چۆنیەتی لەناوچوونی تەنەکانی گەردوون

Thursday, 02.10.2022, 0:39

2139 بینراوە


زانای فیزیای تیۆریی لۆڕنس کڕواس: "گشت گەردیلەکانی لەشمان لە ناخی ئاگرینی یەکێک لە ئەستێرەکانەوە هاتووە، ئێمە منداڵی ئەستێرەکانین پڕ بە مانای وشەکە."


کاتێک لە ئاسمانی فرەوان و درەوشاوەی پڕ لە ئەستێرە دەڕوانین، دەشێ لەخۆمان بپرسین: ئایا ئەو تەنانەی گەردوون نەمرن و هەتاهەتایە دەمێنن، یان تەمەنێکی دیارکراویان هەیە کۆتاییان پێ دێت؟ 
تەنیا ئێمە نین کە لەدایک دەبین و دەمرین، بەڵکوو هەموو شتگەلەکانی ئەم گەردوونەمان لە هەمان بازنەدا دەخوولێنەوە، واتە ئەگەر بتوانین سەرنج بدەینە مردن وەک گواستنەوەیەک لە بارێکەوە بە یەکێکی دیکە، ئەوا ئەمە لەسەر ئەستێرەکانیش پێڕەو دەکرێت. ئەستێرە لەدایک دەبێت و دەگاتە قۆناغی گەنجی پڕ لە چالاکی و وزە، ماوەیەکی درێژ هایدرۆجینەکەی بەکار دەبات و دەیگۆڕێت بۆ توخمی قورستر، پاشان بەرەبەرە هەنگاو دەنێت بەرەو مەرگ، دوای ئەوە بە کۆبوونەوەی گەرد و گازی پاشماوەکەی، زنجیرەیەکی نوێ لە ژیانی ئەستێرەکان دەستپێ دەکاتەوە.
بەو شێوەیە کۆمەڵە خۆرەکەمان و هەسارەکانی و گشت کۆمەڵەکانی دی لە ئەستێرە مردووەکانەوە هاتووین، لەشی ئێمە لە کاربۆن پێک دێت و خوێنمان ئاسنی تێدایە، ئەم شتانەش هەموویان بەرهەمی کارلێکی ناو ناخی ئەستێرەیەکن و هیچ سەرچاوەیەکی دیکەیان نییە. بۆیە کاتێک بیر لە کەرستە و ماددەی ئەستێرەکانیش دەکەیتەوە سەیرێکی دەورەبەرت بکە، سەرلەبەری شتگەلی جیهانەکەمان هی ئەستێرەیەکە کە لە ڕابردووێکی یەکجار کۆندا تەقیووەتەوە. هاوکات گەردیلەکانی ناو خۆرەکەشمان دەرەنجامی سەرلەنوێ چیبوونن و بەرەی سێیەم و چوارەمی ماددەی بەجێماوی سەرەمەرگی یەکێک لە ئەستێرەکانی ڕۆژگارە دێرینەکانە. بەڵام پێویستە بزانین ئەستێرەکانیش دەمرن کاتێک هایدرۆجینی گەلەستێرەکان بەکار دەبرێت و نامێنێت، ئەو دەمە چیدیکە ئەستێرە دروست نابن، ڕۆژێکیش دادێ خودی گەردوون کۆتایی پێ دێت. 
لە چەند بەشێکی پێشوودا لە پێکهاتە و سەرهەڵدانی تەنەکانی گەردوون دواین، پێمان باشە بۆ ئەوانەی خوازیاری بابەتی زانستین، لێرەدا بەکورتی ئاماژەیەکیش بدەین بە چۆنەتی مردنی پێکهاتەکانی گەردوون لە گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارەکان (زەوییەکەمان).

مەرگی گەلەستێرەکان:

پاش تێگەیشتنمان لە چۆنیەتی سەرهەڵدان و پێکهاتەی گەلەستێرەکان دەکارین بپرسین، دەبێ ئەو گەلەستێرانە چۆن بمرن؟ ئایا بە مردنی دوا ئەستێرەیان کۆتاییان پێ دێت، یان بە شێوازێکی دیکە لەناو دەچن؟
پێشتر زانیمان گەلەستێرەکان تەنیا لە ئەستێرە و هەسارەکان پێک نایەن، بەڵکوو لە هەورێکی یەکجار مەزنیش لە گاز و گەرد. گەلەستێرەکەمان بەشێکی زۆری گازە هایدرۆجینە داکراوەکەی بەکار هێناوە، بەمەش ڕێژەی دروستبوونی ئەستێرەکانی گەلەک کەم بووە، بە تەواوبوونی هایدرۆجینەکەی لەکار دەکەوێت. واتە تاکە هۆکار لێرەدا ئەوەیە کە هەر گەلەستێرەیەک هایدرۆجینی نەمێنێ، هەنگاو دەنێت بەرەو مەرگی مسۆگەر و مردنی یەک بەدوای یەکی ئەستێرەکانی. بە یەکسان بوونی پلەی گەرمی ئەستێرەکانی بە پلەی دەوروبەرەکەی لە بۆشایی گەردوون، لە کاتێکدا تەمەنەکەی درێژ نەبێتەوە بە هۆی یەکگرتن و بەیەکداچوونی لەگەڵ گەلەستێرەیەکی تەک خۆی، ئەوا مەرگی گەلەستێرەیەک لە گەردووندا ڕا دەگەیندرێت.

 قۆناغەکانی مردنی ئەستێرەکان

ئەستێرە کاتێک هایدرۆجین، یاخۆ سووتەمەنییەکەی تەواو دەکات، ئەو پەستانەی دەرەنجامی بەیەکداچوون و گۆڕینی گازەکان دێتە کایەوە نامێنێت، بە زاڵبوونی هێزی بەکێشکردن ناخەکەی دێتەوە یەک. بەڵام لەگەڵ ئەوەش قەبارەی گشتی ئەستێرەکە پتر دەبێ و هایدرۆجینی ڕووی دەرەوە لە کارلێک و بەیەکداچوون بەردەوام دەبێت، بەمە بڕێکی زۆر لە وزە دەردەهاوێژرێ و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و زلبوونی قەبارەکەی، پاشان دەبێتە زەبەلاحی سوور (Red Giant).
درێژی تەمەن و کۆتایی هاتنی ئەستێرەکان دەوەستێتە سەر قەبارە سەرەتاییەکەیان، بەوەی دەشێ ئەستێرەی بچووک ملیاران ساڵ بژیێت، لەوانەش خۆرەکەی ئێمەیە کە کارلێکە ناوکەییەکانی لە 10 ملیار ساڵ تێدەپەڕێت. ئەستێرەی گەورە تەمەنی کورتترە، هی وایان تێدایە تەنیا 50 هەزار ساڵێک دەمێنیت، لەبەرئەوەی سووتەمەنییە هیدرۆجینییەکەی گەلەک بەخێرایی لەدەست دەدات و ناتوانێ هاوسەنگییەکەی بپارێزێت.
دەکارین چۆنیەتی مردنی ئەستێرە جیاجیاکان بەم شێوەیە ڕیز بکەین؛
ئەستێرە قەبارە ناوەنجییەکان: ئەو ئەستێرانە دەگرێتەوە قەبارەیان هێندە و نیوێکی خۆرە، پاش نەمانی هایدرۆجینەکەیان و نەمانی توێکەکەیان و بوونیان بە زەبەلاحی سوور، دوای ماوەیەک پلەی گەرمییان دادەبەزێ و تیشکێکی سپی دەردەدەن و دەبنە کورتەباڵا سپییەکان (White dwarf). کورتەباڵا سپییەکان ناتوانن وزە بهێننە بەرهەم، بە کزبوونی تریسکە و ساردبوونەوەی تەواو، دەکوژێنەوە بۆ بارستاییەکی تاریک پێیان دەگوترێت کورتەباڵا ڕەشەکان (Black dwarf). زاناکان دەبێژن، گەردوون هەتا ئەمڕۆکە هیچ کورتەباڵایەکی ڕەشی بەخۆوە نەبینیووە، چونکە گۆڕانی کورتەباڵای سپی بۆ کورتەباڵای ڕەش کاتێکی زیاتری پێویستە لە تەمەنی گەردوونی ئێستە.
ئەستێرە گەورەکان: ئەستێرەیەک قەبارەکەی لە 1.5 تا 3 جاران لە خۆر زلتر بێت، لە قۆناغی زەبەلاحی سوورەوە دەچێتە قۆناغی گڕگرتووە مەزنەکان (Supernova)، بە تەقینەوەی کۆی توخمە قورسەکانیشی دەبێتە ئەستێرەیەکی بچووکی نیوترۆنی (Neutron star)، ئەم ئەستێرە نیۆترۆنییانە بە خێرایی خوولانەوەیان، چڕییە لەڕادەبەدەرەکەیان و نیوەتیرە کیلۆمەترییەکانیان دەناسرێن (لەبەرئەوەش بوو لە ئەستێرە قەبارە ناوەنجییەکان دەستمان پێ کرد).
ئەستێرە فرەمەزنەکان: ئەستێرەکانی بە قەبارەیەکی سێ هێندە و پتری خۆر، لە زەبەلاحی سوورەوە دەگۆڕێن بۆ گڕگرتووی فرەمەزن، بەدوای تەقینەوەی ئەوانەشەوە دەبنە چاڵە ڕەشەکان. تۆز و گازی بەجێماوی تەقینەوەی گڕگرتووە مەزنەکان، دەشێ جارێکی دی ئەستێرە و هەسارەی دیکەیان لێ بێتە بەرهەم، لەبەرئەوەشە گوتمان، لەشی ئێمە لەو تۆزە ئەستێرانە (Star dust) دروست بووە.

 مەرگی چاڵەڕەشەکان (Black hole):

چاڵی ڕەش تەنێکە خاوەنی هێزێکی بەکێشکردنی بێپایەنە، بە جۆرێک تیشکیش نەتوانێت لێ دەرباز بێت، هەروەها دۆزینەوەیان کارێکی سەختە و تەنیا لەڕێی دانەوەی تیشکی ئەو تەنانەی لەلایەن چاڵە ڕەشەکانەوە هەڵدەمژرێن، دەکارین شوێنیان دیار بکەین.
کاتی خۆی زانای ناودار ستیفن هۆکینگ، پێشبینی ئەوەی کردووە چاڵە ڕەشەکان بەتەواوی ڕەش و تاریک نین، بە کاریگەری میکانیکی کوانتەمی دەبینین، چاڵەکان خاوەنی پلەی گەرمین و ڕێژەیەکی لە ڕادەبەدەر کەم تیشکیان لێوە دەردەچێت، بە بەراوردکردن هێشتا کەمترە لەو بڕە نزمە وزەیەی لە کورتەباڵا سپییەکانەوە دەردەدرێن ئەو دەمەی دووچاری شیبوونەوەی پرۆتۆنەکان دەبنەوە.
کورتەباڵاکان پێویستیان بە نێزیکەی (10^65) ساڵە هەتا دەمرن، بەڵام چاڵە ڕەشە مەزنەکان ئەوانەی ژمارەیان کەمە، گەلەک بەسستی بەرەو نەمان هەنگاو دەنێن و دەبنە دوایین شت کە لەگەردووندا لەناو دەچن. چاڵێکی ڕەشی خاوەن بارستاییەکی ملیۆن هێندەی خۆڕ، ئەوەی لە چەقی گەلەستێرە بچووک و ئاساییەکاندا هەن بە (10^83) ساڵ ون دەبن.لە کاتێکدا چاڵێکی ڕەشی ملیار جار زیاتر لە بارستایی خۆر، ئەگەری درێژی تەمەنەکەی خۆی لە (10^98) ساڵ دەدات، وەک ئەوەی لە ئایندەیەکی دوور دێتە پێکهاتن لە چەقی گەلەستێرەی چاوەڕوانکراوەی ناونراو بە میڵکۆمیدا (دەرەنجامی بەیەکداچوونی دوو گەلەستێرەی ڕێی شیریی و ئەندرۆمیدا: Andromeda–Milky Way). دواجار پاش تێپەڕبوونی (10^100) ساڵ، پاشماوەی ئەستێرەکان پەرتوبڵاو دەبن، چاڵە ڕەشەکان نامێنن، پڕۆتۆنەکان شی دەبنەوە، ئەوەی دەمێنیتەوە تەنیا تەنۆلکە هەرە وردەکان و فۆتۆنەکانن بە درێژی شەپۆلێکی گەورەتر لەوەی گەردوونی بینراو، ئەو دەمە گشت کارلێکە فیزیکییەکانیش دەوەستنە سەر سروشتێکی ناجێگیر و نەزاندراوی ماددەی تاریک و وزەی تاریک.

 لەناوچوونی کۆمەڵە خۆرەکەمان و زەوی

پێش ئەوەی دەربارەی مەرگی کۆمەڵە خۆرەکەمان بدوێین، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە مردنی هەسارەکان زۆربەی جار، بەم چەند شێوازە دەبێت: هەندێکیان بە خۆپێدادانی هەسارەی دیکە پارچە پارچە دەبن، یان دەکەونە بەر هێرشی تیشک و شەپۆلی بەهێزی تەقینەوەی سوپەرنۆڤایەکی نێزیک لێیانەوە، یاخۆ ئەستێرەی کۆمەڵەکەیان هەڵیان دەلووشن ئەو دەمەی هایدرۆجینەکانیان نامێنن و دەئاوسێن و دەبنە زەبەلاحە سوورەکان. بەو واتایەی هۆکاری لەناوچوونی هەسارەکان، هەرگیز بۆ پیربوون و درێژی تەمەنیان ناگەڕێتەوە، بگرە بەرەبەرە بە چەندان دیاردە و ڕووداوی جیاجیا دەبن.
بۆ نەمانی کۆمەڵە خۆرەکەمان، زاناکان وای بۆ دەچن خۆر پاش نێزیکەی 4.5 ملیار ساڵی دی دەمرێت، ئەمەش وامان لێ دەکات پرسیار بکەین، ئاخۆ ئەو کاتە چارەنووسی کۆمەڵە خۆرەکەمان بەکوێ دەگات؟
لەڕاستیدا کێشەکە گەلەک پێش نەمانی خۆر دروست دەبێت، بۆیە پێویستە بزانین خۆر چی بەسەر دێت لە کۆتاکانی ژیانیدا، واتە لەقۆناغەکانی تەواو بوونی هایدرۆجینەکەی. لەو دەمەدا بە داتەپینی چینی دەرەوەی بەرەو چەقەکەی، پلەی گەرمی ناوکەکەی یەکجار بەرز دەبێ، ڕۆشناییە تووندەکەی و ئەو ڕادەیە لە گەرمی، زەوییەکەمان دەکوڵێنێ و دەبێتە هۆی بەهەڵمبوونی چینەکانی هەوا، لەبەر کەشی پڕ لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، هیچ شتێک لەسەر زەوی خۆی بۆ ناگیرێت.
خۆر بە گەورەبوونی قەبارەکەی و بوونی بە زەبەلاحێکی سوور، هەسارەکانی زاوە (Mercury) و ڤینۆس (Venus) و بارام (Mars) هەڵدەلووشێ، ئەگەر زەوییەکەمان تا ئەو کاتە ڕزگاری نەبێ، ئەویش دەکەوێتە بەر هێرشی توێکە هەڵئاوساوەکەی خۆر و بە چەند ڕۆژێک دەتوێتەوە. گەرچی بۆ ماوەیەک کشانەکەی خۆر بوەستێت، دیسانەوەی لە بەرژەوەندی زەویدا نییە، چونکە ئەو وزەیەی یەکجار زۆرەی لە خۆرەوە دەردەچێت، دەکارێت بەردی سەر زەوی بکاتە هەڵم و جگە لە ناوکە چڕە ئاسنینەکەی هیچی لێ نامێنیتەوە.
هەسارە دوورەکانیشی وەک، ھورمز (Jupiter)، کەیوان (Saturn)، ئورانوس (Uranus)، نێپتون (Neptune)، لەم کارەساتەی فرەوانبوونی خۆر و تیشکە بەرزەکەی زیانێکی زۆریان پێدەگات. ئەڵقە بەستووە ئاوییەکەی هەسارەی کەیوان دەبێتە هەڵم و ئەوانەی دیکەش بەرگە سست و خاوەکەیان نامێنیت، مانگی هەسارەکانیش هاوشێوەی ئێنسیلادوس (Enceladus) مانگی کەیوان و ئەوەی هورمز بە ناوی ئەوروپا (Europa)، بەرگە سەهۆڵییەکەیان لەدەست دەدەن.
خۆر لە سەرەمەرگدا، چەندان جاری دی دەکشێت و دێتەوە یەک، ترپەکانی بۆ ملیۆنان ساڵ درێژە دەکێشێت و دەبێتە هۆی شێوانی خوولگە و ئەملا و ئەولا کردنی هەسارەکان، دەرەنجام یان ئەوەتا بە هێزی کێشکردن بەرەو خۆر دەچن و بەتەواوی تەفروتونا دەبن، یانیش دەردەچن لە ڕووبەری کۆمەڵەی خۆر و بۆ ماوەیەک مەرگیان دوا دەخرێت.
دوای ئەوانە پێویستە بڵێین، زۆربەی هەرە زۆری زاناکان ئەو شتە دووپات دەکەنەوە کە مرۆڤ هیچ کام لەم ڕووداوانەی ئاماژەیان پێکرا نابینێت، چونکە بەسادەیی ئەو دەمە نەماوین. تۆژینەوە زانستییەکانی گەردوونناسان پێمان ڕادەگەینن، مرۆڤایەتی تەنیا ملیار، یاخۆ ئەوپەڕی ملیار و نیوێک ساڵی لەپێشە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک. لەبەرئەوەی مانگ هەموو ساڵێک نێزیکەی چوار سانتیمەتر لە زەوی دوور دەکەوێتەوە، بەمە دەشێ پاش ئەو ملیار ساڵە لە خوولگەکەی دەرباز ببێت، ئاشکرایە بوونی مانگ بۆ زەوی گاریگەرییەکی تەواوی هەیە لەسەر ژیان. هاوکات بریسکە و تووندی تیشکی خۆریش هەر ملیار ساڵێک بە ڕێژەی %10 زیاد دەکات، واتە ئەو کاتە هەسارەکەمان بۆ ژیان ناگونجێت.
لەڕاستیدا کەس بەوردی نازانێت، چارەنووسی مرۆڤ پێش گەیشتن بەو دۆخەی خۆر بەچی دەگات، زاناکان بیر لە ژمارەیەکی زۆر لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتی مەزن دەکەنەوە کە کۆتایی بە ژیانی سەر زەوی بهێنن. هەندێک لەو سیناریۆیانە ئەمانەن: خۆپێدادانی تەنە کلکدار و کشاوە زلەکانی هاوشێوەی لەناوبەری تێکڕای دیناسۆرەکان (بەر لە نێزیکەی 65 ملیۆن ساڵ)، پتربوونی ڕێژەی دانیشتووان و کەمی بەروبوومی خۆراک و برسیێتی، ڕووداوە سروشتییە وێرانکەرەکانی وەک بوومەلەرزە و گڕکان و تسوونامییەکان، بەندبوونی گەرمی و گۆڕانە گەورەکانی کەشوهەوا و پیسبوونی تەواوی ژینگە و ترشیێتی دەریاکان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کووشندەی بەکتریا زیانبەخش و ڤایرۆسەکان و چەندانی دیکە.
ئەگەر ئەوانەش ڕوویان نەدا، ئەوا هەر دەبێ بە پشتبەستن بە داهێنانە تەکنەلۆژییەکان هەموو هەوڵەکانمان یەک بخەین، بۆ گەڕان بەدوای هاسارەیەکی گونجاو لە دەرەوەی کۆمەڵە خۆرەکەمان کە ژیان لەخۆ بگرێت، چونکە هیچ گومانی تێدا نییە، ڕۆژێک دادێت ناچار دەبین دوور بکەونەوە و ڕابکەین لە هەسارە شینەکەمان.

سەرچاوەکان:
------------