شەرافەتمەند و خیانەتمەند!

Saturday, 12/02/2022, 7:16

2780 بینراوە


ئێمە دەزانین جیاوازییەکی گەورە ھەیە، لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگای باشووردا.
گەلەکەمان کە زۆرینەی کۆمەڵگای باشوور پێک دەھێنن، لەوەتەی باشووری نیشتمان لکێنراوە بە وڵاتێکەوە کە ناوی عێراقە، ئەو بەشە بندەستەی نەتەوەکەمان لە باشووری نیشتماندا، بەرەنگارییەکی خوێناوی کردووە بەرانبەر بەڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، واتە ھەمیشە شەرافەتمەند و شکۆدار و خاوەنی خۆی بووە.
مامۆستا لە قوتابخانەکەی، فەرمانبەر لە فەرمانگەکەی، فرۆشیار لە دوکانەکەیی و  ..ھتد.
دوژمن دیار بوو، گەل ھێڵێکی ئاشکرای لە نێوان خۆیی و دوژمندا کێشابوو. ھەر بەم ڕوانینەوە، گەل ڕۆڵەکانی پەروەردە دەکرد و یەکێتی گەلی پتەوتر دەکرد، تا ئەو ڕادەیە بڕوابوون بە مەسەلەکەیی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان وزێدی بە ڕۆحیدا ڕۆ چووبوو، کە: لەو سەرەتایانەوە نامەی برا بۆ برا، کوڕ بۆ باوک و خاڵ بۆ خوشکەزا ئەم دەستەواژەیە سەرەتاکەی بوو:   - یا کوردستان یان نەمان.
ئەوەی دوژمن لە بەدیھێنانیدا شکستی خوارد و بۆی نەچووە سەر، دوژمنی ناوخۆی گەل، کە سەرکردەیەتی حیزبەکانی بوون، جێبەجێیان کرد و زەفەریان لەگەل ھێنا، بۆیە دەبینین لە چەندین قۆناغدا، یەکێک لە داگیرکەرانی کوردستان، پشتیوان و باربۆکەری حیزبێک و دوو حیزبی کوردستان بووە، بە جۆرێک دەزگای ھەواڵگریی دوژمنانی سەردەست خۆیان خزاندبوویە ناو سەرکردەیەتی حیزبەکانەوە، کە چۆنیان بویستبایە بەو جۆرە لێیان دەخوڕین.
ئێمە گشتمان شۆڕشی ئاژاوە،  ئاشبەتاڵ، ئەنفالەکان، کیمیاباران و لە ژێر دەسەڵاتی سەرکردەیەتی حیزبی کوردیشدا، کە مل دەنێ بە سی و یەک ساڵیەوە، واتە پیربوونی نەوەیەکی دوای ڕاپەڕین، کوژرانی براکانمان بەدەستی یەکتر، بە فیتی سەرکردەیەتی حیزبەکان، لە یادە.
ئەم کارەساتانە ھێندە برینەکەی قوڵە، کاریگەرییەکانی ھێندە جەرگبڕە و ماکەکانی ھێندە زۆرن، کە ناتوانین لەناو  ئەو وشانەی بۆ وەسپی ئەو کەسانەی ڕێگەی تێکۆشان بۆ ڕزگاریی  نیشتمانیان بە خوێنیان ئاوەدانکردۆتەوە، بدۆزینەوە!!
بۆ نموونە: نیشتمانپەروەر، کوردستانپەروەر، ئازادیخواز،  سەرفراز، شکۆمەند، شەرافەتمەند، ئابڕومەند، پێشەنگی کاروان، خەباتگێڕ، تێکۆشەر، ھاوڕێ، ھەڤاڵ، ھاوبیر و ...ھتد.
ھەموو ئەو خەسڵەتە بەرز و جوانە ئینسانیانە، کە بۆ حاڵی کورد، دەبنە بارتەقای ئەوانە، ئەگەر بەراوردی بکەیت، بەتێکۆشانی میللەتانی تری بۆ ئازادی جەنگاو و خەبات کردوو.
من لە گەڕانمدا بۆ دۆزینەوەی (ڕایەڵەیەکی باریکی شەرافەتمەندی) و ئابڕومەندی و شکۆمەندی و ئازادیخوازیی و ھاوڕێ  و ھەڤاڵ و ھاوبیربوون، ھیچم نەدۆزیییەوە و کەوتم بەسەر بارستاییەکی گەورەی حەفتاساڵیدا لە خیانەت ولە خیانەت و لە خیانەت، بۆیە ھەموو خەسڵەتەکانیانم کۆکردەوە و ئەم وشەیەم لێ دروست کرد: 
• خیانەتمەند!!!.
جا لەمە بەدوا، ئەم پێوانەیە دەکەمە تەرازوو بۆ کردە و ڕەفتاری کەسەکان:
ئایا شەرافەتمەند بوو / شەرافەتمەندە؟!
یا خیانەتمەند بوو/ خیانەتمەندە؟!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە