەرد و گاز کەرستەی سەرەکی پێکهێنانی ئەستێرەی گەلەستێرەکانن، بۆیە بەبەردەوامی ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرە و هەسارە تێیاندا دروست دەبن.
نیوەی گەلەستێرەکانی گەردوون لەوانەن کە پێیان دەگوترێت، گەلەستێرە هێلکەییەکان کە ئەستێرەکانیان تەمەنیان گەلەک درێژە، ئەمانە ڕێژەیەکی کەم تۆز و گازیان هەیە بە بەراوردکردن بە گەلەستێرە پێچەڵپێچەکان، واتە چیدیکە ناتوانن ئەستێرەی نوێ بەبەرهەم بهێنن. ئەوەی دەمێنێتەوە کە دەکاتە لە 3%، گەلەستێرەیەکن بە شێوەی جیاجیا و ناڕێک، هۆکاری شێوانی شێوەی بەشێکیان لەبەرئەوەیە کە کەوتوونەتە بەر کاریگەری هێزی کێشکردنی گەلەستێرەکانی دراوسێیان بە درێژبوونیان بۆ دەرەوە، یان نوشتاندنەوەیان بۆ ناوەوە، یاخۆ لەبەر پێکدادانیان بووە بە گەلەستێرەی دییەوە.
بە بەریەک کەوتنی گەلەستێرەکان، گەرد و گاز و ئەستێرە و هەسارەکانیان تێکەڵ دەبن، ئەمەش گرینگییەکی تەواوی هەیە بۆ پەرەسەندن و سەرهەڵدانی ئەستێرەی نوێ. زاناکان لەو باوەڕەدان گەلەستێرەکەی ئێمەی ڕێی شیریی لە ماوەی 5 ملیار ساڵی داهاتوو، خۆی دەکێشێت بە گەلەستێرەی ئەندرۆمیدای دراوسێمان.

ئەستێرەکان:

ئەستێرە تەنێکی گۆیی زلە و ڕۆشناییەکەی وەردەگرێ لە کارلێک و بەیەکداچوونی ناوکەیی کە لە چەقەکەیدا ڕوودەدات، ئەوەی تێیدا توخمی قورستر لە هایدرۆجین دێتە بەرهەم. خۆرەکەمان وەک نموونەیەک بۆ ئەستێرەکان، بە تیشکەکەی وزە دەبەخشێتە زەوی و وای لێ کردووە ببێتە شوێنێکی گونجاو بۆ سەرهەڵدانی ژیان. 
هەنگاوی یەکەمی پێکهاتنی ئەستێرەکان بە بوونی هەورە زەبەلاحەکانی تۆز و گاز (Nebula)، دەستپێ دەکات، ڕێژەیەکی باشی ئەو هەورە هایدرۆجینە، بە هۆی هێزی کێشکردن کۆ دەبنەوە، بە بەریەککەوتن و چڕبوونەوەشیان پلەی گەرمییان بەرز دەبێتەوە، دەرەنجام گەردیلەکانی هایدرۆجین یەک دەگرن و دەبنە هیلیۆم، بەم گڕگرتنە گەرمی و ڕۆشنایەکی زۆر بە دەوروبەریاندا بڵاو دەکەنەوە.
پاش ئەم هەنگاوە، هێزی بەیەکداچوونی ناوکەیی و هێزی بەکێشکردنی ناوەکی هاوسەنگ دەبن و ئەستێرەکە دەگاتە دۆخێکی جێگیر و بەردەوام دەبێت لە وزە، ئەمەشیان درێژترین قۆناغی تەمەنی ئەستێرەیە.
دوای ئەوە هایدرۆجینەکەی ناخی ئەستێرە ڕێژەکەی کەم دەبێتەوە، وا دەکات هێزی دیوی دەرەوەی زاڵ ببێ بەسەر هێزی بەکێشکردن، بەمەش چینە دەرەکییەکانی بەرەو ناوەوە دێن و بەرەبەرە پلەی گەرمی لە چەقەکەیدا بەرز ببێتەوە، دەرەنجام ئەستێرەکە دەست بە فرەوانبوون و گەورەبوونی قەبارەکەی دەکات و دەبێتە زەبەلاحێکی سوور (Red giant). 

هەسارەکان:

کۆمەڵەی خۆری ئێمە هاوشێوەی ئەستێرە و هەسارەکانیان پێش نێزیکەی 5 ملیار ساڵ لە بوونی هەورە زەبەلاحەکانی تۆز و گاز و گەردیلە قورسەکان هاتۆتە چێبوون، ئەو هەورەی پاشماوەی تەقینەوە و مردنی ئەستێرەی مەزنی دیکەی ناو گەلەستێرەکەمان بووە. لەتەک پێکهاتنی خۆر وەک ئەستێرەیەک، بڕێک لە گاز و گەردی هەورەکە دیسانەوە بووە دوو بەش، یەکێکیان چوار هەسارە ناوەکییەکانی نێزیک لە خۆری لێهاتە بەرهەم کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کانزاکان و بەردەکان پێک دێن، بەقەبارەش بچووکترن لەوانەی دەرەکی، ئەمانەش ناونراون بە: زاوە (Mercury)، ڤینۆس (Venus)، زەوی (Earth)، بارام (Mars).
هەسارە دەرەکییەکانیش بە شێوەیەکی سەرەکی لە گازەکان پێک دێن، ئەوانەن کە قەبارەیان گەورەیە و دوورن لە خۆر، بە ناوی: ھورمز (Jupiter)، کەیوان (Saturn)، ئورانوس (Uranus)، نێپتون (Neptune).
هێڵی شەختە، یان بەستەڵەک، دەبێتە هێڵی جیاکەرەوە لەنێوان بەشی ناوەوەی هەسارە بەردینییەکان و هەسارە زلە دەرەکییەکان، لەبەر بوونی ڕێژەیەکی جیاواز بۆ پلەی گەرمی چڕبوونەوەیان. بۆیە هەسارە بەردینییەکان دەکەونە پێش هێڵی بەستەڵەک، چونکە لە کانزا و بەرد دروست بوونە و پێویستیان بە پلەیەکی بەرز هەیە بۆ پتەوبوون و گۆڕانی کانزا و توخمە قورسەکان بۆ تەنی ڕەقی بەردینیی، پاشان هێزی بەکێشکردن ناچاریان دەکات شێوەیەکی گۆیی وەربگرن کاتێک قەبارەیان تا ڕادەیەک گەورە بێت. هەسارە زل و گازییەکان بە شێوەیەکی گشتی لە گازەکانی هایدرۆجین و هیلیۆم پێک دێن، بەڵام لە چەقەکەیاندا کە تا ئاستێک بچووکە، ڕێژەیەکی کەم کانزا و بەردیان هەیە.
پاش هەموو ئەوانە و بۆ پێکهاتنی مانگی هەسارەکان، بەتایبەتیش مانگی ئێمە، مشتومڕی بەردەوامە و زاناکان کۆک نین لەسەر ئەوەی، ئایا مانگی ئێمە دەرنجامی پێکدادانی هەسارەیەکی دیکەی گەلەک زل بووە بە زەوی کە پاشان پارچەکان یەکیان گرتووە و بوونەتە مانگ، یاخۆ وەک ئەوەی هەندێک دەڵێن، مانگ بەرلە زەوی بوونی هەبووە.

دیارکردنی چەند تایبەتمەندییەکی تەنەکانی گەردوون

پێوانەی دوورییان:

زۆر بەکورتی دەکارین بڵێین، زاناکان بۆ پێوانەکردنی دوورییە گەردوونییەکانی یەکجار درێژی نێوان گەلەستێرەکان و نێزیکبوونەوەمان لە لێواری گەردوونی بینراو، پشت دەبەستن بە کۆمەڵێک شێواز و کەرستەی جیاجیا وەک: زانستی سێگۆشەکان، دووربینەکان، بیردۆزی بریسکانەوەی گڕگرتووە مەزنەکان، بیردۆزی مۆمە پێوانەییەکان، لادانی گەلەستێرەکان بۆ ڕەنگی سوور، تیشکە پاشخانی مایکرۆیی گەردوونی.
لە هەنگاوی یەکەمدا، بۆ دەستنیشان کردنی دووری هەسارەکانی کۆمەڵەکەمان شێوازێکی ئاسان هەیە، ئەویش ناردن و دانەوەی شەپۆلێکی ڕادیۆییە بۆ هەسارەکان، بە ژمێرەکردنی کاتی خاینراوی گەڕانەوەی ئەو شەپۆلە بۆ سەر زەوی، دەکارین بەوردی دوورییان بپێوین.
بەڵام ئەمەیان بۆ تەنەکانی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر دەست نادات، بۆیە ناچارین پەنا ببەینە بەر شێوازی ناوبراو بە پێوانەی جیاوازی بەرچاو. 
لە ژیانی ڕۆژانەماندا بە ئاسایی ئەم جۆرە پێوانەکردنە بەکار دەهێنین، بەوەی کاتێک بە یەک چاو سەیری دەستێکمان دەکەین، پاشان بە چاوەکەی دیکەمان سەرنجی دەدەینێ، ڕاستەخۆ هەست بە جیاوازییەکی کەمی شوێنی دەستمان دەکەین، بە ژمێرەکردنێکی سادەی لایەکانی سێگۆشەکان، دەتوانین دووری شتەکان بزانین. گەردوونناسان بەهەمان تەکنیک لەڕێی تەلسکۆپەکان، وەک ئەوەی دوو چاومان هەبێ لە بۆشایی ئاسماندا سوودیان لێ وەردەگیرێت. ئەمەش بەوە ئەنجام دەدرێ بێین و لە دوو لای جیاوازی خۆرەوە (لەبەر خوولانەوەمان بەدەوری خۆر) سەیری ئەستێرەکان بکەین و بەراوردیان بکەین لەگەڵ ئەو تەنانەی لە دیوەکەی دییەوە هاتوچۆ دەکەن. بۆ نموونە، لە مانگی یەک شوێنی ئەستێرەیەک دەستنیشان بکەین، پاشان لە مانگی حەفت جارێکی دی لێی بڕوانین، بەمەش دووری ڕاستەقینەی ئەو ئەستێرەیە دیار بکەین.
دیسانەوە ئەو دەمەی دەگەینە دوورییەکی پتر لە 100 ساڵی تیشک، ئەم شێوازەش بایەخی نامێنێت و دەبێ پشت ببەستین بە زانیارییەکانمان دەربارەی ئەستێرەکان بۆ پێوانەکردنێک کە پێی دەگوترێت، ڕیزبەندی سەرەکی. ناسراوە ئەستێرەکان بە گەورەبوونیان ڕەنگیان سوورتر دەبێ، بە زانینی ڕەنگ و تووندی درەوشانەوە و بەراوردکردنیان بەو ئەستێرانەی شوێنەکانیان تۆمار کراوە (ڕیزبەندی سەرەکیی)، پێمان دەکرێ دووری ئەستێرەکەی دی ژمێرە بکەین.
پێوەندی نێوان بریسکە و دووری ئەستێرەکان، گرینگییەکی گەلەک زۆری هەیە بۆ بابەتی پێوانەکردنەکان، بەڵام لێرەشدا ئەمەیان کەڵکی لێ وەرناگیرێت بۆ ئەو تەنانەی ملیۆنان ساڵی تیشک لێمانەوە دوورن، چونکە شیکردنەوەی وردی تیشکێک ئەو هەموو ماوەیەی بڕی بێت، کارێکی یەکجار سەختە (گەلەستێرەی ئەندرومیدا نێزیکترین دراوسێمان 2.54 ملیۆن ساڵی تیشک دوورە لێمان). لەگەڵ ئەوانەش تەلسکۆپەکان دەکارن درەوشانەوە و تووندی تیشکی گڕگرتووە مەزنەکان بپێون، ئەوانەی بە ملیاران ساڵی تیشک دوورن، هەر کاتێک توانیمان بریسکەی تەنێک دیار بکەین، ئەوا دوورییەکەشی بۆمان بەدەر دەکەوێت.

پێوانەی بارستایی و قەبارەی ئەستێرە و هەسارەکان

- بە چاودێریکردنی شەبەنگ و تریسکە و جووڵەی ئەستێرەکان: زناکان بە چاودێریکردن لەڕێی تەلسکۆپە نوێیەکان، چەند خشتەیەکیان داناوە دەربارەی پێناسەی کۆمەڵێک لە ئەستێرەی جۆراوجۆر، دەرەنجام بە بەراوردکردنی زانیاری ئەستێرەی نوێ و نەناسراو لەگەڵ خشتەکانیان، دەتوانن زۆربەی تایبەتمەندییەکانیان و ئاستی پەرەسەندنیان دەست نیشان بکەن.
- بە خێرایی خوولانەوەیان: سەرنج دراوە ئەستێرە ساردەکان بەخێراییەکی زیاتر دەخوولێنەوە کاتێک بە تەمەن بچووکن، بەڵام بە درێژبوونەوەی تەمەنەکەیان هەتا دێت خاوتر و خاوتر دەبنەوە. ئەو دەمەی دوو ئەستێرە سەربە سیستەمی دووانەیی بن، واتە بە دەوری یەکدی بسووڕێنەوە (ڕێژەی نیوەی ئەستێرەکان)، بە زانینی کاتی خایەنراوی سووڕانەوەی یەکێکیان بەدەوری ئەوەی دیکەیان و نیوەتیرەی خوولگەکەی، لەڕێی یاسای سێیەمی کێپلەر بارستایی هەردووکیانمان دەست دەکەوێت.
- دەستنیشان کردنی تووندی تیشکی ئەستێرە و بارستاییکەی: ژمارەیەک لە ئەستێرەکان بە قۆناغی تایبەتی و دیارکراو تێدەپەڕن و زانیاریمان پێ دەدەن دەربارەی تەمەنیان، ئەستێرە سوورە زەبەلاحەکان لە کۆتایی ژیانیانن، بە پێوانەی بارستاییان دەزاندرێ لە کامە قۆناغی تەمەنن. لێرەدا بە گوێرەی نەخشەی هێرتزپرونگ - ڕاسل (Hertzsprung–Russell diagram)، زانینی پلەی گەرمیی ڕووی ئەستێرەکان و بارستاییان دەوەستێتە سەر تووندی تیشکەکەیان.
مێژووی تیشکاوەری: بە پێوانی هاوتای توخمە تیشکدەرەکانی وەک، یۆڕانیۆم و سۆریۆم، دەکرێ مێژووی بوونی ئەستێرەکان بە وردی بەدەست بهێندرێت.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، زاناکان نیوەتیرەی خۆرەکەمان وەک پێوەرێک بەکار دەهێنن بۆ بەراوردکردنی نیوەتیرە و قەبارەی تەنەکانی گەردوون. بێگومان ئەستێرەکان لە قەبارەدا زۆر جیاوازن، هەندێ لە ئەستێرە نیۆترۆنییەکان (neutron stars) تیرەیان خۆی لە 20 کیلۆمەتر دەدات، کەچی ئەستێرەی وا هەیە هەزار هێندەی خۆرەکەمان دەبێت. تووندی بریسکەی ئەستێرەکان پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە دووجای نیوەتیرەکەی. واتە کاتێک دوو ئەستێرە هەمان پلەی گەرمییان هەبێ و یەکێکیان تیرەکەی دوو هێندەی ئەوەی دیکە بێت، دەبێ بزانین بریسکەی ئەستێرەی یەکەم چوار هێندەی دووەمەکەیە. چڕی ئەستێرەکان بابەتێکی دییە، بەوەی ئەگەر دوو ئەستێرە بارستاییشیان وەک یەک بێت، ئەوا مەرج نییە هاوقەبارە بن. ئەستێرەی کورتەباڵای سپی سیریوس-ب (Sirius-B)، بارستاییەکەی نێزیکە لەوی خۆر، بەڵام چڕی کورتەباڵاکە 900 هەزار جار لەوەی خۆر پترە، بە تیرەیەکی پەنجا هێندە بچووکتر لە خۆرەکەمان.
کاتێکیش بمانەوێ بارستایی و چڕی هەسارە دوورەکان بپێوین، زاناکان چەند شێوازێکمان پێ دەناسێنن وەک ئەوەی گوتمان، ئەگەر سووڕانەوەی بە دەوری ئەستێرکەی زانرابێ، ئەوا بە یاسای کێپلەر دەتوانین نیوەتیرەکەی ژمێرە بکرێت.
پێوانەکردنێکی دیکەی بارستایی هەسارەکان، لەڕێی یاسای نیوتن بۆ هێزی کێشکردن ئەنجام دەدرێ، چونکە بارستایی ئەستێرەکان دیار کراون بەو شێوازانەی پێشتر لێیان دواین، هاوکات هێزی کێشکردنی نێوان هەسارە و ئەستێرەکانیش دەستنیشان دەکرێن. بە کاریگەری هەسارەیەک لەسەر خێرایی ئەستێرەکەی و لادانی شەبەنگەکەی، گۆڕانی خێرایی لە زەوییەوە دەزاندرێت. بەڵام ئەمەیان تەنیا بۆ هەسارە قەبارە گەورە و نێزیک لە ئەستێرەکانی دایکیان دەست دەدات، بۆ ئەوانەشی هاوشێوەی زەوی و خۆرن لە بچووکی و دوورییان لە ئەستێرەکانیان، زاناکان دەکارن بارستایی هەسارەیەک بپێون، بە تۆژینەوە لە شەبەنگەکەی ئەو دەمەی بە پێش ئەستێرەکەی ڕەت دەبێت. لەم خاڵەدا تیشکی تێپەڕبوو بە بەرگی دەرەکی هەسارەکە، زانیاری تەواومان دەداتێ دەربارەی پێکهاتەی بەرگەکەی لە بەرد و خۆڵ و گازەکان، هەروەها چڕی و پەستان و پلەی گەرمی، بەمانەش دەتواندرێ بارستایی هەسارەکە بپێوین، چونکە یاسامان هەیە بۆ پێوەندی بارستایی هەسارەکان بە هەموو ئەو بڕانەی ناومان بردن. 
لێرەدا تەنیا نیوەتیرەی هەسارەکە دەمێنێتەوە، ئەویش بە نزمبوونەوەی بریسکەی ئەستێرەکەی دایک دیار دەکرێ، کاتێک هەسارەکە بە بەردەمی تێدەپەڕێت. نزمبوونەوەیەی هێزی بریسکە، ڕاستەوخۆ بەندە بە نیوەتیرەی هەسارەکە بۆ نیوەتیرەی ئەستێرەکە، بەڵام چڕی یەکسانە بە دەرەنجامی دابەشکردنی بارستایی هەسارەکە بەسەر قەبارەکەی، ئەو قەبارەیەی بە زانینی نیوەتیرەکەی بەدەستمان هێنا.

تەمەنی زەوی

پاش خستنەڕووی ئەم زانیارییانەی سەرەوە، پێمان باشە دواجار ئاماژەیەکیش بدەین بە چۆنیەتی پێوانەکردنی تەمەنی زەوی.
دە‌ستنیشانکردنی تەمەنی زەوی بە چەندان کەرەستە و شێواز دەکرێت، یەکێک لەمانە کە بۆ تەمەنە یەکجار درێژەکان بەکار دەهێندرێ، توخمە تیشکدەرەکانن.
زانراوە کە هەندێ توخمە‌ کیمیایییە‌کان چە‌ند هاوتایە‌کیان هە‌یە، هاوتاش لەگەڵ توخمەکەیدا لە‌ ژمارە‌ی پڕۆتۆنە‌کانیان یە‌کسانن، لە‌ ژمارە‌ی نیۆتڕۆنە‌کانیشیان جیاوازن‌‌. هە‌ریە‌ک لە‌و هاوتایانە‌ بارستە‌ و جێگیرایە‌تی خۆی هە‌یە، ئەوانەشی ناجێگیرن، بەرەبەرە‌ و بە تێپەڕبوونی کاتی دیارکراو تووشی شیبوونە‌وە‌ و هەڵوەشانەوەی تیشکاوە‌ری دە‌بن، تا دەگۆڕێن بۆ توخمێکی دیکە. زاناکان لەم بوارەدا دەتوانن پێوانەی ماوەی نێوان ناجێگیرایەتی و جێگیرایەتی دیار بکەن. هەر توخمێک ڕێژەیەکی نەگۆری خۆی هەیە بۆ شیبوونەوە، پێی دەگوترێت، تەمەنی نیوە، یان نیوە - تەمەن (Half-life)، ئەویش ئەو کاتە خایەندراوەیە کە پێویستە بۆ شیبوونەوەی نیوەی ژمارەی گەردیلەکانی ئەو توخمە، بە واتایەکی دی گۆڕانی نیوەی بڕی توخمە سەرەکییەکە بۆ توخمی نەوە. بە پشت بەستن بە نیوە تەمەن دەکارین ئەو توخمە تیشکدەرانە، وەک کاتژمێرێک بەکار بهێنین بۆ زانینی ماوە و تەمەنی شتگەلی جۆراوجۆری وەک بەردەکان.
بۆ نموونە، شیبوونەوەی یوڕانیۆم – قوڕقوشم نیوە تەمەنەکەی خۆی لە 704 ملیۆن ساڵ دەدات، ئەوەی پۆتاسیۆم – ئارگۆن 1.2 ملیار ساڵ، شیبوونەوەی ڕوبیدیۆم – سترۆنشیۆم 4.8 ملیار ساڵ. بەگوێرەی ئەم پێوانانە، تەمەنی 4.3 ملیار ساڵی درایە کۆنترین بەردی سەر زەوی، ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە هەر دەبێ تەمەنی زەوی درێژتر بێ لە تەمەنی بەردەکانی. 
لەبەرئەوەی ئەو پێوانەکردنانە هەرچییەکیان لەگەڵدا بکرێ، ئەوا هەمیشە بەردەکان بڕێک توخمی دیکەیان تێدایە و لەسفڕەوە دەست پێ ناکەن، هاوکات دۆزینەوەی کۆنترین بەردی زەوی کارێکی گەلەک سەختە، بۆیە زاناکان پەنا دەبەنە بەر شتەکانی دەرەوەی زەوی.
پێشتر گوتمان، تەنەکانی کۆمەڵە خۆرەکەمان پێکەوە هاتوونەتە چێبوون، کەواتە تۆژینەوەمان لەوانە یارمەتیمان دەدات بۆ گەیشتن بە تەمەنێکی گونجاو بۆ زەوی.
ئاشکرایە کە نێزیکترینی ئەو تەنانە لە زەوییەوە مانگە، مانگیش ڕووەکەی وەک زەوی نییە کە کۆمەڵە ڕووداوێکی یەکجار مەزنی بەخۆوە بینیبێ، کەواتە بەردەکانی بەدرێژایی مێژووی مانگ هەر لەسەر ڕووەکەی جێگیر بوونە و نەگۆڕاون. گەشتەکانی ئەپۆڵۆ و ئەوانەی دیکە، ژمارەیەکی زۆر بەردی مانگیان لەگەڵ خۆیان هێنایەوە، بە پشکنینیان تەمەنی زەوی بە 4.4 تا 4.5 خەمڵێندرا.
جگە لەو تەنە گەورانەی کۆمەڵەی خۆرەکەمان، زاناکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر گەلەک بەردی بچووک کردووە لەوانەی دەکەونە سەر زەوی. ئەو تەنە کشاوانە لە چەندان سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە دێن، هەندێکیان لە هەسارەکانی دییەوە هاتوون، کاتێک خۆپێدادان ڕوو دەدات و پارچەکانیان بە بۆشایی ئاسماندا بڵاو دەبنەوە، هی واش هەیە پاشماوەی سەرەتای پێکهاتنی کۆمەڵەکەمانە، بەڵام قەبارەکەی ئەوەندە گەورە نەبووە هەتا ببێتە تەنێکی پتەوی سەربەخۆ. بە پێوانەی شیبوونەوەی توخمەکانی ئەم بەردانەی دەرەوەی زەوی، تەمەنێکی 4.53 تا 4.58 بۆ زەوی دیار کرا.
دواجار بەکۆی شێوازەکان و بەراوردکردنی گشت دەرەنجامەکان، بە پێوانەیەکی زۆر وردەوە تەمەنی 4.54 ملیار ساڵی بۆ زەوی داندرا. 
....................