عه‌لی فرێجی و لاسایكردنه‌وه‌ی به‌عس

Saturday, 02.12.2022, 6:46

2086 بینراوە


چه‌ند رۆژێكه‌ كه‌ركوك بووه‌ به‌ سه‌ربازگه‌یه‌كی گه‌وره‌ ، عه‌لی فرێجی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق له‌ كه‌ركوك ،هه‌موو كوچه‌و كه‌نارێكی كردوه‌ به‌ سه‌ربازگه‌ ، خۆیشی له‌ ده‌رچونا سوپایه‌ك ده‌خاته‌ پێش و دوا، ئه‌م عه‌لی فرێجیه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كاتی خۆی له‌ كوشت و بڕه‌كه‌ی سپایكه‌رله‌وێ‌ به‌رپرس بوو ، ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ هاوكاره‌ له‌ پێشه‌كانی راكان جبوری بۆ عه‌ره‌باندنی كه‌ركوك ، له‌ رۆژانی پێشوشدا به‌ راكانی وتبوو ئه‌گه‌ر نه‌بیته‌وه‌ پارێزگاریش ده‌تكه‌ین به‌ وه‌زیری كشت و كاڵ ، به‌ڵام راكان كرایه‌وه‌ به‌ پارێزگار ، ئه‌وه‌ش ده‌ست و دیاری سه‌رانی یه‌كێتی و پارتی ، ئاخر كاتێ‌ یه‌كێتی هه‌ر ناوێكی ده‌برده‌ به‌رده‌م مه‌سعود بارزانی و ئه‌و ده‌یگوت نابێت ، ئاكامه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌بێت .
ئه‌گه‌ر له‌ كاتی خۆیدا مه‌سعود بارزانی ره‌زامه‌ندی بۆ یه‌كێك له‌و هه‌موو ناوه‌ی كه‌ ئاراس جه‌نگی ده‌یگوت له‌ گیرفانمدان ده‌ربڕیبا ، ئێستا دۆخه‌كه‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بوو ، هه‌موو ئه‌و سته‌م و نادادیه‌ی ئێستا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت هۆكاری ئه‌و رێكنه‌كه‌وتن و پشتكردنه‌ یه‌كه‌ی كورده‌ ، كه‌ ئێستاش له‌ سیناریۆی سه‌رۆك كۆماردا دوو باره‌ ده‌بێته‌وه‌ ، له‌ كاتێكا قسه‌و باسی زۆر له‌ داوای بارزانی بۆ گۆڕینی به‌رهه‌م ساڵح ده‌كرێت ، ئه‌وه‌ هه‌رگیز بیانوه‌كه‌ به‌رهه‌م نیه‌و سیناریۆكه‌ هه‌مان سیناریۆی دانانی كورده‌ به‌ پارێزگاری كه‌ركوك كه‌ دواتر به‌ هه‌ردوو لا بازه‌كه‌یان له‌ سه‌ر شانی راكان دانا .
فرێجی كارێك ده‌كات له‌ سه‌رده‌می به‌عسیشا به‌و جۆره‌ نه‌بووه‌ ، ئه‌مه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ی داعشه‌وه‌ نیه‌و مه‌به‌ست لێی ترساندنی خه‌ڵكه‌، به‌ تایبه‌ت كورد ، فرێجی كه‌ ئێستا باره‌گاكه‌ی له‌ ناو ته‌لارێكی داگیركراودایه‌ كه‌ كورد دروستی كردووه‌، ده‌یه‌وێت به‌و خۆبادانه‌ به‌ كورد بڵێت من لێره‌م ، له‌ كاتێكا پارتی و یه‌كێتی له‌ شاره‌كه‌دا زۆر ده‌سته‌پاچه‌ن ، ئه‌م به‌ سه‌ربازگه‌ كردنه‌ی كه‌ركوك ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ خێر ناشكێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستێكی بوێرانه‌و ئه‌رێنی نه‌بێت .
پاڵه‌وانه‌كانی جێهێشتن و راكردن و به‌ ده‌سته‌وه‌ دانی كه‌ركوك ، وه‌ك نه‌یانتوانی له‌ سه‌ر پارێزگارێك رێكبكه‌ون ، ئێستاش ناتوانن لانی كه‌م به‌ فرێجی بڵێن " سپایكه‌رت بیره‌ " ، ئێستاش هه‌مان ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ له‌ بری خه‌می خاك و خه‌ڵكی كه‌ركوك له‌ خه‌می ڤێللاو ته‌لارو مۆڵ و به‌نزینخانه‌و خواردنگه‌كانی خۆیاندان و هیچی تر ، بۆئه‌مه‌ چیرۆك و حه‌كایه‌تی زۆرمان لایه‌ .