یارسانەکان کێن و یارسانی چییە ؟

Wednesday, 09/02/2022, 0:56

8124 بینراوە


یارسان، ئەھلی حەق یان کاکەیی دینێکی تایبەتن کە ھەڵگری بیروباوەڕی ئایینی جیاوازن، لە گەلێک شوێنی کوردستاندا بڵاون، بە تایبەت لە ھەڵەبجە وە گوندی ھاوار سەر بە ھەڵەبجە کرماشان و گەرمیان. کاکەیی دانیشتووی کەرکووک و لێواری زێی نێوان ھەولێر-مووسڵ و شەبەک ئەمانە ھەموو بە بنەچەکی ھۆز و زمان و بیروباوەڕی ئاینی دەگەنەوە یەکتر. شوێنەکانی نیشتەجێ بوونی ئەھلی حەق (یارسان) لە کوردستاندا، لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمە ھەندێک گۆڕانکاری بە خۆوە دیوە. بەڵام ئەوەی کە ھەمووان لە سەری پیداگری دەکەن ئەوەیە کە لە سەرەتادا ئایینی یارسان لە ناوچەکانی ھەورامان و شارەزوور و لوڕستان بڵاوبووتەوە و گەشەی کردووە، جا دواتر گەیشتووتە ناوچەکانی تری کوردستان و ئێران
بە بۆچوونی ھەندێک لە مێژووناسان، ناوی یارسان کورتکراوەی «یارسولتان» ەو مەبەست لێی سوڵتان سەھاکە (بە فارسی: سلطان اسحاق)، ھەرچەند بوونی ئاینی یارسان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی میترایییەکان (٤٠٠٠–٥٠٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر) بەڵام سوڵتان سەھاک بە داڕێژەرەوەی ئاینەکە دادەنرێت.] کە ڕێبەرێکی دیاری ئەم بیروباوەڕەیە لە کوردستاندا. یاخود یارستان بە واتای شوێنی یار یا موردانی ئەھلی حەق. کۆنترین ناودارانی یارسان بابا تاھیری ھەمەدانی (٩٣٧ – ١٠١٠)ز لای یارسانەکان پیرۆزە و ھەندێک لە نوسراەوەکانی لە سەرەنجام کە بەدی دەکرێت کە نووسراوی ھەرە پیرۆزی یارسانە.
ئاینی یارسان بە چەند گڕێکی (دەوران) دا ڕویشتووە، پەییڕەوانی ئاینەکە ماوەی ھەرگڕێک بە ٣٠٠ ساڵ دەخمڵێنن بەپێی سەرئەنجام. ھەتاوەکو سەردەمی سوڵتان سەھاک ئاینی یارسان ھەشت گڕێ بەخۆەوە بینێوە، کەواتا تەمەنی ئەمم ئاینە بە لای کەمەوە بۆ ٢٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە.
زمانی بیروباوەری یارسانی شێوەزاری گۆرانە کە زمانی دانیشتووانی چەندین دەڤەرە لە کرماشان،ئەردەڵان ،باکووری لوڕستان و ھەمەدان. بۆ ماوەیەکی درێژ زمانی فەرمی حوکمڕانانی کوردستان و زمانی شیعر و شاعیران بووە. گێڕانەوەی بەیت و ستایشی یارسان بە ئاوازەوە وشەی گۆرانیی بە واتای ستران لە زمانی کوردیدا پەیداکردوە
سەرەتای دەستپێکی ئەم بزاڤە ئایینییە لە ناوچەی «لوڕستانەوە» بووە و دواتر بەرەو باکووری دەڤەری «گۆران» نشین پەرەی ستاندووە. ھەر لەبەرئەوە ناوچەکانی لوڕستان و باشووری کوردستان، لە کۆنترین بیرەوەرییەکانی «گۆران» ـەکاندا شوێنێکی بەرچاوی ھەیە، ھەر ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە شوێنە پیرۆزە دێرینەکانی ئەو ناوچانە، وەکوو «ئاتەشکەدەی تاقگرا» نزیک بە شاری «زەھاو» یان «دووکانی داوود» کە پەیکەرێکی دێرینەیە و دەرکەوتووە و پەیوەندی بە «ئاگر پەرستن» ییەوە ھەیە، بە پیرۆز بزانن و ناوی «دووکانی داوود» ی لە سەر دانێن و وەک میراتی پیرۆزی خۆیان ڕێزی لێبگرن.
بۆچونێک هەیە  کە بیروباوەڕی  شیعەی توندڕەو کە بە عەرەبی بە (غولات) ناو دەبرێن واتە توندڕەو، کە لە سەدەی نؤیەمدا سەری ھەڵداوەو زیاتر بە «قزڵباش» بانگ دەکران...بیرۆکەی پەڕەوکردنیان لە یارسانیە ەوە وەگرتوە.. وشەی لێکدراوی «ئەھلی حەق» لە فەرھەنگی «سۆفیە» دا بە کەسانێک دەگوترێت کە پلە سەرەتایییەکانی تێگەیشتن «شەریعەت، تەریقەت، مەعریفەت» یان تێپەڕکردووە و گەیشتوونەتە ئەوپەڕی تێگەیشتوویی، واتە «حەقیقەت». ھەروەھا ئەم وشەیە بە مانای کەسایەتی تێگەیشتوو لە «رازی ئایین» دەگوترێت کە لەلایەن «سوڵتان سەھاک» ەوە گەشەی کردووە. سوڵتان سەھاک گۆرانکاری خستۆتە ناۆ ئەم ئایینە کوردییە کۆنە، بۆ پارێزگاری لە ئایینەکە و ھەوڵانی ڕواڵەتی ئاینەکەی بە عەلی کوری تالیب داپۆشیوە بۆ ئەوەی بتوانێت یار و یاوەرانی بپارێزێت. ئەم ئایینە باوەری بە دۆن و دۆن (دوبارە ژیانەوە بەڵام لە کەسێکی دیکە) ھەیە، عەلی کوری تالیب یەکێک بووە لەو کەسانە کە ژیانی کەسایەتییەکی پیرۆزی یارسان بووە، ھەر لەبەر ئەوە بە چاوی ڕێزەوە لە لایەن کاکەیییەکانەوە تەماشای دەکرێت بەلام کەسایەتی دیکە ھەن، وەکو عیسای مەسیح، بوودا… ھتد ھەمان پیرۆزیان ھەیە.
یارسان (کاکەیی) باوەڕیان بە خودایەکی گەورە و بنچینەیی ھەیە لەگەڵ شەش ھاوشێوەی خودا (واتە ڕۆحی خودا لەو شەش کەسەشدا ھەیە) ھەندێک لەو کەسانەش بە پێی بیر و باوەڕی یارسانییەکان بریتین لە مەسیح، عەلی کوڕی ئەبوتالیب و سوڵتان سەھاک کە ئەوان پێشیان وایە سوڵتان ئیسحاق لە دایکبونەکەشی لە کەسێکی وەک مریەم بووە. شوێنەکەوتوانی یارسان باوەڕیان بە کۆپیکردنەوەی ڕۆح ھەیە و پێیان وایە خودا گەورە سەرەکییەکە ئیش و کاری مرۆڤ ڕاستەوخۆ بەڕێوە نابات و بەڵکو لە ڕێگەی شەش لاشەکەوە کارەکان بەڕێوە ئەبات کە ڕۆحی خۆی تێکردوون. کتێبە پیرۆزەکەی یارسان ناوی سەرەنجامە.
ئایینی یارسان لە کۆنترین چینی ئایینە یەزدانییەکانە. ھەر یەک لە ئاینی زەردەشتی، یارسانی و عەلەوییەکانی باکوریش، ھەمان چینی پیرەکانیان ھەیە؛ و ئەم ئایینانە لە چەندین ئەرک و شێوەزدا لە یەک دەچن. بە گرۆپی ئاینییەکانی ئێزدانی ناسراون. بڕێک لەم لەیەک چوونانە بریتین لە:
ھەبوونی پیر
ڕێزگرتن و پیرۆز زانینی سەرچاوە سروشتییەکان وەک ئاو، ھەوا و ئاگر
بەکارھێنانی موسیقا، وەک دەف و تەموورە، بۆ ڕێوڕەسمی ئایینی
ھێشتنەوەی سمێڵ-لەناو یارسانی و ئێزدیدا
ھەر چوار ئایینەکە چوارشەم بە پیرۆزترین ڕۆژ دەبینن
لەبەرکردن جلی و بەرگی ڕەنگ سپی بۆ پیاوانی ئاینی

زانیار ٧\٢\٢٠٢٢



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە