حکومەت لە دۆڵێک و میللەتیش لە دۆڵێکیتر! بۆنایەن سەرێک لەم دۆڵەش بدەن کە میللەتی لێیە؟

Saturday, 12/02/2022, 6:57

3042 بینراوە


ئەوەی ئەمڕۆ سەرانی حکو مەتی هەرێم و هەرسێ حیزبی بەشدار لەحکومەتی سەرقاڵکردووە کۆکردنەوەی زۆرترین داهات و فرۆشتنی زەوی شارەوانی بۆ پرۆژەی بازرگانی و دەستگرتن بەسەر داهاتی خاڵە سنوریەکان و گەیشتنی دووسەت ملیاردینارەکەی بەغدایە بۆ تەواوکاری موچەی مانگانەی مووچەخۆران وەدەستهێنانی پۆستی سەرکۆماری عێراقە بۆ نوێنەری هەرکام لە نوێنەرانی ( ینک و پدک) کە بەڕێزان ( وشیار زێباری و بەرهەم ساڵح) ن و پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش یەکێکیترە لە ناکۆکیەکانی نێوانیان!
ئەوە ئەو دۆڵەیە کە حکومەت و بەرپرسانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی تێدایە.
وە ئەو دۆڵەش کە میللەتە بێ چارە و بەشخوراوەکەی تێدایە، ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسی تەقەکردن و کوشتن و ڕفاندن و هات و نەهات و دواکەوتن و پاشەکەوتی موچە و کێشەی بێ بازاڕی و دروستبونی لافاو و خنکان و ژێرئاوکەوتن و نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەکان و  کۆبونەوەى زبڵ و خشاک و ئاریشەکانی نەوت و غاز و بەنزین و کەمی کارەبای گشتی و زۆری نرخی مووەلیدەی گەڕەکەکان و وا دزینی تەل و تاوەر و ماحاویلەی کارەباشی هاتە سەر و ئەگەر ڕەوشەکە هەر بەوشێوەیە درێژە بکێشێت ئەوا چەندین دیاردەی دزێو و نەخوازراو ناشیرینتریش سەرهەڵدەدەن.
بۆیە بەسەرانی حکومەتی هەرێم و حیزبەکان دەڵێم ئەرێ لەودۆڵەی ئێوەی لێن بێتاقەت نەبون؟ بۆنایەن سەرێکیش لەم دۆڵە بدەن کە میللەتەکەتانی لێیە! ڕاستیەکان بەچاوی خۆتان ببینن، نەک لە ڕاگەیاندنە چەواشەکارەکانەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە