ئەو ڕۆژەی بووم بە "حەڵاڵ"

Tuesday, 08/02/2022, 23:07

4619 بینراوە


دەقی وەڕگێرانی وتاری ئە کچە سۆماڵییە, کە لە نەرویج دەژی، لە بارەی ئەزموونی خۆی لە گەڵ خەتەنەکردن، ئەم وتارە لە ساڵی ٢٠١٩ لە پشبڕکێیەکدا، پلەی یەکەمی هێنا، گرنگی وتارەکە لە وەسفی پرۆسەکە و ئازار و ڕەخنەگرتن لە کولتور و پەیامەکانی نێوێتی، هیوادارم جێگەی بایەخ بێت لە ساڵوەگەڕی توند و تیژی دژ بە کچانی.


ئەو ڕۆژەی بووم بە "حەڵاڵ".
مولکی میری گولێد٭
وەرگێڕانی: دلێر محەمەد نوری 
ئەوەی بۆ ئەوان ئاهەنگ بوو، بۆ من یەکێ بوو لە ڕۆژە هەرە ناخۆشەکانی ژیانم.
تەمەنم تەنها پێنج ساڵ بوو، بەڵام وام لە بیرە وەک ئەوەی چەند خولەکێک بەر لە ئێستا ڕووی دا بێت.
من کیژۆڵەیەکی بچووک بووم، بەڵام لەو شوێنەی لێی ژیام کچی بچووک بەهای نەبوو.
لەوێدا تەنها داب و نەریت و ڕەش باوەڕی (الخرافة) بڕیار ئەدەن خەڵکی چی بکەن.
من لە شوێنێکدا پێگەیشتم، لە هەموو ڕۆژەکاندا مافەکانی مرۆڤ جێی دەهێڵێت.
من لە سایەی کولتورێکدا ژیام، کچان ئەچەپێنن. کولتورێک کە کچان تێیدا زیندانین.
من تەمەنم تەنها پێنج ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرام.
ئەوێ ڕۆژێ، ڕۆژێکی خۆش گوزەر بوو بۆ خێزانەکەی خۆم و هەموو ئەوانی دیکەش.
ئەوە ئەو ڕۆژە بوو کە ئیتر من بووم بە "حەڵاڵ"، من پاکژ بوومەوە.
ئەو ڕۆژە، ڕۆژی ئاهەنگگێڕانی تۆ بوو. بەڵام بۆ من خراپترین ڕۆژی ژیانم بوو.
ئەو ڕۆژە دەستپێکی ژیانێکی پڕ ئازار بوو.
٢٠٠ ملیۆن کچ خەتەنە دەکرێن. خەتەنە کردنی کچان کارێکی ئاساییە لە ٣٠ وڵاتی جیهان. 
ئەو وڵاتانەی زۆرینەی کچانیان خەتەنە دەکەن، سۆماڵ، سودان، میسر و ئەسیوبیان.  هەموو ڕۆژێک مافەکانی مرۆڤ ئەم وڵاتانە جێدەهێڵێت.
ئەمانە خاوەن ئەو کولتورانەن، کە تاکە یاسا تێیدا داب و نەریتە.
ئەو داب و نەریتەی لە خەڵکانێکەوە بۆیان ماوەتەوە کە دەمێ ساڵ پێشتر ژیاون.
لە وڵاتی سۆماڵ، ئەو شوێنەی من لێوەی هاتووم ، کچان لە پێنجەم ساڵی تەمەنیاندا خەتەنە دەکرێن.
کچان لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین، لەوەی کە بەشێک لە بەرمیزەڵانیان ببڕدرێت.
ئەوان ئیتر پاشماوەی تەمەنیان لە شۆکدا دەژین.
لە بەر چی، تەنها لە بەر هۆکارێك؟ بۆ دڵنیابوون لە پاکزەیی یەکێک، کاتێک بە شوو دەدرێت. کە ئیتر ئەو پاکژە لە بۆ پیاوی خۆی.
کاتێک ئەوان گوێزان و دەرزییەکانیان ئامادە ئەکەن، ئایا لە ئازارەکانی ئێمە تێدەگەن؟
تێدەگەن لەو کێشانەی، کە لە دوای خەتەنەکردن، دێنە ڕێگەمان؟
هەوکردن و ئازاری درێژخایەن لە زێ و بەرمیزڵدانماندا.
بە قورسی و ئاستەنگ، سک پڕبوون و مناڵ بوونمان. ئەوان وەها گیرۆدەی داب و نەریت بوون، کە نەتوانن لەمانە تێبگەن؟
زۆرێک وا لە خەتەنەکردنی کچان گەیشتوون کە پەیوەندی بە ئایینەوە هەیە. بەڵام نە لە قورئان و نە لە کتێبی پیرۆزدا نەهاتووە کە دەبێ کچان خەتەنە بکرێن.
ئەمە تەنها پەیوەندی بە کولتورەوە هەیە. بێ کولتورییەک کە تیادا کچان دەبێت ئازار بچێژن.
لە بەر ترس لە کۆمەڵگا و لە بەر شەرم.
من یەکێکم لەو کچانەی کە لە گەڵ ئەو کارە بەسەرمدا سەپاوە دەژیم. ئەو جێ بە جێ کارییانەی کە تاوەکو ئێستاش وەکو تاکە ڕێکاری ڕاست تەماشا دەکرێت.
بەڵام ئێستا ئێمە زۆربەمان ئارەزووی ئەوە ئەکەین، کە ئیتر کچان نابێت بەو ئەزموونەدا تێپەڕن. بڕوای زۆرێکمان وایە کە داب و نەریت تێکدەرە و دەبێ بگۆڕدرێت.
لە بەر ئەوەی ئەزانین کە هەست بە چی ئەکەین، کە هەر جارێک دەکەوینە سوڕی مانگانەوە.
دواجار ئەوە ئێمەین کە لە پەیوەندیدا دەبین بە لەشێکەوە کە ئازاری پێ گەیشتووە نەک خۆشی.
ئەمە ئەبێت ڕاگیرێت!
بەڵام چۆن؟ چۆن بتوانین خەتەنەکردنی کچان ڕابگرین؟
لە وڵاتی نەرویج ئەم کارە قەدەغەکراوە. لە گەڵ ئەوەشدا کەسی لە سەر سزا نەدراوە. تەنانەت تاکە کەسێکیش لە ڕۆژەوەی یاسای بۆ دەرچووە لە ١٩٩٥ەوە. نزیکەی ٢٠ هەزار کچی نەرویجی خەتەنە کراون، لە بەر ئەوەی لەو وڵاتانەوە هاتوون کە ئەم کارە تێیدا ئاساییە.
ئەمڕۆ لە نێوان ٣ بۆ ٨ هەزار کچ، دەنێردرێنە دەرەوەی نەرویج تا ئەو دەست درێژییەیان بکەنە سەر. 
هەر بۆیە بە تەنها بە یاساغ کردن ناوەستێنرێت، بەڵکو دەبێت شێوازی بیرکردنەوەی خەڵکی بگۆڕین. ئەمەوێ ئەوان گوێم بۆ ڕاگرن. لە بەر ئەوەی چارەسەر لای هەمووانە ،من هەوڵی خۆم ئەدەم. لێرەوە و ئەمڕۆ دەنگی خۆم بەکار ئەهێنم. ئەبێ ئەوە بکەین کە دژ بە ویستی ئەو پیاو و ژنانەی داب و نەریت بکەین، کە ئەیانەوێت بڕیار  بدەن ئێمە چی بکەین.
دەنگ هەڵبڕن. ئەزموونەکانتان بۆ یەکتری بگێڕنەوە. گفت و گۆی لە سەر بکەن. فێربن. بێ دەنگ مەبن لە ئاستی ئازار و شەرمدا.
ئێستا ئێوە ئەزانن کە خەتەنەکردن چی بە سەر مرۆڤدا دێنێت. خەتەنەکردن چی بە من کرد. بۆیە داواتان لێ دەکەم: ئەگەر ئێوە ڕۆژنامەنووسن، یان کاریگەریتان هەیە، مامۆستان یاخود قوتابین. کوڕن، کچن، ژنانن یاخود پیاوان.
ئەگەر تۆ سەرۆک وەزیرانی نەرویجی یان سستەرێکی لە شارۆچکەی لاکسەڤۆگ. 
ئەمە پەیامی منە بۆ هەمووان. وەرن با دەنگمان هەڵبڕین.
با بڵێین نەخێر بۆ خەتەنەکردن.
٭کچێکی بە بنەچە سۆماڵییە و هەڵگری ڕەگەزنامەی نەرویجییە، بەم وتارە لە ساڵی ٢٠١٩دا کە ئەو کات ٢٢ ساڵ تەمەنی بوو،  بەشداری لە پێشبڕکێی وتار دان و وتار نووسین کرد. لە نێو چەندین هەزار وتار، وتارەکەی ئەم بە باشترین وتاری ساڵ هەڵبژێردرا. مولکی ئەو کات خوێندکاری ئامادەیی بوو و پێشبڕکێکەش بۆ خوێندکارانی ئامادەیی، بە ناوی پێشبڕکێی "تۆ بدوێ"یە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە